د. فەخرەدین تاهیر :
ئەمرۆ دوشەممە 14-01-2019 مامۆستا سامان دەمەو ئێوارە لە ڕێگای هاوین هەواری سەلاحەدین ” پیرمام” و شاری هەولێردا، لەگەڵ هاوژینەکەی تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و مامۆستا سامان بەداخەوە هەر زوو گیانی لەدەست داوە و بەگوێرەی زانیارییەکان هاوژینەکەشی بە سەختی بریندارە و تەندروستیشی ناجێگیرە.
تەڵعەت سامان دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی ساڵی (1970) کانی شاری بەغدایە.
سامانی هونەرمەند لە ساڵی 1946دا لەشاری هەولێر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، لەناوەڕاستی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە کاری هونەری کردوە، خاوەنی چەندین بەرهەمی دەقی شانۆیی ودرامای تێ ڤێ کە خۆی كاری نووسین و دەرهێنانی بۆ كردون بووە، كە دیارترینیان درامای( فەقێ ئەحمەدی دارە شمان و کەوەکانی قەرەچووخ، تەلاری مەزن، خەج و سیامەند، شانۆگەریی پێشەنگا) و زۆری دیکە بووە..
لەسەر داخوازی مامۆستا سامان کە بەندە موزیکی شانۆگەریی پێشەنگا ئامادە بکەم و ئەم ئەرکە کەوتە ئەستۆی بەندە و کارەکەم جێبەجێ کرد .. ئەم شانۆگەرییە لەسەر سەکۆی شانۆیی ئامادەیی رزگاری لە گەڕەکی سەیداوە لە هەولێر لە ساڵی 1978دا چوار یان پێنج رۆژ نمایش کرا و کۆمەڵێک ئەکتەری بەتوانا بەشداریان تێدا کردبوو.
دوای تەواو بوونی نمایشی کردنی شانۆگەرییەکە لەسەر داخوازی مامۆستا تەڵعەت سامان ئاهەنگێکی بچکۆڵانە لە یانەی مامۆستایان سازکرا وخەڵاتی رێزلێنان پێشکەشە بە بەندە و چەند هونەرمەندێکی دیکە کرا.
خەڵاتەکەی بەندە لەبەر ئەوە بوو کە من ئەندامی تیپی هونەری هەولێر، بەشی شانۆ بووم و ئەوانی تریش سەر بە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لقی هەولیر بوون.
شانۆگەریی پێشەنگا لەلایەن کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی نمایش دەکرا.
لە دوماهیدا:
پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی تەواوی خانەوادە بەرێزەکەیان دەکەم.. هیوا دەخوازم دوا کۆست وخەمیان بێت..
درود بۆ گیانی مامۆستا تەڵعەت سامانی هونەرمەند و نوسەری شانۆ و درامای کوردی..هەڵبەتە یادەوەریەکانمان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە عاقڵمەند ودەستڕەنگینە لە هزرماندا هەردەم بەنەمری دەمێنێتەوە.
د. فەخرەدین تاهیر