(١٠) وڵات بەشداری پێشبڕکێی فیستیڤاڵ دەکەن
(ھیوا سوعاد) سەرۆکی فیستیڤاڵ بۆ “ھەولێر”
پلان و چالاکییەکانی ئەم ساڵی فیستیڤاڵ بە شێوەیەکی بەرچاوتر و فروانتر دەبن!”
دووەم فیستڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر، بۆ شانۆ لەلایەنی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ لەئێستادا ئامادەکاری بۆ دەکرێت، کە وا بڕیارە لە ١٨ـی ئەم مانگە دەست پێبکات، بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ فیستیڤاڵی ئەم ساڵ بە شێوازێکی جیاوازتر ئامادەکاری بۆ کراوەو چەندین تیپ و گروپی شانۆیی لە چەندیین وڵاتەوە بانگھێشت کراون، ھەروەھا چەندیین ھونەرمەندی شانۆکاری عەرەبی و بیانی لەوڵاتە جیا جیاکان بۆ فیستیڤاڵە بانگھێشت کراون، لەدیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ھونەرمەند(ھیوا سوعاد) بەڕێوەبەری شانۆ و سەرۆکی فیستیڤاڵی ھەولێر بۆ شانۆ، باسی لەناوەرۆکی ئامادەکارییەکان و ناوەرۆکی فیستیڤاڵی بۆ کردیین.
ئامادەکارییەکانتان بۆ دووەم فیستیڤاڵی ھەولێر بۆ شانۆ چۆن کراوە؟
فیستیاڵەکە ئەم ساڵ بۆ دووەم جارە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت، وا پلانمان بۆ داناوە لەو رێکەوتە ١٨/٩ بەڕێوەبچێت و ببێتە نەریتێکی ساڵانە ئەو فیستیڤاڵە، جگە لەوانەش ئەم ساڵمان ھەوڵمانداوە فروانتری بکەین و پەیوەندەییەکان بە تایبەتی لەسەر ئاستێکی بەرزتر رێکبخەین، زۆرینەی پەیوەندییەکانمان لە رێگەی “ئای تی ئای” جیھانی و لەگەڵ ماڵی شانۆی ئەڵمانی و بنکەی عەرەبی شانۆی ئەنجامداوە، بە شێوەیەکی گشتی فیستیڤاڵی ئەم ساڵمان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار جیاواز تر دەبێت”.
چەند وڵات بانگھێشت کراون و بەشدارن لە فیستیڤاڵ ؟
ئەو وڵاتانەی بەشدارن، دیارە ئێمە لە پار ساڵەوە لە رێگەی “ئای تی ئای” جیھانیەوە پەیوەندیان بەو وڵاتانەوە کردووە، ئەوان لێژنەیەکیان پێکھێنابوو، دەستنیشانی بەرھەمەکان و تیپە شانۆیەکانیان کردووە، ژمارەی ئەو تیپانەی بەشدارن لە (١٠) وڵات پێکھاتوون، ئەوانیش بریتین لە (ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، تورکیا، ئێران، میسر، ئوغەندا، پاکستان، عێراق) ھەروەھا (کوردستان)ـیش بە بەرھەمێکی شانۆیی بەشداریی دەکات”.
جگە لەتیپە شانۆییەکان ھونەرمەندانی کامە وڵات بانگھێشت کراون؟
ھونەرمەندەکان لە (بەحرین، مەغریب، میسر، پاکستان، ئێران، سوید، فەرنسا) بانگھێت کراون، کەسایەتی زۆر گەورەو بەھێزن لە نێو مێژووی شانۆدا لەوڵاتەکانی خۆیان تەنانەت لەسە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیھانیش، ئەم ساڵ ڕەنگە میوانداری کردنی ھونەرمەندان وەکو پارساڵ بەو شێوە زۆری و بۆریە نەبێت، ئێمە دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی ئەو میوانە بە ئەزموونانە وەربگرین کە لەدەرەوە ھاتوون، بە ڕەخنە و پێشنیار و سازدانی کۆڕ و سیمنارەکان سوودیان لێوەر بگرین بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو پاشتر جواتر ئەو فیستیڤاڵە ساز بکەین”.
لە رووی ئامادەکارییەوە چ جیاوازییەکتان کردووە، بە بەراورد لەگەڵ فیستیڤاڵی ساڵی رابردوو ؟
جیاوازیەکان زۆرن، چونکە پارساڵ ئەزموونێکی سەرەتامان بوو، کە بەشێوەی نێوەدەوڵەتی فیستیڤاڵێکی لەو جۆرە ساز بکەین، دیارە ئەم ساڵ بەرچاو روونیەکی باشمان ھەبوو، لە رووی ستایلی بەرھەمە شانۆییەکان جیاوازی ھەیە، بۆ نموونە پار ساڵ شانۆی (مۆنۆ دراما، ئیرتیجالی، نمایشی) چەند جۆرێکی دیکەشی تێدا ھەبوو، بەڵام ئەم ساڵ وەک ساڵی پار نابێت و تیپەکان تیپی باش و ناودارن بەرھەمەکانیان بەرھەمی زۆر چاکن، جگە لەوەش میوانەکان و ئامادەکارییەکان بە شێوەیەکی گشتی باشتر کراوە”.
پار ساڵ گلەیی ئەوەتان ئاڕاستە کرا، کەمتر دەرفەت درابوو بە تیپە شانۆییەکانی کوردستان، ئەم ساڵ چیتان کردووە بۆ ئەو بابەتە؟
ئەم ساڵ دەرفەتی باشترمان بۆ تیپەکان رەخساندووە، نووسراومان بۆ ھەموو بەڕێوەبەرایەتیەکانی شانۆ کردووە، لە شارەکانی (سلێمانی، دھۆک و کەرکوک) بۆ ئەوەی بەرھەمێکی شانۆیی دەست نیشان بکەن و بۆمان بنێرن، بەڵام تا ئێستاکە وەڵامیان نەبووە، بۆ بەرھەمە کوردیەکان چەند شانۆکارییەکمان دەست نیشان کردووە لە پەراوێزی فیستیڤاڵ نمایش بکرێن، بەرھەمێکی شانۆی کوردیش دەچێتە پێشبڕکێی فیستیڤڵ لەگەڵ تیپەکانی بەشداربووی وڵاتان، چونکە ناکرێ دەرفەت بدەی بە (٦) تیپی کوردستان، بەڵام وڵاتانی دیکە ھەریەکەیان بە (١) تیپ و بەرھەم بەشدارن، ئەوە لە پرەنسیبی ھیچ فیستیڤاڵێک ئەو کارە جێی نابێتەوە”.
لە چوار چێوەی فیستیڤاڵدا بەنیاز نین چەند خەڵاتی تایبەت پێش کەشی ئەو شانۆکارانە بکەن کە خزمەتیان بە شانۆی کوردیی کردووە؟
لە فیستیڤاڵ دیارە چالاکی زۆرە، ئێمە جگە لە نمایشی شانۆیی پێشنگایەکی گەورە دەکەینەوە، کە چەندیین وێنەی سەرنج راکێش نمایش دەکرێت، چەند کتێبێک و گۆڤارێکیش تایبەت بەشانۆ چاپ دەکەین، کە بایەخمان بە چەند دەقێکی شانۆیی داوە لەوانە دەقەکانی (م/ ئەحمەد سالار، تەلعەت سامان، ئازاد بەرزنجی، نیھاد جامی) بەچاپ دەگەینین، بۆ بابەتی خەڵات و رێزلێنانیش بیرمان لەوەش کردۆتەوە، بەڵام جارێ ئەو بابەتە نەچۆتە چوار چێوەی چالاکییەکان و بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر بکرێت شتێکی جوانەو پشتکگیری لێ دەکەین”.
فیستیڤاڵەکە ماوەی چەند ڕۆژ دەخاینێت و تەورو سیمناری شانۆیی ئامادەکراون ؟
ماوەی (٧) رۆژ دەخایەنێت، چەند سیمنار و تەوەری تایبەت بە شانۆ ئامادە کراون، چەند ھونەرمەندێک و نووسەرێکی شانۆیی بەناوبانگ سازی دەکەن، لەوانە (عەبدولکریم بەشیر) لەسەر شانۆیی ئاھەنگ سازی، (موحسین عەزاوی) لەسەر سیمۆگرافیا سیمناریان دەبێت، چەند ھونەرمەندێک و نووسەرێکی کوردیش خەریکین ئامادەکارییان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش کۆڕیان ھەبێت”.
بودجدەکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە ئامادەکراوە بۆ فیستیڤاڵ یا لایەنی دیکە پشتکگیری کردوون ؟
ئێمە بەشێکین لەوەزارەتی رۆشنبیری، بودجەکە لەلایەن وەزارەتەوە دابینکراوە، بەڵام چونکە میوانی زۆرمان ھەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لەو وڵاتانە دێن دیارە مانەوەیان و خەرجی رێگا، ئەگەر تووشی کورتی بوین لە بودجەکە ئینجا روو لە سپۆنسەری کۆمپانیاکان دەکەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پلانێکی باشمان داناوە بودجەکە بەشمان بکات”.
لە رووی راگەیاندنەوە لەگەڵ دەزگا راگەیاندنەکان چ پلانێکتان داناوە بۆ ئەوەی چالاکییەکان نیشانی بینەرانی ناوەو دەروەی وڵات بدرێت؟
ئێمە ھیوادارنین ھەموو دەزگا راگەیاندنەکان ئەو فیستیڤاڵە بە فیستیڤاڵی خۆی بزانێت، ئەو فیستیڤاڵە بۆ ناوی کورد و لە کوردستان ساز دەکرێت، لە ھەولێری پایتەخت ئامادە بوونی ئەو تیپ و میوانە بینیانە ئەو رووداوێکی مێژووی و ھەروەھا نیشاندانی رووی کەللتوور و ھونەریی وڵاتەکەتە بەرووی ئەواندا، بۆیە من ھیوادارم دەزگا راگەیاندنەکان بە خوێنراو بینرا و یستراوەو بایەخێکی چاک بە رۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵ بدەن، نەک تەنیا لە رۆژی یەکەم کۆتایی ئامادەییان ھەبێت و پاشان رووداوەکانی دیکە نەگوازنەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا