کارۆخ مەلا ئەسعەد: کریستاڵ) لەم دیمانە تایبەتەدا باسی ھەندێ لە شتە تایبەتییەکانی خۆی دەکات، کە پێشتر لە ھیچ دیمانەیەکدا ئاماژەی بۆ نەکردوون، بۆ نموونە دەڵێت: “بە گرفتی نازانم کە پێشتر ناوم (کانیاو) بووە و، ئێستایش بە (کریستاڵ) ناو دەبرێم، چونکە مامۆستا (ھەڵکەوت زاھیر) ئەو ناوەی پێ بەخشیووم، بۆیە خەیاڵم ئاسوودەیە.” ئەو ھیچ بەلایەوە شوورەیی نییە کاتێک ڕاستەوخۆ “بەحەی” گۆرانی دەچڕێت. بۆیشی کارێکی ئاستەم نابێت کە لە ھەردوو بواری گۆرانی و درامادا درێژە بە کارە ھونەرییەکانی خۆی بدات.
* لە ھەر دوو بواری ھونەریدا ئەکتەری و گۆرانیبێژیشدا چالاکیت، لە یەک بواردا کار بکەیت باشتر نییە؟
ـ ئێستا زیاتر سەرقاڵی ھونەری میوزیک و گۆرانیم، بەڵام ھەر کاتێک کە بێت و کارێکی باشم بۆ بێتەوە پێشەوە وەک دراما، بێگومان قەبووڵی دەکەم ئەگەر دەقەکەی باش بێت، چونکە توانایەکی باش و پتەو لە خۆمدا بەدی دەکەم، بۆیە لام ئەستەم نابێت کە لە ھەردوو بواریشدا ڕۆڵ بگێڕم.
* لە چەند بەرنامەیەکدا زیندوو و ڕاستەوخۆ گۆرانیت چڕیوە و، پاشانیش بینەر بە دوو لایەنە ڕای ھەبووە لە سەر توانای دەنگت، بەڵام زۆر گۆرانیبێژ ھەیە خۆی لە چڕینی گۆرانی ڕاستەوخۆ لا دەدات، بۆیە تۆیش ھەست بەترس و شەرمێک ناکەیت کاتێک بە لایف گۆرانی دەچڕیت؟
ــ زۆر بە ئاسایی دەبینم کە گۆرانی بە لایف بڵێم، بۆیەیش ھەمیشە بەبێ ھیچ ترس و شەرمێک گۆرانیم بەم شێوەیە چڕیوە. بۆ بترسم کاتێک لێم سوورە ئەو توانایە لای من ھەیە و تێیدا سەرکەوتووم؟!
*بەر لە گۆرانی گوتن، لە بواری شانۆ و درامادا ناوت (کانیاو) بوو، بەڵام کە بوویت بە دەنگبێژ بوویتە (کریستاڵ)، بینەر چۆن بتوانێت ئەو بابەتە لێک بکاتەوە؟
ــ نازناوی (کریستاڵ) مامۆستا (ھەڵکەوت زاھیر) پێی بەخشیم، ئێستایش لەم ناوە زۆر ڕازیم. گرفتێکیش نییە کە پێشتر ھەر ناوێکم ھەبووبێت.
* (میرا) دەڵێت:” خاوەنی زۆرترین دووێتم لەگەڵ گۆرانیبێژە ئافرەتەکاندا، بەڵام لەگەڵ تۆمان نەبینیوە؟
ــ ھەڵبەتە ئەو دەرفەتەمان تا ئێستا بۆ نەڕەخساوە بۆ کارێکی وەھا، بەڵام ھەر کاتێکیش دەرفەتێکی گونجاو بێتە پێشەوە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە دووێتێک بە یەکەوە بەرھەم دەھێنین، چونکە (میرا) توانای دەنگی لە ئاستێکی بەرزدایە و زۆرم حەز لە دەنگێتی.
* پلانی ھیچ کاریکی تازەت دەبێت لەم نزیکانەدا؟
ــ بێگومان خەریکی بەرھەمھێنانی چەند کارێکی تازەم.