میوزیکژەن پۆڵا ئیسماعیل:ئامێری فلوت ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆح و جەستە دروست دەکات
میوزیکژەن (پۆڵا ئیسماعیل عومەر)، یەکێکە لەو ژنیارانەی کە شوێن پەنجەی لەنێو ھونەری میوزیکی سەرەتای دەستپێکردنی کاری ھونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ – ٢٠٠٣ ئەو کاتەی کەدەچێتە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی شەھید جەعفەر لە کۆیە لەسەردەستی ھونەرمەندی رەوانشاد (سەردار ئەحمەد) دەست بە ژنینی میتۆدی (فلوت) کردوە دوای تەواو کردنی پەیمانگا، دەچێتە کۆلیژی ھونەرە جوانەکان زانکۆی سەلاحەدین بەشی میوزیک بە پلەی نایاب تەواو دەکات .
ھونەرمەند پۆڵا ئیسماعل لە دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی تیپی مۆسیقای سێوەبووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆتە ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا بەردەوامە خاوەنی چەندین ئاوازو گۆرانییە بەشداری لە چەندین بەرھەمی تیپی باواجی کۆیی بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە کارەکانی ئەو ھونەرمەندە بە چەند پرسیارەێک بەسەرمان کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*چی وای لە تۆ کرد ببیت بە ژنیار؟ بۆچی لە نێو ئامێرەکانی موزیک ئامێری (فلوت)ت ھەڵبژارد؟
– خۆشەویستیم بۆ ھونەر وە لەپاڵیدا پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان پاڵنەری سەرەکیم بوون بۆ ئەوەی بێمە ناو کایەی ھونەری و ببم بە ژەنیار ، ھونەری ئاست بەرز و ژەنینەکانی مامۆستا “سەردار ئەحمەد وای کرد حەزی زیاترم بۆ ھونەر ھەبێت و ئامێری فلوتی لا خۆشەویست کردم بۆیە لەوکاتەوە ئامێری فلوتم ھەڵبژارد و تائێستا بەردەوامم.
تایبتمەندیەکانی ئامێری فلوت چین؟
– یەک لە تایبەتمەندیە ھەرە سەرەکیەکانی ئامێری فلوت لای من جگە لە تایبەتمەندیە ئەکادیمی و زانستیەکەی ئەوەیەئامێرێکی ھەواییە بۆیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی دروست دەکات لەگەڵ ڕۆح و جەستە ژەنیار دەتوانێت ئەو پەیامەی مەبەستیەتی و لە ناخیەتی بە تەواوی بیپێکی و بیگەنێتە گوێچکەی گوێگرانی.
*جگە لە ژنینی فلوت خاوەنی چەند بەرھەمی گۆرانیشی،زیاترخۆت لە ژنیین دەبینیتەوە یان گۆرنی وتن؟
– بەڵێ چەند بەرھەمێکم ھەیە کە تۆمارم کردوون وەک گۆرانی بێژ وە چەند بەرھەمێکم ڤیدیۆ کلیپیش بۆ ئەنجام داوە و زۆر لە گۆرانیە کۆن و ڕەسەنەکانی کۆیەشمان تۆمارکردوون کە خۆم وەک کۆڕس تیایدا بەژداریم کردوون وە گشت ئەو بەرھەمانە ئاواز و میلۆدی جوانن و جێی شانازین بەڵام من ھەموو کات حەزم بە ژەنین کردووە و ئامێرەکەم لا سەرەکی تر بووە .
*بوونی ئامێری فلوت لە نێوئامێرەکانی تری موزیک تا چەند گرنگە؟
– بۆ تێکھەڵکێشی دەنگەکانی مۆسیقا و ڕەنگاو ڕەنگ کردنی میلۆدیەکان ھەر ئامێرێکی موزیکی گرنگی خۆی ھەیە لە نێو ھەموو گرووپە مۆسیقەکان وە ئامێری فلوتیش یەکێکە لەو ئامێرانە گرنگی خۆی ھەیە ڕەنگێکی تر دەبەخشێت بە ھەر گروپێکی موزیکی جا ڕۆژئاوایی بێت یاخوود ڕۆژھەڵاتی .
*ئەزموونت لەگەڵ ئاواز دان چۆنە؟
– لەبارەی ئاوازدانانەوە ئەزموونێکی زۆر زۆر باشم نیە چونکە من زیاتر گرنگیم بە لایەنی ژەنین داوە و ھەوڵم داوە لەو لایەنە زۆرتر سەرکەوتوو بم بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا چەند ئاوازێکم ھەیە و کارم لەسەریان کردووە کە ژمارەیان زۆر نیە لەگەڵ ئەوەشدا لەم ژمارەیە کەمەش ھەوڵم داوە مۆرکی ڕەسەنایەتی بپارێزم لە ئاوازەکان دا.
*کامەن ئەو ژنیارانەی کە بەژەنینیان سەرسامیت لە ھەمان کاتدا کاریگەریان لەسەر بەڕێزت ھەبووە؟
– وەک لە پێشتردا ئاماژەم پێدا مامۆستا سەردار ئەحمەد یەکێکە لەو مامۆستا و ژەنیارانەی کە تا مردن شانازی پێوە دەکەم و کاریگەری تەواوی لەسەرم ھەبووە وە داواکارم لە خوای مەزن ڕۆحی شادکات و جێگای بەھەشت بێت انشااللە وە مامۆستا سەرتیپ ئەحمەد کە ھیوای تەمن درێژو تەندروست باشی بۆ دەخوازم ئەمیش یەکێکە لەو ژەنیارانەی کە ھەردەم جێگەی شانازییە بۆ کوردستان و ژەنینەکانی و ئاستی ھونەری ھەموو کات سەرسامم دەکات وە ھەموو میلۆدی و ئاوازێکی جوان یاخوود کەسایەتیەکی ھونەری ئاست بەرزی تر کە زۆر جار لەوانەیە کوردیش نەبێت سەرسامم دەکات و دەبێتە جێی تێڕامانم وا دەکات بە بەردەوامی گوێگریان بم.
بەڕستەیەک چۆن ئەم وشانە پێناسە دەکەیت:
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە: قوتابخانەی ئاواز و میلۆدی ناسنامەی ھونەری ڕەسەنە لە کوردستان .
تایەر تۆفیق: دەنگێکی فرە ڕەنگی پڕ لە جوانی زیندوو بۆ ھەمیشە نەمر.
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە: تیپێکی نوێگەر پڕ میلۆدی و پڕ لە ئاوازی جوان تیپێک وەک خەرەندی ڕواندز سەخت لە ڕەسەنایەتی.
پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی کۆیە: ڕەنگێکی نوێ و زانستی تیپی باواجی و کارگەی ھونەرمەند و ژەنیارانی مەیدانی ھونەری ئێستا.
ھونەرمەند پۆڵا ئیسماعیل لە ساڵی١٩٨٧ لە شاری کۆیە لەدایک بووە و ھەر لە کۆیەش زۆربەی قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە لەگەڵ چەندین تیپی موزیکی کاری کردووە وەکو:
کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین ھەولێر. –
.- پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی شەھید جەعفەر لە کۆیە
– ئۆرکێسترای کوردستان لە ھەولێر.
– ئۆرکێسترای کۆیە.
– ئۆرکێسترای دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی.
– سەنتەری چالاکی گەنجانی کۆیە
– تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە.
– گروپی موزیکی سێوە.
– کۆڕی ھونەریی حیزبی دیموکراتی ئێران.
– ڕێکخراوی لاوانی کوردستان
– خانەی سێوەی منداڵان و چەند شوێنێکی تر
– گروپی ڕۆژئاوایی باواجی.
– زانکۆی کاسۆلیکی ھەولێر.
. – ئۆرکێسترای سۆل دۆ
Discussion about this post