ع. و. خه‌نده‌ڕه‌ش 14.08.2010: هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن که ڕۆژانه دهنگوباسی نوێ له‌باره‌ی دۆزینه‌وه و هه‌ڵکه‌ندن وفرۆشتن و کۆنتراکت به‌ستن له‌مه‌ڕ نه‌وت و گازی سروشتیی کوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه. کاناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی به ئومێد و شانازییه‌وه باس له‌و یه‌که ده‌که‌ن و ئه‌وان و زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که زۆری و فراوانیی ئه‌ندازه و ڕووبه‌ری سه‌رچاوه ژێرزه‌وینییه‌کان ده‌بێته هۆی ڕاکێشانی سه‌رنجی بیانییه‌کان بۆ لای کورد و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه سه‌ره‌نجام کورد ئه‌وه‌نده دۆست و پشتیوانی بۆ په‌یدا ده‌بێت که له داهاتوودا بێباکانه سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت. ئه‌م بۆچوون و ڕامانه له خۆیدا بێبناخه نییه و ڕێی تێده‌چێت؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر وردتر و دوورتر سه‌یری بابه‌ته‌که بکرێت گومانی ئه‌وه‌یش په‌یدا ده‌بێت که وه‌ها سه‌ربه‌خۆییه‌ک ببێته سه‌ره‌تا بۆ کوشتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کورد و لێکدابڕانی هه‌تا هه‌تایی کوردستان.
هه‌رچه‌نده باشووری کوردستان له دوای ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددامه‌وه له‌لایه‌ن یه‌ک حکوومه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام تا ئێستایش نیشانه‌کانی دوو ئیداره‌یی و دوو ده‌سه‌ڵاتی پێیه‌وه دیاره و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد و سه‌وز سه‌ره‌ڕای شکستی گه‌وره‌ی ینک له کێشه نێوخۆییه‌کانیدا هێشتا وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه. درێژه کێشانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و که‌ڵه‌که بوونی ئه‌و هه‌موو زێڕ و دۆڵاره‌ی له به‌رامبه‌ر فرۆشتنی ناعادڵانه‌ی نه‌وت و گازی کوردستاندا ده‌چێته گیرفانی جووته سه‌رکرده‌که، بۆی هه‌یه سه‌ره‌نجام باشووری کوردستان بکاته دوو میرنشینی بچووکی وه‌ک ئه‌بوزه‌بی و دوبه‌ی. له ڕاستیدا ئه‌و مۆدێله له حکوومه‌تداری ئامانجی هه‌ردووک به‌ڕێزان بارزانی و تاڵه‌بانی بووه و به ئاشکرایش هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ هێنانه دیی ئه‌و مه‌به‌سته داوه. دیاره لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌بوزه‌بی و دوبه‌ی ڕه‌نگه ڕه‌هه‌ندی جیاوازی هه‌بێت. بۆ نموونه: ده‌بینین هه‌ر ته‌لار و باڵه‌خانه‌و کۆشکی به‌رز و ڕه‌نگاو ڕه‌نگه و له هه‌ولێر و سلێمانی به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ ئاسمان. دوا مۆدێله‌کانی ئۆتۆمۆبیل به نرخی خه‌یاڵی ده‌گه‌نه کوردستان. مۆبایل و کۆمپیوته‌ر و خۆراک و جل و پۆشاک و سه‌وزی و گۆشت و دانه‌وێڵه و هه‌رچی پێداویستییه‌کانی ژیانن له ده‌ره‌وه ده‌گه‌نه کوردستان… به کورتی له بواری بازرگانی و ئابوورییه‌وه ئیماراتێکی تازه له ناوچه‌که‌دا دروست بووه.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م باسه‌یه پتر ڕه‌هه‌ندی سیاسیی مه‌سه‌له‌که‌یه نه‌ک بازرگانی و ئابوورییه‌که‌ی. کاتێک که به‌ڕێز تاڵه‌بانی ده‌ڵێت “کوردستانی سه‌ربه‌خۆ خه‌ونی شاعیرانه‌یه!”، نه درۆ ده‌کات و نه سیاسه‌ت ده‌کات و نه وڕێنهیش ده‌کات؛ به‌ڵکوو قسه‌که له ناخی دڵییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌وه نییه‌تی ئه‌سڵیی ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌یه و به بڕشتیش کاری بۆ ده‌کات. حیزب و لایه‌ن و کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش گه‌ره‌که زۆر به وریایی له‌م بابه‌ته نزیک ببنه‌وه و به وردی لێی بنۆڕن. گریمان له داهاتوویه‌کی نزیکدا باکوور و دوای ئه‌ویش ڕۆژهه‌ڵات وڕۆژئاوای کوردستان سه‌ربه‌خۆیی یا نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ک به‌ده‌ست ده‌هێنن؛ باشه چ گه‌ره‌نتییه‌ک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو بنه‌ماڵه‌یی باشووری کوردستان که خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو نه‌وت و گازه‌یه وا سووک و ئاسان هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی تر بدات که هیچکامیان به ئه‌ندازه‌ی نیوه‌ی باشوور ده‌وڵه‌مه‌ند نین؟! کێ ده‌توانێت گه‌ره‌نتیی ئه‌وه بدات که به‌ڕێزان بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی بنه‌ماڵه‌ی خۆیان بۆ تاهه‌تایه کوردستان ئاوا به پارچه‌کراوی ناهێڵنه‌وه؟! وا ده‌بینین ئیماراتی عه‌ره‌بی له حه‌وت ده‌وڵه‌تۆکه، که هه‌ر کامیان شارێکه پێکهاتووه. کووه‌یت و به‌حرێن و قه‌ته‌ر هه‌رکامیان سه‌رزه‌وینێکی بچووکیان گرتووه‌ته خۆ و ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌ندن توانیویانه ببن به ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی سیاسی وه‌ربگرن. هیچ دوور نییه نه‌وت و گازه زۆر و زه‌وه‌نده‌که‌ی باشووریش کوردستانه‌که‌مان به‌و ڕۆژه بگه‌یه‌نن.