گۆمەکە شڵەقا و ئێستا لە ھەمووکات زیاتر، خەڵک پێویستی بە کەناڵێک ھەیە دەنگی بە دەوروبەر و لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتی سەرو خۆی بگەیەنێت، جگە لەوەش ھەر ئەو کەناڵە ھەموو زانیارییەکان و ھەر شتێک کە لە ناوخۆ و دەرەوەی دەگوزەرێت و کاردانەوە و باسەکانی رۆژی پێ بگەیەنێت.
بەڵام لە ئێستادا ئەو کەناڵە لە کوردستاندا نابینرێت. تەنھا کەناڵێک کە لە ماوەیەکی کەمدا دڵنیای کردین کە ھەموو روداوەکان و وەک خۆی دەگەیەنێت (نالیا)بوو ئەویش سوتێنرا.
شار ھەژاوە و چەندین گەنج لە خڵتانی خوێن کراون ( کەناڵ ٤ و ڤین) گۆرانی و دانس و سەمایە. ئەگەر (حزبیانە) داوای لێکرا چەند کەسێک (دۆستانە) دەھێنێت و (خۆمانە) تەفسیرێکی (روکەشانە) بۆ روداوەکان دەکات. بۆ کەناڵێکی لەو جۆرە کە روخسارێکی بازرگانی ھەیە، ئەوەندە بەسە کە بڵێین بێ خەمن لە ئاست ھەر شتێک روودەدات.
سەبارەت بە کەناڵە حزبیەکانیش ئەوە زۆر راشکاوانە دەڵێین کە ئەوەی خۆی ھەواڵەکە دەنوسێت و دەیخوێنێتەوە ئاساییە کە باوەڕێ پێ نەکات چونکە بە خواست و ئایدۆلوژیای حزب دادەڕێژرێت و بلاو دەکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە وەک سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو سەیر ناکرێن.
کەناڵی زاگرۆس و کوردستان تیڤی و گەلی کوردستان باس لە بونی ئاژاوە گێڕان دەکەن کە چۆن ھەڵیانکوتاوەتە سەر لقی ٤ ی بێدەسەڵات و شوشەیان بە بیناکەوە نەھێشتووە، بەرپرسی لق لە حاڵێکدا پشان دەدەن کە پەپولە ئاسا باس لەو ناھەقییە ئەکات کە بەرامبەریان کراوە، بەڵام تا ئێرە و بەس!! چۆن بڵاوەیان (گێرەشێوێنانە) کردووە؟!! چی لەبەردەم لق رویداوە؟ کێ یەکەم بەردی ھەڵدا؟ چۆن توانیویانە لە لق بێنە دەرێ؟ وەڵامي ئەمانەو زۆر پرسیاریتر لە ھیچ ھەواڵێکا نەبوو.
کەناڵی کوردسات و گەلی کوردستان خەمخۆرانە بۆ ڕێکەوتنی نێوان (ی.ن.ک و پ.د.ک) لە رونکردنەوەدا بوون، بەس. کاردانەوەی میدیای کوردی جیاوازییەکی وای نەبوو لەگەڵ کاردانەوەی سەرۆکی لیبیا کە بە خۆپيشاندەرانی وت: (یتعاطون حبوب الھلوسە)، چونکە ئەو گەنجانەی کە لە کاتی ھەڵبژاردندا بە ھیوا و بازوی وڵاتێکی پێشکەوتوو ناودەبرێن ئەمڕۆ لە چوارچێوەی خۆپيشاندادا دژی گەندەڵییەک کە خودی سەرۆکایەتییەکانی ھەریم و حکومەت دانیان پیادا ناوە، ئەوانە گێرەشێوێن و ئەمجارەش دەستیان لە پشتەوە بۆ دروست کرا.
سەبارەت بە کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن، خەمساردتر لەگەڵ ناو و نانیشانی خۆیان، ئاشکرا ترس و دوو دڵییان پێوە دیارە. ترس لەوەی پەرچە کردارە نەخوازراوەکان (لە روانگەی دەسەڵاتەوە) بەسەر ئەواندا بشکێتەوە، دوو دڵی لەوەی نەبا ھاندانی ئەوان ببێتە ھۆی ھەڵچون و ئەنجامیش بە ئاکام نەگەشتن بێت، خۆ رەنگە نەیانەوێت (لە ھەردوو جەژنيش ببن)، يان لەوانەيە ئەوانیش ھەر لەلایەن حزب و کۆمەڵە و بزوتنەوەکانیانەوە ئاگادار کرابنەوە و بێ ئەمری ئەوان ھیچ ھەواڵێک بڵاو نەکەنەوە (ئەمنیەتی قەومی وا ئەخوازێـت)!!
ھەنێکیشیان لە بیری ئەوەدان چۆن جڵەوی خۆپشاندان بە لای خۆیاندا رابکێشن و رابەرایەتی جوڵانەوەیەک بکەن کە خۆڕسکانە چۆتە سەر ڕێڕەوی خۆی، دياره بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتەرانەی لە ڕێی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بووە ھۆی بەرچاو ڕوونی خەڵکی کوردستان.
ئەوەی گرنگە، بارودۆخێک ھەیە نا ئاساییەو بینەرێکیش ھەیە بێ ھەواڵە و تەنھا شتێک کە پشتی پێ دەبەستێت ئەو ھەواڵانەیە کە راستەوخۆ یان دەماودەم لە شەقامەوە یان به مۆبایل پێیان ئەگات و دیارە ئەمەش بێ کەم و کورتی نییە. بەڵێ سایتەکانی ھەواڵ و ئینتەرنێتیش رۆڵی خۆی ھەیە بەڵام ھێشتا وەک پێویست نەبۆتە تێشوی گۆڕانکارییەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێین داخ و خەمی سوتانی (نالیا) وەک کەناڵێکی ھەواڵ و دیکۆمینتاری، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت چونکە سات بە سات زیاتر برسی دەبین بۆ زانین و بە ئاگا بوون لە ھەواڵ و روداوەکان..
شنروێ