لەساڵانی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٢، زیاتر لە ٣٢ ھەزار ھاووڵاتی لە کوردستان بوونەتە قوربانی رووداوەکانی ھاتووچۆ، ھەر لەم ئامارە راگەیاندراوەدا ھاتووە رۆژانە لە کوردستان بە ھۆی رووداوەکانی ئۆتۆمبێلەوە یەک ھاووڵاتی گیان لەدەستدەدات ئەوەش دەرکەوتووە کە ” ماوەی سێ ساڵە رووداوەکانی ھاتووچۆدا زۆرترین مردنی مرۆڤەکانی بەدواوەبووە کە رووداو ھەبووە لە
یەک رۆژدا ٣٠ ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی”.
وەک سامان ئیبراھیم، فەرمانبەر لەفاکەڵتیی ئاداب، بەشی راگەیاندن ئاماژە بەوەدەکات و پێیوایە ئێستا لە کوردستان زۆرترین حاڵەتەکانی مردن بەھۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوەیە، سامان پێیوایە ئێمە دووچاری کارەساتێکی مەزن ھاتووین بە ھۆی ئۆتۆمبێل، چونکە زیانەکانی زۆر مەترسیدارە ئەویش رووداوەکانی ھاتوچۆیە کە رۆژانە ھەر بە ڕوانینێکی کەم لە تیڤی و رۆژنامەکان دەبینی چ دە قەومێ لە رێگاکانی ئێمە”. گووتیشی ” ئامارەکان زۆر مەترسی دارن رێژەی قوربانی بە رووداوەکانی ئۆتۆمبێل رۆژ لە دوای رۆژ لە بە رزبونەوەدان کە ئەمەش ھۆکارەکانی ھەمەجۆرن (خێرایی شوفێر- خراپی رێگاوبان- بێ پلانی حکومەت، نەبوونی رۆشنبیری ھاتوو چۆ چەندین ھۆکاری تر) ئەمە وێرایی زیانی گیانی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کاریگەر لە سەر خێزان کە زۆر جار شیرازەی تێکدەدات ئەمە لەسەر ئاستی سامانی نە تەوەیش کەوا لەدەست دانی تاکی کۆمەڵگەو زیانی ئابووری بۆ نەتەوەیەک دێنێتە کایەوە”.
سەھەند- کوڕە گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی دانیشتوی شاری شەقلاوەیەو دەڵێت “کەسانێکی زۆر نزیکی خۆم بە رووداوی ئۆتۆمبێل لەدەست داوە، ئێستاش کە رووداوی ئۆتۆمبێل روودەدات خێزانەکەی ئێمە پرسەکەیان تازە دەبێتەوە، ئەم گەنجە ئەوەشی گووت “ئاخر لە کوردستان رێگەیەکی ئەو تۆمان نییە، شوفێرەکانمان وەکو پێویست نین، نرخ بۆ مرۆڤ و بۆ خێزان دانانێن، بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم لەم ھەرێمی ئێمە چ مرۆڤە چ ئاژەڵ و باڵندەیە زۆرترین قوربانین ئەویش بەھۆی رووداوی ئۆتۆمبێل”.
ئەم گەنجە نیگەرانی خۆی دەبڕی کە ئێستا ھەم یاساو رێسایی دیکە سەپێندراون کەچی رووداوەکانی ھاتووچۆ رۆژ بەرۆژ لەزیاد بووندان، ئەمەش کاری گەری خراپی لەسەر لایەنی ئابووری کۆمەڵایەتی خێزانی، ژینگە، لایەنی رۆحی مرۆڤەکان دروستکردووە، بەر لە ھەمووشتیش شیرازەی خێزانی تێک داوەو کۆمەڵگەی دووچاری گرفتکردووەو خێزانەکانی لێک ھەڵوەشاندوونەتەوە”.
کافیە – ناوی خوازراوی ئافرەتێکی خاوەن دوو منداڵە، ئەو بە ھۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە باوکی ھاوسەرەکەی لەدەستداوە، ئەم ئافرەتە بۆچوونی جیاوازی ھەیەو لایوایە تا ئێستا ھەر گرفتێک روویدابێت رێگەو شەقامەکان ھۆکاری سەرەکی بوونە، نموونەش بەوە دێنێتەوەو دەڵێت “لە کوردستان تا ئێستا ھاتووچۆ نەی توانیوە لە ھەموو شوێنەکان تابڵۆو فسفۆردابنێت و ھێماکانی ھاتوو چۆ بێ گرفت بکا، ئەوە یەکێک لەھۆکارەکان، ھۆکاری دیکە کەھەموومان لێی بێدەنگین ئەویش کاتێک رێگەیەک نۆژەن دەکرێتەوە بەڵێندەرەکان ھیچ گرنگیەک بە شوێنەکە نادەن بە ویستی خۆیان کەچی چاکیان کرد چاکی دەکەن ئەگینا نە فسفۆرێک نە ھێمایەکی ھاتوو چۆ نە کردنەوەی رێگەیەکی تر تا کارەکانی تەواو دەبێت، ئیتر ئەمە گرفتی زۆرن من یەکێکم لەوانەی کە باوک و ھاوسەرەکەم وەھا لەدەستدا”. شیرین بەچاوی گریانەوە دەقیقەیەک وەستاو گووتی “منیش لەگەڵیان بووم کاتێک رووداوەکە روویدا بەڵام من لەدواوەی ئۆتۆمبێل بووم تەنیا زامدرابووم و ئیتر خۆم لە نەخۆشخانە بینوەو دوو تەرم بەتەنشتمەوە بوون”.
دیار مستەفا باڵەکی- قوتابی زانکۆی سۆران – بەشی کوردی، پێیوایە ھەندێک لە رووداوەکان خەتای شوفێرەکانی تێدایە بەوەی لەکاتی رۆیشتن مۆبایل بەکار دەھێن و خۆیان بەشتی تر سەقاڵ دەکەن”. دیدار ئەوەش دەڵێت “زۆر بەی جاریش مرۆڤ مانای ژیان نازانیت و ھەست بە خۆشەویستی بەرامبەر ناکات کە کەسێک بەندە بە ژیانی ئەوە یان بەرپرسیاریەتی ھەندێ کەسی لە سەرە ژیانی دەکاتە پێناسەی خۆی بۆ بەرامبەرەکەی ھەست بە بوونی دایکی یان منداڵی یان خێزانی ناکات کە لە دوای کۆتایی ژیانی ج شت جاوەڕوانیان دەکات کێ یارمەتیان دەدات، یاخود خێزانەکەی چی بەسەر دێت و دەکەوێتە کوێ دنیا”. دیار مستەفا- لایەنێکی دیکەی رووداوەکان باس دەکات و رایدەگەینێت لایەنی ئابووری ئەم گرفتە زۆر جێگەی پرسیارەو رێژەیەکی زۆر سامانی مرۆی لەم ولاتەی ئێمە ئەچێتە کڕینی ئۆتۆمبێل و ئەویش زۆربەی کاتەکان رووداوەکان تێکی دەشکێنن و سامانەکە لەبەین دەبەن”.
ئەم قوتابیەی زانکۆی سۆران، رەخنە لەو بەڵێندەرانە دەگرێت رێگەکان چاک دەکەنەو ھیچ ھێمایەکی ھاتووچۆ دانانێن بۆ ئەوەی شوەفێرەکان بزانن کە رێگە لە ژێر چاککردنە، یاخود لایەنی ھاتوو چۆ تا ئێستا نەی توانیوە وەکو پێویست تاسەی ستاندارد دروستبکات و رێگەو شەقامەکانی لەتاسەی کۆنکریت و چیمەنتۆ رزگار بکات کە ئۆتۆمبێلەکانیان تێک شکاندوون و وای کردووە کۆنترۆلی سوکانیان لەدەست دەربچێت”.
بەبڕوای مامۆستا سوعاد ھەودیانی- تیرۆری سپی کە لەرێگەی ئۆتۆمبێلەوە رووبەروومان بۆتەوە زۆر مەترسیدارەو ماڵی خێزانی کوردی وێرانکردووە، چونکە بۆتە ھۆکاری دەیان کارەساتی دڵتەزێن و لێک ترازاندنی خێزان و شیارەزەی کۆمەڵگەی پساندووە”. ئەو مامۆستایە پێیوایە ھۆکار گەڵێک ھەن کە وای کردووە رووداوەکانی ئۆتۆمبێل لە کوردستان روو لەزیادبوون بێت، ئەویش دەگەرێنێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی یەکێک لەوانە نەبوونی رێگەی باشن و دووەمین خودی شوفێرەکیان کەم تەرخەمن لەھەمبەر بەکارھێنانی رێساکانی ھاتووچۆ بەوەی بەکەمی نەبێت ھێماکانی ھاتوو چۆ بەکار ناھێنن ئەمەش شوفێران رووبەرووی مەرگ دەکاتەوە”.
سوعاد ھەودیانی- ئەوەشی گووت “ئێستا لەکوردستان بەشێکی زۆری خەڵک بە رووداوەکانی ھاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن و خێزانەکان پەرتەوازە دەبن و ناخۆشی ئەکەوێتە نێوانیان، ئەمە بێگەلەوەی منداڵەکان بێ باوک یان دایک دەبن، کەسانێکی زۆر خۆشەویستانیان لەدەست دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە “لایەنی ئابووریش زیانێکی زۆری پێدەکەوێت و دەبینین ئۆتۆمبێلێک بە نرخێکی خەیاڵی دەکڕدرێت کەچی لە پڕێکا دووچاری تامپۆن دەبێت سامانە زیندووەکە دەمرێت و بە ھەدەر دەڕوات”.
ئامادەکردنی- توانا تەھا