(شانۆ) یەکێکە لە پێگە هونەرییەکانی نواندن و خاوەنی مێژوویەکی دوور
درێژە، هونەرێکە هەموو گەلان بە بایەخەوە لێی دەڕوانن، (برخێت) یەکێکە لەنووسەرە هەر بەناو بانگەکانی جیهانی، خاوەنی چەندیین دەقیى شانۆییە، لە یەکێک لە وتنەکانی دا دەڵێت (نانێک و شانۆیەکەم بدەرێ، گەلێکی بەختیارت دەدەمێ)، لێرەدا دەردەکەوێ، کە شانۆ نزیکیەکی زۆری هەیە لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان، لە ئێستادا شانۆی کوردیی تاڕادەیەک بەرو کزی رۆیشتووە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر رێژەی جموجۆڵی بەرهەمە شانۆییەکان بەرەو کەمی رۆیشتووە، شانۆکارانیش هەریەکەیان پێناسەیەکیان هەیە بۆ ئەو رەوشە، لە ریپۆرتاژێکی هەفتەنامەنی “هونەر” چەند شانۆکارێک، کە ساڵانێکە لەگەڵ شانۆ کاردەکەن ، بۆچوونی خۆیان دەربارەی رەوشی شانۆ لە ئێستادا دەردەبڕن و، هۆکاری ئەو قەیڕانەی شانۆی کوردیی تێکەوتووە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە.
گرفتی شانۆی ئێستای کوردیی تەنها پەیوەستە بە پیشەمەندی هونەریەوە!!
لەدەستپێکدا هونەرمەندی بە ئەزموونی شانۆکار، مامۆستا (ئەحمەد سالار) دەربارەی ڕەوشی شانۆ لە ئێستادا بۆچوونی خۆی دەربڕی و گوتی : “گرفت ئەوەیە ئێمە دەڵێن شاکارەکان لە پێش راپەڕین دابوون، کەچی ئێستا شاکار کەم بۆتەوە!، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتمان هەیە، ئازادیمان هەیە، مانای ئەوەیە گرفتێک هەیە لەبەردەم رەوشی شنۆدا، یەکێک لەو گرفتانە وەزارەتێکمان هەیە نەگونجاوە بۆ هونەر، چونکە سرووشتی هونەر جیاوازە، ئەو شێوازەی کە لەوەزارەتی رۆشنبیری بۆ هونەر و بەتایبەتی بۆ شانۆ دانراوە، ئەو کەسایەتیانەی لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار دەستنیشان کراون لە وەزارەت لەگەڵ رێزم بۆیان، ئەوانە هەر هەموویان دوورن لە هونەر و هیچ خەمێکیان بۆ هونەر لە ئەستۆ نیە، بۆیە تا ئێستا نەیانتوانیووە لە ماوەی (20) ساڵ حکومڕانی کورد و هەبوونی وەزارەت، نەیانتوانی هونەریی کوردیی بە هەموو بەشەکانیەوە بیکەن بە پیشەمەندی، ببێتە پرۆفیشناڵ، کوا شانۆی مناڵان کە یەکێکە لە پەیژە هەر گرنگەکانی شانۆ؟!، کوا شانۆی گەنجان ؟!، کوا پێشبڕکێ و هاندان؟! هیچ بەرنامە ڕێژیەک نیە بۆ رەوشی شانۆ، بۆیە شانۆ نەیتوانیووە رێڕەوی خۆی بگرێتە بەر، چونکە سەردەمەکەی ئێستا سەردەمێکی میزاجیە بۆیە ناچێتەپێشەوەو بەردەوام کێشەی هەیە، تا ئێستا نەیانتوانیووە پێشبڕکێیەک بۆ دەقی شانۆی کوردیی رێک بخەن، بۆیە من کێشەو گرفتی شانۆ تەنها لەوانە دەبینم و کێشەی شانۆ هیچ پەیوەست نیە بە دەق و هونەرمەند و هۆڵ، بەڵکو ئەگەر پیشەمەندی دروست بوو لەکاری هونەریی دا هونەرمەندیش لە هەوڵدان سڵناکاتەوەو بەردەوام لەبیری کاری چاک و باشدا دەبێت!”.
لە ئێستادا بەرامبەر رەوشی شانۆی کوردیی زۆر بێ ئومێدم!!
هونەرمەندی بەئەزموونی بە بواری شانۆ (عەلی ئەحمەد)، کە تەمەنێکی زۆری لەگەڵ تەختەی شانۆدا بەسەر بردووە، دەربارەی رەوشی شانۆ لە ئێستادا دەڵێت: “شانۆی کوردیی هەرچی لەسەر بگوترێ جێگای دڵ پێسووتانە، بۆ نموونە تاکە هۆڵێک کە دڵمان پێی خۆشە “هۆڵی گەلە” لەشاری هەولێر مێژوویەکی گەورەی هەیە لەگەڵ شانۆی ئەم شارە، بەسەدان کاری شانۆیی تێدا ئەنجامدراوە، تائێستا بەشێوازێکی چاک بۆمان نۆژەن ناکەنەوە تاوەکو ببینە خاوەنی هۆڵێکی مۆدێرن، بۆ ئەوەی نمایشی شانۆییەکەنمان تێدا ئەنجام بدەین، ئیتر کە هۆڵێکی شانۆییمان نەبێ، باس لە کام لایەنی دیکەی شانۆیی بکەین؟!”.
هونەرمەند (عەلی ئەحمەد)، کە پتر لە (40) ساڵی تەمەنی خۆی پێش کەشی هونەرەکەی کردووە، کەچی دوای ئەو تەمەنە زۆرە، بەرامبەر شانۆی کوردیی بێومێدەو دەڵێت : “لە ئێستادا بەرامبەر رەوشی شانۆی کوردیی زۆر بێ ئومێدم، ئیتر نازانم تازە چ ئومێدێک بۆ چاک بوونی ئەو رەوشە یاخوود بۆ داهاتوو بخوازم، خوای گەورە دەزانێ چەندە تەمەنم ماوە، ئیتر ئێمە دەرۆین و دوای ئێمەش بەتەنیا خوای باڵادەست دەزانێ رەوشی ئەو هونەرە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات !، هونەرێک لە نێو ئەو هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەی تا ئێرەمان هێنا، لێرەوەش بەداخەوە بەرەو ئەو ئاقارە رۆیشتووە، کە ئێستاکە دەیبینین چۆنە و بەچ شێوەیەکە!!”.
بەرای من شانۆی کوردیی لە ئێستادا بێ خاوەنە!!
هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ (سەعدوون یونس) دەربارەی رەوشی شانۆ لە ئێستادا بەم شێوەیە دەربڕی گوتی : “بەرای من شانۆی کوردیی لە ئێستادا بێ خاوەنە، ئیتر ئەو بێ خاوەنییە هەموو تەوەرەکانی تایبەت بە شانۆ دەگرێتەوە، وەک (دەق، هۆڵ، دەرهێنەر، ئەکتەر)ـوو کۆمەڵێک پێداویستی دیکەش دەگرێتەوە، بەداخەوە نەدەبوو وابوایە چونکە لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنەی لەدونیای ئەمڕۆدا هەیە، دەبوایە شانۆ زۆر باشتر بوایە، بەڵام سەد خۆزگەم بەجاران ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانیش باشتر بوو بە بەراورد لەگەڵ قۆناغی ئەمڕۆ !”.
شانۆکاری گەنج (کارۆخ ئیبراهیم حەکیم) سەرۆکی گروپی گەنج بۆ شانۆ لەشاری هەولێر، بەم شێوەیە بۆ چوونی خۆی دەربڕی و گوتی : “من زۆر سەیرم پێدێت، کاتێک گوێم لەهەندێک شانۆکاری بەڕێز دەبێت، دەڵێت شانۆی کوردیی لە قەیراندایە، نازانم چ قەیرانێک و چ جۆرە قەیرانێک؟! بەهەر حاڵ پێم وایە ئەو وشەیە بۆتە مۆدەیەک و وەرقەیەک بەکاری دێنن، هۆکارەکەشی ئەوەیە تائێستا نەیانتوایووە لەگەڵ واقیعی ئێستای شانۆ خۆیان بگونجێنن و کاری بۆ بکەن، من پێم وایە ئەو وشەیە رۆژانە گوێمان لێدەبێت و وەک چەکێک بەکاری دێنن لە بەرامبەر ئەو رەوشەی ئێستادا، کە ناتوانن کاری باش بکەن بۆ شانۆ، بەرای من هیچ قەیرانێک لە ئارادا نیە و من هیچ قەیرانێک نابینم لەبەردەم ئێستای شانۆی کوردیی، بەڵام من وای دەبینم تەنگژەی کاری باشمان هەیە و بەرهەمی چاکمان نیە لە ئێستادا، بۆیە من پێشنیار دەکەم بۆ هەموو شانۆکارە بەڕێزەکان چیتر ئەو وشەیە بەکار نەهێنن ئەوەندە باسی قەیران نەکەن، لەبری ئەوە با لەهەوڵدان بن بۆ کارێک بەرهەمێکی شانۆیی چاک”.
لەلای تیپەکەی ئێمە، هیچ قەیڕانێکی شانۆیی شک نابەین و قەیرانی “شانۆ” لەلای ئێمەنەماوەو “شانۆ” لەو پەری باشی دایە!!
هونەرمەندی شانۆکار (ماهیر حەسەن)، کە لە ئێستادا رۆژانە خەریکی نمایشکردنی شانۆگەرییەکی تازەیە بەناوی (پارێزەرەکەی رەحەمە)، دەربارەی رەوشی شانۆ لە ئێستادا، (ماهیر) بەم شێوە بۆ چوونی خۆی دەربڕی گوتی : “لەلای تیپەکەی ئێمە، کەتیپی هونەری “رەنگاڵە”ـیە، هیچ قەیڕانێکی شانۆیی شک نابەین و قەیرانی شانۆ لەلای ئێمەنەماوەو “شانۆ” لەو پەری باشی دایە، ئێمە هەموو سالێک بەرهەمێکی شانۆیی نمایش دەکەین و تا ئەو ساڵ گەیشتۆتە (10) بەرهەم، هەموو سالێک زیاتر لە (3) نمایشی بەرهەمەکانمان کردووە و هیچ گرفتێکمان نەبووە، ئەم ساڵیش لەیەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە، واتە تا ئەمڕۆ دەگاتە نزیکەی (45) رۆژە نمایشەکانمان بەردەوامەو بەنیازین تا دوای جەژنی قوربان هەر بەردەوام بین لەنمایشی شانۆگەریەکەمان”.
(ماهیر حەسەن) هەروەها گوتی : “لە ئێستادا گرنگ ئەوەیە چ جۆرە دەقێک دەکەیتە بەرهەمێکی شانۆیی و دەرخواردی بینەری ئەدەیت، بینەری ئێستا پێویستی بە بەرهەمێک هەیە چێژی لێوەر بگرێت، نەک دەقێک بێت نەزانێت ناوەرۆکەکەی باسی چی دەکات و لەچی پێکهاتووە، بەکوردیەکەی دەبێ بەرهەمەکە لەسەر زاری خەڵک و لەناخی خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت”.
زۆربەى زۆرى ئەو هونەرمەندانەى شانۆى کوردیی لە قەیراندا دەبینن، ئەوان بەرپرسى یەکەمى ئەم قەیرانەن!!
(کارۆخ ئیبراهیم حەکیم) سەرۆکی گروپی گەنج بۆ شانۆ دەربارەی ئەو رەوشە بەم شێوەیە بۆ چوونی خۆی دەربڕی و گوتی : “پێم وایە شانۆکارانی کورد لە ئێستادا پەیامی راستەقینەی شانۆیان لەدەست داوە، پێویستە ئەو پەیامە بدۆزنەوە، ئێمە وەک گروپی گەنج بۆ شانۆ هەموو ئەو بەرهەمانەی پێش کەشمان کردووە، بۆ ماوەی (3) رۆژ نمایشمان کردووە و تاوەکو ئێستا هۆڵەکانمان بە چۆڵی نەدیووە، سوپاس بۆ شانۆ دۆستان، کە هەمیشە بە شێوازێکی زۆر جوان ئامادەیان هەیە بۆ شانۆ لە ئێستادا،
(کارۆخ) گوتیشی : “من دەڵێم زۆربەى زۆرى ئەو هونەرمەندانەى شانۆى کوردیی لە قەیراندا دەبینن، ئەوان بەرپرسى یەکەمى ئەم قەیرانەن، ئەگەر نا بۆ گەنج بۆ شانۆ ئەم قەیرانە نابینێت، بۆ گەنجێکى جددى هەستى پێناکات، چونکە بە جددى قەیرانى شانۆ نییە، بەڵکو هەندێک تەنگژەى بچووک هەن، کە دەکرێت لەگەڵ تێپەر بوونى کات، ئەم تەنگژانەش چارەسەر بکرێت، من قەیران لە شانۆدا نابینم، ئەوەندەى قەیران لە عەقڵیەتى خەراپ دەبینم، دواتر با بێین بپرسین ئەو کەسانە کێن بەردەوام دەستەواژەى قەیران بەکار دەهێنن؟ من پێم وایە ئەوەى مسقاڵێک رۆشنبیرییەتى شانۆیی هەبێت و ئاگاى لە ووردو درشتى جموجۆڵەکانى ئەم هونەرە هەبێت، هەرگیز ئامادە نییە باسى قەیران بکات، لە کاتێکدا ئەگەر لەو کەسانە بپرسین لە کۆى 10 دە نمایش لە ساڵێکدا چەند نمایش دەبینى، وەڵامەکەى تەنها ئەو نمایشە دەبێت کە خۆى بەشدار بووە، بۆیە ئەو چەقبووستیەى لە پێشدا باست کرد بە دەورى عەقڵى ئەوان بازنەى گرتووە”.
ئەو قەیڕانەی لە ئێستادا شانۆی کوردیی تێکەوتووە، بۆ خودی هونەرمەندەکان دەگەڕێتەوە!!
هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ (زاهیر عەبدوڵڵا) دەربارەی ئەو رەوشەی شانۆی کوردیی تێکەوتووە، بەم شێوەیە بۆ چوونی خۆی دەردەبڕێ و گوتی : “بەڕای سەرەتای ئەو قەیڕانەی لە ئێستادا شانۆی کوردیی تێکەوتووە، بۆ خودی هونەرمەندەکان دەگەڕێتەوە، هونەرمەندانی شانۆکار لە ئێستادا زۆر سستن، ئەو سستی و لاوازیەش لەدوای ڕاپەڕینەوە سەری هەڵدا، چونکە بەر لە ڕاپەڕین هەموومان یەک دەنگ و یەک دەست بووین، کاری شانۆیی ئەو کات زۆر جوانتر و باشتر و بەهێزتر بوو، ئەو سەردەمە یەک قەزیەمان هەبوو یەک کێشەمان هەبوو و کارمان بۆ دەکرد، ئەویش کێشەی میللەتەکەمان و هەستە نەتەواتیەکە بوو هەموومان یەکڕیز هێشتبووە، بەڵام بەداخەوە دوای راپەڕین هونەرمەندەکان دابەش بوون بەسەر حیزبەکان ئیدی هونەرمەندەکان پەرت و بڵاو بوون، مەسەلەی شانۆ لەو نێوەندەدا زەرەرمەند بوو، ئەو یەک ریزیە بەڕای من زۆر کاریگەری هەبوو، بەداخەوە ئێستا کە نەماوە”.
(زاهیر عەبدوڵڵا) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتیشی : “خاڵێکی دیکەی ئەو قەیڕانەی ئێستاکە شانۆیی کوردیی تێکەوتووە، نەبوونی دەقی باشی شانۆییە، جگە لەوانەش نەبوونی دەرهێنەر و هۆڵی شانۆیی بەشێکن لەو گرفتە، بەداخەوە لە ئێستادا گۆڕەپانەکە چۆڵە و کەسانێک کار بۆ شانۆ دەکەن، لەشانۆ نازانن و کەچی کار بۆ شانۆ دەکەن، من لەم سۆنگەیەوە پێشنیار دەکەم حکومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنیبیری بە هەمان هەنگی کۆنفراسێک بۆ رەوشی شانۆی کوردیی ببەستن بۆ ئەوەی خاڵە لاواز و گرفتە شانۆییەکان دەست نیشان بکرێت و جگە لەوانەش جارێکی تر هونەرمەندان لە سەر یەک سەکۆ کۆبکەنەوە بەیەکەوە ئەو گرفتانە چارسەر بکەین، ئەگەرنا ئەو گرفتە بەتەنیا بەتیپێک و بە گروپێک و بەهونەرمەندێک چارەسەر ناکرێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا