زانا دڵشاد دزەیى : “ساڵى 1964 لە قامیشلو لە دایکبوومە و ناوى ئەسڵیم خۆشناوە، هەموو خوشک و براکانم ناوەکانیان کوردییە، لەبەرئەوەى باوکم لەناو سیاسەت گەورە بووە، بۆیە ناوى من و هەموو برا و خوشکەکانم بە رووداوێکى مێژووى کورد بەستۆتەوە، ناوى خوشکێکم مەهابادە ناوى برایەکم بەدرخانە، ناوى برایەکى دیکەم بارزانە، باوکم ناوى ناوم خۆشناو لەسەر ناوى زابتێکى کوردـ کە لە کۆمارى مەهاباد لەگەڵ قازى محەمەد لەسێدارە درا و ناوى خۆشناو بوو”. ئەوە سەرەتاى قسەکانى هونەرمەند خۆشناو بوو بۆ (سڤیل)، هەروەها دەڵێت “باوکم ناوى عەبدولقادر تلۆیە، بە ئەسڵ خەڵکى کوردستانى تورکیایە و لە گوندى تلۆ لە دیکبووە”.
خۆشناو لەدوا دیمانەى خۆیدا وێڕاى باسکردنى لایەنە هونەرییەکانى، ئاماژەى بەچەندین لایەنى تایبەتى ژیانى خۆیشى دەکات، لە بارەى جێهێشتنى شارەکەى خۆى “قامیشلو” کە نزیکەى 20 ساڵە لە ئەوروپا نیشتەجێیە، دەڵێت “ساڵى 1984 تەمەنم 18 ساڵبوو کوردستانم جێهێشت، وەک خوێندکارێک بۆ پۆلۆنیا رۆیشتم، ئێستا ماستەرم لە زانستى سیاسیدا هەیە، کە خوێندنەکەم تەواو کرد، هاتم بۆ وڵاتى سوید، لەوکاتەوە لە سوید نیشتەجێم”. ئەو لەسەر باسى خوێندنەکەى بەردەوام بوو، گوتیشى “کاتێک لە پۆلۆنیا دەستم بە خوێندن کرد، نەمدەتوانى موزیک بخوێنم، چونکە خوێندنى باڵاى موزیک لە وڵاتى ئەوروپى بەلانیکەم دەبێت لە قۆناغەکانى سەرەتایى و ناوەندى موزیکت خوێند بێت ئینجا دەتوانى خوێندنى باڵا بخوێنى، ئەوە لەلاى ئێمە لە “قامیشلو” نەبوو، لەبەرئەوە ئەو خوێندنەم هەڵبژارد، کە لە حەزى خۆم نزیکە، ئەویش سیاسەتە، لەگەڵ ئەوەشدا نامەى ماستەرى من لەسەر گۆرانی سیاسى بوو، ئەو گۆرانییە سیاسیانەى بوونەتە بەشێک لە کەلتوورى کورد، ئەو گۆرانییە بۆ کام رووداو گوتراوە؟ گۆرانى سیاسیى چۆن دروست دەبێ و واتاى چییە؟ پەیوەندى بەمیللەتى کوردەوە چییە؟”.
خۆشناو باس لەوە دەکات، بڕیار لەدەست خۆیدا نییە بگەڕێتەوە کوردستان یان نا، پێشی وایە زۆر زەحمەتە لە کوردستان بژى، دەڵێت “من ئێستا هاوڵاتییەکى سویدیم”. ناوبراو ئەو حەوت مانگەى، بەهۆى بەرنامەکەى خۆى “تامخۆش” کە کەناڵى زاگرۆس پێشکەشى دەکرد، بە نموونەى قسەکان خۆى دێنێتەوە و دەڵێت “کە لەکوردستان بووم، ئەو مووچەى لەزاگرۆس وەرمدەگرت بەشى ژیانى خۆمى نەدەکرد، بەشى کرێی خانووەکەى نەدەکردم، بەڵکو کەناڵى زاگرۆس لە کوردستان خانووى بۆ گرتبووم، تەنانەت مافم نەبوو لە کوردستان خانوویەک بکڕم، نەمدەتوانى ئۆتۆمبێلێک لە کوردستان بکڕم”. خۆشناوى هونەرمەند ئەوەشى ئاشکرا کرد، بە بڕوانامە ماستەرەکەى لە هەولێر بەدواى ئیشدا گەڕاوە، بەڵام نەیتوانیووە ئەو ئیشە بدۆزێتەوە، ئەو دەڵێت “خەتاى خۆم بوو، لە سەرۆکایەتى زانکۆ بە منیان گوت: بڕۆ سۆران لەوێ پێویستمان بە مامۆستا هەیە، بەڵام بڕیارێکى هەڵەمدا نەچووم بۆ سۆران، راستى نەمزانى سۆران شارێکى چۆنە؟ بۆ من دوور بوو، کەسیشم لەوێ نەدەناسى، هەروەها برادەرانى من لە سوید گوتیان: باشترە دکتۆراکەت بخوێنى، لەبەرئەوە لە کوردستان بڕیامدا دکتۆرا بخوێنم، ئێستا لە سوید لە قۆناغى دووەمى خوێندنى دکتۆرام”. خۆشناو ئێستا لە پۆلۆنیا هەم لە زانکۆى زانستە سیاسییەکان مامۆستایە، هەمیش خەریکى خوێندنى دکتۆراکەیەتى و دەڵێ “وەرزى هاوینانیش موزیک دەخوێنم”.
خۆى کرمانجییە و ناوێکى سۆرانى هەیە، ئینجا دوو گۆرانیشى بە شێوەزارى سۆرانى بڵاوکردۆتەوە، خۆشناو کاتێک باسى گۆرانییە سۆرانییەکانى خۆى دەکات، دێتەوە سەر راى سۆرانییەکان، لەسەر گۆرانییە سۆرانییەکانى، “هەموویان پێیان خۆش بووە، بەتایبەت گۆرانى (نارین نارین)، کە لە سێدى دووەمم گوتوومە، هەتا زۆرجار کە دەچمە پرۆگرامێک یان ئاهەنگێک داواى ئەو گۆرانییەم لێدەکەن”. خۆشناو کە تائێستا چوار ئەلبوومى گۆرانى بڵاوکردۆتەوە، بەڵام زۆرکەم کلیپ بۆ گۆرانییەکانى ئەنجام دەدات، کە کۆى کلیپەکانى لە پەنجەکانى دەست تێپەڕ ناکەن، ئەو هۆکارى ئەوە بۆ نەبوونى تواناى مادى خۆى دەگێڕێتەوە، کە پێشى وابوو “ڤیدیۆ کلیپى باش خەرجی زۆرى دەوێت، من ناتوانم کلیپێک ئەنجام بدەم و خۆم بکەمە گاڵتەجار، هەندێ شت هەیە دەمەوێ بیکەم، بەڵام زۆر گەورەترن لە تواناى ئابوورى من، ناتوانم بیکەم، کلیپى باش پێویستى بە ئابووریەکى گەورە هەیە، ئەو ئابووریە لەژێردەستى مندا نییە”. خۆشناو وەک خۆى باسى لەوە دەکات، چۆنیەتى لە دایکبوونى گۆرانییەکانیشى وەک قۆناغەکانى ژیانى خۆى جۆراوجۆر بووە، “لە گەنجى کە دەستم بەگۆرانى گوتن کرد بە هۆنراوەکە دەستم پێدەکرد، قۆناغى دواى ئەوە هۆنراوە و ئامێرەکەم بەیەکەوە بوون، ئامێرەکەم لەدەست دەگرت و هۆنراوەکەم لەگەڵى دەنووسى، چونکە زۆربەى ئەو گۆرانیانەى من گوتوومە هۆنراوە و ئاوازەکەى هى خۆمن، لە قۆناغى ئێستامدا ئاوازەکە دادەنێم ئینجا هۆنراوەکە دەنووسم”.
خۆشناو، کە لەئێستادا تەنیا دوو ئاواتى هەیە، لە ئاواتى یەکەمدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، حەوت ئەلبووم بڵاوبکاتەوە، کە تائێستا سێ ئەلبوومى بڵاوکراوەى هەیە، چونکە گوتى “لە ژیانمدا پلانى حەوت سێدیم هەیە”. هەروەها بۆ ئاواتەکەى دیکەیان خۆشناو دەڵێت “شتێکى تازە لە مێشکى مندا دروستبووە دەمەوێت ئەزموونى ژیانى خۆم لە منداڵییەوە تائێستا بنووسمەوە، هەرچەندە ئێستا بووەتە شتێکى مۆدە و هەرکەسێک هەڵدەستێت بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسنەوە، بەڵام من مەبەستم ئەوە نییە، ئەوانەى جیلى من زۆر بەسەرهاتى سەیر و سەمەرەى لە ژیانى خۆیان تۆمار کردووە، ئێمە لە ژیانێکى سەخت و قورس گەورە بوون”.
خۆشناو ساڵى 1987 ژیانی هاوسەریى پێکهێناوە و ساڵى 1988 کوڕێکیان بووە بەناوى “سوارە”، کە ئێستا لە وڵاتى لە سوید لە قۆناغى زانکۆ دەخوێنێت، بەڵام خۆشناو دەڵێت “چەند ساڵێکە لەگەڵ هاوسەرەکەم جیابووینەتەوە و ئێستا بەتەنیا دەژیم، بەڵام ئەو 10 ساڵەى کۆتایى، هەست بە تەنیایەکى زۆر دەکەم، زۆرجاریش پێویستم بە ژیانێکى تۆزێک قەرەبالغ هەیە، بەڵام ئەو ژیانە نادۆزمەوە”. خۆشناو کە باس لە تەجروبەکانى ژیانى خۆى دەکات، ژیانى خۆى وەک “فیلمى هیندى” ناودەبات و دەڵێت “کە باس لە ژیانى خۆم دەکەم، فیلمى هیندیم بیردەکەوێتەوە، لە گۆرانیبێژێکى هیندیان پرسى بۆچى ئەوەندە گۆرانى خەم و خەفەت دەخوێنى؟ ئەویش گوتى رۆژێک لە ژیانم خۆشیم نەبینیووە تاکو گۆرانى بۆ شادى و خۆشى بخوێنم، من زۆر رۆژى ناخۆشیم بینیووە، بەتایبەت کە چاو لەو 20 ساڵەى رابردووى خۆم دەکەم ئەوەندەى، کە لە ئەوروپا ژیاوم بیرم نایەت رۆژێک بە دڵەوە پێکەنی بم، هەموو ئەو ژیانەى کە لە دەرەوە بەسەرم بردووە هەستم کردووە ژیانێکى کاتییە و رۆژێک تەواو دەبێ و دەگەڕێمەوە”.