بە بێ موجامەلە پێم وایە ھەموو کوردێک لە ناخیا ھیوا و ئاواتی ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ھەبێ لە کوردستانا. ئەمە ڕاستیەکە و ناشارێتەوە.
چونکە لە پاش جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین سەربەخۆییان وەرگرت و دەوڵەتیان دروست کرد تەنھا کورد و ژمارەیەکی کەم لەگەلان ئەم چانسەیان بۆ نەڕەخسا. سەرباری ئەوە کورد وەکو نەتەوەیەکی گەورە نەمایەوە و پارچەپارچە و دابەش کرا و بووە ژێردەستەی دەوڵەتە نوێیەکانی ناوچەکە. ئەمە ڕەنگە قورسترین کارەساتی مێژوویی بێ کە تووشی کورد بوو. کە بووە مایەی بچوککردنەوەی پرسی کورد و کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر سایکۆلۆژی کەسایەتی تاکی کورد. ھەر ئەم کارەسات و کاریگەریە سایکۆلۆژیانە ساڵانێکی زۆرە کوردی تووشی عوقدەی دەوڵەتی نەتەوەیی کردوە. وای کردوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد بە تاکە چارەسەر یان باشترین چارەسەری بزانن بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان. وە لە ھەمان کاتا بۆتە ئێلیمێنتی گونجاو بۆ بزواندنی گیانی شۆرشگێری لە لایەن بزوتنەوە سیاسیەکانەوە بە مەبەستی تاودان (Mobilisation) و بەرەنگاربوونەوەی نەیاران. ئەگینا لەڕاستیا بە تەنھا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کلیلی چارەسەر نیە بۆ ھەموو کێشەکانی کوردستان. چەندین گەل و نەتەوە ھەن خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆن بێ ئەوەی توانیبێتیان کێشەی ھەژاری و دواکەوتوویی و چەوسانەوەیان چارە بکەن بگرە باری گوزەرانی ئێستای (ھەرێمی کوردستان) خەوێکی خۆشە بۆ ئەوان.
ئەمڕۆ سەدان ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر بیری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کە سەردەمی ڕێنیسانس بوو. ئەو ھەلومەرجانەی ئەو بیرەی دروست کرد لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا بۆ پارێزگاری لە بیری لیبرال و داھێنانەکانی شۆرشی پیشەسازی و کۆلۆنیالیزم بوو. ھەروەھا دروست بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ دوای جەنگە جیھانیەکانی سەدەی ڕابردوو لە ھەلومەرجی نوێیا بوو وە زیاتر بە مەرجی ووڵاتە سوێندخۆرە گەورەکان درووست بوون نەک وەکو پێویستیەکی مێژوویی یان دەوڵەتە بەناو “نەتەوەییە” سەربەخۆکانی کۆتایی سەدەی ڕابردوو وەکو (ووڵاتانی بەڵکان ) کە ئەویش ھەلومەرجێکی تایبەتی بوو. ئەگینا بە پێچەوانەوە ئەوروپا لە ھەوڵی یەکگرتن و لابردنی سنوورەکانن.
لە سەرەتای سەدەی ڕابووردوەوە بیری (پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ ) لە ھزری تێکۆشەران و دڵسۆزانی کوردستانا بە بەردەوامی بوونی ھەبووە.لە ناو ئەجیندای ھەموو دانووستان و کۆبوونەوە جیھانی و ناوچەییە گرنگەکانا بە جۆرێک لە جۆرەکان تێزی مافی چارەنووس پێشکەش کراوە. بەڵام ئەوەندەی من بزانم ھیچ کاتێک بەرنامەی تێر و تەسەل و دراسەکراوی بەشێوەی ڕاپۆرت بۆ دانەڕێژراوە و بەڵکو زیاتر بە شێوەی گشتی یان عەفەوی (Spontaneous) باسەکە وروژێنراوە. رابەرانی ئێمە ئەمرۆشی لەگەڵ بێ ھەرگیز نەھاتوون دەستەیەکی پسپۆڕ پێکبھێنن و ئیمکانیاتی پێویستیان بخەنە بەردەست بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەرزی واقع. پاشان بە ڕاپۆرتی زانستی و بە لەبەرچاوگرتنی گشت لایەن و ڕەھەندەکانی ئەنجامی لێکۆلینەوەکان بخەنە بەرچاو ڕای گشتی, خەڵکی کوردستان و ناوچەکە و جیھان و ڕیِکخراوە نێودەوڵەتیەکان, وە بیکەنە بنچینەیەکی زانستی باوەڕپێکراو بۆ داخوازیەکان. پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی وەکو ووتمان چەندین رەھەند ئەگرێتە خۆی لەوانە (نەتەوەیی, دیموکراتی, سیاسی و دیپلۆماسی, جوگرافی, ئابووری, کۆمەڵایەتی).
لە ڕاستیا بۆ وتاری سیاسی لەم جۆرە و بۆ ھەرکامێک لەم ڕەھەندانە لێَکۆلینەوەی زانستی پێویستە. بۆیە من لە ئێستاوە داوای لێبوردن ئەکەم لە کەم کورتی ئەم بابەتە و ھیوادارم خەلکانی ئەکادیمی بتوانن بە لێکۆلینەوەی زانستی زیاتر لە سەری برۆن و دەوڵەمەندی بکەن. ئەو مۆدێلەی ئێمە ئەتوانین بیری لێ بکەینەوە بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سنوری جوگرافی کوردستان (کوردستانی گەورە) زیاتر لە رووی تیوریەوە گونجاوە قسەی لەسەر بکرێت.
ڕەھەندی نەتەوەیی
ئێمەی کورد وەکو نەتەوەیەک ھەین و کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆمان ھەیە بەڵام بەداخەوە بەھۆی رووداوە مێژووی و سیاسیەکانەوە کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت دروست بووە و بۆتە مایەی شێواندنی پێناسەی نەتەوەیی گرووپ گەلێکی زۆری ناوچە جیاجیا کانی کوردستان. بە مانا کورد گروپێکی(Mass) ھۆمۆجین نیە و جیاوازی زۆر ئاشکرا ھەیە لە رووی زمان و کلتوور و ئاین و ئابووری لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر. ھێشتا باسی بوونی لە میژینەی نەتەوەکانی ترمان نەکردوە کە بەتەواوی لە ئێمە جیاوازن و لە ھەمان کاتیشدا خەلکی کوردستانن و بە سەدان و ھەزاران ساڵە لەگەڵمان دەژین وەکو تورک و عەرب و فارس و ئاشور و کلدان و ئەرمەن و جوو. ئەمە واقعی ئێستای کوردستانە و گۆڕینی ئەم تۆپۆگرافیا تایبەتە ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا بێگومان زۆر زەحمەت و پڕ لە تڕاژیدیا و کارەسات ئەبێت.
لەڕاستیا ئێمەی کورد ئەمڕۆ مەترسی لەناو چوون و فەوتانمان لەسەر نەماوە وەکو لە سەدەی پێشووا ھەبوو. ئێستا ئەو قۆناغەمان بڕیوە و سەردەمێکی نوێ ھاتووە. لەبەر ئەوە بیری توندڕەوانەی نەتەوایەتی ناتوانێت بە ئاسانی جێگای خۆی بکاتەوە کاتێک ھەلومەرجەکان بەو جۆرە پۆزەتیڤە گۆڕابن. بەڵام بۆ ئێمە ئەم ئاواتە دێرینە ریشەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارە سایکۆلۆژیەی کە لەسەدەی پێشوا دروست بوو لەغیابی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی کورد. ئێستاش ئەگەر وەکو خەڵکی کوردستان بمانەوێت سنوورەکانمان دیاری بکەین و خۆمان جیا بکەینەوە لە دراوسێکانمان ئەبێ زۆر بە ووردی لە ھەلومەرجەکان بکۆڵینەوە تا بە کارەساتی خراپتر نەشکێتەوە. بە بڕوای من ئێمەی کورد ئەتوانین و ڕەنگە زۆر باشتریش بێت ھەوڵی دامەزراندن و سەقامگیرکردنی سیستەمی دیموکراتی بدەین لەلای خۆمان و دراوسێکانمان. بێگومان لە ئێستایا باشترین ڕێگاچارە خۆ ڕاھێنانە بە پرنسیپی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یەکتر قەبوولکردن لەناو سنووری کوردستانا لە نێوان تێکڕای گەلانی کوردستان. دەنا لە واقعی ئێستای کوردستانا کە بەش بەش و داگیر کراوە زۆر ئەستەمە بەو توانا کەمەوە بتوانین بەرەنگاری داگیرکەران ببینەوە و بەرگری لە خۆمان بکەین.
ڕەھەندی دیموکراتی
لەھەموو کوردستانا ئەگەر دیقەت بەین پرۆسەی دیموکراتی زۆر لەسەرەتایایە و دامودەزگاکان جگە لە ھەرێمی باشوور بەگشتی مەرکەزین و کەمتر بە پرنسیپەکانی دیموکراتی کارئەکەن. لەھەرێمی باشوور ھەلومەرجەکان بەجۆرێکی ترە و بە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی تر پرۆسەی دیموکراتی پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە.ئەگەرچی لێرەش کەموکورتی زۆر ھەیە. لیرەش پرنسیپە بنچینەییەکانی دیموکراتی وەکو ماف و ئازادی تاک بە ھەموو مانایەکەوە ھێشتا کێشەی زۆری ھەیە. ئەمەش وای کردووە ھاووڵاتی ھەرێم ھەست بە نا عەدالەتی ئەکات و وەکو پێویست ئینتیمای نیە. ھەروەھا وەکو پێویست سەرکەوتوو نەبووین لە ڕاکێشانی ھاووڵاتیانی غەیرە کورد بۆ ناو پرۆسەکە تا بتوانن چالاک بن و بەئیرادەی خۆیان کار بکەن و ھەست بە ھاووڵاتی بوونی خۆیان بکەن بە ھەمان ئاستی تاکی کورد لە سنووری ھەرێمەکە. ئەوان ھێشتا لە تەوقی موحاێەێە و دەستەکەری دەرنەچوون و متمانەی تەواویان نیە بە دڵکراوەیی بێنە ناو پرۆسەکە و ترسی ئەوەیان نەبێت بەشیان بخورێت. ئیتر چۆن بوێرن لە ئێستادا چارەنووسی خۆیان گرێ بدەن بە چارەنووسی کوردستانەوە. نزیکترین ھاووڵاتی غەیرە کورد لە دەسەڵاتی ھەرێمەوە برا مەسیحیەکانن (عیساییەکان) کە خۆشیان چالاکانە بەشێکن لە دەسەڵات. بەڵام لەبەر بێ متمانەیی داوای مافی ئۆتۆنۆمی ئەکەن لە سنووری دەسەڵاتی ھەرێم, چی جای ئەوانی تر کە جۆرێک لە گرژی و بێ متمانەیی زیاتریان ھەیە وەکو عارەب و تورکمان. بە دڵنیاییەوە ئەڵێم ھەتا ئەوکاتەی ئەو گەلانەی ناو کوردستان بڕوا و متمانەی ھاووڵاتی بوونیان لا دروست نەبێت ھیچ پرۆسەیەکی دیموکراتی ناتوانێت سەقامگیری دەستەبەر بکات. وە بەبێ سەقامگیربوونی سیستەمی دیموکراتی ناکرێ بیر لە خۆجیاکردنەوە بکرێتەوە. ئەویش بە ھەنگاو نانی جدی و سەروەری بوونی یاسا جێ بە جێ ئەکرێ. ئەگینا وەکو تر تەنھا بۆ خۆ نواندن و موزایەدەی سیاسی بێتام بۆ گۆبەن و ئاژاوە نانەوە یا مەست و خولیاکردنی کاڵفامەکانی ناو کۆمەڵگا لێرە و لەوێ باسی مافی چارەنووس ئەکرێ.
ڕەھەندی سیاسی و دیپلۆماسی
جیوپۆلیتیکی ڕۆژھەلاتی ناوەراست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی بە یەکێک لە ھەرە ئاڵۆزترین ناوچەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی ئەژمێردرێ لە جیھانا. رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە مێژە ناوەندێکی پڕ ململانێیە و لێرەدا جۆرەھا بەرژەوەندی ستراتیجی نەتەوایەتی و ئابووری و سیاسی و کلتووری (ئاینی) لە کێشە و ململانێدان, وەکو کێشەی عەرەب و جیھانی ئیسلامی بەرانبەر بە ئیسرائیل یان کێشەی ئیران و ئیسلام بەرانبەر بە ڕۆژئاوا ھەروەھا کێشەی مێژوویی پرسی کورد. ئەمانە تێکڕا تایبەتمەندیەکی بەخشیوە بە ناوچەکە بۆیە بچوکترین گەمەی سیاسی کاریکەری ھەیە لەسەر ھەموو لایەنەکان و دەرئەنجامی (Consequence) زۆری لێ ئەکەوێتەوە. بە ھەر شڵەقاندنێکی ئەو گۆمە ھەموو لایەنەکان ئەکەونە خۆ و کاتێکی زۆری ئەوێ تا سەقامگیر و ئارام ئەبێتەوە. جا داوای کورد بۆ جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە ھەلومەرجێکی وایا ئەگەر جددی بێ ئەوا شێتانە و نا مەسئولانەیە چونکە لە ئێستادا جگە لە کورد, بە ئاشکرا, ھیچ لایەنێکی تر پشتگیری لێ ناکات. واتە ئەبێت بەرانبەر ھەموو “دۆست و دژمنەکان” بوەستینەوە بە بێ ئەوەی توانا و ئامادەیی ئەو بەرانگار بوونەمان ھەبێت لە ھیچ روویەکەوە. بۆیە ھەر ھەنگاوێکی لەو جۆرە کات و خۆئامادەکردنی مادی و مەعنەوی زۆری ئەوێت. من ھەرگیز نالێم ئەمە موستەحیلە و بە ئێمەی کورد ناکرێت بەڵام بڕوام وایە لە دوو حاڵەتا زیاتر مومکینە ئەویش کاتێک بتوانین بۆ خاوەن بەرژەوەندیە گەورەکانی بسەلمێنین
١- کە ئێمەی کورد ئەتوانین ببینە باشترین پارێزەری بەرژەوەندیەکانیان
٢- یان ئێمەی کورد ئەتوانین ببینە پڕ مەترسیترین ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیەکانیان
جا پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمە لە کوردستان توانای سەلماندنی ھیچ یەکیک لەو حاڵەتانەمان ھەیە؟ بە بڕوای من نەخێر. چونکە بۆ جێبەجێکردنی ھەریەک لەو دوو حاڵەتە توانای سیاسی و ئابووری و تەکنیکی زۆری پێویستە کە بەو توانا کەمەی ئێستای ئێمە مەیسەر ناکرێت. بەڵکو پێویستی بە کاری زۆر و ھەنگاوی ستراتیجی ھەیە وەکو بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بازاڕ و سەرمایەگوزاری و دیموکراتی. ھەروەھا بەرزکردنەوەی ئاستی توانای مرۆیی لە رووی تەکنیکی و پسپۆری بواری جیاجیا. دەنا زۆر ئەستەمە بتوانین بەو توانا ئابووری و سیاسی و دیپلوماسیە لاوازەمانەوە بەرەنگاری داگیرکەران ببینەوە و بەرگری لە خۆمان بکەین.
ڕەھەندی جوگرافی
بەپێی زۆربەی سەرچاوە و نەخشە مێژووییەکان و دۆکیومێنتە باوەڕ پێکراوەکان نیشتمانی کورد (کوردستانی گەورە) ووڵاتێکی پان و بەرینە سنوورێکی نادیار و دوورودرێژی ھەیە و دراوسێی نەتەوە گەورەکانی ناوچەکەیە وەکو عەرەب و تورک و فارس و ئاشوری و ئەرمەنی.
ئەم سنوورە درێژە کە ھێشتا لە زۆر شوێنا نادیارە و بەئاسانی و سروشتی جیاناکرێتەوە و لە زۆر شوێنا تێکەڵ بووە بە سنوور و ناوچەی نەتەوەکانی دراوسێمانەوە بە جۆرێک کە جیاکردنەوەی زۆر ئەستەم و حەساسە بۆ ھەر لایەنێک. ئەم بارە ئاڵۆزە پاشماوەی پێکەوە ژیانی سەدان و ھەزاران ساڵی مێژووە. سەردەمانێک کە ھیچ لایەنێک وەکو پێویست پارێزگاری قەلەمڕەوی خۆی نەکردوە. ئێستاش لە زۆربەی سنوورەکان تێکەڵاوی ئابووری و کومەڵایەتی بە جۆریک تیھەڵکێشە کە سیما و مۆرکی نەتەوایەتی لایەنەکانی شێواندوە, بۆ نمونە سنوورەکانی ناوچەی موسل و کەرکوک و دیالە لە ھەرێمی کوردستان یان سنوورەکانی لوور و بەختیاری و ورمێ و نەغەدەو شکاک لە ڕۆژھەڵات یان سنوورەکانی وان و ئەرزروم و جزیرە لە باکور. دیاریکردنی سنووری کوردستان لەم ناوچانە پرۆسەیەکی زۆر ئەستەم و پڕ لە گیروگرفتە, بۆ نمونە بە ھۆی تێکەڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژن و ژنخوازی یان پەیوەندی ئابووری و بازرگانی یان گرنگی و ستراتیجی ناوچەکە ھیچ لایەنێک ئامادە نیە ئارەزوومەندانە سنووری خۆی جیاکاتەوە و دەستبەرداری بەرژەوەندیە ھاوبەشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ستراتیجەکانی بێ.
ڕەھەندی ئابووری
کوردستان لەرووی بازرگانی و ئابووریەوە ووڵاتێکی گرنگ و لاوازە. خەلکی کوردستان بە گشتی لە مێژەوە توانیویەتی سەرچاوەی ژیان و پێویستی گوزەرانیان لە بواری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەدەست بھێنێ و ئەویش بەھۆی لە باری سروشتی ئاوھەوا و خاکەکەی. جگە لەوەش سامانی سرشتی زۆر و چڕی دانیشتووانی گونجاوی ھەیە بەکورتی ووڵاتێکی دەوڵەند و گرنگە لە رووی ستراتیجی ئابووریەوە. لەبەر ئەوە بێگومان ھەمیشە چاوی داگیرکەر و خاوەن بەرژەوەندە گەورەکانی لەسەر بووە. ئەم تایبەتمەندیە وای کردوە خەلکی کوردستان دەست پێشکەری لە ھەر گەمەیەکی سیاسی بکات وورچە خەووتووەکان ھەڵئەستن و ئەکەونە خۆیان.
بەڵام بە ھاتنی سەردەمی جیھانیگیری (Globalism) کە کەژێکی دەگمەن و تایبەتی بەخشیوە بە بزووتنەوەی بازرگانی و ئابووری جیھان بە جۆرێک کە بتوانی جیاواز یا ئاسان تر لە جاران بەشداری گەمە سیاسیەکان بکەیت و رۆلی سیاسی و دیپلۆماسی خۆت بگێری. بە مانا پرۆسەی سیاسی و دبلوماسی ئەمرۆ لە دونیا تا ڕادەیەکی زۆر لە شێوە تەقلیدیەکەی دەرچووە, بۆ نمونە بازرگانی و گرێبەستە ئابووریە گەورەکان زۆرجاران گرنگیان زیاترە لە پەیمانە (Convention) نێودەوڵەتیەکان. بۆیە ئەگەر گرێبەستە ئابووری و بازرگانیەکان بەووریایی و رەفتاری دیبلۆماسی و ھوشیارانە بکرێن و بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانی نەتەوە لەبەرچاو بگیرێن ئەتوانرێ لەم کەنارەوە تا ڕادەیەکی زۆر ھەنگاو بنرێ بۆ بەھێزکردنی پێگەی نیشتمانی.
ڕِەھەندی کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی بە کۆمەڵگایەکی موسڵمان ناسراوە و فەرھەنگ و کلتووری ئیسلام باڵی کێشاوە بەسەر ڕەفتار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانا. ئێمەی کورد سەدان ساڵە لە بۆتەی ئیسلامداین و کوردە موسلمانەکان بە تەواوی تێکەڵ بە ڕێباز و کلتوور و فەرھەنگی ئیسلام بوون. سەدان ساڵە ئیسلام پەیڕەو ئەکرێت و بەتەواوی چۆڕاوەتە ناو ھەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەلاِیەتی. ئەگەرچی ھاتنی ئیسلام بۆ کوردستان بێ وەی نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ موسڵمانێتی باڵا دەست و بەھێزە. بۆیە ناکرێت ڕۆلی فاکتەری ئیسلام لە ھیچ چالاکیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیا فەرامۆش بکرێ. جگە لەوە ساڵانێکە ئیسلامی سیاسی لە سنگە خشێ و خۆڕێکخستن و ئامادە باشیایە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە تێکڕای ناوچەکە. بەلای پەیڕەوکەرانی ئیسلامەوە, وەکو لە پڕوپاگەندەکانیانا ئەیڵێن, پێویستە ھەموو چالاکیەکان لە خزمەتی ئیسلام و ئوممەی ئیسلامیا بێ. واتە بە ئیسلامیکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ھەموو دام ودەزگاکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای مەدەنی. بەو پێیە ئیتر لە ئاکاما نیشتمان پەروەری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ھیچ گرنگیەکی نیە. لەبەر ئەوە ھەموو ورووژاندنێکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی (کوردستانی) و نەتەوایەتی (کوردی) ئەکرێت بیگوڕن بە مانای ناکۆکی و بە گژاچوونەوەی پەیڕەوی ئیسلام, یا بە گژابردنی موسلمانان و دروستکردنی بەربەستی ناوخۆیی و دەرەکی. تەواوی سنوورەکانی کوردستان بەستراوەتەوە بە دەوڵەتی ئیسلامی بەھێزەوە کە ئەکرێ فاکتەری ئاینی بەکار بێنن بۆ دژایەتی. جیاوازی پێکھاتەی ئەتنیکی و سیاسی دراوسێکانی کوردستان زۆر جیاوازن. مەخابن ھیچ سۆز و سیلەیەکی وامان نیە بۆ یەکتر کە شایانی باس بێ, جگە لەوەی ھاودینین (برای دینین), ئەویش لە ئەنجامی چەوسانەوە و ڕەفتار و پۆزی داگیرکەرانەی نەتەوەکانی سەردەستەوە.
(مافی چارەیخۆنووسین) زاراوەیەکی سیاسی باوە لە قاموسی سیاسی نوێ کە ئەتوانرێ بە ھەموو ماناکانی ماف سەندن (ماف پێدان) لێکبدرێتەوە لە کەمترین مافەوە تاکو مافی پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ. زۆر جار ئەم باس و خواستانە فرتە ئەکات و ئەبێتە بابەتی لێکدانەوە و لێکۆلِینەوەی سیاسی و سیاسەتمەداری”پسپۆر و شارەزا” لەوێشەوە ئەکەوێتە ناو کەنالەکانی میدیاوە (ڕۆژنامە, ڕادیۆ, تی ڤی و تۆڕی ئینتەرنێت). ھەندێک بە نیەتی پاک و بۆ بە زیندو ھێشتنەوەی بابەتەکە ئەیوروژێنێ و مەبەستی پێوانەکردنی ڕا و ھەلومەرجەکانە لە کاتی جیا جیا. بەلام بۆ ھەندێکی تریان تەنھا گەمەیەکی سیاسی بێ بنەمایە و جۆرێکە لە ڕابواردن بە سۆزی و عاتیفەی دۆست و دژمنی ئەم بیرۆکەیە.
کوردستان وەک ووڵات و کوردیش وەکو نەتەوە مافی خۆی بووە دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێ. ئەگەرچی لە مێژووا بەشێکی زۆر لە بنەماو پێویستیە مادیەکانی ھەبووە بەڵام لە ھیچ کات و شوێنێک, بە ھەرحاڵ لە سەردەمی پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی, نەتوانراوە ھیوای خەڵک بێتەدی. ئێستاش لە سەردەمی گلوبالیزما کە لە ڕاستیا ئەھمیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی زۆر کەم بۆتەوە و رۆلی سیاسی دامودەزگا دەوڵەتیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەم ئەکات و لە شوێنی ئەو ھاوپەیمانیە ئابووریە نێونەتەوەییەکانی کومپانیا زەبەلاحەکانی وەکو مایکرۆسۆفت و میدیای گاری مادۆخ ….ھتد رۆل ئەبینن و کاریگەریان ھەیە لەسەر ھزری تاکەکانی کۆمەڵ لەھەرشوێنێک بن لە دونیا وە بە تایبەتی لاوان. واتە ئەو لاوانەی ئەمرۆ کە لەژێر کاریگەری گلوبالیزمان (ئەوانەی پێان ئەوترێ نەوەی فەیسبووک و تویتر) سبەی ڕۆژ دەبنە بڕیار دەر زیاتر ئیھتیمامیان بۆ پرس و بابەتە گشتگیریەکان دەبێ وەکو ئازادی تاک و زانست و ژینگە و ھەژاری و نەخۆشی.
با ئێمە زیاتر واقعبین بین و ئەوەندە ھەنووکەیی (ٍShort-term) نەبین. ئەوانەی باسی مافی چارەی خۆنووسین ئەکەن وەکو مەسەلەیەکی نەتەوەیی ئەیوروژێنن لەلایەک ئەیانەوێ پێمان بڵێن کە جاری ھێشتا “ئەوانی شۆرشگێر” رۆلیان ماوە و مانەوەیان لە دەسەڵاتا پێویستە و ھەرەشەکان لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ماوە و لە لایەکی تریشەوە پەیامێکە بۆ دەوروبەر کە جەماوەر داوای زیاتریان ھەیە و دانوستانەکان لە ڕێگای ئەمانەوە بێ باشترە. نەکا خەڵکی توندڕەو بێنە پێشەوە.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١١-٠٢-١١
falaharazu@msn.com