بورھان شێخ رەئوف
دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بەردی بناغەی نۆکەندی ئەستەنبوڵی دانا کە ھەردوو دەریای ڕەش و مەڕمەڕە بە یەکەوە دەبەستێت ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆف ڕایگەیاند کە دڵنیایی تەواوی وەرگرتووە لە ھاوتا تورکیەکەیەوە مەولود چاویش ئۆغلو کە بنیاتنانی کەناڵی ئەستەنبوڵ بۆ ئاسانکردنی ھاتوچۆی دەریاییەو ، نابێتە ھۆکاری زیادبوونی ھێزە دەریاییەکانی ھاوپەیمانی ناتۆ لە دەریای ڕەش .
ئەمە لە کاتێکدایە ھەفتەی پێشوو لە دەریای ڕەشدا بە ھۆی بەریەککەوتنی کەشتییەکی بەریتانی و کەشتیەکانی ڕوسیاوە ، قەیرانێکی دیبلۆماسی لێ کەوتەوە کە دواتر بانگھێشتی باڵوێزی بەریتانیای لە روسیا کرا ، کە دواتر مەشق و نمایشی زیاتری ھێزەکانی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی بە سەرۆکایەتی ئەمریکای بەدوادا دێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا .
لافرۆف و چاویش ئۆغلو
لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشدا لە شاری ئەنتالیای باشوری تورکیا لە ٣٠/٦/٢٠٢١ سێرگی لاڤرۆف بەڵێن و دڵنیایی لە ھاوتا تورکیەکەی مەولود چاویش ئۆغلو وەرگرت ،پلانی ھەڵکەندنی نۆکەندی ئەستەنبوڵ بە ھیچ شێوەیەک گۆڕانکاری بە سەر نەخشەو ئەحداسیاتی بوونی ھێزە بیانیەکان کە مەبەست لێ ی ھێزەکانی ناتۆیە نایەت لە دەریای ڕەش .
لە بەرامبەردا مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا پێداگری لە سەر ئەوە نەکرد کە وڵاتەکەی پابەندە بەوەی کە بوار نەدات ھاوپەیمانی ئەتڵەسی کەشتیگەلی جەنگی زیاتر ڕەوانەی دەریای ڕەش بکات ، تەنھا ئەوەندەی وت کە نۆکەندی ئەستەنبوڵ ھیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی نابێت لە سەر ڕێککەوتننامەی (مۆنترۆ ) ساڵی ١٩٣٦ کە ھاتۆچوی دەریایی نێوان ھەردوو تەنگەی بوسفۆرو دەردەنیل ڕێکدەخات .
ھەروەھا چاویشئۆغلو ئەوەشی زیاد کرد کە ھەڵکەندنی ئەم کەناڵە ئاوییە ھیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتننامەی (مۆنترۆ) ناھێنێتە کایەوە ،ڕێککەوتننامەکە ئەحکام و دەستەڵاتی تایبەتی خۆی ھەیە کە باس لە چۆنیەتی پێداچوونەوەو ھەڵوەشانەوەی دەکات ، ھەروەھا ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەم نۆکەندە تازەیە بە یاساکانی دەوڵەتی تورکیا مامەڵەی تێدا دەکرێت و دەبرێت بەڕێوە .
ئاڵۆزی لە دەریای ڕەشدا
لە کاتێکدا ئەم قسەو باس و لێدوان و دڵنیاییانەی ڕوسیاو تورکیا دەبیسین لە سەر کەناڵی ئەستەنبوڵ ، لەلایەکی ترەوە گرژی و ئاڵۆزییەکی تر بەدی دەکرێت لە نێوان ڕوسیا و خۆرئاواییەکاندا لە لایەکی ترەوە ، بە ھۆی جوڵانی کەشتیگەلی ناتۆ بەرەو دەریای ڕەش .
لە ڕۆژی ٢٠/ ٦/ ٢٠٢١ ھێزی دەریایی ڕوسیا چەند گوللەیەکی ئاگادار کردنەوەیان ئاڕاستەی بارجەیەکی دەریایی بەریتانیا کرد بە تۆمەتی ئەوەی ھاتۆتە ناو ئاوەکانی ڕوسیاوە لە دەریای ڕەش ، لە دوای ئەم ڕوداوە مانۆڕی سەربازی لە دەریای ڕەشدا ئەنجامدار لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکاو چەند وڵاتێکی تریش .
لە لای خۆیەوە فلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند ئێمە لە تواناماندا بوو بارجە بەریتانیەکە نوقمی ئاو بکەین ، بەڵام لە بەرئەوەی جەنگی جیھانی سێیەم ھەڵنەگیرسێ خۆمان پاراست ، بەڵام ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەستی لەو کارەدا ھەبووبێت و بە کارێکی ئیستیفزازی وەسفکرد .
ڕێککەوتننامە مۆنترۆ
ڕێککەوتننامەی ( مۆنترۆ) کۆت و بەندی توندو سەختی لە سەر جموجووڵی کەشتیگەلی سەربازی و جەنگی ھەیە لە دەریای ڕەشدا ، بەڵام گرنتی جموجووڵی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لە سەروەختی ئاشتی و جەنگدا .
ھەر لە بەر گرنگی ئەم بابەتە بۆ ڕوسیا و بۆ ئاسایشی ئیستراتیجی و ھاتۆچۆی بازرگانی کە زۆر مەبەستیانەو بە مەسەلەی مردن و ژیانی خۆیانی دەزانن ، فلادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیای فیدراڵ لە نیسانی ٢٠٢١ داوای لە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆگان کرد کە پابەند بن بە ڕێککەوتنامەی (مۆنترۆ) و بیپارێزن .
لە بەرامبەریشدا دواتر ئەردۆگان ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی ھیچ نیازێکی نیە لەو ڕێککەوتننامەکە بێتە دەرەوە ، ھەروەھا زۆر بە گرنگیەوە لەو دەستکەوتانە دەڕوانێت کە وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی مۆنترۆ دەستی کەوتووە ،بۆیە بەردەوام پابەندەبین بە ھەموو بەندەکانیەوە تاوەکو دەستکەوتی باشتر بەدەست بھێنین .
پرۆژەی نۆکەندی ئەستەنبوڵ
٢٦/٦/٢٠٢١ سەرۆکی تورکیا بەردی بناغەی یەکەم پردی کەناڵی ئەستەنبوڵی دانا ، ئیتر بە کردەیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەستی پێکرد کە پێشتر لە ساڵی ٢٠١١ ەوە ڕاگەیەنرابوو ، لە کاتێکدا ڕەخنەوە گلەیی و گازندەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا لە لایەن ھێزە ئۆپۆزەسیۆنەکانەوە بە تایبەتی (جەھەپە ) و لە سەر زاری ئەکرەم ئیمام ئۆغلوی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و پیاوی بە ھێزی جەھەپە ، کە ئەم پڕۆژە بە مەترسی گەورەو خنکاندنی ئەستەنبوڵ دەزانێت ووتی من لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بۆیە سەرکەوتنم بە دەست ھێنا چونکە دژی ئەم پڕۆژەی ئەکەپەو ئەردۆگان بووم ، لە ھەمانکاتدا ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە دژی حەوت ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیە لەوانە ڕێککەوتننامەی مۆنترۆ .
لە بەرامبەر ئەم گلەیی و لێدوانانەی ئۆپۆزەسیۆندا ئەردۆگانیش بەرگری لە خۆی و پرۆژەکەی دەکات و دەبێژێت لە کاتی مەراسیمی دەستبەکاربوون تێیدا :
(( نۆکەندی ئەستەنبوڵ پڕۆژەیەکە بۆ ڕزگارکردنی ئاییندەی شارەکە )) پێداگیری لەوە دەکاتە کە پێویستیەکی زۆر ھەیە بۆ ئەم پرۆژە لە پێناو پاراستنی ڕایەڵەی مێژوویی و ڕۆشنبیری .
ئەوەشی ڕوونکردەوە ئەردۆگان نۆکەندی ئەستەنبوڵ لە ماوەی شەش ساڵدا تەواو دەکرێت و بە بڕی (١٥) ملیار دۆلار .
لە لایەکی ترەوە ئەردۆگان ئەوەشی ڕاگەیاند بە گوێرەی ئەو نەخشەو پلانانەی کە دایانڕێژاوە لە ھەردوو کەناری نۆکەندەکەوە کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی گەورە بنیات دەنرێت کە جێگەی (٥٠٠) ھەزار کەسی تێدا ببێتەوە کە فشارو چڕی و قەڵەباڵغی ناوشاری ئەستەنبوڵ کەمدەکاتەوە .
ھەروەھا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە درێژی کەناڵەکە (٤٥) کم ،پانی بنکەکەی (٢٧٥)م ، قوڵاییەکەشە (٢١) م .
ئەوەشی وت کە کە دیزاینی پڕۆژەکە واکراوە کە توانای ئەوەی ھەیە ٩٩% جموجووڵی دەریاوانی تەنگەکە لە ئێستادا لە خۆبگرێت .
ھەر تایبەت بەم بابەتە وەزیری ژینگەو شارستانی تورکیا ڕایگەیاند ئەم پڕۆژە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی ڕۆژانە ١٨٥ کەشتی بە ئارامی و بە بێ کێشە بەو کەناڵەدا تێپەڕ ببن ، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی باشی بە دەستھێناوە لە لایەن ٥٢ دەزگاو پەیمانگای شارەزاو پسپۆڕەوە .
شایانی وتنە نۆکەندی ئەستەنبوڵ ھەردوو دەریای ڕەش و مەڕمەڕە بە یەکەوە دەبەستێتەوە ، بە شە ئەوروپیەکەی ئەستەنبوڵ دەکات بە دوو بەشەوە ،بەجۆرێک بەشی خۆرھەڵاتەکەی ئەوروپا دەکاتە دوڕگەیەک لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا .