سەدیق سەعید ڕواندزی
زمان لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا، زمانی گشتە و ئامرازێکە بۆ گۆڕینەوەی بیرو ڕا و ئەڵقەی پەیوەندی ھزریی و کۆمەڵایەتی نێوان کەسەکانە. زمان لێرەدا، مۆرکێکی گشتییانەی ھەیە و زمانی ھەمووانە. بەو پێیەی ھەمووان بەو زمانە دەئاخافن و گوزارشت لە ھزر و تێگەیشتنیان دەکەن. بەمەش زمان خاوەنداریەتییەکی نییە، بەڵام ھەمان ئەو زمانە، کاتێ دێتە نێو نووسین، جۆرێک لە مۆرکی تایبەتی وەردەگرێت و دەبێتە ڕەگەزێک بۆ ناسینەوەی ئەزموون و ستایلی نووسینی نووسەرێک، بە جۆرێک لە ڕێگەی ئەو زمانەوە، لە ئەزموونی نووسینی ئەوانیتری جیا دەکەینەوە. بەمەش زمان، تایبەتمەندییەکی واتایی و ھونەری وەردەگرێت و پێویستی بە ڕێساکانی نووسین، خاڵبەندی و داڕشتن و لێکدان بە گشتی ھەیە، کە ئەمە لە زمانی دەربڕینی ئاسایانەی ڕۆژدا ڕەچاو ناکرێت. بەو مانایەی ئەوەی لێرەدا گرنگە گەیاندنە، بەڵام لە نووسیندا، لە پاڵ گەیاندن، شێوە و جۆری ئەو گەیاندنەش گرنگە، کە ھەر ئەمەشە نووسین و زمانی نووسین لە زمانی دەربڕین بە مانا ئاسایەکەی جیا دەکاتەوە. تایبەتمەندییەتی زمان لێرەدا، بە مانای ئەوە نایەت کە زمان سیما واتایی و فەرھەنگییەکانی خۆی لەدەست بدات و سیمایەکی دیکەی بۆ دابتاشرێت، چونکە ڕەھەندەکانی وشە و دەربڕین لە ئاستی زمانی تایبەتدا، ھەمان ئەو چەمک و دەستەواژانەن، کە لە چوارچێوەی زمانە گشتییەکە ھەن، بەڵام ڕەھەندی واتایان دەگۆڕدرێت. شیعر یەکێکە لەو ژانرانەی، لەدەرەوەی ھەموو ڕێسایەکی زمانەوانییە و دەشێ ڕێسکانی زمان و ڕێزمان، لە شیعردا، لە دەرەوەی ئەو ڕێسا زمانیانە بن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، زمان لە شیعردا ھەمان ئاستی زمانی کۆمەڵایەتی ھەبێت، چونکە ھەموو دەقێکی ئەدەبی، بەرلەوەی ڕەھەندێکی واتایی و بابەتی ھەبێت، پێکھاتەیەکی زمانەوانی ھەیە و لە وشە و ڕستە پێکھاتووە. ئیدی ئەو ڕەھەندە زمانەوانییە، دواجار ڕەھەندی مانایی لە شیعردا دروست دەکات . نەبوونی ڕێساکانی زمان و خاڵبەندی لە شیعردا، بە مانای ئەوە نایەت، بێ ھیچ پەیوەندییەکی بابەتی و کرداری زمانەوانی، ئیدی وشەکان لە شیعردا دابنرێن، شیعر لە بنەڕەتدا ھیچ نییە، جگە لە کردەی گۆڕینی زمان، لە زمانی سادەی شەقامەوە، بۆ زمانی تێکست و نووسین. شیعر لە بنەڕەتدا، بە ھونەریکردنی ئەو زمانەیە، کردەی بە ھونەریکردنی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەو پێوەرە ئستاتیکی و ئەدەبی ز زمانیەیە، کە زمان لە مەودا کۆمەڵایەتییەکەی دەگۆڕێت بۆ زمانی شیعر. بەو مانایەی زمان کاتێ دەبێتە بەشێک لە تێکستی نووسراو، شیعریش وەک تێکست، ئیدی ئەو زمانە نییە، کە ڕۆژانە بەریدەکەوین و لە پانتایە کۆمەڵایەتییەکەدا بەشێکە لە ئامرازی ئەڵقەی پەیوەندی کۆمەَلایەتی. ئێمە کاتێ شوناسی شاعیر دەدەینە پاڵ کەسێک، لە سۆنگەی ئەو کردەی بە ھونەریکردنی زمانە، کردەیەک کە زمان لە وشە و دەربڕینی ئاساییەوە، دەگۆڕێت بۆ زمانی شیعر و چێژ و مانا. لێرەوەش زمانی شیعر و زمان بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی لە یەکتری جیا دەکرێنەوە. شیعر بەر لەوەی چێژ، مانا، تێمای شیعری بێت، لە بنەڕەتدا زمانی ئاماژە و نووسینە، ھیچ زمانێکی ماناییش بە بێ ھەڵگڕی ماناوە بوونی نییە، ئێمە چونکە بەدرێژایی مێژووی شیعر، سەروکارمان تەنھا لای وێنە و مۆسیقا و چێژی شیعریی و سەرواو کێش بووە، ئیدی بەگشتی کەمتر ئاستی زمانەوانی ڕێزمانیمان لە ئەزموونی شیعری شاعیران خستۆتە بەر فۆکس. بۆیەشە دەبینین ئەوەی بۆ ئێمە لە شیعردا بە گشتی گرنگە، ئەو مەودا ھونەریی و چێژە شیعریەیە، نەک کردارەکانی زمان، ڕێکخستنی زمانەوانی و پەیوەندی وشە و مانا و دەنگ و مۆرفیم و ستانزای شیعریی و تۆپۆگرافیای دەقی شیعری، کە ھەموو ئەمانە دواجار پێکھاتەی ھونەری دەقی شیعرین. نەبوونی ڕێسکانی زمان لە شیعردا، وەک ئەوەی شیعری خۆی زمانە و لە دەرەوەی ڕەھەندی زمانەوانییە، بەو مانایە نییە کە ئیدی تەنھا گوتن و دەربڕین لە شیعردا بکرێتە پێوەر، بەڵکو ڕێکخستنی زمانەوانییش لە شیعردا، لە ئاستی ڕێزمانیدا، دەبێ بوونی ھەبێت، بەتایبەتیش کاتێ زمان سیفەتە زمانەوانییەکانی وەک تاک و کۆ و ھاوەڵکار و شوێن و پێشگر و پاشگر وەردەگرێت. نەژادی عەزیز سورمێ، لە کۆمەڵە شیعری (تەلارساز و ھەندێ لە زیندە خەونەکانی) گەرچی ناونیشانی کۆمەڵە شیعرییەکەی تەلارسازە، بەڵام ئەوەی لەو شیعرانەدا نەبێت تەلارسازیی شیعرییە! شیعر لەبونیادنانی ئەو باڵاخانە سەد نھۆمییە دەچێت، کە دەبێت ئەندازەیانە، ھەر خشت و دیزاین و پێکھاتەیەک یەکتری تەواو بکەن، بۆ ئەوەی بە ھەموویان دواجار دیکۆرسازییەکی جوان بە باڵاخانەکە بدەن، بۆ ئەوەی لە دوورەوە ببێتە جێی سەرنج و ھەڵوەستەکردن. لەو کۆمەڵە شیعرەدا، لەکەمترین شیعردا، ڕەچاوی ئەو تەلارسازییە کراوە، شاعیر ئەوەدەی مەبەستی بووە، لە ڕووی شیعر و وێنەی ھونەرییەوە لە سەر زمان بووەستێت و شتێک لە پەراوێزی بە ناو شیعرەوە بڵێت ، ئەوەندە ڕەھەندی واتایی و زمانەوانی شیعرەکانی بەلاوە گرنگ نەبووە، بۆیە بێ ئەوەی ھەستتی پێ بکات، کەوتۆتە ھەڵەی دەربڕینی شیعریی و زمانی، بە جۆرێک تەنانەت کردارە زمانەوانییەکانی تاک و کۆشی، کە بنچینەیەکی سەرەتایانەی ھەر زمان و دەقێکە، ڕەچاو نەکردووە ،وەک ئەوەی ئیدی ئەمە بۆ شیعرو پێکھاتەی ھونەری دەقی شیعری گرنگ نەبێت. نەژاد لە شیعرێکدا دەڵێت:_
شیعر و مۆسیقا
لە ئاسمانی ھەرە بەرزەوە
بە سەر کۆشکی پاشادا دەبارێ
ئەویش بە یەکسانی
بە سەر ھاونیشتمانییانی دابەش دەکا (تەلارساز _ ل ١٥٩)
گەرچی شیعر ژانرێکە لە دەرەوەی ڕیچسا زمانییەکان و ناچێتە نێو ئەو کۆنسێپتە زمانییەی کە ھەیە لەڕووی ڕێزمانییەوە چونکە ژانرێکی ئازادە، بەڵام کاتێ مانای شیعریی ، لە پەراوێزی کردەی زمانی و ڕێزمانی دروست دەبێت، بێگومان دەبێ ڕەچاوی بنەما ڕێزمانییەکان بکرێت. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لەو کۆپلە شیعرییە بدەین، دەبینین شیعر و مۆسیقا دووانن، کەچی کرداری دەبارێ تاکە، واتا بکەر کۆیە، کار تاکە، بۆیە دەبارن دروستترە. شیعر و مۆسیقا، دوو ژانری جیاو سەربەخۆن و یەکێکییان ئەدەبییە و ئەویتریان ھونەرییە و ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکەوە نییە، بە شێوەی تاکیش دانابارن، چونکە ئامرازی واوی جیاکردنەوەیان ھەیە، کەواتا دەبارێ ھەڵەیە. وێرای ئەمەش ئەم شاعیرە دەیەوێت پەیامی ئەوەمان بداتێ، گەر پاشا نەبێت، ئێوە شایەنی شیعر و مۆسیقا نین، خودا لە ئاسمانەوە بە سەر کۆشکی ئەو دەیانبارێنێت، دواتر ئەویش وەک بەحشش و دەسکەوتێکی پاشایانەی خۆی، بە ھاووڵاتییەکانی دەدات ! بە ڕاست پاشا ھەیە لە دنیادا، یەکسانخواز و دادپەروەر بێت؟ شیعر و مۆسیقا کە لە ئاسمانەوە دەبارن، بۆچی دەبێ تەنھا بە سەر ماڵی ئەو پاشایە داببارن، کە شاعیر پەسنی داوەو پێی وایە گەر ئەو نەبێت، ئەوا کەسمان شیاوی ئەوە نین گوێ لە شیعر و مۆسیقا ڕابگرین؟ ئایا ئەرکی شیعر وەک پەشێوی مەزن وتنەنی ئەوەیە وەک چەکوچ سەری پاشاکان پان کات یان ستایشییان بکات؟ شاعیر لە وێنەیەکی دیکەی شیعریدا، ھەر پەیوەست بە کردە زمانییەکانەوە، ئەمجارەیان دەڵێت:_
بوونەوەر
چاوی شەیدایان
لە گەنجینەی سەرو بنی دنیا دایە (تەلارسازو _ ل ٧٨)
ھەندێک وشەی تایبەتمەند لەزمانی کوردی ھەن، بێ نیشانەی ئەلفونوونی کۆ، خۆیان دەلالەتی کۆ وەردەگرن، وەک ( میللەت ، گەل ، تیپ، بوونەوەر ) بەڵام کاتێ ئەم وشانە دەچنە نێو چوارچێوەی ڕستەیکی گەیاندنەوە یان ھەر ڕستەیەکی دیکە، کە تیایدا گوزارشتەکانی کرداری تاک و کۆیان تێدا بێت، ئەوا ئەو خەسڵەتە تایبەتییەی خۆیان نامێنێت. بوونەوەر لەو وێنە شیعرییەدا تاکە، کەچی چاوی شەیدایان، کۆیە چونکە نیشانەی کۆی بە سەرەوەیە، بۆیە بوونەوەرەکان دروستە. ئێمە کاتێ باسی گەلانی دنیا دەکەیەن، ناڵێین (گەلی دنیا) بەڵکو دەڵێین (گەلانی دنیا)، بەڵام کاتێ باسی گەلی کورد دەکەیەین دەنووسین (گەلی کورد) لێرەدا، ئەو گوزارشتە مانای کۆیانەی خۆی دەگەیەنێت، بەڵام گەلانی کورد، نابێت، چونکە کورد یەک نەتەوە و گەلە، وەک ھەر گەلێکی دیکەی دنیا. شاعیر وایزانیوە، بوونەوەر چونکە بە مانای کۆ دێت، ئیدی پێویستی بە نیشانەی کۆ لەو ڕستەیەدا نییە، لە کاتێکدا لە میانەی ئەو وێنە شیعرییەدا، تەلارسازیی شیعری تێکداوە و لەنگییەکی زۆری دروست کردووە. بۆیە دەبوو بنووسێت:_
بوونەوەرەکان
چاوی شەیدایان
لە سەر و بنی دنیا دایە.
ڕووێکی دیکەی ئەم کۆمەڵە شیعرەی ئەم شاعیرە، ئەو ھەڵە زەقە خاڵبەندییانەن، کە لە دێڕە شیعرەکاندا کردوویەتی. بە جۆرێک ڕستە ھەیە پرسیاری نییە، کەچی ئەو نیشانەی پرسیاری بۆ داناوە . ڕستە ھەیە پێویستی بە نیشانەی سەرسووڕمان نییە، کەچی ئەو نیشانەی سەرسووڕمانی بۆ داناوە. ئەم شاعیرە، لە شیعرێکدا دەڵێت:_
لە بازاڕی کوتاڵفرۆشان
کە ھەمیشە بە ژنان
ھەڕمێنییان بۆ دەگەڕێتەوە ؟ (تەلارساز _ ل ١٥)
شاعیر نیشانەی پرسیاری بۆ دێڕی سێیەمی کۆپڵە شیعرییەکە داناوە، کە خودی ڕستەکە ھیچ پرسیارێکی تێدا نییە، بەڵکو ئەم ڕستەیە، ڕستەیەکی ڕاگەیاندنە و پەیوەستە بە گەڕانەوەی ژنان وەک ھەواڵێک بۆ بازاڕی کوتاڵفرۆشان ! وێرای ئەمەش شاعیر وشەی ھەڕمێنی بە ھاوواتای ئاپۆڕا، یان قەرەباڵغی بەکار ھێناوە، لەکاتێکدا ھەڕمێن بە مانای بە بڕشت دێت نەک ئاپۆڕا، وەک ئەوەی شاعیر نووسیویەتی ! شاعیر لەو دەربڕینەدا دەیەوێت ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە ژنان چەندە ئارەزووی کڕینی کوتاڵ و پۆشاک دەکەن و خەیاڵیان ھەر لای ئەو کەل و پەلەلانەیە، کە ژنی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێ دەناسرێتەوە، بۆیە ناڕاستەوخۆ دێت لە پێگەو سەنگی ژن دەدات و ھەمان ئەو وێنە میللییەی کە کۆمەڵگە بۆ ژن ھەیەتی، ئەو دەیکاتە بەناو شیعرێک. دەنا ھەموومان دەزانین، مەرج نییە ھەر تەنھا ژنان بچنە بازاڕی کوتاڵفرۆشان، مەگەر پیاویش پێویستی بە کوتاڵ و سەردانیکردنی ئەو بازاڕە نییە؟ بە ڕاستی بەلامەوە سەیرە، کەسانێک ھەبن ئەو دەربڕینە ناھونەریی و میللی و خێڵەکییانە ناو بنێن شیعر. ھەر پەیوەست بە ڕێساکانی خاڵبەندییەوە، ئەم شاعیرە لە دێڕە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:_
ھەزاران ماسی
ھەزاران ماسی دەخۆن
ڕستەی دووەم، پێویستی بە ئامرازی پلەی بەراوردی (تر ) ھەیە، بۆ ئەوەی ڕستەکە، لە ڕووی مانایی و ڕێزمانییەوە، واتای تەواو بگەیەنێت، چونکە وێنە شیعرییەکەی ئەو، لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە کاتی خوێندنەوەی لەنگییەکی زۆری تێدایە. تێمای ئەم شیعرە، لە بابەتێکی خوێندنەوەی کوردی پۆلی سێیەمی بنەڕەتی ھەیە، کە تیایدا چیڕۆکەکە باس لەوە دەکات، کە چۆن ماسییە گەورەکان، ماسییە بچووکەکان دەخۆن، تا ڕۆژێکییان ماسییە گەورەکان بڕیار دەدەن، چیتر ماسییە بچووکەکان نەخۆن. بۆیە ھیچ داھێنان و شیعریەت و مانایەک لەو کۆپڵە شیعرییە نییە. بێگومان نموونەی تری لەو شێوەیە، زۆرن بەڵام ئێمە ئەوانەمان وەک نموونە ھێنایەوە. دواجار دەڵێین، دەکرێ شاعیرێک باسی تەلارسازیی بکات، بەڵام ھەرچی تەلارسازییە لە شیعرەکانی دا نەبێت؟ مەگەر ھیچ ژانڕێکی ئەدەبی، ھێندەی شیعر پێویستی بە تەلارسازیی و ڕێکخستن و ھونەری وێنە و داڕشتن و مانا ھەیە؟!
*پەراوێز: تەلارساز و ھەندێ لە زیندە خەونەکانی ، شیعر ، نەژادعەزیز سورمێ ، ساڵی چاپ _٢٠١٨.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە (١٢٤٥) لە ٣١/١٠/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post