سازدانی: گۆران دوكانی : هونه‌رمه‌ند خالید ره‌شید له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی، رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و هاوارانه‌ی ئێستای خه‌ڵك هاواری ئه‌وی هونه‌رمه‌ندن كه 17ساڵ پێش 17ی شوبات ئه‌و ده‌ریبڕیون،
هاوكات ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه هاواری زمناكۆ‌و هاوڕێیانی، بیرۆكه‌ی گه‌وره‌ترین سیمفۆنیای له‌لا دروستكردووه كه ئه‌گه‌ر ئیمكانیاتی بۆ ته‌رخان بكرێت ده‌یكاته ئه‌و شاكاره‌ی كه تابلۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی «كه‌ی ئیدوارد مونكی« نه‌رویجی شه‌رم له‌خۆی بكات، هاوكات هاواری هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندیش بۆ ئاشتی له‌م بارودۆخه‌دا به میكیاژێكی كاتیی پێناسه ده‌كات بۆ پێستی خۆ رزگاركردن.
خالید ره‌شید: ده‌سته‌واژه‌ی هونه‌رمه‌ند له وڵاتی ئێمه‌و له‌زمانی كوردیدا مانا‌و مه‌فهومی خۆی له‌ده‌ستداوه، هونه‌رمه‌ند مرۆڤێكی خاڵقه‌و داهێنه‌ره جگه‌له‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌ڵوێسته‌و سه‌ر دانانه‌وێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ملوانكه‌ی حیزب بكه‌نه ملی، هونه‌رمه‌ند وابه‌سته‌ی پاره‌و سامان و ماڵی دنیا نییه، هونه‌رمه‌ند ئه‌مانه نین كه 20ساڵه خه‌ریكی كڕنوشبردنن بۆ به‌رپرسان بۆئه‌وه‌ی زۆرترین به‌رهه‌م تۆماربكه‌ن‌و به‌ئێمه‌و به‌خه‌ڵك بڵێن سه‌یربكه‌ن به‌رهه‌ممان چه‌ند زۆره، ئه‌وه‌ی ئه‌لفوبای خوێندبێت‌و دووكه‌ڵی مۆلیده گێژی نه‌كردبێت ده‌زانێت ئه‌مڕۆ هه‌ركه‌س پاره‌ی هه‌بێت ده‌توانێت زۆرترین به‌رهه‌م تۆمار بكات، پاره‌و راگه‌یاندنیان له‌خه‌ڵك فڕاندووه، هونه‌رمه‌ند ئه‌و سمێڵ فشانه نین كه رۆژێ پرۆلیتارو ماركسین‌و رۆژێك نه‌ته‌وه‌یی‌و رۆژیكیتر كۆنگره‌ی حیزب و رۆژێك فیقه‌نه‌ی هه‌ڵبژاردنن، هونه‌رمه‌ند ئه‌وانه‌نین كه تادوێنێ به‌شێك بوون له رێبازی به‌عس و منداڵان و قوتابیانی كوردیان ده‌كرده فه‌رشی سووری ژێر پێی سه‌دام، هونه‌رمه‌ند هه‌میشه به‌شێكه له‌ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌ی، ئه‌و په‌روانه ئاسا ده‌سو‌وتێت، عاشقێكی سه‌رسه‌ختی خاك و نیشتیمان و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك دووكانداری هونه‌رین‌و خه‌ریكی ئه‌تككردنی ناوی هونه‌رن. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت ناویان به‌رم ئه‌وانه‌ن كه‌ئه‌مڕۆ به نوخبه‌ی هونه‌رمه‌ندان ناو ده‌برێن ئه‌وانه‌ن كه تاوانبارن، ئه‌وانه‌ن كه بوونه‌ته به‌شێكی به‌هێزی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌نا ده‌سه‌ڵات به‌بێ كه‌مه‌رشلی ئه‌مانه نه‌ی ده‌توانی به‌وجۆره یه‌ك نه‌ته‌وه سه‌رگه‌ردان بكات. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌سه‌دا په‌نجا تاوانباربێت ئه‌وه په‌نجاكه‌ی تر گوناهی به‌ناو روناكبیر‌و هونه‌رمه‌ندانه، من به‌گومانم له وشه‌ی هونه‌رمه‌نده یان ئێمه نیمانه یان ئه‌م وشه‌یه به‌كارمه‌هێنن بۆ من، چونكه ئێستا ئاوازی وشه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده نه‌شاز بو‌وه كه‌پێمده‌ڵێن هونه‌رمه‌ند هه‌ست ده‌كه‌م ده‌یانه‌وێت سوكایه‌تیم پێبكه‌ن.
هاوڵاتی: گه‌وره موسیكسیانی جیهانی (بیتهۆڤن) ده‌ڵێت (به‌كه‌سێك ده‌وترێت هونه‌رمه‌ند له‌مێژووی كاركردنیدا هه‌رده‌م پره‌نسیپێكی هه‌بێت كه ئه‌ویش ئازاری میلله‌ته‌كه‌ی له رێگه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانییه‌وه بگه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵات)، به‌بڕوای تۆ له بیست ساڵی رابردوودا هونه‌رمه‌ندێك هه‌یه شمولی ئه‌م رسته‌یه‌ی بیتهۆڤن بكات، به‌واتایه‌كیتر (جگه‌له‌چه‌ند به‌رهه‌مێك نه‌بێت) چ هونه‌رمه‌ندێك له‌ئاست ئه‌وهه‌موو ناعه‌داله‌تیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌رانبه‌ر به‌میلله‌ت هه‌ڵوێستی هه‌بووه؟
خالید ره‌شید: من له‌ساڵی 97ئه‌و گۆرانیه‌م تۆمار كرد كه ده‌ڵێم نیشتیمانم من نازانم تۆ بۆ ناوت كوردوستانه؟ هه‌ر له‌هه‌مان گۆرانیدا وتو‌ومه »نیشتیمانم رابه‌ڕانت شوێن سێبه‌ری خۆیان كه‌وتوون» ئه‌و كاته ئه‌وه من بووم ده‌مویست ئه‌و دنیایه بگۆڕم هه‌ربۆیه كه‌وتنه سانسۆر كردنم، ئیتر به‌رهه‌م مانای چی؟ له‌كاتێكدا تۆ هه‌ڵوێستت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانتدا نه‌بێت؟ نو‌وسین‌و شیعر‌و شانامه واتای چی؟ له‌وه‌ته‌ی مرۆڤایه‌تی پێیگرتو‌وه‌و فامی كردووه‌ته‌وه هونه‌ر فرۆشی هه‌رهه‌بووه پاره‌و سامان سیحری خۆی هه‌بووه هه‌ر ده‌شیبێت، بۆ ئه‌و خێڵه‌ی كه خه‌ریكی وه‌رگرتنی ده‌فته‌ره دۆلارن بیریان له‌وه نه‌كرده‌وه بزانن ئایا »خالید ره‌شید»یش وه‌ك ئه‌وان پێویستی به‌پاره‌و تیپی موزیك‌و هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌یه كه ئه‌وان ده‌یكه‌ن؟ ئه‌و سامانه‌ی كه به‌خشكه‌یی ساڵه‌هایه ده‌یخۆن بۆ بیریان له‌وه نه‌كرد‌ووه‌ته‌وه كه ئه‌وه سامانی هه‌موومانه؟ ئایا ئه‌مانه شه‌ریكی دزه‌كانن یان هونه‌رمه‌ندن؟ ئه‌وانه‌ی كه ئێستا خاوه‌نی ماڵ‌و سه‌یاره‌و كۆشك‌و حیمایه‌ن ئه‌وانه هونه‌رمه‌ندن یان تاوانبار؟ هونه‌رمه‌ند ئه‌و گیانله‌به‌ره یاخیه‌یه كه به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موانه‌وه رێچكه‌شكێنه هه‌رگیز بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرێت به‌رانبه‌ر نایه‌كسانی، ده‌زانیت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌كاتی خه‌ڵاتكردنی ئه‌مانه‌دا له‌كه‌میندا بوون بۆ من‌و ئه‌وانه‌ی وه‌كو منن كه چۆن ئازارمان بده‌ن چۆن هه‌وڵی ناشرینكردنمان بده‌ن چۆن سانسۆرمان بكه‌ن، ئه‌م به‌ناو هونه‌رمه‌نده خۆفرۆشانه به‌شێكن له‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی كه‌مافیا بۆ ئێمه‌ی ده‌كرد، ده‌سه‌ڵات له‌رێگه‌ی ئه‌مانه‌وه بوو رقه‌كانی خۆیانیان به ئێمه ده‌ڕشت. ئه‌و ماسكانه‌ی كردویانه‌ته ده‌موو چاویان وا ورده‌ورده به‌ده‌ركه‌وت خه‌ڵك له‌خه‌و راپه‌ڕی، ئه‌و هاوارانه‌ی خه‌ڵك هاواری منن كه 17ساڵ پێش 17ی شوبات من ده‌رمبڕیون.
هاوڵاتی: له‌ئێستادا رۆژانه خه‌ڵكی كوردستان له‌شارو شارۆچكه‌كاندا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن‌و رژاونه‌ته سه‌رشه‌قامه‌كان، كه‌چی جگه له سێ تا چوار سروود نه‌بێت كه بۆ خۆپیشانده‌ران وتراوه هونه‌رمه‌ندان بێده‌نگترین توێژن، ئه‌م بێده‌نگیه‌ی هونه‌رمه‌ندان بۆ؟
خالید ره‌شید : ئه‌وانه ده‌زانن خه‌ڵكی بێده‌نگ لای ده‌سه‌ڵاتدار زۆر خۆشه‌ویسته نایه‌نه‌وێت له‌خۆیانی تێكبده‌ن، ده‌زانن ئه‌و پاره به‌لاشه‌ی میلله‌ت كه وه‌ریده‌گرن به‌حه‌قی خۆیان وه‌ریاننه‌گرتووه بۆیه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه لێیان تێكبچێت‌و كه‌شف ببن، تۆ باوه‌ڕ ده‌كه‌یت كه ده‌سه‌ڵاتداران دێنه سوید له‌ماڵی به‌ناو هونه‌رمه‌نده به‌ڕێزه‌كان داده‌به‌زن؟ هێنده به‌ینیان خۆشه ته‌واوی زانیاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌لایه‌ن به‌ناو هونه‌رمه‌نده‌كانه‌وه ده‌درێت به ده‌سه‌ڵات، ئه‌مانه گوڵی باغه‌ن بورهان مه‌جیدو چه‌ند كه‌سێكی تر نه‌بێت، ئه‌وه‌ی تری هه‌مووی به ئیعازی ده‌سه‌ڵات هاتو‌ون بۆ ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، ئه‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی بۆ هه‌ندێك له‌مانه‌ی كردووه له‌هیج وڵاتێكی دنیادا بۆ گۆرانیبێژ نه‌كراوه با مرۆڤ قسه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانیش بكات گۆرانی بێژ هه‌یه 100ده‌فته‌ر دۆلاری بۆ كلیپێك وه‌رگرتو‌وه.
هاوڵاتی: به‌نیازیت هیچ به‌رهه‌مێك بۆ خۆپیشانده‌ران، یان ر‌وونتر بڵێین بۆئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بڵێیت؟
خالید ره‌شید: تۆماركردنی به‌رهه‌م پێویستی به‌گر‌ووپی موزیك و ئیمكانیات هه‌یه، من تائێستا هه‌رچییه‌كم تۆماركردووه له‌سه‌ر ئه‌ركی شانی خۆم بو‌وه ئه‌وانه‌ی كارخانه‌ی ئاوازیان داناوه‌و به‌پاره‌ی میلله‌ت هه‌ر رۆژه‌ی له وڵاتێكن بۆ له‌حن كڕین ئه‌وانه هونه‌ریان كردووه به سێرك، مه‌رج نییه هه‌موو كه‌سێك بتوانێت به‌م بۆنه‌وه سروود بڵێت ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه زۆریشه، چونكه هاواری خه‌ڵك له‌سه‌رای ئازادی جوانترین ئۆپێرایه له‌مێژووی كورددا، ئه‌وان ساڵه‌هایه گوێ له‌م هه‌موو هونه‌رمه‌ندۆكه‌یه ده‌گرن، ئه‌مڕۆ هاواری زمناكۆ و هاوڕێیانی، بیرۆكه‌ی گه‌وره‌ترین سیمفۆنیای له‌لا دروستكردووم كه ئه‌گه‌ر ئیمكانیاتم بۆ ته‌رخان بكرێت ده‌یكه‌مه ئه‌و شاكاره‌ی كه تابلۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه‌ی ئیدوارد مونكی نه‌رویجی شه‌رم له‌خۆی بكات، چونكه ئه‌مه مێژ‌وویه‌كی خوێناوییه له‌سه‌رده‌می دنیای مۆدرێندا، ئه‌مانه شه‌هیدی سه‌نگه‌ر نین ئه‌مانه شه‌هیدی سه‌ر شه‌قامن كه له‌مێژووی كوردا ده‌گمه‌نه.
هاوڵاتی: په‌یامه‌كه‌ی تۆ بۆ خۆپیشانده‌ران جیاواز له‌هونه‌رمه‌ندانی تر تاڕاده‌یه‌ك توندتر بوو، ئه‌م توندییه بۆ؟
خالید ره‌شید: توندی؟من توندم یان ئه‌وانه‌ی خوێنی گه‌نجه‌كانیان رژاند؟ ئه‌وانه‌ی كه په‌یامه‌كانیان نه‌رمو‌ونیانه ده‌زانن بۆ نه‌رمن، چونكه ده‌ترسن زه‌ره‌رمه‌ندبن، ئه‌وانه هه‌رگیز له‌من ئاشتیخوازترو مرۆڤ دۆستتر نین، له‌و ده‌مه‌دا كه‌من به كرده‌وه له‌ناو سیسته‌می دیموكراتیه‌تدا ژیاوم ئه‌وانه تفه‌نگی قادسیه‌ی سه‌دام له‌شانیاندا بوو له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا بوون. هه‌ڵبه‌ته من باسی هونه‌رمه‌ندۆكه ده‌كه‌م نه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی كه ناچار بو‌وه به‌و ژیانه‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پێنراوه، بۆیه من ئه‌و ئاشتیخوازییه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن ته‌نها به‌میكیاژێكی كاتیی ده‌زانم بۆ پێستی خۆ رزگاركردن. شیعاری به‌ئاشتی بۆ ئاشتی جگه له‌فه‌نتازیایه‌كی جوان هیچی دیكه نییه، مرۆڤانیك هه‌موو ژیانیان به‌ده‌ستی چه‌پ نو‌وسیبێتیان ئێستا تۆ چۆن له‌م ته‌مه‌نه‌دا فێریان ده‌كه‌یت به‌ده‌ستی راست بنووسن؟ ئه‌م شیعارانه له‌وڵاتێكدا ده‌خرێنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه كه به‌رپرسه‌كانیان خوێنیان نه‌دیبێت، زمانی گفتوگۆی هه‌موو ته‌مه‌نیان به‌تفه‌نگ نه‌كرابێت. تۆ بڵێیت ساركۆزی‌و وڵاتانی دنیا كه به‌هێزی سه‌ربازی په‌لاماری قه‌زافیاندا له‌ئێمه توندتر بن؟ تۆ بڵێی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی خۆمان به‌نیوه‌ی قه‌زافی نیشتیمانپه‌روه‌ر بن؟ كێ هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بێت دنیا به‌گوڵ و چه‌پكه نێرگز بگۆڕێت، ئاخر كه‌س دیویه‌تی مار به‌نیازی ماچكردن ده‌م بنێته هێلانه‌ی باڵنده؟ كورسی ده‌سه‌ڵات ئالوده‌بو‌ونی هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن تلیاك‌و ماده بێهۆشكه‌ره‌كان مرۆڤ ئالوده‌یان ده‌بێت، سه‌ركرده‌كانی ئێمه‌ش ئاوا ئالوده‌ی كورسی ده‌سه‌ڵات بوون.
هاوڵاتی: هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه چییه كه له‌ڕابردوودا زیاد له‌پێویست له‌ده‌سه‌ڵات سو‌ودمه‌ندبو‌ون، كه‌چی له‌م ره‌وشه‌ی ئێستادا ده‌مامكێكیان دروستكردو‌وه‌و گۆرانی بۆ ئاشتی ده‌ڵێن، یان هه‌ندێكیان به‌ئاشكرا له‌میدیاكاندا به‌خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن ئاژاوه‌گێڕ؟!
خالید ره‌شید: ئه‌وانه هه‌ر هه‌مان ئه‌و سو‌ودمه‌ندانه‌ن كه پاره‌و راگه‌یاندنی حیزب كردنی به‌وه‌ی كه هه‌ن ده‌نا ئه‌مانه هیچ ئیزافه‌یه‌كیان نه‌خستووه‌ته سه‌ر گۆرانی كوردی بگره له‌زۆر حاڵه‌تدا گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردوشیان به‌خراپتر وتووه‌ته‌وه، له‌كاتیكدا وتنه‌وه‌ی گۆرانی ئه‌وان‌و بازرگانیكردن پێوه‌ی ده‌چێته خانه‌ی دزی‌و ناپاكییه‌وه. هه‌ر ئه‌م ماسك له‌ده‌موچاوانه ده‌چن له‌سه‌ر كه‌ناڵه مه‌فتوحه‌كانی حیزبه‌وه خۆیان به حه‌قخوراو پیشان ئه‌ده‌ن كه گوایه دوكانداران سیدیه‌كانیان كۆپی ده‌كه‌نه‌وه له‌كاتێكدا سیدی كۆپیكردن زۆر گوناهه‌كه‌ی كه‌متره له‌به‌رهه‌می ره‌نجی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوی خێر نه‌دیو و وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانیان به‌بێ پرس‌و پاره په‌یداكردن پێی، راسته هه‌ندێكیان داوای ره‌وای خه‌ڵك به‌ئاژاوه له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، چونكه بۆ ئه‌وان مانای ئاژاوه ده‌زانن هه‌ندێك له‌به‌ناو هونه‌رمه‌ندان خێریان كردووه ئه‌م وه‌زعه‌یان لێ تێك نه‌چێت ئیتر چۆن ئاماده‌گی ئه‌وه‌یان تێدایه به‌رهه‌مێك بۆئه‌م شۆڕشه تۆماربكه‌ن. له هه‌ولێر نه‌فه‌رێكی وێنه‌كێشیان هێنابوو به‌ناوی خالید ره‌شید هێرشی كردبووه سه‌ر خۆپیشانده‌ران زۆر له هه‌وادارنم ئاگاداریان كردم‌و نیگه‌ران بووبو‌ون كه بیستبو‌ویان خالید ره‌شید هێرشی كردووه‌ته سه‌ر خۆپیشانده‌ران ئیتر ئه‌وان بێ چه‌ندو چوون وتبو‌ویان ئه‌وه منم، چونكه كه‌سێكی تر به‌ناوی خالید ره‌شید ناناسن ناحه‌قیشیان نییه.
هاوڵاتی: هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند گۆرانیان بۆ رژێمی به‌عس وتو‌وه، كه‌چی ئه‌مڕۆ ده‌بینین زیاتر له دوو بۆ سێ پۆستی هونه‌رییان پێدراوه‌و به‌هه‌مانشێوه‌ی جاران كراونه‌ته‌وه به‌برای گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ندان، رای تۆ له‌و باره‌یه‌وه چییه؟
خالید ره‌شید: ئه‌وه سه‌ره‌تای كاره‌ساتی ئه‌م دوو حیزبه بوو له سه‌رنه‌كه‌وتنیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته، له رقی یه‌كتر ئه‌م تاوانبارانه‌یان گرته‌خۆ، ئه‌م هه‌لپه‌رستانه ده‌بێت له‌دادگای گه‌ل دادگایی بكرێن بۆئه‌وه‌ی چی دی كه‌س چاویان لێ نه‌كات، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن كه به‌رگه‌ی قسه‌و راستییه‌كانی من ناگرن، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن به‌من ده‌ڵێن توند، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن خه‌ریكی سانسۆركردنی به‌رهه‌مه‌كانی منن له رێگه‌ی هاوڕێ كۆنه‌كانی خۆیان له‌كه‌ناڵه‌كان.
هاوڵاتی: ده‌وترێت خالید ره‌شید خه‌رمانێك له‌زانیاری‌و نهێنی لایه، سه‌باره‌ت به‌و گه‌نده‌ڵی‌و پاشاگه‌ردانیه‌ی ئه‌مڕۆ هونه‌ری كوردی تێكه‌وتو‌وه، ده‌كرێت به‌چه‌ند دێڕێكیش بێت هه‌ندێك له‌و زانیاریانه باس بكه‌یت؟
خالید ره‌شید: ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌كۆماری چینیش كه زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان پێكدینن هێنده گۆرانیبێژیان نییه، هه‌مووشی بۆ فه‌وزاو تێكدانی مه‌زاجی خه‌ڵك بوو، له‌بێ به‌رنامه‌یی كه‌ناڵه‌كان‌و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه زانستییه‌ی كه له‌كه‌ناڵه‌كاندا هه‌ن. هه‌ر ئۆپۆزسیۆن‌و حیزبێكی دیكه‌ش بێت ئه‌م كاره‌ساته ریسوا نه‌كات یه‌كه‌م كه‌س كه به‌رانبه‌ریان ده‌وه‌ستێت من ده‌بم، چونكه خیانه‌ت له‌ناسنامه‌ی گه‌لێك كه هونه‌ره‌كه‌یه‌تی‌و ئینكاریكردن له‌بوونی هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌نفال‌و جینۆساید.