نامه‌یه‌ک بۆ یوسف عیزه‌دین
هه‌میشه ڕۆمانه گه‌وره‌کان، که‌مێک زیره‌کترن له نووسه‌ره‌کانیان
-میلان کۆندێرا-
سڵاو و ڕێز کاک یوسف-ی ئازیز
ئێستا‌و له‌م کاته‌دا له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی ماجه‌راکانی سه‌لمانی فارسی ته‌واو بووم، ئێستا حه‌زم له وه‌یه په‌نجه‌ره‌که‌م بکه‌مه‌وه و دوای ئه‌و هه‌موو ڕوداوو و به‌سه‌رهات و حیکایه‌تانه‌ی مێژووییه‌ک له‌سه‌ر مێژووییه‌کی دیکه دروست ئه‌که‌ن، سیگارێک بکێشم. ڕه‌نگه ئه‌مه ته‌نها نامه‌یه‌ک بێت و ته‌واو؟! له‌ڕاستیا له خوێندنه‌وه‌ی ماجه‌راکانی سه‌لمانی فارسی-دا، من سه‌ره‌تای ده‌سپێکی ڕۆمانه‌که هه‌وڵی گه‌رانه‌وه‌ی خۆمم دا بۆ مێژوو و به‌رکه‌وتنم له‌گه‌ل سه‌لمانی فارسی ئه‌سڵی دا. چونکه لێت ناشارمه‌وه خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م تێکستێکی له‌وجۆره‌دا ئیدی به‌جۆرێک له جۆره‌کان دیل ئه‌بێت!؟ هه‌ڵبه‌ت له‌م رۆمانه‌دا پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی ئه‌کرێت هه‌ر یه‌کێک له میر و کۆی سه‌لمانه‌کان و دواجار ساتیا-ش بێت که له یه‌کێک له ئێواره‌کاندا تووشی ده‌بێت به توشی مرۆڤێکی بێگوناهه‌وه و بۆ یه‌که‌مین جار ڤێرژینیتێی ئه‌و مرۆڤه ئاسمانییه ئه‌دۆڕێنێت. له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م جۆره له‌پاڵه‌وان ته‌سه‌ور ئه‌که‌م ئیدی نهشوێنێک بۆپاڵهوان ده‌مێنێته‌وه و نه زه‌وییه‌ک تا وه‌ک ده‌نگێکی دیار خۆیی بۆ ئێمه ئاشکرا کات. هه‌ڵبه‌ت پاڵه‌وان ئه‌ژی له‌سه‌ر ئاستی ڕووداو، بۆیه هه‌ریه‌کێک له کاراکته‌ر و بزوێنه‌ری ڕۆمانه‌که ئه‌شێت قوربانییش بن و جه‌لادیش، ڕزگار که‌ر بن و داگیر که‌ریش، هه‌یمه‌نه کار بن و هه‌یمه‌نه له‌سه‌ر کراویش. پاڵه‌وان بن و فه‌رامۆش کراویش. به‌م پێیه له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌میشه دوو ده‌نگی جیا هه‌یه و وه‌ک به‌شێک له وێنه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ڕۆمانه‌که خۆیمان بۆ نمایش ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ت هه‌وڵده‌ده‌م زیاتر له‌مه بچمهناو جۆرێکی تر له ده‌ربڕین و تهئهموولاتهوه له خودی ڕۆمانه‌که، به‌و قه‌ده‌ره‌ی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی شێواندنی مێژوو دابه‌زاندنه‌وه‌ی جۆرێکی دیکه له ئاین له ڕێگه‌ی فیکره‌ی که‌سێکه‌وه ئه‌دات، هێنده چاومان به‌و خه‌ته یه‌ک ڕیتم و ته‌ریب و هاوسه‌نگه‌ی مێژوو ناکه‌وێت که ئه‌کرێت به‌شێک له ڕۆمانه‌کانی دونیا کاری له‌سه‌ر بکه‌ن. ئه‌م ڕۆمانهدێت ئایین له ده‌ره‌وه‌ی ئایینی سونه‌تی و ترادیسیۆنێل بهێنیتهدهرێ و ئیدی جۆرێکی دیکه له ئایدۆلۆژیا موماره‌سه بکا. هه‌ڵبه‌ت میلان کۆندێرا له هونه‌ری ڕۆماندا ئه‌نوسێت:
یه‌که‌مین بابه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ڕۆمانێک، ئه‌بێت ئه‌وه بڵێت که ته‌نها ڕۆمان ئه‌توانێت بیانڵێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕایه‌ی میلان کۆندێرا وه‌ر بگرین و بچینه ناو به‌شه‌کانی ناوه‌وه‌ی ڕۆمانی ماجه‌را-کان، له‌وه دڵنیا ده‌بین که له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی به‌ر زه‌ین و هۆشیاری ئێمه ده‌که‌وێت، به‌شێک له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مێژووه بۆ ئه‌وه‌ی مێژووییه‌کی دیکه‌ی لێبێته ده‌ره‌وه‌و دواجار له‌م ڕۆمانه و ڕۆمانی -ته‌نها رۆژێکی ساردیش-دا ئه‌و هه‌وڵه بێووچان و ناکۆتا و نا ئیستانه به‌ر زه‌ینمان ده‌که‌وێت که واقیع له خۆیه‌وه نایان گوێزێته‌وه بۆ ناو ئێمه‌ی خوێنه‌ر و ئیدی به‌شی هه‌ره‌زۆری عاده‌ت له که‌له‌سه‌ری ئێمه‌دا فانییهبێت. هه‌ربۆیه له ڕۆمانی ماجهراکاندا ئه‌وه‌نده‌ی کار له‌سه‌ر شێواندنی مێژوو کراوه و ئیش به تهبدیلاتی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی ده‌کرێت، که‌متر خوێنه‌ر ئه‌توانێت به‌شێکی تاریک به‌ناوی واقیعه‌وه ڕۆشن بکاته‌وه. دواجار تێکه‌ڵ کردنی ئه‌فسانه و ڕۆمان به‌ره‌و ئه‌و خاڵه ره‌وانه‌مان ده‌کات، که ئیدی زه‌ینمان له‌واقیع به‌تاڵ ده‌که‌ینه‌وه و له‌نێوان ئه‌فسانه و خه‌یاڵدا شتێک به‌رزی و نزمیمان پێده‌کات. هه‌ڵبه‌ت له ڕۆمانی ماجهراکاندا ئه‌م جۆره له تێکه‌ڵ کردن قووڵ بۆته‌وه بۆناو خودی سه‌لمانی فارسی و دواجار وه‌ک بوونێک بێتهواو بوون درێژ ئه‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه نوسه‌ری -ماجه‌راکانی سه‌لمانی فارسی-، “نوسه‌ر” نییه بۆ ئه‌وه‌ی واقیعیک بکات به خه‌یاڵ، به‌ڵکو “ئه‌ندازیاره” بۆ به‌رهه‌مهێنانی واقیعێکی دیکه له خه‌یاڵدا. به‌م پێیه ئیش کردن له‌ناو ڕۆمانی ماجهراکاندا، هه‌وڵدانه بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌شێک له زۆرینه‌ی خه‌یاڵ و کردنییه‌تی به‌جۆرێک له ئهکتیڤیتێی ناو واقیع. هاوکات ڕۆمانی سه‌رکه‌وتوو و ئه‌وه نییه دێت له ڕێگای بیر و باوه‌ڕ و ترادیسیۆن و کولتور و کۆمه‌ڵگاکانه‌وه واقیعمان ده‌رخوارد ئه‌داته‌وه، به‌ڵکو ئیشی ڕۆمانی سه‌رکه‌وتوو دروست کردنی جیهانێکی دیکه و مه‌مله‌که‌ت و ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌یه له خه‌یاڵ که دواجار هه‌ریه‌کێک له ئێمه واقیعییه‌تی خۆمانی تێدا ئه‌جوڵێنین. دیاره ڕۆمانی ماجه‌راکان ده‌گمه‌ن له‌خه‌یاڵ به‌ر ئه‌بێته‌وه و ئه‌که‌وێته ناو به‌شێک له واقیع، به‌و مانایه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا گێڕانه‌وه له‌پێناو دروست کردندا ئیش ئه‌کات و به‌رده‌وام حیکایه‌تی نوێ به‌رهه‌م ئه‌هێنێت. (حیکایه‌تێک نه ئه‌هلی ئێستایه و نه‌سه‌ر بهڕۆژگارێکی دیکه‌یه؟!) حیکایه‌تێک ئه‌یه‌وێت شتێک دروست بکا که تائێستا نه‌خودا به‌رهه‌می هێناوه و نه‌مرۆڤ، له‌کاتێکدا ئه‌م خاڵه وای له ڕۆمانه‌که کردووه زۆر به‌سه‌ختی خوێنه‌رێک بتوانێت کاراکته‌ری خۆی تێدا بهێنێته ده‌رێ. ئه‌مه‌ش تائه‌ندازه‌یه‌ک دێت که که‌هیچ پێناسه‌یه‌کی نییه بۆ واقیع به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خودی خۆی بۆ پێناسه‌یه‌ک ئه‌گه‌ڕێت. (ڕۆمانی ماجه‌راکان شۆڕشه بهسهرمێژودا و زۆربه‌ی ئیماژه ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌کان جیگۆڕکێ پێده‌کات) به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک که هیچیان ناخاته‌وه شوێنی خۆی. هه‌ر بۆیه له سه‌لمانی فارسییه‌وه تا ده‌گاته‌وه ساتیا و خودا وئایین و میلله‌تیش له‌م ڕۆمانه‌دا به‌جۆرێک له جۆره‌کان جووڵاون و هیچ به‌شێکیان له‌شوێنی خۆیدا سه‌قامگیر دانه‌نیشتووه. دیاره حیکایه‌تی ساتیا یه‌کێکه له‌و حیکایه‌ته ده‌گمه‌نانه‌ی زه‌ینی خوێنه‌ر قه‌ره‌باڵغ ده‌کات و ئه‌مان خاته ناو به‌شێکی تر له ئهنتهلیژانسی ڕۆمانه‌که . هاوکات کاتێک باسی ساتیا ده‌کرێت، باسی به‌دبه‌ختی مرۆڤایه‌تی با مانا ئابووریه‌که‌ی ده‌کرێت، باسی سه‌رنشینێک ئه‌کرێت که ژیان ده‌ستی بڕیوه و خودا نه‌فره‌تی کێشاوه به سینگیا. خوێنه‌ر که داخڵی حیکایه‌ته‌کانی ساتیا ده‌بێت ئیدی وێنه‌ی یه‌که‌می سۆزانی ده‌شێوێنێ و مانه‌یه‌کی دیکه ده‌خاته‌وه شوێنی. حورمه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ له‌ش فرۆش، له کاتێکدا گوناه ترین کاراکته‌ری ماجه‌راکان -ساتیای سۆزانیی-ه ، ساتیا به‌جۆرێک بووه به سۆزانی و له‌شی خۆی حه‌ڵال کردووه که هیچ چه‌نسێک بۆمانه‌وه‌ی به فریشته‌یی بۆ نامهوهتهوه، وه حیزب و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه سیاسییه‌کان ده‌ستیان هه‌یه له دروست کردن و خوڵقاندنی ساتیای سۆزانی-دا. که زۆربه‌ی کات عه‌شق و دین و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م له‌سه‌ریا مه‌هزه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌یه و توڕههاتێکه له توڕه‌هاته‌کانی ڕۆژگار. دواجار هه‌رکاتێک مرۆڤێک ناچارده‌کرێت به‌وه‌ی فریشته نه‌بێت و سۆزانی بێت، ڕه‌نگی مهلهکییهتی خۆی له‌و ماچ‌و راموسان و شه‌هوه‌تانه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه که ئه‌یان فرۆشێت. هه‌ربۆیه زیره‌کی ئه‌م ڕۆمانه له‌وه‌دایه که واقیعمان له گۆشه‌یه‌کدا بۆجێدههێڵێت و ئه‌ڕوات، سۆزانیمان نیشان ئه‌دات و فریشته نا. قوربانیمان نیشان ئه‌یات و فریاد ڕه‌س نا، له‌م ڕۆمانه‌دا عاریف ترین مرۆڤیش تێکه‌ڵاو ده‌بێت به شه‌هوه‌ت و ئیدی په‌یمانی خۆی له‌گه‌ڵ خودادا ئه‌شکێنێت. دیاره گه‌ر خوێنه‌ر له ساتیا نزیک ببێته‌وه ته‌نها ساتیا وه‌ک سۆزانی ئه‌زموون ناکات به‌ڵکو ساتیا-یه‌ک هه‌ڵده‌گرێته‌وه که خودا سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵگا ده‌ستیان له‌وه‌دایه بیکه‌نه سۆزانی. دواجار ڕۆمانی ماجه‌راکان ڕۆمانێکی زیره‌که له حیکایه‌ت و گێڕانه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێکدانه‌وه‌ی مێژوو داب و نه‌ریت و موقه‌ده‌سدا. ڕۆمانی ماجه‌راکان، ده‌ستێکه بۆ تێک دانه‌وه‌ی به‌هاو نرخه بنه‌ره‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگاو سه‌ر له‌نوێ داڕشتنهوهیانه له‌سه‌ر فۆڕمێکی تر. فۆڕمێک که تێیدا ئیدی هه‌موو ناشرینییه‌کان دێنه‌ده‌رێ و ئه‌بن به سپێکتاکلێکی خراپ. هاوکات ئه‌م ڕۆمانه گه‌مه‌ی خۆی به‌ناو ئایینیشدا ئه‌بات، ئایینێک که عه‌قڵ به‌رهه‌می هێناوه و یه‌که‌مین به‌رکه‌وتنی له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تیدا به جه‌نگ ده‌ست پێده‌کات، جه‌نگێک بۆ سڕینه‌وه و ته‌فروتوناکردنی میلله‌تێک که ناویان نراوه کورد. هه‌ڵبه‌ت سڕینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ناشیرین به‌ناوی کورده‌وه، یه‌کێکه له خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانی ماجه‌راکان، که‌ده‌بێت خوێنه‌ری زیره‌ک له‌سه‌ری بوه‌ستێت،. بهوقهدهرهی گواستنه‌وه‌ی کورد بۆناو جۆرێک له به‌سه‌ر هات و حیکایه‌ت و نیشاندانه‌وه‌ی میله‌تێک وه‌ک نه‌عله‌ت لێکراو و ئاشوبگێڕ و خائین، خوێنه‌ر به‌ره‌و شۆکێکی عه‌قڵی و پارالیزێکردنی بیرکردنه‌وه کێش ده‌کات، به‌و پێیه‌ی کاتێک کورد وه‌ک خۆفرۆش و ناجۆر و به‌ربه‌ری و کۆمه‌ڵیک وێنه‌ی ناشیرین به‌ناوی میلله‌تێکه‌وه دێته ناو زه‌ینی خوێنه‌ر، ئیدی ئه‌وبه‌شه ڕاسیست و ڕهگهزتپهرست و سونه‌تییه‌ی له‌هۆشیاری خوێنه‌ردا نوستووه ،خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه و به‌جۆرێکی ڕه‌مه‌کی خۆی به‌ره‌ڵا ده‌کات. هه‌ربه‌م پێیه تازیاتر له‌حیکایه‌تی کورد نزیک ببینه‌وه، زێده‌تر عاقڵی ئه‌مڕۆمانه لههۆشیاریماندا ده‌ر ئه‌که‌وێت و خۆی مانیفێست ئه‌کات، چونکه ته‌کنیکی ئه‌م ڕۆمانه وایه ئیدی ده‌سکاری موقه‌ده‌س ئه‌کات، ئیدی به‌ناو ڕیستێک له تێکدانی پیرۆزی و جوانیدا ئه‌په‌ڕێته‌وه و خۆیمان وه‌ک دواهه‌مین بانگه‌واز بۆ جێگۆڕکێ کردن به سه‌رمان پێڕا دهگهیانێت. ئه‌م ڕۆمانه ده‌یه‌وێت بڵێت: ئه‌وه منم له جوانی ناشیرینی و له‌ناشیرینی به‌شێکی دیکه له وێنه‌و ئیماژی نوێی قه‌شه‌نگ ئه‌هێنمه ده‌رێ. به‌ڵام خاڵێک له‌م ڕۆمانه‌دا که ده‌بوو به‌سه‌ریدا نه‌ڕۆین، هێنانه‌وه‌ی ئایینه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک ستایلی ئایینی، دیاره له‌م ڕۆمانه‌دا زۆرینه‌ی حیکایات و تیکاڵ کارییه‌کان نوێن، وه‌لێ تاکهشتیک که ئه‌م ڕۆمانه له‌و سه‌قله دێنێته خوارێ، بوون و خوڵقاندنه‌وه‌ی ئایینێکی دیکه‌یه وه‌ک ئایین، که ئه‌مه‌ش ته‌نها باوه‌ڕ هێنانه به کوشتارگاکان و ههڵخستنیانه به‌سه‌ر ته‌نافی ئاییندا. که ده‌بوو ماده‌م سهلمانێک هه‌یه پێچه‌وانه‌ی سه‌لمانی فارسی ناو تێکسته ئیسلامییه‌کان، ئاینێکیش هه‌بوایه تۆتالمۆو دابڕاو له ئایینی سونه‌تی و مێژوویی، چونکه بیرمان نه‌چێت ئیشی بنه‌ڕه‌تی له‌م ڕۆمانه‌دا تێکشکاندنی وێنه و ئاماژه و ئیماژه مێژووییه‌کانه وخوڵقاندنهوهیانه به جۆرێکی دیکه. له‌م ڕۆمانه‌دا زۆربه‌ی ئاماژه و مانا و ده‌لاله‌ت و چیرۆکه‌کان گۆڕاوون بۆ فۆڕم و گێڕانه‌وه‌ی جیاواز، وه‌لێ سه‌ره‌کی ترین وێنه‌ی ئایین که کوشتن و خوێن و شمشێر هه‌ڵکێشانه له دونیا، لانه‌براوه و وه‌کو خۆی و به هه‌مان پرۆگرامی ئایینه کۆنه‌کان داڕێژراوه‌ته‌وه.
رێز و سوپاسم.. هاوڕێت
حسێن ئه‌حمه‌د/ فه‌ڕه‌نسا