چاوپێکەوتن : توانا تەھا
کانی سادق مارف- ناسراوە بە کانی ھەڵەبجەیی، لە ساڵی ١٩٨٦ لە شاری سلێمانی چاوی بە دنیا ھەڵێناوەو ھەر لەو شارە تاکو پۆڵی سێھەمی ناوەندی خوێندووە. دوای ئەوە لەساڵی ١٩٨٨ منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیوێک بووە، لەبڕی لایلایە بۆتە گوێگری تۆپ و فڕۆکەکانی کیمیابارانی شارە بریندارەکەی ھەڵەبجەی شەھیدو یەکەم ھەنگاوی تەمەنی بەسەر بەردە
داخکراوەکانی ئۆردوگای ھەرسیندا نا. کانی، لە یەکێ لە خوێندنگا ھاوینییەکانی ھەڵەبجە بڕوانامە بەپلەی باش لە شانۆ بەدەست دێنێت. دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ خێزانەکەیان کوردستانی بەجێ ھێشتووەو کەوتۆتە نێو ئامێزی تاڵی نامۆییەوەو تا ئێستاش لە وڵاتی ھۆڵندا نیشتەجێیەو خوێندکاری بەشی راگەیاندن – بەشی تەلەفزیۆنیە.
کانی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “لەگەڵ ساتە نامۆکانداو لەگەڵ گەردەلوولی ئەو وشانەی لە نامۆییدا لە دەرگای ھەستەکانم ئەدەن بۆ ئەوەی بیاننوسمەوە، خولیای نووسین بووم و ھۆنراوەو پەخشانم کردۆتە ھاوڕێیەک لە نامۆیی. من ھاوڕێیەکی لە مێژینەی وشەم و دوژمنی درۆو خیانەت و بێ وەفاییم. ئەوەی زۆرم حەز لێبێت راستگۆیی و خۆشەویستی پاکەو ئەوەی کە زۆر تێیدا خراپ بم، پێکەنینە. ئێستاش سەرقاڵی چنینەوەی وشە وەریوەکانی سەر زاری کیژۆڵەکانی کوردستانم.
* ئایا بزووتنەوەی شانۆ لای ئێمە لەخامۆشیەکی ترسناکدایە؟ ئەگەر وایە ھۆکارو چارەسەر بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
– من ناتوانم بڵێم لە خامۆشییەکی گەورەدایە، بەڵام بایەخێکی فرە کەمتری پێ دەدرێت. ئەمە تەنھا لە کوردستان وا نییە، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتەکانی جیھانیش وایە. ھۆکارەکەی بە بۆچونی من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ئێستادا زیاتر سینەماو دراما بایەخی زیاتریان وەرگرتووە. بەڵام ھەوادارانی شانۆ ھێشتا زۆرن و خۆشحاڵانە چەند شانۆکارێکی لاوی بەتواناش دەبینم لە مەیدانی ئێستای شانۆدا. چارەسەر ھەڵبژاردنی دەقی جوانە کە گوزارشت لە ھەستی خەڵکی ئێستا بکا، ھەروەھا ئەکتەری باش و دەرھێنەری پڕۆفێسیۆنال، ھەروەھا بایەخی راگەیاندن بە تایبەتی تەلەفزیۆن.
* کۆمەڵگەی کوردی بەشێوەیەکی گشتی لەژێر پاڵەپەستۆیەکی دەروونی رامیاری گەورەدا بووە، شانۆش تەقەلایەکی شوناسنامە، بەرگری و لەھەمانکاتدا بوارێکی داھێنەرانەش بووە، بزووتنەوەیەک ھەبوو، لەھەمانکاتدا جومووجۆڵێکی بەردەوامی شانۆیش ھەبوو. لاتان وانیە ئەو بزاڤە ئێستا تەواو پیپَچەوانە بووبێتەوە؟
– راستە زۆرێک لەو پاڵەپەستۆ رامیاریانە ئێستا نەماون، بەڵام ئێمە ھێشتا بەردەوام فشاری دەروونی و رامیاریمان لەسەرە، ئەو زمانەی بە دڵی مێژوومانەوە، ئەتوانین بیکەینە نامەیەکی ئێجگار جوان و پیرۆز لە شانۆدا. ھێشتا پەیام و نامە زۆرە بتوانین بە زمانی شانۆ بە خەڵکی بگەیەنین، بەڵام گرنگ ئەوەیە شانۆکاری باش و نووسەری باشمان ھەبێت تا بتوانن بە جۆرێکی جوان نمایشەکان بکەن تا ئەوانەی لە شانۆ زویر بوون، بگەڕێنەوە دنیای شانۆ.
* جاران رەوتەکە شانۆی تیپە میللییەکان، جمووجۆڵی لاوان، ھەندێ جار شانۆی منداڵ و بەرھەمی پەیمانگە ھونەرە جوانەکانی لەخۆدەگرت، کەچی ئێمە ئەبینین ئێستا ئەمانە ھیچی نەماون بەرێزتان ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنەوە؟
– بەھۆی ئەوەی لە کوردستان دوورم و شانۆش بایەخی ئەوتۆی پێ نادرێ لە راگەیاندنەکاندا، زۆر ئاگاداری کاروچالاکییەکان نیم. ئەوەشی من بیزانم جیاواز لە فیستیڤاڵە ھونەرییەکان ئێستا ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام دەکرێت کە نمونەیەکی نوێیە لە کوردستان گرنگی پێ دەدرێت. بۆ تیپەمیللییەکانیش وەک ھەموومان ئەزانین تیپی شانۆی رەنگاڵە ئێستا گەر شانۆیەک بکات ٣ تا ٥ مانگ بەردەوام نمایش دەکرێت. کەواتە تا ئێستا بینەرێکی زۆر باشی شانۆ ھەیە، بەڵام ئایا دەقی زۆر باشی شانۆ بوونی ماوە، یان دەرھێنەری زۆر باش لە کوێدایە، ئەم پرسیارە من رەنگە بۆ خۆتانی جێبھێڵم.
* پێتان وایە ئێمەی کورد تا چەند تێکھەڵین لەگەڵ شانۆ و حەز بەو ھونەرەدەکەین؟
– بە شێوەیەکی گشتی ئێمەی کورد نەک تەنھا شانۆ، بەڵکو بە تەواوی تێکەڵی ھیچ ھونەرێک نین، جگە لە سەمای ھەڵپەرکێ. بەڵام بێگومان چینێکی تایبەتی کۆمەڵگە ھەیە کە تامەزرۆی دنیای شانۆیە حەز بە ھونەرەکە دەکات کە بەو ھیوایەم رێژەیان زیاد بێت.
* ئایا کەمی ھۆل و گرنگی نەدان بەو ھونەرە وای کردووە لەکوردستان بینەری شانۆکەم بێت و بورای شانۆش بەو شێوەیەبێت؟
– بەداخەوە خۆی بە گشتی لە ھەموو شوێنێ گرنگی کەمتر بە شانۆ دەدرێت، بەھۆی ئەوەی لە دراماو سینەمەدا بە نمایشێکی مۆدێرن تر شتەکان بە بینەر دەگەیەندرێت. بەڵام گەر بێت و ھۆڵی مۆدێرن و دەرھێنەری بە توانا و ئەکتەری پڕۆفێسیۆنال کار نەکەن بۆ شانۆیەکی ھەنوکەیی، ئەوا ئەو بینەرەی لە ئێستادا بۆ شانۆ ماوە ھێد ھێدی لە دەست دەدرێت. بۆیە گرنگە بایەخی باش بە ھۆڵی شانۆ بدرێت و بە شێوازێکی پڕۆفێسۆنال کاری تیا بکرێت تا بینەر زیاتر لە شانۆ نزیک بکرێتەوە.
* شانۆی شەقام لەئەو رووپا باس دەکرێت، کەچەند گرووپێکی شانۆکار لەشەقامەکاندا کاردەکەن، ئایا فەلسەفەی شەقام لەکوێوە ھاتووە، بەرەو چ ئاڕاستەیەک و چ شوێنێک دەڕوات؟ ئایا نەبوونی گرووپی لەو شێوەیە لەکوردستان وای نەکردووە بینەر بەکارە ھونەرییەکانی ھونەرمەندی شانۆکار ئاشنا نەبێت؟
– شانۆی شەقام کۆنترین جۆری شانۆیە کە دەگەڕێتەوە بە یاری کردن بە بوکەکان لە سەدەی ناوەڕاستدا )KluchtenCompagnie( ئەم جۆرەی شانۆی کردە بەشێک لە کولتووری شانۆ بەوەی نمایشەکانی سەدەی ١٦ و ١٧ نمایش بکاتەوە کە گشتی نمایشی سەر شەقام بوون لەو کاتەدا. بەداخەوە ئەم جۆرەی شانۆ لە ئەوروپاش کەم بۆتەوە، بەڵام خۆشبەختانە نەمردووە و بەردەوام لە شارە گەورەکاندا دەبینرێت. بەڵام بەوەی ئەم نمایشە لەسەر شەقام دەکرێت، لە رووی تەکنیکییەوە وەک رووناکی و دەنگ، رەنگە توێنێتی بینەری ئەمڕۆ نەشکێنێت کە بە بینینی نمایشی پڕۆفێسۆنال راھاتووە، نەبوونی ئەم گرووپانە لە کوردستان بێگومان کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر سایکۆی بینەر، چونکە بینەر لە ئەزەلەوە لەگەڵ ئەمم مێژووەدا نەژیاوە.
* ئەگەر بێمە سەر پرسیاری دیکە، لەژیاندا زۆرحەزت لەچییە؟
– لە ژیاندا حەزم لە ژیانە، حەزم لەو شتانەیە کە ژیان جوان ئەکەن، حەزم لە خەونەکانمنە، حەزم لە پەروەردە کردنی بەھرەکانمە، حەزم لە ھەموو ئەو شتانەیە مانا بە ژیان دەبەخشن.
* تۆ ئێستا لە ھۆڵندا سەرقالی چنینەوەی چی؟
– من ئێستا لە ھۆڵندا لەدوای ئەوەی خۆشبەختانە بڕوانامەی یاسا سەرەتاییەکانم بەدەست ھێنا، سەرقاڵی خوێندنی بەشی راگەیاندن (تەلەفزیۆن)م و لە ھەوڵدام بۆ چنینەوەی ئازاری گەنجانی وڵاتەکەم تا بتوانم بیانکەمە قردێلە و لە پرچی شیعرەکانمی بدەم.
* وەک دیارە بەرێزتان لە چەند بوارێکا ئەتوانن سەرکەوتوانە کاربکەن بۆنمونە لەبواری ھۆنراوە نووسین و گۆرانی وتن و نووسین، کاری راگەیاندندا ئایا ئەمە بۆتۆ وەک ژنێک ئەستەم نییە؟
– کاتێ مرۆڤ بە دڵ حەزی لە شتێک یان بوارێک بێت چەندیش ئەستەم بێت ئەو ھەر بەردەوامە لە ھەنگاونان. بۆ منیش کارکردن لەو بوارانەدا چەندیش زەحمەت بێت من ھەستی پێ ناکەم، چونکە بە دڵ و بە ھەست ئیشیان تێدا دەکەم. بەڵام ئەمە چەند بۆ پیاو سەخت بێ بۆ ئافرەتیش ھەمان شێوەیە، من ھیچ جیاوازییەکی تێدا نابینم. تاکە زەعمەتی ئەوەیە ئەبێت ھەموو کات بە جۆرێک کار بکەیت کە لە ھەموویدا پڕپفێسۆنال و بە توانا بیت ئەگینا زوو ھەموو رەنجەکانت بە فیڕۆ دەچن.
* کاتێک لەگەڵ وشە یان ھۆنراوە تێکھەڵ ئەبیت ھەست بەچی دەکەیت؟
– ھۆنراوە باوەژشێکە لە تەنھاییمدا لە ئامێزم ئەگرێت، وشە دەستێکە لەخەریبیدا دەستم ئەگرێت بۆ پیاسە کردن بە شەقامێکدا کە ھەنگاوەکانم ناناسێت، ھۆنراوە، ئەو دەستەیە کە لە ساتە، خەمبارەکاندا فرمێسکەکانم ئەسڕی، کە تێکەڵ بە نووسین ئەبم ھەست بە، ئارامی و ئەمان دەکەم. ھەست بە نوێ بونەو، ئەکەم.
* بەو پێیەی قوتابیت لەبەشی راگەیاندن لەھۆڵندا، ئایا بەراوردت کردووە لەنێوان خوێندن و نووسیندا؟
– خۆشبەختانە خوێندنەکەم زیاتر یارمەتیم دەدات بۆ نووسین. بواری راگەیاندن زۆر بە نووسین تێکەڵە، بۆیە خوێندنەکەم پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ سەر شێوازی نووسینم بە شێوازێکی ئەکادیمی و سەردەمی.
* چ ئارەزوویەک ھەبوو لەبواری تەلەفزیۆنیدا بخوێنیت و ببت بەراگەیاندکار؟
– من زۆر کامێرام خۆش ئەوێ و ھەست ئەکەم کامێراش وایە بۆ من. بۆیە ھەردەم حەزم لێبووە، لەگەڵ کامێرابم، بۆیەش بەشی راگەیاندن و تەلەفزیۆنم ھەڵبژارد، چونکە لە پێنوس و کامێراشەوە، نزیکە، پاشان بەداخەوە ئاستی پڕۆفێسیۆناڵی لە تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا زۆر بە نزمی دەبینم بۆیە ئەمەوێت ھیچ نەبێ بۆشاییەکی بچووک پڕ بکەمەوە.
* ئەگەر خوێندنی راگەیاندنت تەواو کرد لەبواری تیڤیدا کاردەکەیت، یاخود وەک ئێستا دەمینێـەوە؟ ئایا ئەگەر کارت کرد حەز بەکام تیڤی دەکەیت بۆ ئەوەی کاری تێدابکەیت؟
– بێگومان من بۆیە ئەم کۆلێژەم ھەڵبژاردووە، چونکە حەز دەکەم لەو بوارەدا کار بکەم. بەڵام بە ھیوام بتوانم لە تەلەفزیۆنێکی بێ لایەنی پڕۆفێسیۆناڵدا کار بکەم تا بتوانم ئەو شتانەی لە کۆلێژ بە پڕۆفێسیۆناڵی فێری بووم پراکتیزەی بکەم بۆ خزمەت کردنی راگەیاندنی کوردی.
* بەو پێیەی بەرێزتان لەساڵی ١٩٩٩ کوردستانتان بەجێھێشت، ئایا چوونت بۆ دەروەو گیرسانەوەت لە ھۆڵندا چ کاریگەرییەکی بەسەرتەوە ھەبووە؟
– ژیان دەریایەکەو بەسەرھاتەکانی ئەو شەپۆڵانەن کە دەمان بەن و دەمان ھێنن. بەداخەوە قەدەری من غەریبی بوو. بێگومان غەریبی یەکەم ھاندەری سەرەکی بوو بۆ پێنوسەکە کە فرمێسکەکانم بنوسێتەوە. لە ئامێزی تەنیایدا وشەکان بونە ھاوڕێم و بە جادە باراناوییەکانی ئەم وڵاتە غەریبەدا پیاسەیان لەگەڵ ئەکردم. خەمەکانی غوربەت زۆر کاریگەربوون لە نووسینەکانم و ھەردەم پێنوسم غەریبی پێوە دیارە.
* خۆتان ئەوەتان گوتووە لەنامۆیدا خولیای نووسین بووم ھۆنراوەو پەخشانم کردۆتە ھاوڕێیەک لەنامۆیدا، ئایا تۆ ھاوڕێیەکی لەمێژینەی وشەی چۆن؟
– لە منداڵیمەوە، حەزم ئەکرد گریانی باران بکەمە گۆرانی و زمانی بەرد و گوڵ و پەپوولە وەرگێڕم بۆ زمانی مرۆڤەکان. ئەمویست ھەموو ئەو شتانە بێنمە دواندن کە ھەستم ئەکرد وشەیان پێیەو نازانن دەریبڕن. حەزم ئەکرد دەوروبەرم بنووسمەوە. بە درێژایی رۆژگار ھەوری وشە لە ئاسمانی دڵم زیادی دەکرد، بەڵام ئەم ھەورە دڵپڕانە تەنھا لە نامۆییدا بارینە چاوی پێنوسەکەم و لە رووباری لاپەڕەکەمەوە رووچونە نێو دەریای ھەستی خۆم و خوێنەر.
* ئێوە ئەڵێن من ھاوڕێیەکی لە مێژینەی وشەم و دوژمنی درۆو خیانەت و بێ وەفاییم، دەپرسم ئایا کانی ھیچ کاتێک خیانەتی و بێ وەفایی بەرامبەر کراوە؟
– بێگومان ھەر مرۆڤێک لە بەھاکانی مرۆڤایەتی تێبگات ئەبێت دژی خیانەت و درۆ و کردەوەی ناشرین بێت. ھەروەھا بەداخەوە ئێمە ئێستا لە جەنگێکداین دژی خۆپەرستی و ڕۆژگارەکە وای لێ ھاتووە لە نزیکترین کەسانتەوە خەنجەر لە جەرگت ئەدرێت!. بەڵێ من بێوەفاییم بەرامبەر کراوە، رەنگە خۆشم بە بێ مەبەست بێوەفاییم کردبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە ھەموو شتێکدا ھەستانەوەی راست فێر بین.
* پێتان وایە خەم و ئەسرین بەوەفابن بۆ مرۆڤ؟
– ھیچ کەس وەک خەم و ئەسرین بە وەفا نییە. کە بوونە ئەویندارت باوەڕیان بە لێک دابڕان نییە، رەنگە ئەمە تەنھا تەعبیر کردن بێت لە ھەستێکی خەمناک لە کاتێکی دیاری کراودا، چونکە کاتێ خەم مرۆڤ دادەگرێت زۆر زەحمەتە دەستبەرداری بێت و لێی داببڕێت.
* بریارت نەداوە بەئێکجاری بگەڕێتەوە کوردستان؟
– بەڵێ من دەمێکە ئەو بڕیارەم داوە، بەڵام بەداخەوە بەپێی چەند شتێکەوە تا ئێستا بۆم نەگونجاوە. بەڵام خودا یار بێت لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێمەوە ئامێزی وڵات بە ئێجگاری.