سەدیق سەعید ڕواندزی
شیعر چییە؟ یەکێک لەو پرسیارانەی بە درێژایی مێژوو، وەڵامێکی لۆژیکی و بابەتی و ماناداری نییە. بەو پێیەی ھەمیشە شیعر وەک ژانرێک لە دەرەوەی پێناسەکردن دەبینرێت. تەنانەت خودی شاعیرانیش لە ئەزموونی شیعرییانەی خۆیاندا، ھەمیشە خۆیان لەو پرسیارە دەبوێرن. ژان کۆکتۆی شاعیر و ھونەرمەندی ئینگلیز، دوای ساڵانێک لە نووسینی شیعر دواجار گوتی:_( شیعر پێداویستییەکە خۆزگە دەمزانی بۆ) گەلێک جار پێناسەی پەخشان ئامێز و ڕازانەوەی زمانەوانی بۆ شیعر و دنیای شیعر دەکرێت، کە ھەندێک بە ئیلھام و ھەندێک بە ڕامان و دیتن و بەرکەوتن و کاریگەریەتی سۆز و خەیاڵ و گەلێک ناونیشانی دیکەش دەیناسێنن. بەڵام دواجار شیعر لە دەرەوەی ھەموو جۆرە پێناسەیەکە. نووسەری کتێبی (ڕاوە مەحاڵ) یش، ھەوڵدەدات پێناسەیەک بۆ شیعر دابتاشێت، لە کاتێکدا شیعر ناچێتە نێو چوارچێوەی ھیچ پێناسەیەکەوە، بە تایبەتیش ئەو پێناسە سادە و بێ مانایانەی ئەو بۆ شیعر لەو کتێبەدا کردوونی. ناوەڕۆکی کتێبەکە، لە چەند وتارێک پێکھاتووە لە بارەی ڕاڤەکردنی شیعر و ھەوڵدان بۆ پێناسەکردنی و دواتریش باسکردن لە شیعری ھاوچەرخ و دنیابینی شاعیران بە گشتی. بەر لە ھەموو شتێک دەکرێ بڵێین، زمانی دوان لە شیعر لەو کتێبەدا، زمانێکی ھێندە سادە و نا لۆژیکی و نا ھونەری و نا بابەتییە، کە خوێنەر سەیری پێ دێت ئەم جۆرە پێناسانە بۆ شیعر بکرێن کە تا ئێستاش نەتوانراوە شیعر وەک ئەوەی کە ھەیە پێناسە بکرێت. کەچی نووسەری کتێبەکە، بە ھەندێک دەربڕینی نامۆ و گوازرشتی نا ئەدەبییەوە، دەیەوێت شیعر پێناسە بکات. بۆ نموونە دەنووسێت:_(شاعیر دەبێ کێردێکی تیژ تیژ بێ ڕەحمانە بە ناو زامی مرۆڤدا بگێڕێت و توێ توێ خوێی پێوە بکات، ئەمە شیعرییەتی ڕاستەقینە بە شیعری کوردی دەبەخشێ و بێ باکانە بە ئەفسانەی دەسپێرێ و دەق لە خوێنەری تەمەڵیش دەپارێزێت. لا٥٨) ئەم جۆرە وەسفانەی شیعر، لە دنیای شیعری ئەمڕۆدا جێگەیان نابێتەوە. ئەم جۆرە ناساندنە، لەوە دەچێت کە چۆن شێفێک خەڵکی فێری بە چێژترین و خۆشترین چێژ لێنان دەکات. مانای چییە شاعیر کێردی تیژی پێ بێت، ئایا شاعیر گۆشتفرۆشە؟ ئێمە دەزانین مەبەستی لە زمان و گوتاری شیعرییانەی شاعیرە، بەڵام ئایا بەم جۆرە پێناسە نامۆ و کۆمێدییانە، وەسفی شاعیر دەکرێت؟ وتارەکانی ئەم کتێبە، ھێندەی لە وتاری ڕۆژ و ڕاگوزەر و دیدی ڕۆژنامەنووسێکی بێ ئەزموون دەچن، ھێندە بەرھەمی دنیابینی نووسەرێک نییە، کە تەمەنێکی زۆری لەگەڵ ئەدەب بردبێتە سەر. ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ شیعر، بە بڕوای من بە پلەی یەکەم، پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە نووسەری کتێبەکە چیڕۆکنووسە و ھیچ پەیوەندییەکی بە دنیای شیعرەوە نییە. کەسێکیش لە بوارێک شارەزایی نەبێت، بە دڵنیاییەوە ناساندن و پێناسەکردنیشی ڕەنگداەوەی ئەو ناشارەزاییە دەبێت. ئەمە بەو مانایە نییا کە نەتوانێت لە شیعر بدوێت، بە پێچەوانەوە، بەڵکو بەو مانایەی ناکرێت بەو شێوەیە لە شیعر بڕوانێت کە تیایدا ھەموو ڕەھەندەکانی شیعر لە چەند دیدگایەکی سادە و بێ ئەرزش کۆدەکاتەوە. وتارەکان جگە لەوەی ھیچ ڕایەڵێکی بابەتی بە یەکەوەیان نا بەستێتەوە، ھاوکات لەگەلێک شوێنی کتێبەکەش دووبارە دەبنەوە. بێگومان ڕاڤەکردنی شیعر بە کۆی گشتی و بە بێ لە بەرچاوگرتنی قۆناغ و مێژووی شیعریی، ڕاڤەکردنێکی نا تەواو دەبێت. ئەزموونی شیعریی، بەرمەبنای سەردەم و قۆناعێکی دیاریکراوە و دواتر ئەزموونی دیکە دێنە ئاراوە. ئەم ھەمە چەشنییە لە ئەزموونی شیعریدا، پێویستی بە ڕوانگەی جیاواز و خوێندنەوەی جیاواز دەبێت. کە چی نووسەری ئەو کتێبە، ھەوڵدەدات ئەزموونی شیعری بە کۆی فۆڕم و دنیابینی جیاوازەوە، بخاتە نێو یەک شوناس و پێناسەوە. ئەم پێناسە و ناساندنەی نووسەر بۆ دنیای شیعر و نوێخوازی شیعر و گەلێک چەمکی دیکەی دەکات، لە دنیای شیعردا نە باوی ماوە، نە گوزارشتکردنێکی بابەتی و لۆژیکیانەشە بۆ شیعر. بۆ نموونە نووسەر لە بارەی شاعیری گەورە و شاعیری بچووک دەنووسێت:_(جیاوازی شاعیری گەورە و بچووک ئەوەیە، کە بچووک کاتێ گوزارشت دەکات تەنیا گوزارشت لە خۆی دەکات، بەڵام گەورە کە گوزارشت دەکات ئەوا گوزارشت لە ھەموو سەردەمەکەی دەکات.لا١٣) لە ڕاستیدا، دەستەواژەی شاعیری گەورە و شاعیری بچووک لە دنیای ئەدەبدا، پۆلێنکردنێکی نا لۆژییکی و نا شیعرییە، نەک لە بەر ئەوەی نەتەوەیەک شاعیری گەورە و ھەڵکەوتووی نەبێت وەک (شێرکۆ بێکەس لە کورد و دەروێش لە عەرەبەکان) بەڵکو بەو مانایەی کە نووسەری ئەو کتێبە دیاریکردوە بۆ لێک جیاکردنەوەی شاعیری گەورە و بچووک. ھەتا ئێستا، تێڕوانینی ھێندە نامۆ و سەیرم بۆ شیعری کوردی، لە میانەی خوێندنەوەدا نەبینیوە. چونکە شاعیری گەورە و بچووک بەوە لە یەکتری جیا ناکرێنەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئەزموونی شیعری کوردی بە گشتی، دەبێتە ئەزموونێکی خودگەرایی و تاکەکەسی و چیتر بابەتی نابێت. ئەگەر لە ڕابردووی شیعری کوردیدا، چەمکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بەرگریی و ئازادی و گوزارشتکردن لە تراژیدیای نەتەوەیی، ڕووبەری شیعری کوردی پێک بھێنن، ئەوا لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو گوتارە لە شیعری کوردی نامێنێت. تەنانەت (شێرکۆ بێکەس) کە بە ھەڵگری ڕوحی تراژیدی و مێژووی برینداری کورد لە شیعری کوردیدا دەناسرێت، دنیابینی لە دەقی (ئێستا کچێک نیشتمانمە) بە تەواوەتی دەگۆڕدرێت. ئەگەر بەو پێوەرەی نووسەری کتێبەکە بێت، دەبێ شێرکۆ بێکەس لە لوتکەی شیعری کوردییەوە دابەزیبێتە بنار، چونکە چیتر گوزارشت لە سەردەمەکە و واقیعی گشتی ناکات. ئایا ئەمە ڕوانینێکی بابەتییە بۆ شاعیری گەورە و بچووک؟ ئەگەر بەو پێوەرەی حەمە کەریم عارف، بڕوانینە شاعیری گەورە و بچووک، ئەوا لە ئێستادا یەک شاعیرمان نییە گەورە بێت و ھەموویان بچووکن. چونکە ھیچ شاعیرێک نییە لەو سەردەمەدا ئەزموونێکی خودگەرایی لە شیعردا بەرجەستە نەکات. شیعری ئێستا کە بە شیعری سەردەمی مۆدێرنە دەناسرێت، بە جۆرێک سادە و خودی بۆتەوە، کە شاعیرانێک ئەزموونە زۆر تایبەتی و کەسی و بگرە قسە ڕۆژانەییەکانی ژیانی خۆشیان دەکەنە شیعر. ئیدی کە شاعیرێک لە بابەت و واقیعە گشتییەکە دابڕا، مانای وانییە شاعیرێکی بچووکە. بۆ نموونە: کەس دەتوانێ بە سەباح ڕەنجدەر بڵێت شاعیرێکی بچووک چونکە ئەزموونی شیعری تا ئەوپەڕی کەسی و خودی و تایبەتییە؟ لە کاتێکدا ئێستا یەکێکە لە دەنگە جیاواز و تایبەتییەکانی شیعر؟ بۆیە ئەم تێگەیشتنە بۆ شاعیری گەورە و بچووک، تەنھا لای نووسەری ئەم کتێبە بوونی ھەیە و لە دنیای شیعر و ئەدەبیاتدا، خەوشێکی گەورەیە بەم شێوەیە ئەزموونی شاعیران ڕاڤە بکرێت. لە بارەی نوێخوازی شیعرییەوە، کە بێگومان نوێخوازی بە تەنھا لایەنێکی ھونەری شیعر ناگرێتەوە، بەڵکو ھیچ نوێکارییەک نییە لە شیعردا ئەگەر زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری نوێ نەبێت، نووسەری ئەم کتێبە دەنووسێت:_ (نوێخوازی نەیاری ھەر دەسەڵاتێکە، جا شاعیری نوێخواز لە سایەی ھەڵومەرجی سەرکوتکاریدا ناتوانێ ئەم ڕەفز و ڕەفزکارییەی خۆی بە ئاشکرا دەرببرێت و دژایەتی خۆی بۆ دەسەڵات بە ڕاشکاوی دەرببرێت.لا٢٣ ) لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئاراستەیەک ھاتۆتە نێو ڕەخنە بە گشتی ئەویش ئەوەیە، کە ڕەخنەکردنی ھەموو کایەیەکی ژیان دەبەستنەوە بە سیاسەت، سیاسەتیش لە حزبایەتی کورت دەکەنەوە، حزبایەتیش لە پارتی و یەکێتی دەبینن. ئەم ئاراستەیە کە بە داخەوە ڕەھەندییەکان داھێنەری بوون، بە جۆرێک لە ڕەخنە دەڕوانێ، کە ھەموو ڕەخنەگرتنێک دواجار دەبێ بە ڕەخنەکردن و سەرزەنشتکردنی دەسەڵاتی سیاسی کۆتایی بێت. لەو ڕوانگەیەوە نووسەری ئەم کتێبەش کەوتۆتە ژێر ھەمان ڕوانین و ھەمان ھەڵە کە سێ دەیەیە کاوێژ دەکرێتەوە. بەڵام با پرسین نوێخوازی تەنھا لە دژایەتی دەسەڵاتدایە؟ ئایا گۆران کە شیعری کوردی نوێکردەوە، دژایەتی کام دەسەڵاتی کرد؟ تەنانەت دەیان شیعری بۆ چەپ و شیوعی و شۆڕشی چواردەی تەممووز نەنووسی؟ لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، دەیان شاعیر ھەن کە دژایەتی دەسەڵاتییان کرد، بەڵام نوێخوازو نوێکەرەوەی شیعر نین؟ بە پێچەوانەوەش چەندین شاعیر لە سەر ئاستی دنیادا شاعیری نوێخوازبوون، بەڵام لەگەڵ ڕژێمی فاشی و نازی دابوون. گوتاری شیعری کوردی لە دوای ھەرەسی شۆڕشەوە تاکو ڕاپەڕین، گوتارێکی بەرگریکارانە و ئەوپەڕی دژایەتییە بۆ دەسەڵات، بەڵام چەند شاعیری نوێخواز لەو سەردەمە دەرکەوتن؟ ئەگەر نوێخوازی لە شیعردا ببەستینەوە بە دژایەتی دەسەڵات، ئەوا ھەموو شاعیرانی کورد نوێخوازن. چونکە تیایاندا نییە شیعری لە دژی دەسەڵات و لە پێناو ئازادی نەنووسیبێت. ئەگەر نوێخوزای ببەستینەوە بە دەسەڵات، ئەوا ھیچ نەتەوەیەک نییە لە دنیادا ھێندەی کورد شاعیری نوێخوازی ھەبێت. ھەر لە درێژەی باسەکانی نێو کتێبەکەدا، ئەمجارەیان نووسەر ڕایەکی سەیرتر لەوانی پێشووی دەردەبڕێت و دەنووسێت:_(شیعر دیاردەیەکی ڕوحییە تا دیاردەیەکی ئەقڵانی بێت. لا ٣٣) بەڵام ئایا شیعر پەیوەندی بە ئەقڵەوە نییە؟ مەگەر شیعر وەک ژانرێکی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی دنیابینی شاعیر نییە و ئەو دنیابینیەش بەشێک نییە لە ھزر و ڕوانینی ئەقڵییانەی مرۆڤ بۆ ژیان و دەوروبەرو ژینگەی سرووشتی و کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی مرۆڤ بە گشتی؟ شیعر چ پەیوەندییەکی بە ڕوحەوە ھەیە؟ گریمان ئەگەر شاعیر لە خرۆشانێکی گەورەی ڕوحی ودەروونی و سۆزیش دابێت، ئەم ھەڵومەرجە سایکۆلۆژییە ڕەنگدانەوەی لە سەر بیرکردنەوە و دنیابینی دانانێت و سەرەنجام ئەم دنیابینییە لە دەقێکی ئەدەبیدا ڕەنگدەداتەوە. نەک شیعر، ھەموو تێکستێک، بەرمەمبنای بەرکەوتنی ھزری مرۆڤە بە ژیان و دەوروبەر. شیعر بەرھەمی ھزرە، بەرھەمی دنیابینی و تێگەیشتنی تایبەتییانەی شاعیرە بۆ ڕووداوەکان نەک دیاردەیەکی ڕوحی بێت. ئەگەر بە ڕوحگەریەتی بڕوانینە نووسینی شیعر، ئەوا سۆفییزمەکان ھەموویان شاعیر دەبوون. نووسەر ھەرلە بارەی شیعرەوە دەنووسێت:_(مەبەستی شیعری تازە ئەوەیە کە بگاتە دیتنی ئەوانەی نایەتە دیتن، بیستنی ئەوانەی نایەتە بیستن، گوتنی ئەوانەی نایەتە گوتن، گرتنی ئەوانەی نایەتە گرتن، بۆنکردنی ئەوەی نایەتە بۆنکردن، فەتحی نادیارەکان. لا ٧٣) کورتکردنەوەی شیعری تازە و نوێ، بەو ھەموو ڕەگەزە ھونەریی و پێکھاتە ھونەرییەی بینای ھونەری دەقەوە، لەو قسە سەیر و سەمەرانە، خۆی لە خۆیدا بێ ئاگایە لە شیعر بە گشتی و شیعری نوێش بە تایبەتی. چ جای ئەوەی نووسەر پێناسەی شیعری نوێ بکات. ئەم دەربڕینانە، لە کوێدا لە گەڵ ڕەوتی نوێخوازانەی شیعر یەکدەگرنەوە؟ دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە ئەگەر چی نووسەر لە سەر بەرگی پێشەوەی کتێبەکەی نووسیویەتی:_( چەند پەیفێک دەربارەی شیعرو شاعیری) بەڵام لە نێو کتێبەکەدا، تەنھا سەد لاپەڕەی تەرخانە بۆ شیعر، سەد و سی لاپەڕەکەی تری، تایبەت کردووە بەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵیدا ئەنجام دراون و ئاخنیویەتە کتێبەکەی. بەمەش خوێنەر چەواشە دەکات و فریوی دەدا. چونکە کە ناونیشانی کتێبەکە دەبینێت، وا دەزانێت ھەمووی لە بارەی شیعرە، بەڵام بە پێچەوانەوەیە. ھیوادارم نووسەرانی ئێمە، واز لەو نەریتە خراپە بێنن، کە بیانەوێت بە بەردێک چەند چێشتکەیەک بپێکن. چونکە بۆ ناوبانگی خۆیان باش نییە.
*پەراوێز: ناوی کتێب: ڕاوە مەحاڵ، نووسینی: حەمەکەریم عارف، بڵاوکراوەی: سەنتەری سارا، سلێمانی_ ٢٠٢٠
*لە ئەدەب وھونەری کوردستانی نوێ، ژمارە (١١٦٢) ڕۆژی ٢٨/١/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.