فۆتۆ و چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
+ لەبەر خەڵکی ھەولێر دەستم بە تەمسیلکردن کرد، کە بە خوێن قەرزاری خەڵکی ھەولێرم
+ من لە کەرکووک رامکرد و کەریم عوسمانیش لە سلێمانی رایکرد و لە ھەولێر زەواجمان کرد
+ داوا لە سەرۆکی ھەرێم دەکەم ھاوسەرەکەم بگەڕێنێتەوە لای دوو منداڵەکەی
+ ئەگەر لەبەر بارودۆخی سیاسی نەبوایە تامردن لە ھەولێر دەژیام
+ کە لە تەلەفزیۆن دەرکەوتم کەسە نزیکەکانی خۆم ھەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکردم
+ بیری شلەساوارەکەی ھەولێر دەکەم
+ لە ئایندەیەکی نزیک بەرنامەیەکی سیاسی پێشکەش دەکەم
+ ئێستا زیاتر لەگەڵ سیاسەتمەدارەکان پەیوەندیم ھەیە نەک ھونەرمەندەکان
+ لەوەتەی لە ھەولێر نەماوم ھونەرمەندانی ھەولێر لە ھەواڵی من ناپرسن، جگە لە ئیبراھیم حەکیم نەبێت بەردەوام تەلەفۆنم بۆ دەکەن
+ لە ٣١ی ئاب ماڵەکەم لە ھەولێر تاڵانکرا، ھیچ شتێکم نەما جگە لە بووکە شووشەیەکی منداڵی خۆم نەبێت، ئێستاش ھەمیشە بۆ ئەوە دەگریێم
دڵپاک تاھیر، پێشئەوەی دەست بە کاری تەمسیلکردن بکات، ئەو بە کچە بێژەری تەلەفزیۆنی کەرکووک ناسرابوو، بە حکومی کاری بێژەری و کارە شانۆیی و دراماکانی، بەرچاوترین ئافرەتی ساڵانی ھەشتاکان بوو، بەڵام دوای بێسەروشوێنکردنی ھاوسەرەکەی “کەریم عوسمان”. لە کارەساتی ٣١ی ئاب، ئەویش لەبەرچاوی خەڵک ونبوو، لە تەمەتی ١٨ ساڵی کەرکووکی جێھێشت و ١٨ ساڵی دیکەش لە ھەولێر ژیا، لە ١٩٩٦ ھەولێری جێھێشت و چووە کۆیە و لەوێشەوە بۆ سلێمانی، لە ٢٠٠٢ لەگەڵ دوو کچەکەی دووانەکەی کوردستانی جێھێشت و تاوەکو ٢٠٠٧ لەوڵاتی ئوسترالیا نیشتەجێ بوو، ئێستا خۆی و دوو کچەکەی “سۆنیا و ڤانیا” تەمەن ٢٣ ساڵ، بۆ یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان و لەسلێمانی نیشتەجێیە، لە ١٩٨٣ بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری کارەبا وەرگرتووە، لە ٢٠١٠ بڕوانامەی ماستەی لە یاسای نێودەوڵەتی بەدەستھێناوە، ئێستا ئەندام مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتییە. دڵپاک تاھیر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) باس لە کارە ھونەرییەکان و رۆژانی خۆی لە ھەولێر دەکات و ھۆکاری دوورکەوتنەی لە شانۆ و لە ھەولێر باس دەکات.
سڤیل: سەرەتاکانی دەرکەوتنت لە بواری تەمسیلکردن چۆن بوو، بەچ کارێک دەستت پێکرد؟
دڵپاک تاھیر: مەسەلەی ھونەری من دەگەڕێتەوە بە تێکەڵبوونم بە دنیای ئەدەب، من لە کۆتایی حەفتاکان تێکەڵ بە دنیای ئەدەب و شیعر بووم، بەڵام کاتێک بە ھۆی بارودۆخی سیاسیی خۆمەوە چووم بۆ شاری ھەولێر، لەوێ کۆمەڵێک دەرھێنەر و ئەکتەری شاری ھەولێرم ناسی و وەک ھاوڕێی لەیەک دەزگای ھونەری کارمان دەکرد، داوام لێکرا تەمسیل بکەم و رۆڵم ھەبێت لە شانۆگەریەکانیاندا، لەبەرئەوەی یەکێک لەکێشە گەورەکانی ئەوکاتە نەبوونی ژن بوو لەسەر شانۆ، بەتایبەت لەشاری ھەولێر، منیش بە خۆشحاڵیەوە ئەوەم قبوڵکرد و لەسەرەتای ھەشتاکانەوە خۆم تەرخانکرد بۆ شانۆ و تەمسیلکم کرد، یەکەم کاری شانۆیم بەناوی “قەلای دمدم” بوو لە دەرھێنانی مامۆستا تەلعەت سامان، کە رۆڵی “دولبەر”م بینی، زۆر خۆشحاڵبووم بەو کارەکتەرە، ھەستم بە تەفریغێکی گەورە دەکرد، چونکە من لە ئەزمەیەکی سیاسیی دەژیام و بارودۆخێکی نالەبارم ھەبوو لەرووی سیاسیەوە، کارەکتەری “دولبەر”یش تەحەدای رژێم و ھەموو زوڵم و زۆردارییەکی دەکرد، ھەستم دەکرد کە بە تەواوەتی ئەو کارەکتەرەی کە بۆ “دولبەر” دروستکراوە کارەکتەری منە، بە گوێرەی ئەو نووسیانەی ئەوکات لە رۆژنامەکان لەسەری نووسرا بەرادەیەکی باش توانیم تێیدا سەرکەوتووبم.
سڤیل: واتا تۆ بەشێوەیەکی ئاکادیمی لە پەیمانگا یاخود کۆلیژ، ھونەرت نەخوێندووە؟
دڵپاک تاھیر: نەخێر، من دەرچووی ھیچ قوتابخانەیەکی ھونەری نیم، من بڕوانامەی دبلۆمم ھەیە لە کارەبا، ھەروەھا ماستەرم ھەیە لە یاسای نێودەوڵەتی.
سڤیل: بۆچی زۆربەی شانۆگەرییەکانت لەگەڵ ھونەرمەند تەلعەت سامان بووە؟
دڵپاک تاھیر: لەبەرئەوەی من سەرەتای ھونەریم لەگەڵ ئەو دەستیپێکرد، وەک کەسایەتیش مامۆستا تەلعەت سامان کەسێکی بەڕێز بوو لەلام، ھەروەھا من ئەندامی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان بووم، کە مامۆستا تەلعەت سەرپەرشتی دەکرد، ئەوە وایکرد جۆرێک لێک نزیکبوونەوە ھەبێت لەکارەکانمان.
سڤیل: واتا لە سەرەتای ھەشتاکان لە ھەولێر کۆمەڵێک ئیشت کرد، بەڵام کام ئیش تۆی بە خەڵکی ھەولێر ناساند؟
دڵپاک تاھیر: من پێشئەوەی بچم بۆ ھەولێر، خۆم بێژەر بووم لە تەلەفزیۆنی کەرکووک، دەموچای دڵپاک تاھیر ناسراو بوو لە شاری ھەولێر، بەڵام کاتێک کە من چوومە ھەولێر خۆم لەقەیرانێکی زۆر گەورەی سیاسی دەژیام، بەڵام ئەوەی کە ھەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەو رێز و حورمەتەی خەڵکی ھەولێرە کە لە کەسایەتی منیان گرت، ئەوە تاکە شتێکە من بە خوێن قەرزاری خەڵکی ھەولێرم، چونکە ئەوان لە بارودۆخێکی زۆر ناسک ئامێزی میھرەبانیان بۆ من گرتەوە، لەبەرئەوە زۆر ئاسایی بوو بەلامەوە ھەرچی شتێک بکەم بۆ سەرخستنی ناو و ھونەر و ئەدەبی ئەو شارە، بۆیە دەستم بە تەمسیلکردن کرد لە شانۆکانیان، لەھەمانکاتدا ھەر خۆم بە قەرزاری شاری ھەولێر دەزانم، بەڵام شانۆگەری “قەلای دمدم” وەک کەسێکی شانۆکار منی ناساند بەدەووروبەرە ھونەرییەکەم نەک جەماوەرەکەی خەڵکی ھەولێر، بەڵام ئێستاش لەناو خەڵکی ھەولێر کە ناوی دڵپاک تاھیر دێت وەک کەسێکی ئیحلامی دەیناسن نەک وەک ئەکتەر.
سڤیل: تۆ باسی ئەوە دەکەی کە ھاتیە ھەولێر بارودۆخی سیاسیت زۆر خراپ بووە، دەکرێ روونتر قسە بکەی، بارودۆخی سیاسی تۆ بۆچی خراپ بوو؟
دڵپاک تاھیر: من بەگڕێبەست لە تەلەفزیۆنی کەرکووک دەوامم دەکرد، ھەر ئەوکاتەش من خوێندکار بووم، ھەروەھا پەیوەندیم بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی ئەوکاتەوە ھەبوو وەک کاری سیاسی، ئەوە وایکرد تیشکم بخرێتەسەر، لەرووی دەزگاکانی ئەمنی حکومەتی عێراق چەندینجار تووشی گرتن و تەحقیق بووم، کار گەیشتە ئەوەی بڕیاری گرتنم دەرچوو، ئەوکاتە لەلایەن رێخستنەکانی ناوشار ئاگادارکرامەوە پێویستە لە کەرکووک نەمێنم، لەبەرئەوە ساڵی ١٩٨٣ بڕیامدا بچمە ھەولێر، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوکاتە شاری سلێمانی لەرووی سیاسییەوە حکومەتی عێراق زۆر تیشکی خستبووە سەر، بەشێوەیەک ھەموو ماڵێکی سلێمانی لەژێر چاوێری حکومەتی عێراقدا بوون، لەبەرئەوە من ھەولێرم ھەڵبژارد خۆمی تێدا حەشار بدەم، کاتێک کە چوومە ھەولێر بەڕاستی من فەزلی چەند خێزانێکی ھەولێرم بیرناچێتەوە، کە بێئەوەی یەک سات من بناسن، تەنیا لە شاشەی تەلەفزیۆنی کەرکووک منیان بینی بوو، خۆیان رووبەرووی مەترسی حکومەتی عێراق کردەوە بەس بۆئەوەی من بپارێزن، ئیتر من میللیترین گەڕەکی شاری ھەولێر، کە “سێتاقان”ـە نیشتەجێ بووم، ئەوە وایکرد خۆشەویستیم بۆ شاری ھەولێر رۆژ دوای رۆژ زیاتر بێت، تاوەکو رۆژی مفەوەزاتی ١٩٨٤ ئەو تارمایی ترس و گرتنەی کە لەسەرم ھەبوو نەما، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم جارێکی دی تووشی گرتن و عەزیەتدان و لێکۆلینەوە بوومەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەوکاتی شاری ھەولێر، بەڵام لەو نێوانەشدا جارێکی دی بەشێوەی گڕێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەر دامەزرام، ئەوکاتە کۆمەڵێک دەرھێنەر و ئەکتەر روویان تێکردم بۆئەوەی من بتوانم رۆڵ ببینم لە شانۆگەرییەکانیان.
سڤیل: کە ھاتی بۆ شاری ھەولێر شووت کردبوو؟
دڵپاک تاھیر: نەخێر لەھەولێر زەواجم کرد، پێشتر ھونەرمەند کەریم عوسمانم لەدوورەوە دەناسی، بەڵام ئەوان وەک تیپی نواندنی سلێمانی ھاتن بۆ ھەولێر نمایشی شانۆگەری “مانگی ئاوا بوون”ـیان کرد، کاتێک من چووم بۆ بینینی شانۆگەرییەکە لەوێ جارێکی دیکە کەریم عوسمانم بینی و بووین بەدوو ھاوڕێی خۆشەویست، پەیوەندی نامە گۆڕینەوەمان ھەبوو، دوای ماوەیەکی دیکە ھەمان تیپ ھاتن بۆ ھەولێر شانۆگەرییەکی دیکەیان نمایش کرد بە ناوی “رۆلێرا” لە دەرھێنانی کەریم عوسمان، کە منیش رۆڵم تێدا بینی، لەوێوە پەیوەندییەکەمان لە ھونەری و ھاوڕێتییەوە بووە پەیوەندی خۆشەویستی، ئەو پەیوەندییە خۆشەویستیەش لە ماوەیەکی زۆر کورت بووە پەیوەندی ژن و مێردایەتی، ساڵی ١٩٨٧ زەواجمان کرد، بەڵام سەیرەکە لەوەدا بوو کاتێک ئێمە زەواجمان کرد، کەریم عوسمان لە ئەمنی شاری سلێمانی قاچاخ بوو ھاتبووە ھەولێر، بەھەمانشێوە منیش لە ئەمنی کەرکووک قاچاخ بووم و ھاتبوومە ھەولێر، ئیتر ١٠ ساڵ وەک دوو ھاوڕێ و ژن و مێرد لە ماڵێک ژیاین، وامانزانی ١٠ رۆژە، لە ١٩٩٦ لەلایەن پارتی دەستگیر کرا و تائێستا بێسەروشوێنە.
سڤیل: تۆ پێت وایە ئێستا کەریم عوسمان لەژیان ماوە یان نا؟
دڵپاک تاھیر: من ناتوانم بڵێم لە ژیان نەماوە، لەبەرئەوەی کاتێک کەریم عوسمانم جێھێشت کەسێکی زیندووبوو، ئەو وەک ئەوەی کە سەفەرێک بکات خوا حافیزی لێکردم، بەڵام ئەوە من ١٤ ساڵە چاوەڕێی ھاتنەوەی کەریم عوسمان دەکەم، کە ئێستاش ھەمیشە چاوەڕێم بەزیندوویی بگەڕێتەوە، کەچی ئەو ھیچ ھەواڵێکی نییە، لەبەرئەوە نازانم بڵێم چی.. شەھید یان زیندوو؟
سڤیل: بە بڕوای تۆ کێ بەرپرسیاری ئەوەیە؟
دڵپاک تاھیر: بێگومان لای ھەموومان ئاشکرایە کەریم عوسمان لە کارەساتی ٣١ی ئاب برادەرانی پارتی بە دیلی گرتیان و ماوەی چەند مانگێک لە زیندانەکانی ئەوان بوو، بەڵام ئێستا بێسەروشوێنە، کەواتە پارتی بەرپرسیاری ئەوەیە، ھیوادارم برادەرانی پارتی و سەرۆکی ھەرێم بەزووترین کات کەریم عوسمان بگەڕێننەوە لای دوو منداڵەکەی، ھەر ھیچ نەبێت چارەنووسی دیار بکەن، ئەگەر بەزیندوو بێت یاخود شەھید، سادەترین مافی ئینسان ئەوەیە کە دەشکوژرێت پێوستە لاشەکەی بدەیتەوە کەسوکارەکەی، ھەتا ئەو شتە لە کەلتووری ئیسلامیشدا ھەیە.
سڤیل: خۆت داواتکردووە لە پارتی یاخود لەرێگەی حزبەکەی خۆت یەکێتی، ھەواڵێکی بزانی؟
دڵپاک تاھیر: شتێک ھەیە بیرت نەچێت کەریم عوسمان کادیری یەکێتی بووە لەسەر فکری یەکێتی لەلایەن پارتییەوە دەستبەسەر کرا، منیش کادیری یەکێتیم، ئێستا لە نێوان ئەو دوو حزبە رێککەوتنی ستراتیجی ھەیە، منیش وەک ئەندامێکی ئەو حزبە پابەندم بەو رێککەوتنە، زۆرجار ناچاربوومە لەمەسەلە عاتفیەکانی خۆم ببوورم لەپێناوی پاراستنی گیانی برایەتی و تەبایی ئەو دوو حزبە، لەپێناوی دووپارەنەبوونەوەی شەڕی براکوژی. خۆ ئەگەر کەریم عوسمان ببێتە قوربانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پارتی و یەکێتی ئێمە شانازی بەوە دەکەین، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کەریم عوسمان لەناو ژن و منداڵ و کەسوکارەکەی بیرچووبێتەوە، بەتایبەت من وەک کادیری یەکێتی چاوەڕوانی ئەو پرۆسەیە دەکەم کە لە نێوانی پارتی و یەکێتی ھەیە، یەکێک لەو بەندانەش ئەوەیە دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ دیار نەماون.
سڤیل: واتا ھەر لەبەر رێککەوتنەی پارتی و یەکێتی، داوای ھیچت نەکردووە؟
دڵپاک تاھیر: من وەک شەخسی خۆم داوام نەکردووە، بەڵام یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتی باسی ئەو مەسەلەی کردووە، بەڵام وەڵام ھەر ئەوەیە کە کۆبوونەوە دەدرێتە دەم کۆبوونەوەیەکی دیکە.
سڤیل: لەکامە رۆژدا کەریم عوسمان تۆی جێھێشت، ئەو رۆژە چ قسەیەکی پێگوتی؟
دڵپاک تاھیر: رۆژی ٥/٩/١٩٩٦ لەگەڵ کەریم جیابوومەوە، ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی رۆیشت و منیش بەڕێگای خۆم رۆیشتم، دوا قسە ئەوە بوو، پێی وتم “خۆشم دەوێی، ھەمیشە وەک جاران بەوەفام، لەژیان بێت یاخود لەمردن”. ھەروەھا گوتی “لەشاری کۆیە یەکتر دەبینینەوە و منداڵەکانمان لەژێر چەتری خۆشەویستی ھەردووکمان پەروەردە دەکەین” بەڵام بەداخەوە کە من چوومە کۆیە کەریم عوسمانم نەبینی، لەڕێگادا کەوتە بەردەستی چەکدارەکانی پارتی.
سڤیل: کەواتە لەبەر چاوەڕوانی کەریم عوسمان شووت نەکردۆتەوە؟
دلپاک تاھیر: ئەو تائێستا لە ژیانی من دایە، پێم وانییە کەسێکی دی ھەبێت کەریم عوسمانم بۆ قەرەبوو بکاتەوە، تاوەکو ناوی کەریم عوسمان لە وجوددا ھەبێت پێم وانییە بیر لە کەسێکی دیکە بکەمەوە.
سڤیل: ئەی بۆچی ساڵی ٢٠٠٢ کوردستانت جێھێشت؟
دڵپاک تاھیر: پاش ونوونی کەریم عوسمان، خۆم و دوو کچەکەم تووشی ئەزمەیەکی نەفسی زۆر خراپ بووین، نەماندەتوانی لەبازنەیەکی داخراو بخولێینەوە بێئەوەی چارەنووسی کەریم عوسمان دیاربێ، لەبەرئەوە بڕیامدا کوردستان جێبێڵم بۆئەوەی بتوانم ھەم منداڵەکانم لەو بارە دەروونییە خراپە ببەمە دەرەوە ھەم بتوانن لەناو کەلتوورێکی دی درێژە بەژیانیان و خوێندنیان بدەن، من چوومە وڵاتی ئۆسترالیا کە وڵاتێکی ئینگلیزی زمانە، وڵاتێکە مافی مرۆڤی تێدایە، منداڵەکانم توانیان خوێندن تەواو بکەن و فێری زمانی ئینگلیزی بن، توانیم جارێکی دی بیانھێنمەوە بۆ کوردستان و دەست بەکاربکەنەوە.
سڤیل: بە گشتی بواری شانۆ و دراما لە ئێستادا چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
دڵپاک تاھیر: ھونەری کوردی بە گشتی لە پاشەکشیەکی گەورەدا دەیبینم، بەداخەوە ئێستا ھونەری مۆسیقا و ھونەری شیعر و شانۆ لە پاشەکشە دایە، ھۆکارەکەی بۆ چەند شتێک دەگەڕێنمەوە، یەکەم بوونی سەتەلایت کە بەردەوام دراما و فیلمی تازە و تازەتر دۆبلاژکراو پەخش دەکات، وایکردووە بینەر ئەو ھێز و حەزەی نەبێت بچێتە دیار دەقێکی شانۆ لە ھۆڵەکان، ھەروەھا پێش راپەرین مەسەلەیەک ھەبوو نەبوونی ئازادی بوو، ئەوە وایکردبوو بینەر لەناو شانۆگەرییەک خۆی تەفریغ دەکرد، کاتێک گوێی لە وشەی کوردستان دەبوو خەڵکە ھەڵدەستایە سەرپێ و چەپڵەی لێدەدا، ئەوە بەشدارییەکی ناڕاستەوخۆی خەڵک بوو لە شۆرشی کوردیدا، کە لە کاتی نمایشی شانۆگەرییەکاندا دەریدەبڕی.
سڤیل: بەڵام تۆ و چەند کەسێکی وەک تۆش پاشەکشەیان کردووە لە ھونەری شانۆدا، بۆچی وازت لە ھەموو شتێک ھێناوە، راگەیاندن، شانۆ، ئایا ئەوەش یەکێک لە ھۆکارەکانی پاشەکشێی ھونەر نییە؟
دڵپاک تاھیر: نا.. ئەو پاشەکشێیەی من جیاوازە لەگەڵ ئەو پاشەکشێیەی کە شانۆی کوردی بەتەواوەتی کردوویەتی، وەک پێشتر باسمکرد من تەنیا بە مەبەستێک بەشداری شانۆی کوردیم دەکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر دڵپاک تاھیریش نەبێت سەدان کەسی وەک دڵپاک دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانن، شوێنەکە پڕدەکەنەوە و رەنگە ململانێشی لەسەر بکەن، ئێستا بوونی دڵپاک تاھیر ئەو پێویستیە نییە لە شانۆی کوردیدا، لەلایەکی دیشەوە مرۆڤ لەھەر قۆناخێکی ژیانی شتێک لای گەشە دەکات و دەبێتە سەرەکیکترین شت لە ژیانی، راستە ماوەیەک شانۆ لای من مەسەلە بوو، بەڵام ئێستا ئەو مەسەلە لای من نەماوە، من لە بارودۆخێکی نالەبار دەژیام رەنگە ئەوکاتە شانۆ وەسیلەیەک بووبێت بۆ من، بۆئەوەی بتوانم ئەوەی لە دڵم و مێشکم دایە لە چوارچێوەی دەقە شانۆیەکان تەعبیری لێ بکەم، ھەروەھا لەرووی راگەیاندنیشەوە خۆم بە پاشەکشێ نازانم، لەبەرئەوەی من کە ئێستا بەشداری راگەیاندن ناکەم، بەڵام ئەمڕۆ نەوەیەکی دیم پێگەیاندووە، کە کچەکەی خۆمە لەو کەناڵە ئیش دەکات و بەرنامە پێشکەش دەکات، کە خۆم چەند ساڵ پێش ئێستا کارم تێدا کردووە، بەڵام رەنگە لە ئایندەیەکی نزیک بێمەوە سەر شاشە و بەرنامەیەکی سیاسیی پێشکەش بکەم.
سڤیل: تۆ گوتت لەبەر خۆشەویستی خەڵکی ھەولێر دەستت بە تەمسیلکردن کرد، ئەی چۆن بوو دەستت بە کاری راگەیاندن و پێشکەشکاری کرد؟
دڵپاک تاھیر: راگەیاندن لە خوێنی من دایە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە کاری راگەیاندنم کردووە، بەڵام ئێستاش کە من لە کاری راگەیاندن دابراوم مانای ئەوە نییە پەشیمان بم لە کاری راگەیاندنم، ئەوە قۆناخێک بووە لە ژیانی من، ئێستا من کارێکی دی دەکەم، بەڵێ ئەوکات نەبوونی ژن لەسەر تەلەفزیۆنەکان کاریگەرییەکی زۆری سلبی ھەبوو لە راگەیاندنی کوردی، من فەخر بەوە دەکەم توانیبێتم رۆژێک لە رۆژان ئەو بۆشاییە پڕبکەمەوە لە راگەیاندنی کوردیدا، ھەرچەندە ئەوکاتە بۆ من ژیانێکی زۆر سەخت بوو، کەسە نزیکەکانی خۆم زۆرجار ھەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردم و دەیانگوت “نابێت لە کۆمەڵگەی ئێمە ژنێک بە شەوانە لە تەلەفزیۆن لەناو ھەموو ماڵێک ببینرێت” بەڵام ئێستا فەخر بەوە دەکەم کە من بووم بەو مۆمەی لەپێناو راگەیاندن سووتام و ئەمڕۆ کچەکەم لە تەلەفزیۆن بەرنامە پێشکەش دەکات بەبێ ئەوەی ھیچ بەربەستێکی ھەبێت، ئەمڕۆ کچ لە تەلەفزیۆنەکان بە پێشبڕکێ وەردەگیرێت، ئەوە ھەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە بواری راگەیاندنی کوردی نراوە.
سڤیل: ئەوەندەی کە لە ھەولێر ژیاوی، یادگارییەکانت لەو شارە چین و بەچ شتێکی ھەولێر سەرسام بووی؟
دڵپاک تاھیر: یادگارییم لەگەڵ خەڵکی ھەولێر زۆر زۆرە، من ١٨ ساڵ لە کەرکووک ژیاوم و ١٨ ساڵیش لە ھەولێر، ئەگەر بارودۆخی سیاسیی نەبوایە من تامردنیش لە ھەولێر دەژیام، ھەولێر ئەو شارەیە خەڵکی غەریب دەتوانێت بە دڵنیایی تێیدا بژی، ھەرچەندە من لە ھەولێر خۆم بە غەریب نەدەزانی، من چووبوومەتە ھەر کۆڵان و بازاڕ و شوێنێکی ئەو شارە پەنجەی رێز و حورمەتم بۆ درێژکراوە، ھەمیشە خەڵکی ھەولێرم خۆشدەوێ و حەزم لە کەلتووری ھەولێرییەکانە، من ئێستاش بیری شلەساوار و قوڕاوی ھەولێر دەکەم، کە لە لادێکانی ھەولێر خواردوومە، دوو خواردنن ئێستاشی لەگەڵدابێت پێم وانییە خواردنێکی دیکە ھەبێت وەک ئەو دوو خواردنە زۆر بەتام بێت، بەتایبەت بەدەستی ھەولێرییەکان، ھەروەھا بە شتێکی دیکەی خەڵکی ھەولێر سەرسامم، کە ھەمیشە گوتوومە خەڵکی ھەولێر سیاسیەتێکی ھەیە یان دەیەوێیت یان نایەوێیت، ھەردووکیان بە ئاشکرا تۆ ھەستی پێدەکەی، ئەگەر تۆی بوێت ئەوپەڕی خۆشەویستیت بۆ دەنوێنێ، ئەگەر تۆی نەوێت بە دەموچاوەکەی پێتدەڵێت کە نایەوێیت، بەڕاستی ئەوە پێویستە ھەبێت لە پەیوەندیە کۆمەڵاتییەکان، پێم خۆشە ئینسان بەمشێوەیە بژی، چونکە ساژشکردن لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی نەریتێکی زۆر ناشرینە.
سڤیل: ئێستاش پەیوەندیت لەگەڵ ئەکتەرکانی ھەولێر ماوە؟
دڵپاک تاھیر: من لێت ناشارمەوە لە ژیانی تایبەتی خۆمدا دابڕانێک ھەیە لە نێوان من و ھونەرمەندەکان بە گشتی، لەبەرئەوەی سروشتی ئیشەکەی ئێستام وایە، من ئێستا ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیم، ئێستا زیاتر لەگەڵ سیاسەتمەدارەکان پەیوەندیم ھەیە، ئەوەش مانای ئەوە نییە بەتەواوەتی لە ھونەرمەندەکان دابڕابم، بەڵام ئەو پەیوەندیەم ئێستا زیاتر لەگەڵ ھونەرمەندانی سلێمانییە، بەداخەوە ئەوە گلەییە لە ھونەرمەندانی ھەولێر دەکەم ئەو تەمەنەی کە من لەگەڵیان بەسەرم برد وەک پێویست منیان بەسەرنەکردۆتەوە و ھەواڵم ناپرسن، جگە لە ھونەرمەند ئیبراھیم حەکیم نەبێت، ھەمیشە پەیوەندی لەمن نەبڕیووە و ھەواڵم دەپرسێت، ئەگەر بە تەلەفۆن بێت یاخود بە سەردان، چ خۆی چ خێزانەکەی، یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی زۆر بەوەفایە و زۆریشم خۆشدەوێ.
سڤیل: یادگارییە خۆشەکانت لە درامای قەرەچوغ چییە؟
دڵپاک تاھیر: لەو درامایە ھونەرمەند ئیبراھیم حەکیم کە دەوری “سەیدا”ی دەبینی، دەوری کەسێکی شێت، بەڕاستی رۆژی واھەبوو ئێمە بە نیو سەعات پێدەکەنین بەدەورەکەی، بەڕاستی زۆر بەسەرکەوتوویی دەورەکەی دەبینی، جگە لەوەش ئێمە گروپێک بووین لەو درامایە جۆراوجۆر فکری سیاسیمان تێدا بوو، بەڵام ھیچ کامێک لە ئێمە نەمانھێشت کاریگەری سلبی لەسەر بەرامبەرەکەمان دروست بکەین بۆ سەپاندنی فکرە سیاسییەکمان، بەداخەوە لە دوای ئەو درامایە شەڕی حزبایەتی و کاریگەری حزبایەتی ھاتە ناو ھونەریشەوە، بووە ھۆی ئەو پاشەکشێیەی ھونەر لە ئێستادا، ھەروەھا شتێکی خۆش بگێڕمەوە، ھونەرمەند نەوزاد رەمەزان کە لە دراماکەدا کوڕی من بوو، رۆڵی “کاکل”ی دەبینی، بەڵام خۆی نەوزاد بە تەمەن زۆر لەمن گەورەترە، ئیتر ھەرکاتێک نەوزاد بەمنی دەگوتم “ھۆدە” من لەناخەوە دەکوڵام و زۆر پێکەنین، من لەو زۆر بچووکتر بووم، کەچی ئەو وەک منداڵ بەمنی دەگوت “ھۆدە”.
سڤیل: تۆ بە ئەسڵ خەڵکی کەرکووکی، بەڵام لە کارە ھونەرییەکانی ھەولێر بەشێوەزارێکی ھەولێری وا قسەت دەکرد، کە تەنانەت ئێستاش وادەزانن تۆ بە ئەسڵ خەڵکی ھەولێری، چۆن توانیت بەمشێوە ھەولێرییە قسە بکەی؟
دڵپاک تاھیر: ھونەرمەندی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە بتوانێ ئەو دەوریەی کە ھەیەتی بەرجەستەی بکات، قەرەچوغ کە گوندێکی ناوچەی دزەییە، بەردەوام موتابعەم ھەبوو بۆیان، تەنانەت چوومەتە چەندین ماڵە ھەولێریی و دزەییە کۆنەکان، تاوەکو توانیم ئەو سەرەبەستە و دەمبوزە رەنگاورەنگە کە دەیدەن لەسەریان پەیدا بکەم، کە ئێوە لە درامای “کەوەکانی قەرچوغ” دەبینن وا لەسەرمە، تەنانەت لەسەر شێوەی بەستنی جلەکان، چەندجارێک چوومەتە لای پیرێژن فێرم بکات ئەو کراسەی کە دووباخەلە چۆن لەبەردەکرێ، ماڵ بە ماڵ گەڕام تاوەکو کەوێ و کورتەکەم پەیدا کردووە، بەڵام من شانسم لەوە ھەبوو کە دراوسێیەکی خۆمان دزەیی بوو بە ناوی “پلە عەتیە” رۆژانە من دەچوومە لای موتابەعەی فۆنەتیکی قسەکردنەکانی ئەوەم دەکرد لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانی چۆن قسە دەکات، ئەوە وایکرد من بتوانم بە سەرکەوتوویی رۆڵەکەم بەرجەستە بکەم، بیریش نەچێت من ١٨ ساڵ لە ھەولێر ژیاوم. ئێستا کە خەڵکی ھەولێر و لادێکانی ھەولێر دەبینم ھەروەک ھەولێریی قسەیان لەگەڵ دەکەم.
سڤیل: ئەو جلە کوردییە کۆنانەی بۆ تەمسیلەکانت پەیداتکردن ئێستاش ماوتە؟
دڵپاک تاھیر: نەخێر، بەداخەوە لە ٣١ی ئاب ماڵەکەم لە ھەولێر تاڵانکرا، ھیچ شتێکم نەما جگە لە بووکە شووشەیەکی منداڵی خۆم نەبێت، ئەوەی من کە ھەمیش بۆی دەگریم ئەوەیە کە لە دوای کەریم عوسمان ئەرشیفەکەی من و کەریم عوسمان ھەمووی تاڵانکرا.