چاوپێکەوتن و فۆتۆ: زانا دڵشاد دزەیی
+ لەوە دەترسام خەڵکی سۆرانی بڵێن جانێ مرد و گۆرانییەکی سۆرانی نەگوت، بۆیە بەزووترین کات گۆرانییە سۆرانییەکەم تۆمارکرد و بە نۆ سەعات شیعرەکەم لەبەرکرد
+ من پردی نێوان پەکەکە و پارتیم
+ ھەموو ژیانم لەسەر شۆڕشی کوردی و کچەکەم و ھونەری کوردی دانا
+ من ھونەرمەندێکی شۆڕشگێرم
+ کچەکەم دکتۆرەیە و ئێستا بۆ بەرزتر دەخوێنێ
+ شەرم دەکەم سەیری تەلەفزیۆنە کوردییەکان بکەم
+ نێچیرڤان بازرانی پێیگوتم ھەر ھونەرمەندێک کە سەردانم دەکات داوای خانوو و پارە و زەوی دەکات، بەڵام تۆ سەردانت کردووم داوای دووبارە نەبوونەوەی شەڕی براکوژی دەکەی
+ زەکەریا عەبدوڵڵا بەڵێنی پێدام لە پڕۆژەیەکی ئەکادیمی ھاوکاریم بکات، گوتی بڕۆ پڕۆژەکەت بێنە، پڕۆژەکەم ھێنا و گەڕامەوە، ھەزار تەلەفۆنم بۆی کرد وەڵامی نەدامەوە
ھونەرمەند جانێ ساڵی ١٩٧١ لە شاری ئەرزەرۆم لە ھەرێمی سەرحەد لەدایکبووە، دەڵێ “بەڵام لەبەر شووکردنم پێنج ساڵ تەمەنم گەورە کرد”. لە ١٩٩٣ەوە لەگەڵ کچە تاقانەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ھەفتەی رابردوو لەسەر داوەتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ بەشداریکردن لەفیستیڤاڵی “رێزگرتن لە ھونەرمەندی کۆچکردوو محەمەد شێخۆ” ھاتە ھەولێر و (سڤیل) ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ساز کرد.
زانا دڵشاد دزەیی: سەردانی ئەمجارەت بۆ کوردستان بەچ مەبەستێک بوو؟
جانێ: لەبەرئەوەی نەخۆشبووم نەخۆش بووم، حەزمکرد بێمە کوردستان، چونکە لەوانەیە ئەوە دوایین سەردانم بێت و کوردستان نەبینمەوە، دووەم ھۆکاریشم لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داوەتکرام بۆ بەشداریکردن لە “فیستیڤاڵی ھونەرمەندی کۆچکردوو محەمەد شێخۆ”، ھەروەھا ویستم ھەر لەو سەردانەم ئەلبوومە نوێکەم بدەم بە کۆمپانیایەک بۆئەوەی لە کوردستانیش بڵاوبکرێتەوە، کە رۆژی نەورۆز لە ئەڵمانیا بڵاودەکرێتەوە.
زانا دڵشاد دزەیی: دەکرێ باس لە ناوەڕۆکی ئەلبوومەکە نوێکت بکەی؟
جانێ: ئەلبوومەکەم لە ١١ تراک پێکھاتووە، بەناوی “ئاوازی ھونەری” لەھەر ناوچەیەک شیعرێکم لێ ھەڵبژاردووە، من لەکاتی تۆمارکردنی گۆرانییەکانم ئینجا زانیم کە نەخۆشم، چونکە دکتۆر گوتی نەخۆشی و پێویستت بە پشوودان ھەیە، ئەوکاتە ھێشتا گۆرانی سۆرانییەکەم تۆمار نەکردبوو، ویستم بەشێوەیەکی باش ئەو گۆرانییە تۆمار بکەم، ھەشت کاتژمێر مۆڵەتم وەرگرت و چوومە ئەستەمبۆل، بۆماوەی نۆ کاتژمێر تێکستی گۆرانییەکەم لەبەرکرد و تۆمارم کرد.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەو گۆرانییە سۆرانییەت لە ئاواز و تێکستی کێیە؟
جانێ: ناوی گۆرانییەکە “شیرنە سەوزە”یە و تێکست و میلۆدی گەلەرییە، پێشتریش ھونەرمەند ناسری رەزازی گوتوویەتی.
زانا دڵشاد دزەیی: پێتوایە توانیوتە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەو گۆرانییە سۆرانییەت گوتووە؟
جانێ: وا تۆمارم کردووە، ئێوەش دەتوانن گوێبیستی ببن، ھەر کەسێک گوێی لەو گۆرانییەم بێت کەس نازانێ کە من سۆرانی نازانم، وادەزانێ کەسێکی سۆرانی گۆرانییەکەی گوتووە، پێم وایە کە بەگوێرەی ئەوەی من سۆرانی نازانم بە باشی گوتوومە.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەو گۆرانییە بڕیاربوو لەگەڵ ھونەرمەند ناسر رەزازی بەشێوەی دوێت بیخوێنی، بۆچی بەتیا تۆمارتکرد؟
زانا دڵشاد دزەیی: کاتێک رووبەرووی ئەو نەخۆشیە بوومەوە نەمتوانی گۆرانییە بەدوێت بکەم، تەنیا دوو سەعاتم لەپێش مابوو، گوتم نەوەکو لەگەڵ نەشتەرگەریەکە بمرم، لەوە ترسام خەڵکی سۆرانی بڵێن جانێ مرد و گۆرانییەکی سۆرانی نەگوت، بۆیە زوو گۆرانییەکەم تۆمارکرد، ئەگەر بەھۆی ئەو نەخۆشەوە نەمرم نەک یەک تێکستی سۆرانی، پێنج تێکستی سۆرانی دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیی: نەخۆشیەکەت چییە؟
جانێ: لەکاتی سەرقاڵبوونم بە ئەنجامدانی ئەلبوومە نوێکەم ئەوکات زانیم نەخۆشیم ھەیە، بەڵام ئێستا نەخۆشیەکەم باشە، دکتۆرە پێی گوتم لە ٩٠% باشتر بووی، بەڵام پێش مانگێک تەندروستیم زۆر خراپ بوو.
زانا دڵشاد دزەیی: لەوڵاتی ئەڵمانیا ھەست بە غەریبی ناکەی؟
جانێ: “بەگڕیانەوە”.. من حەزدەکەم لێرە ژیانەکەم بەڕێ بکەم، چونکە دکتۆر پێیگوتم دەبێ ژیانێکی زۆر باشت ھەبێت بۆئەوەی تەندروستیم باشتر دەبێت، بەڵام چۆن لەکوردستان بژیم؟ لێرە نەپارەم ھەیە نە خانووم ھەیە نەماڵم ھەیە، ژیانی ئێرە بۆ من زۆر زەحمەتە، من ناتوانم لێرە لە ئۆتێلێک بمرم و کەس ئاگای لێم نەبێت، مانگێک و دوو مانگ لە ئۆتێل بژیم پارە لەکوێ بێنم، پێویستە حکومەت گوندێک بۆ ھونەرمەندان دروست بکات، بەڵام نەک بۆ ھەموو ھونەرمەندێک، بۆ ئەوانەی کە سێ تاوەکو چڵ ساڵ خزمەتی ھونەر و وڵاتی خۆیان دەکەن، ئەگەر کوردستان باکوور سەربەخۆ بوایە و حکومەتی خۆی ھەبوایە ئەوکات داوام لەوان دەکرد، من ناتوانم داوا لەحکومەتی ئێران یان داوا لەرژێمی سوریا بکەم، بۆیە ھونەرمەندان ھەر حەز دەکەن لێرە بژین.
زانا دڵشاد دزەیی: حەزدەکەی لەکوێ بژی؟
جانێ: لە ھەولێر یاخود ئامەد، بەڵام ئێستا من ھەولێر گونجاوترە.
زانا دڵشاد دزەیی: خۆزگەی تۆ چییە؟
جانێ: خۆزگە لەباشوور کوردستان، پڕۆژەیەکی ئەکادیمی لەسەر رۆشنبیری و ھونەری کوردی جێبەجێ بکەم، بەتایبەت لەسەر زمانی کوردی، داوام لە ھونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا کرد بۆ ئەو پڕۆژەیە ھاوکاریم بکات، لەنزیکەوە بینیم و گفتۆگۆمان کرد و وتی پرۆژەیەکی زۆر باشە و دەتوانم ھاوکاریت بکەم، زەکەریا بەڵێنی بەمن دا پرۆژەکەم بۆ جێبەجێ بکات و پێی گوتم بڕۆ پرۆژەکەت بێنە، کە پڕۆژەکەم ھێنا ھەزار تەلەفۆنم بۆیکرد وەڵامی نەدامەوە، ژمارەکەی منی دەناسی ئامادەنەبوو وەڵام بداتەوە، زۆریش ھەواڵم بۆی نارد، دواتر پرۆژەکەم پێشکەش بەحکومەت کرد دیسان کەس ھاوکاری نەکردم، زۆر عاجزی گەڕامەوە ئەڵمانیا، بەم ھۆیەشەوە نەخۆشکەوتم، ئەو پڕۆژەیە بۆ دوارۆژی زەکەریاش باش بوو، کە دەیانگوت ئێمە قۆتابی زەکەیاین، ئەگەر زەکەریا بە ھەزار تەلاری ھەبێت بەقەت ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی و ھونەری کوردی گرنگ نییە، خۆزگەی من ھەر ئەوەیە، نامەوێت ببم بە ملیارلێر و کۆشک و تەلاری بەرز.
زانا دڵشاد دزەیی: تۆ ھونەرمەندێکی بەقیری؟
جانێ: تاوەکو ساڵێک پێش ئێستا جگەمان نەبوو تێیدا بخەوین، بەڵام دواتر باشتر بووم، چونکە قۆناخێم بڕی و سەرکەوتم، ھەر بەھۆی فەقیریەوە نەمتوانی ئەلبوومەکەم تەواوبکەم، بەڵام دواتر نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی سکرتێرەکەیەوە کاک ھیجرا بارزانی ھاوکاری ئەلبوومەکەی منی کرد و توانیم ئەلبوومەکەم تەواو بکەم، لێرەوە زۆر سوپاسی بەرێزیان دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیی: ساڵی پار کە ھاتیەوە ھەولێر وابزانم پڕۆژەیەکت ھەبوو بۆ کەمپینی منداڵانی مەخموور، ئەو پرۆژەکەت چی لە خۆگرتبوو؟
جانێ: نەک تەنیا منداڵەکانی کەمپینی مەخموور، بەڵکو بۆ منداڵانی ھەڵەبجە و شەنگالیش، لەمەخمور پڕۆژەکەم تەواو نەبوو، بەڵام دواتر پارێزکاری ھەولێر ئەرکەکەی گرتەئەستۆ، یەکێک لەو پرۆژانە دروستکردنی پارێکێک بوو لەو بڕوایەدام ھێشتا تەواو نەبووە، بەڵام پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی بەڵێنی ئەوەی پێداین بۆ ئەو مانگە یاخود دوو مانگی دیکە تەواوی بکەین، ھیوادارم لەرێگەی ئێوە دەنگی من خێراتر بگات، بۆئەوەی زۆرتر پڕۆژەکە تەواوبکەین، بۆ منداڵانی ھەڵەبجەش ھەمیشە لەخەیاڵمە، لەرێگەی گۆڤاری “سڤیل”ەوە دەمەوێت خۆم دەنگم بە دەوڵەمەندەکانی کوردستان بگات جا کورد بێت یاخود عەرەب، یان ھەر نەتەوەیەکی دیکە، بۆئەوەی بەدەنگ منداڵەکانی ھەڵەبجە و شەنگال و شارەکانی دیکەشە بێن، من سپۆنسەری پڕۆژەکەم، ئەوانە ھەموو پڕۆژە و خەیاڵی منن.
زانا دڵشاد دزەیی: چۆن بوو ھونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵات ناسی، لەکوێ بینیت و چۆن بیرتان لە پڕۆژەیەکی وا کردەوە؟
جانێ: من لەرێگەی یەکێک لە ھاوڕێکام چوومە لای، پێیگوتم زەکەریا باری دارایی باشە، منیش بیرم کردەوە زەکەریاش ھونەرمەندە و دەتوانێت ئەو کارە بکات، من چوومەلای لە ئۆفیسەکەی خۆی لەھەولێر، لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٠ دا.
زانا دڵشاد دزەیی: تۆ وەک گۆرانیبێژَێکی کورد خەڵاتی یەکەمت لەدەنگی چیایت لەفەرەنسا بەدەستھێنا، پێناسەت بۆ دەنگی چیایی چییە؟
جانێ: دەنگی چیایی خوا بەمرۆڤی دەبەخشێت، بەڵام پێم وایە ھۆکارەکەی بۆ ئاو و ھەوا دەگەڕێتەوە، لەئەوروپا تەنیا چوار مانگ گەرمە، بۆیە لەوباوەڕدام لەوانەیە بەھۆی بەفر یاخود سەرما بێت، یان بەھۆی چیاکانەوە یاخود بەھۆی ئەفسانەی کورد بێت، رەنگە مامۆستایانی شارەزا ئەوە بەتەواوی دیاری بکەن، ئەوە دەنگە تایبەت بەدەنگێکی کورد، کە نەدەنگی تورک وعەرەب و فارسە، ئەوە دەنگێکی رەسەنی کوردە، لیژنەکە ئەوەیان لەبەرچاوگرت و ئەلبوومەکەم لە پەنجا و نۆ دەوڵەت بڵاوکردەوە، ھەروەھا ھاوکاریان کردم بۆ دروستکردنی کلیپ، کە کلیپەکەم لەدەوڵەتە عەرەبییەکان پەخشکرا، ئەوان زۆر گرنگیان بەو مەسەلەیەدا، بەڵام کورد کارە ھونەرییەکانی منیان پێی موھیم نییە، ھەر میللەتێک کلتوور و زمانی خۆی نەبێت خۆی و ناسنانەی خۆی نابێت، بەداخەوە لەکوردستان کاتێک کلیپێکی عەرەبی یان شێوازێکی مۆدێلی جلوبەرگی عەرەبی بڵاودەبێتەوە ھەموویان پێی سەرسام دەبن، خەڵکانێک ھەن ئەو کەلتوورەیان تێکەڵ بەکەلتووری خاوێنی کوردی کردووە، لە میدیاکانیش ھەمیشە پیشانی دەدەن، کاتێک کە سەیری تەلەفزیۆن دەکەم شەرم دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیی: گۆرانی سیاسیت زۆر گوتووە، لەسەر ئەو گۆرانیانە پەشیمان نیت؟
جانێ: نەخێر بەھیچ شێوەیەک پەشیمان نیم، ئەو گۆرانییە سیاسیانەی کە گوتوومە لەسەر زیندان و نەھێشتنی شەڕ و کوشتن و لەسەر شەڕی باشوور گۆرانیم گوتووە، ھەروەھا لەسەر پێشمەرگە گۆرانیم گوتووە، ھیچکاتێک پەشیمان نیم، چونکە من ھونەرمەندێکی شۆڕشگێرم، تاوەکو کوردستان سەربەخۆ نەبێت من ھەر بەردەوام دەبم لەسەر گوتنی گۆرانی سیاسی.
زانا دڵشاد دزەیی: پەیوەندیت لەگەڵ پەکەکە ماوە؟
جانێ: بەڵی من لەگەڵ پەکەکە ماوم، وەک پردی نێوان پەکەکە و پارتی، ھیوادارم بەگشتی ناکۆکی لەنێوان پارچەکانی کوردستان نەمێنێ.
زانا دڵشاد دزەیی: پەیوەندیت لەگەڵ دایک و باوک و خانەوادەکەت چۆنە؟
جانێ: بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پەیوەندیم لەگەڵیان باش نەبوو، ئەوە سێ ساڵە باش بووە، چونکە ئێمە عەشایرین، رێگەیان نەدەدا ئافرەت ببێتە گۆرانی بڵێت، ئێستا قبوڵیانە، ئێمە نۆ خوشک و براین، تەمەنم پێنج ساڵان بوو کاتێک باوکم مردووە، خوشکێکم لە ئەڵمانیایە و یەکێک لە ئینگلەتەرا و یەکێکی دیکەش لە فەرەنسا، ئەوانی دی لە باکوور نیشتەجێن، ئێستا من لەئەڵمانیا بەتەنیا لەگەڵ کچەکەم دەژیم، کچەکەم دکتۆرەیە و ئێستا خەریکی خوێندنی دکتۆرای بەرزەترە، ھەموو ژیانم لەسەر شۆڕشی کوردی و کچەکەم و ھونەری کوردی دانا.
زانا دڵشاد دزەیی: پەیوەندت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چۆنە؟
جانێ: جارێک کاک نێچیرڤانم بینیووە، مرۆڤێکە دۆستی ھونەرە، روخێکی ھونەری ھەیە، زۆر رێزی گرتم، ھیوادارم جارێکی دی بگەڕێتەوە سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان بۆ خزمەتکردنی کوردستان، من بۆئەوە چووم بۆ لای کە شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە دووبارە نەبێتەوە، بەرێزیان بەڵێنێکی گەورەی پێدام کە تاوەکو دنیا ئاوەدان بێت جارێکی دیکە براکوژی نابێتەوە، ھەر لەسەر ئەو داواکارییەم کاک نێچیرڤان پێیگوتم ھەر ھونەرمەندێک کە سەردانم دەکات داوای خانوو و پارە و زەوی دەکات، بەڵام تۆ سەردانت کردووم داوای راگرتن و دووبارە نەبوونەوەی شەڕی براکوژی دەکەی، داواشم کرد پڕۆژەی مەخمور جێبەجێ بکرێت، ئێستا دیسان لەرێگەی گۆڤاری “سڤیل”ەوە داوا لە کاک نیچیرڤان دەکەم پڕۆژەکەم ھاوکاریم بکات بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان بۆ منداڵانی مەخمور و ھەڵەبجە و شەنگال.