چاوپێکەوتنی: زانا دڵشاد دزەیی : ھونەرمەندی فاروق باپیر، یەکێک لە میوزیکژەنە دیارەکانی کوردە، رۆڵی لە دەرکەوتنی زۆرێک لەو گۆرانیبێژانە ھەبووە، کە لە لە تاراوگە کاری ھونەریان کردووە،
کارەکانی ئەو ھێندە کوردییە ھەموو گۆرانیبێژەکان حەز دەکەن ئیشی لەگەڵ بکەن، بەڵام روخساری ئەو بەپێچەوانەوە زیاتر لە ئەوروپیەک دەچێت، “باڵابەرزی، پێست سپی چاوشین” ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری رەواندوز لەدایکبووە، لە ١٩٩٣ خێزانی پێکھێناوە، ئێستا باوکی چوار منداڵە، گەورەکەیان کوڕە بە ناوی “بڵند”. ئەوانیتر کچن بە ناوەکانی “ڤانە، لاڤە، لالە”. فاروق باپیر بۆ یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان و لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە.
سڤیل: سەرەتا لە کوێوە دەستت بە خوێندنی میوزیک کرد؟
فاروق باپیر: من لە ١/٧/١٩٧٧ لە رەواندوز لەسەر دەستی مامۆستا جەلال محەمەد مستەفا فێری مۆسیقا بوو، کە لەھەمان ساڵ تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی دامەزراند و بووم بە ئەندامی ئەو تیپە، ماوەیەکی کورت لە ١٩٨٣ چووم لە شاری موسڵ لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، میوزیکم خوێند ئالەتی کەمان، لە ١٩٨٨ بە پلەی یەکەم دەرچووم، دوای ئەوە لە ١٩٩٠ لە کۆلیژی ھونەرە جوانەکانی بەغدا دەستم بەخوێندنی میوزیک کرد، بەڵام لەبەر ھۆی سیاسیی لە کۆلێژ دوورخرامەوە و گەڕامەوە ھەولێر، لێرە من و چەند مامۆستایەک وەک مامۆستا ئامانج غازی و بەکر خالید و لوقمان جەواد و ھیوا تەلعەت، داوای ئەوەمان کرد بە رسمی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان لە شاری ھەولێر بکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٢ پەیمانگای ھونەرە جوانەکانمان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٩٦ کوردستانم جێھێشت و چووم بۆ وڵاتی ھۆڵەندا.
سڤیل: ھۆکارەکەی چی بوو کوردستانت جێھێشت؟
فاروق باپیر: ھەم بەھۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە لە کوردستان روویدا، ھەمیش نەخۆش بووم و بە مەبەستی چارەسەری ئەو بڕیارەمدا، ئێَستا بۆماوەی پێنج مانگە بۆ یەکجاری گەڕاومەتەوە کوردستان، بەڵام تائێستا منداڵەکانم نەھاتوونەتەوە، ھاتووچۆکەم لە نێوان ھۆڵەندا و کوردستان ھەر ماوە، ئێستا بە فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک، لە ھەولێر دامەزراوم.
سڤیل: وەک باستکرد تۆ یەکێکی لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر، دوای نۆزدە ساڵ، ئێستا چ جیاوازییەک لەو پەیمانگایە بە دی دەکەی؟
فاروق باپیر: من تێبینییەکم ھەیە لەسەر سیستەم خوێندنی موزیک لە کوردستان، ئەو سیستەمی ئێستا لە کوردستان ھەیە، ئێمە پێشتر تەجروبەمان نەبوو، ھیوامان وابوو پەیمانگایەک لە ھەولێر دابمەزرێنین شانبەشانی پەیمانگاکانی تر لە عێراق، بەڵام من پێم وایە لە ئێستادا ئەگەر بتەوێ لەو پەیمانگایەدا کادیری چاک دروست بکەی، من بەشبەحاڵی خۆم ئەوە نابینم، دەبێ دیراسەتی مۆسیقا جیابکرێتەوە، بۆ نموونە مۆسیقای کلاسیکمان ھەیە لەگەڵ مۆسیقای نەتەوەی خۆمان، کە زۆر لەیەک جیاوازن، بەڵام بەداخەوە لە پەیمانگا ھەموو بابەتەکان دەخوێندرێت، وایلێھاتووە قوتابی نازانێ بچێتە کام رێگا و لە کامەیان قوڵ بێتەوە، لە سیستەمی خوێندنی وڵاتی تورکیا و میسر و ئەو وڵاتانەی لە مۆسیقای رۆژھەڵات و رۆژئاوا کاردەکەن ھەر لە سەرەتاوە قوتابییەکان جیادەکەنەوە، دەکرێ پەیمانگای ھونەرە جوانەکان ھەبێت بەتایبەت بۆ مۆسیقای کلاسیک، پەیمانگایەکی دیکەش ھەبێت بۆ مۆسیقای رۆژئاوا، ھەرچەندە ھونەرمەندی باش لەو پەیمانگایە دەرچووینە کە ئێستا خاوەن بڕوانامەی دکتۆران، بەڵام دەکرا لەوە باشتر بێت.
سڤیل: کەواتە بۆچی وەک مامۆستا نەچوویتەوە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وانە بڵێیتەوە، ئایا ئەوە ئیشی تۆ نییە؟
فاروق باپیر: وایە ئیشی منە، چووم سەیری پەیمانگام کرد، بەڕاستی بەداخەوە ئەوکاتەی ئێمە لە ساڵانی نەوەکانەوە پەیمانگامان دامەزراند شێوازی ئیشکردن و پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی وانەبوو، ئێستا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، من رێزم بۆ ھەموو مامۆستاکان و قوتابییەکان ھەیە، بەڵام من قەت ئامادەی ئەوەم نییە بەم شێوەیەی ئێستا بگەڕێمەوە پەیمانگا وانە بڵێمەوە.
سڤیل: لە ماوەی خوێندنت لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی موسڵ چ یادگارییەکت ھەیە، بەتایبەت کە ئەوکات ھونەرمەندی عێراقی کازم ساھیر و چەند ھونەرمەندێکی دیکەش لەوێ قوتابی بوون؟
فاروق باپیر: جگە لە موسڵ، ماوەیەکی زۆر چووم بۆ بەغدا، لەوێدا زۆربەی گۆرانیبێژە عەرەبەکانم ناسی، پێشئەوەش ھونەرمەند کازم ساھیر لە موسڵ بوو، مامۆستا بوو لە چاڵاکی قوتابخانەکان، من و چەند ھونەرمەندێکی دیکەش کۆمەڵێک گۆرانیمان بۆ تۆمار کرد، جگە لەوەش وەک موزیکژەن لە موسڵ و بەغدا کۆنسێرتم لەگەڵ “کازم ساھیر” کردووە، ئەوەی کە زۆر باش لە یادمە یەکێک لە کۆنسێرتەکانی لە زانکۆی موسڵ سازمان کرد، تەنیا چوار پێنج میوزیکژەن دەبووین، من و فازل فالح، کە ئێستاش ھەر لەگەڵ کازم ساھیر ئیش دەکات.
سڤیل: لەو رێگەیەوە ھیچکات لەگەڵ کازم ساھیر باس لە میوزیک و گۆرانی کوردی کراوە؟
فاروق باپیر: بەم شێوەیە نا، بەڵام لە ھەموو دانیشتنێک کە باس لە ستایل دەکرا باسی ستایلی کوردیش دەکرا، کە چۆن دەناسرێتەوە.
سڤیل: گوێگری کوردی کە گوێی لە مۆسیقای عەرەبی یاخود تورکی و فارسی دەبێت زۆر بەئاسانی دەیناسێتەوە، بەڵام لە مۆسیقای کوردی چ خاسیەت و پێوەرێکی ئەکادیمی ھەیە کە پێ بناسرێتەوە؟
فاروق باپیر: ھەموو میللەتێک ھونەرەکەی ستایلێکی تایبەتی ھەیە و پێی دەناسرێتەوە، میوزیکی عەرەبی لەگەڵ کوردی زۆر جیاوازە، تورکی لەگەڵ فارسی و عەرەبی جیاوازە، گوێگر دەبێ ھەست بەوە بکات، گوێگر ئەگەر ئیتیمایەکی نەتەوەیی ھەبێت بۆ کەلتوور و میوزیک وەک تۆ دەڵێی زۆر بە ئاسانی جیاوازییەکە دەدۆزێتەوە، بۆ نموونە مۆسیقای ھەورامی بە ھیچ مۆسیقایەکی دنیا ناچێت، بەتایبەت سیاچەمانە و ھۆرە، پاشان مۆسیقای کوردی کە مەبەستم فۆلکلۆرە، ئەو بازنانانەی کە لەناو گۆرانی و مۆسیقای کوردی دا ھەیە لەناو گۆرانی و مۆسیقای عەرەبیدا نییە، ئێمە لە مۆسیقای کوردی بازدانمان ھەیە، لە تۆنێکەوە بۆ تۆنێکی دی، چوار تۆنی و پێنج تۆنی، ئەوەش بەندە بە ناوچەی جوگرافی کوردستان، لە کوردستان شاخ و داخ و کەشوھەوایەکی تایبەت بەخۆی ھەیە، ئەو سروشتە کاریگەری ھەبووە لەسەر ھەموو بوارەکان، کاریگەری لەسەر میوزیکش ھەبووە، ئەو بازدانانە و سەرکەوتنی سەر شاخ و ھاتنە خوارەوە ئەوە رەنگدانەوەی ھەبووە لەشێوەی دروستبوونی میوزیکی کوردی، بەڵام بەداخەوە بەگشتی لەو چەند ساڵەی رابردوودا چەند کارێک کراوە دوور بووە لەستایل و تایبەتمەندی مۆسیقای کوردی، ئەوکاتەی لە کوردستان بووم ھەستی نەتەوایەتی لای ھونەرمەندەکان و گەنجەکان زۆر بەھێز بوو، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، تۆ چۆن دەتوانی ئیتیمای خۆت نیشان بدەی؟ ھەر ھیچ نەبێت خۆ دەبێت لە ئەلبوومێک گۆرانییە بۆ خۆشەویستی وڵاتەکەت بکەی، بڕۆ سەیری ئەو ئەلبوومانەی ئێستا بکە بزانە چییە!
سڤیل: ئەو لادانەی گەنجان لە فۆلکلۆر و مۆسیقای کوردی، لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان دەبینی یاخود جیاوازی ھەیە؟
فاروق باپیر: پێم وایە ئەو لادانە زیاتر لەناو گەنجەکانی خۆمان، ناوچەی سۆران ھەبووە، بەڵام کە سەیری ناوچەی بادینان و باکوری کوردستان دەکەی دەبینی شتەکان ھەموویان کوردییە و جوانکارییەکی زۆر کوردانەیان کردووە، بەداخەوە ئێستا لە باشوور مۆسیقایەک پەیدابووە، تەواو عەرەبییەکی میسری کۆنە، کە ئێستا لە میسریش ئەو مۆسیقایە باوی نەماوە، کەچی لێرە لە کوردستان کاری لەسەر دەکەن بە ناوی “داھێنان لە مۆسیقای کوردی” ئەوە نەک ھەڵەیە، بەڵکو بە خیانەتێکی زۆر گەورەی دادەنێم، ئەوانەشی کە پشتگیری لەو جۆرە کەسانە دەکەن، چونکە ئەگەر ئەو جۆرە ستایلە پەرەبسەنێ و منداڵ و گەنجی ئێمە بەردەوام گوێی لێبگرن، لەناو گوێی گوێگر دەمێنێتەوە، کاریگەریەکی زۆری دەبێت و دەبێتە خەتەرێکی زۆر گەورە لەسەر گۆرانی و موزیکی کوردی.
سڤیل: باشە بەبڕوای تۆ، بۆچی لە ناوچەی بادینیان و باکووری کوردستان کاری کوردی کراوە، بەڵام گەنجانی خۆم لە ناوچەی سۆران لایانداوە؟
فارۆپ باپیر: نەبوونی رەخنەگری شارەزا و باش لە بواری گۆرانی و میوزیک لە ناوچەی سۆران کەمە، ئەگەر ئێستا بچیتە باکووری کوردستان ھەر گۆرانیبێژێک یەک لە گۆرانییەکانی ئەگەر بەشێکی بچووکی لە گۆرانییەکی تورکی دزی بێت، بە دەیان کەس لەسەری دەنووسن و رووبەرووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە زۆر بە زانستی و شارەزاییانە، بەڵام بەداخەوە لای خۆمان ئەو رەخنەگر و چاودێرە بۆ مۆسیقا و گۆرانی کوردی نییە.
سڤیل: پێشتر قسەیەک ھەبوو دەیانگوت “کورد ھەمووی شاعیرە” بەڵام ئێستا ئەو قسەیە گۆڕاوە دەڵێن “کورد ھەمووی بووەتە گۆرانیبێژە”. رات لەسەر ئەو قسە تازەیە چییە؟
فاروق باپیر: دەزانێ بۆ وایە، ئەو گۆرانیبێژانەی کە لە دەرەوە دێنەوە، ھەتا ئەوانەشی ناوەوەی کوردستانیش ئەو گرنگیەی کە بە گۆرانیبێژ دەدرێت، بەداخەوە کە زیاتریش گۆرانیبێژی ئافرەت، خۆ باشە وەک یارمەتی گۆرانیبێژی ئافرەتان بدرێت، بەڵام پێویستە جیاکاری بکرێت، ئیشی تۆمارکردن و ئەلبووم زیاتر لەسەر مۆسیقییەکانە نەک گۆرانیبێژەکە، لەگەڵ رێزم بۆ ھەر ھەموویان، بەڵام زۆربەی زۆری گۆرانیبێژەکان لەلایەنی ھونەری نەخوێندەوارن و گۆرانیبێژی ئەکادیمی نین، بەھۆی پەیوەندی شەخشی گۆرانیبێژەکان لەگەڵ بەرپرسەکان چ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت یاخود کەسە سیاسییەکان یارمەتی شەخسی وەردەگرن، ئەو یارمەتییەی کە دەدرێنە ئەو گۆرانیبێژانە بەتایبەت ئەوانەی کە زیاتر لە دەرەوە دێن، وایکردووە ئەوانی تریش دوای پارە بکەون، ئێستا وایلێھاتووە مۆسیقییەکانیش دەستیان کردووە بەگۆرانی وتن، رەنگە بڵێن ئەگەر گۆرانی بڵێین پارەی باشتر وەردەگرین لەوەی، کە وەک میوزیکژەن بمێنینەوە. ئەوە وایکردووە ھەموویان بوونە گۆرانیبێژ.
سڤیل: ئێستا دوا پرۆژەی ھونەریت چییە؟
فاروق باپیر: لە ئێستادا ٧ ئاوازم داناوە، بەڵام کەسم دیاری نەکردووە دەیدەم بەکێ، خۆشحاڵم بەوەی پەیوەندییەکی زۆر جاکم لەگەڵ زۆبەی گۆرانیبێژەکان ھەیە، بەڵام ئاوازەکانم دەدەم بەو کەسەی دەنگی خۆش بێت و ھەڵوسێتی کوردانەی ھەبێت و ئیتیمای بۆ وڵاتەکەی ھەبێت، ئینجا دەبێ ئەو ئاوازەی دامناوە لەگەڵ دەنگی گۆرانیبێژەکە بگونجێ.