دەبێت لەگەڵ میووزیکی جیهانیدا بڕۆین، بەڵام هەوڵیش بدەین هەناسەی کوردانە لە کارەکانماندا هەبێت
ــ ئەمڕۆی میووزیکی کوردی، وەکوو ترافیکێکی قەڵەباڵغی بێ مروور وایە، ئەگەر هەر وایش بەبێ مروور بمێنێتەوە، بێگومان کارەسات ڕوودەدات
ــ بە نیازم لەگەڵ دەرهێنەرێکی تورکی، بەشداری لە درامایەکدا بکەم
گۆرانیبێژی گەنجی شاری (هەولێر) (هەردی سەلاح)، ماوەیەکی زۆرە دوورە لە چاوی میدیاکان و لە هیچ دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی و تەلەڤزیۆنیدا دەرنەکەوتووە و نابینرێت، بەڵام هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” توانی ئەم گۆرانیبێژە بهێنێتە ئاخاوتن و چەند پرسیارێکی ڕووبەڕوو بکاتەوە، کە لە ژمارەی داهاتووی هەفتەنامەکە تەواوی دیمانەکە بڵاودەبێتەوە. (هەردی سەلاح) دواهەمین ئەلبوومی، کە ماوەی 2 مانگە بە ناوی (دەڕۆی) بڵاوکردۆتەوە و یەک لە گۆرانییەکانیشی بە ناوی (دەڕۆی) کلیپ کردووە.ئەو لە دوای بڵاوبونەوەی دوو گۆرانی بە شێوەی سینگل، توانی گوێگرێکی باش بۆ خۆی دروست بکات و لە دواییدا هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکانی خۆیدا بە شێوەی سیدی و توانی 3 سی دیی بڵاوبکاتەوە. (هەردی) دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێرە و بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە بواری میووزیکدا خوێندوویەتی و بەر لەوەی ببێت بە گۆرانیبێژیش، وەکوو ژەنیاری کەمان ئامادەیی هەبووە، ئەو دەربارەی ئەمڕۆی میووزیکی کوردی و چۆنییەتی گەشەکردنی میووزیک دەڵێت: “ئەمڕۆی میووزیکی کوردی، وەکوو ترافیکێکی قەڵەباڵغی بێ مروور وایە، ئەگەر هەر وایش بەبێ مروور بمێنێتەوە، بێگومان کارەسات ڕوودەدات.” ماوەیەکە گۆرانیبێژانی کورد، ئاوازی بیانی لەگەڵ کوردی تێکەڵ دەکەن و کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی خەڵکی، ئایا (هەردی سەلاح) چۆن دەڕوانێتە تێکەڵکردنی میووزیکی کوردی لەگەڵ بیانیدا؟ ئەو بۆ ئەمەیان دەڵێت: “لە ڕاستیدا ئێمە لە قۆناغی خۆ دروست کردنداین، بۆیە سوود وەرگرتن لە هەموو ڕوویەکەوە لە قازانجی ئێمەدایە، بەڵام بە جۆرێک نەبێت، کە تەسلیمی میووزیکی بیانی بین، بەڵام دەکرێت سوودی لێوەربگرین بۆ کارەکانی خۆمان، نەک بە شێوەیەک بێت زیان بە میووزیکی کوردی بگەیەنێت.” ئەی ئێوە تا چەند هەوڵتانداوە، کەوا سوود لە میووزیکی بیانی وەربگرن و بە شێوەیەکی کوردانە بیڵێنەوە؟ ئەو گوتی: “ئێستا ڕەوتێک دروست بووە، کە هەموو وڵاتان لە یەکتری نزیک بکاتەوە، بۆ نموونە تۆ سوود لە میووزیکی هیند وەردەگرێت، عەرەب لە تورک وەردەگرێت و هیندیش لە ئەمریکای وەردەگرێت و ..هتد، بۆیە ئێمەیش دەبێت لەگەڵ میووزیکی جیهانیدا بڕۆین، بەڵام هەوڵیش بدەین هەناسەی کوردانە لە کارەکانماندا هەبێت، منیش لەو پێناوەدا کار دەکەم و هەوڵیش دەدەم، سوود لە میووزیکی بیانی وەربگرم و بە هەناسەیەکی کوردانە بێڵیم، نەک بە جۆرێک بێت، لایەنە کوردییەکە لە دەست بدات.” ئەگەر تەماشای سایت و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بکەین، دەبینین زۆرترین ڕەخنە لە گۆرانیبێژان دەگیرێت، بەوەی میووزیکی کوردی بەرە و خراپی دەڕوات و نیگەرانن لەو حالەتەی ئەڕۆی میووزیکی کوردی تێی کەوتووە، ئاخۆ بەلای (هەردی سەلاح)ـەوە میووزیکی کوردی بەر و خراپی دەڕوان، یان ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن، مەبەستێکیان هەیە؟ (هەردی) بۆ وەڵامدانەوە ئەم پرسیارە گوتی: “من پێم وا نییە، میووزیکی کوردی لای زۆربەی خەڵکی جێی نیگەرانی بێت، بەڵام تێبینی لەسەر مییوزیکی کوردی هەیە، ئەو تێبینییەیش زۆر باشە. لە هەموو سەردەمێکیشدا هونەرمەندی باش و خراپ بوونی هەبووە و هەر وایش دەبێت و لە کوردستانیشدا بە هەمان شێوە هونەرمەند و نا هونەرمەند بوونی هەیە، بەڵام لە دواجاردا، کارەکانی هونەرمەندە باشەکان بە زیندوویی دەمێنەوە و وەکوو ناویان لە مێژووی میووزیکی کوردیدا هەر دەمێنێتەوە.” زۆربەی گۆرانیبێژا لە وڵاتی تورکیا کاری ئەلبوومی خۆیان دەکەن و تەنانەت بۆ وێنەگرتنی کلیپەکانیشیان وڵاتی تورکیا هەڵدەبژێرن، لە کاتێکدا لە کوردستاندا چەندین میووزیکژەنی بە توانا هەن و ئێستا لە ڕووی ستۆدیۆیشەوە، هەنگاوی باش نراوە، (هەردی سەلاح)ـیش یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی زۆربەی کارەکانی خۆی لە تورکیا ئەنجامداوە و دوا ئەلبوومیشی هەر لەوێ ئەنجام داوە، بۆیە ئەم پرسیارەمان ڕووبەڕووی کردەووە و ئەویش لە وەڵامدا گوتی: “من لە کوردستانیشدا کارم کردووە و یەکێک لەو گۆرانیبێژانەی لە کوردستان گرۆپی کەمانم دامەزراندووە، بەڵام ڕاستییەک هەیە، کە هەرچەندە تاڵیش بێت، دەبێت باسی لێوە بکەن، ئەویش ئەوەیە ئێمەی کورد لە ڕووی تۆمار کردن و تەکنیک و ماسترێنگ و ئەندازیاری دەنگەوە زۆرمان ماوە بگەینە وڵاتانی دیکە، منیش دەمەوێت کارەکانم بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ تۆمار بکەم، بۆیە دەچم لە ولاتی تورکیا کاری ئەلبوومەکانم دەکەم، گەرنا منیش ئەو ڕاستییە دەزانم، کە کوردستان میووزیکژەنی زۆر چاک و بە توانای تێدایە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوبوو، کە باسم کرد.” (هەردی) دەربارەی ئەو هۆنراوەیەی (عەبدوڵڵا پەشێو)ـیش، کە ئەو کردویەتی بە گۆرانیی، بەڵام پێشتر بە دەنگی (محەمەد جەزا گوتراوە دەڵێت: “من ویستم ستایلێکی نوێ بهێنمە نێو گۆرانی کوردییەوە، ئەویش وتنی گۆرانی درێژە و لە ڕێگەی ئەو شیعرەی مامۆستا (عەبدوڵڵا پەشێو)ـەوە ئەو کارەم کرد، لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبم لەسەری.” گۆرانیبێژ (هەردی سەلاح)، ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕێکلامی بۆ دەکرا، کەوا لە ئەوروپا بەشداری چەند کۆنسێرتێک دەکات و پۆستەریش هەڵواسرا بۆ ئەو کۆنسێرتە، بەڵام ئەو کۆنسێرتەکەی ئەنجام نەدا، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کەوا ئەو سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومە نوێکەی بووە، بۆیە نەیتوانیوە بەشداری لەو کۆنسێرتەدا بکات، ئەگەر بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکەیشی نەبوایە، بێگومان ئەو کۆنسێرتەی لە کاتی خۆیدا دەکرد. هێندێک لە گۆرانیبێژان لە لایەن حکوومەتەوە هاوکاری دەکرێن، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی نوێیان و تەنانەت بۆ کلیپ کردنی گۆرانییەکانیشیان، (هەردی سەلاح)ـیش یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی کلیپەکانی تا ئاستێکی زۆر، باشە و بە بینینی دەزانیت، کەوا پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کردووە، بۆیە لێمان پرسی حکوومەت هاوکاریت دەکات، بۆ کلیپ کردنی گۆرانییەکانت، یان لەسەر ەرکی خۆت کلیپیان بۆ دەکەیت؟ ئەو گوتی: “لە ڕاستیدا من ویستوومە هەمیشە کاری جوان و پڕۆفیشناڵ بکەم، لە ئەلبووم و کلیپەکانیشمدا بە دیار کەوتووە، من سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کەوا یارمەتی هونەرمەندیان داوە بە منیشەوە، بەڵام من وەکوو (هەردی) ویستوومە کەرتی تایبەت ئامادەیی دەرببڕێت بۆ هاوکاری کردنم، بۆیە دەتوانم بڵێم حکوومەت و کەرتی تایبەت هاوکاری کارەکانی منیان کردووە.” زۆر لە گۆرانیبێژانی بیانی لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە، توانیویانە یارمەتی هەژاران و تا ڕادەیەک حکوومەتیش بدەن، بەوەی داهاتی بەرهەمەکانیان یان کۆنسێرتەکانیان، دەدەن بە منداڵی هەتیو، یان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێدەکەن، بەڵام لە کوردستان ئەو دیاردەیە بوونی نییە و تاکوو ئێستا نەمانبینی گۆرانیبێژێک بە داهاتی ئەلبوومەکەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری ئەنجام بدات، (هەردی) بۆ ئەم لایەنە دەڵێت: “ئێمە تا هونەرەکەمان بە بزنس نەکەین، ناتوانیت وەکوو هونەرمەندانی وڵاتانی دیکە تەماشامان بکەن، ئێمە کێشەکەمان نەتەوەییە و کوردستانی گەورە پارچە پارچە کراوە، بۆ نموونە ئێمە لە باشووری کوردستان ژمارەی دانیشتوانمان نزیکەی 4 ملیۆن کەس دەبێت، نرخی سی دیی ئۆرگیناڵیش نزیکەی 2 دۆلارە، ئێ بەم ژمارە دانیشتوانە و بەو نرخە کەمەی بەرهەمەکانی پێدەفرۆشرێت، ناتوانین هونەرەکەمان بە بازرگانی بکەین. گۆرانیبێژێکی عەرەب بۆ 200 ملیۆن کەس گۆرانی دەڵێت، ئەگەر لە سەدا یەکی هاووڵاتیانی عەرەب سی دییەکەی لێبکڕن، دەکاتە 2 ملیۆن کەس، لەو وڵاتانەیش نرخی سی دیی ئۆرگینال لە سەرووی 10 دۆلارە، جا ئەگەر گۆرانیبێژەکە خراپ بێت، ئەوکات لە سەدا یەکی هاووڵاتیان دەیکڕن، ئەی ئەگەر گۆرانیبێژەکە باش بێت و جەماوەرێکی باشی هەبێت، تۆ پێم بڵێ چەند قازانج دەکات لە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی گۆرانیی. من دەڵێم ئێمە کێشەکەمان نەتەوەییە، بۆیە دەبێت وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی پێویستە خەڵکی کوردستان هاوکارمان بێت، تاکوو بناغەیەکی بە هێز بۆ دوا ڕۆژی گەلەکەمان دابین بکەین.” لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی دنیادا گۆرانیبێژان، جگە لە کاری گۆرانی لە چەند کارێکی دیکەیشدا داهێنان دەکەن، بۆ نوونە گۆرانیبێژانی تورک و عەرەب وەکوو ئەکتەریش لە زنجیرە دراما و فیلمی سینەماییدا داهێنانیان هەیە و توانیویانە کاری باش بکەن، بەڵام گۆرانیبێژانی کورد وەکوو ئەکتەر دەرناکەون، تەنیا یەک دوو گۆرانیبێژ نەبێت، کە بەشدارییان لە چەند فیلمێکدا کرد، پاشان لەبەر ئەوەی ڕۆڵەکەیان بە باشی نەگێڕا، فیلمەکان نەچوونە نێو خەڵکی. لە (هەردی سەلاح)ـمان پرسی بیرت لەوە نەکردۆتەوە، جگە لە کاری گۆرانی لە بوارێکی دیکەدا داهێنان بکەیت، بۆ نموونە بەشدار ی لە فیلمێکی سینەماییدا بکەیت؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی: “لە ڕاستیدا لە لایەن زۆرێک لە دەرهێنەران و تی ڤییەکانەوە، داوام لێکراوە ڕۆڵ لە فیلمدا بگێڕم، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی تەکنیکی نەمتوانیوە ئەو ڕۆڵە ببینم و ڕەتم کردۆتەوە، بەڵام نامەوێت لێتان بشارمەوە، لە لایەن دەرهێنەرێکی بە نێوبانگی تورکییەوە داوام لێکرا، کەوا لە درامایەکی زۆر پڕۆفیشناڵ ڕۆڵ ببینم، منیش کە زانیم ئەو دەرهێنەرە زۆر بە ناوبانگە و کارەکانی زۆر باشن، بڕیارمداوە لەگەڵیدا کار بکەم، بەڵام کۆمەڵێک مەرج داناوە، واتە بە کۆمەڵێک مەرجەمەوە ئەو داوایەی دەرهێنەرە تورکییەکەم قبول کردووە.” ئەگەر لێت بپرسم، کە کێ بە نوێنەری گۆرانیی کوردی دەزانیت وەکوو (هەر دی سەلاح)؟ “هەموومان دەبێت، بەو هەستە کار بکەین، کەوا نوێنەری هونەری گەلەکەمانین و نابێت بە چاوێکی خراپەوە لە یەکتری بڕوانین، من دەڵێم هەر کەسێک شیاوی ئەوە بێت ببێت بە نوێنەری گۆرانیی کوردی با ببێت، گرنگ ئەوەیە بە هەستێک کار بکەین، لە قازانجی نەتەوەکەمان بێت، نەوەکوو لە دژی نەتەوەکەمان کار بکەین.” گۆرانیبێژ هەیە، ئەلبوومێک بڵاودەکاتەوە و دەبێتە خاوەنی زۆرترین جەماوەر، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی چەند ئەلبوومێکی دیکە، جەماوەری لە دەست دەدات، ئەویش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەوا بەرهەمەکانی ساڵ دوای ساڵ لە کزی دەدەن و تام چێژ نادەن بە گوێگر، نموونەی ئەو جۆرە گۆرانیبێژانەیش زۆرە، بەڵام ناکرێت ناویان ببەین. لە (هەردی سەلاح)ـمان پرسی دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی یەکەمت توانیت جەماوەرێکی زۆر لە دەوری گۆرانییەکانتدا کۆ بکەیتەوە و بناسرێیت، ئاخۆ (هەردی سەلاح) ئەو جەماوەرەی جارانی ماوە، یاخود جەماوەرەکەی لە کزی داوە، بە تایبەت ماوەی چەند مانگێکە ئەلبوومی نوێی بڵاوبۆتەوە، ئایا پێشوازییەکی چۆن لە ئەلبوومە نوێکەی کراوە؟ (هەردی سەلاح) گوتی: “سوپاس بۆ خوا، ئێستا گۆرانییەکانی من لە هەر چوار پارچەی کوردستان گوێی لێدەگیرێت و دەتوانم بڵێم، لە شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش گوێ لە گۆرانییەکانی من دەگیرێت، ئەویش مانای ئەویە، جەماوەری من لە زیادبوونە نەک لە کزبوون، دیارە ئەو پێشوازی کردنەی لە ئەلبوومەکانم دەکرێت و ئەو ئاشنایەتییەی جەماوەر لەگەڵ ئەلبوومەکانی مندا هەیانە، جێگەی خۆشحاڵی منە و من سوپاسیان دەکەم و هەمیشە بەرهەمی جوانیان پێشکەش دەکەم.”
دیمانه’ کارۆخ مهلا ئهسعهد