بورھان شێخ ڕەئوف
دەمژمێر ١١ ی ڕۆژی ١١ مانگی ١١ ساڵی ١٩١٨ شەڕی جیھانی یەکەم یان وەکو دەبێژن شەڕە گەورەکە کۆتایی ھات واتە ئێستا دە دەیەو سەد ساڵە کۆتایی بەو جەنگە نەگریسە ھاتووە کە کۆتایی بە ژیانی ٣٧ ملیۆن کەس ھێنا ئەمە بۆ خەڵکی ھەژارو سەرباز و ھەموو خەڵکی وڵاتانی بەشداربوو لەو جەنگەدا ئاکامێکی سامناک و وێرانکەر بوو بەڵام نەبوو بە پەندو عیبرەت بۆ ئەوەی ئیتر کۆتایی بە جەنگ بێت لە جیھاندا بەڵکو لە دوای ٢١ ساڵ جەنگی جیھانی دووەمیش ھەڵگیرسا .
بەڵێ ئەو شەڕە نەگریسە ئاکامەکەی ھەر ئەو کووشتارە ملیۆنیە نەبوو کەبەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانەدا ھات بەڵکو زۆر کایەو دەستەڵات و دەورانیشی گۆڕی و لولی دان لەوانەسێ ئیمبراتۆریەتی گەورەو کۆنی ڕاماڵی لە گەڵ خۆیدا ئەوانیش ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەر و دەستەڵاتی قەیسەری ڕووسیا بوو کە بوون بە شێک لە ڕابردوو , لەگەڵ ئەوەشدا زەمینەی خۆشکرد بۆ سەرھەڵدانی سیستەمی سۆسیالیستی بە ڕابەرایەتی لینین و بەلشوویکەکان و دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەتی لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات , ھەروەھا لە ئەوروپای ڕۆژئاوش زەمینەی سازکرد بۆ سەرھەڵدانی ڕەوتی فاشیزم لە ئیتالیا و ئیسپانیاو نازیزم لە ئەڵمانیا کە ئەمانەش دواتر بوونە فاکتەرێک بۆ بەرپابوونی جەنگی جیھانی دووەم کەزۆر لە جەنگی یەکەم وێرانکەرو دڕندەتربوو .
ئەگەرچی سەرەتا بە ھۆی تیرۆرکردنی جێنشینی پادشای نەمسا (ئەرشیدۆک فرانز فێردیناند )کەبە دەستی تاقمێکی تیرۆریستی سربی ئەنجامدار بەڵام لە ڕاستیدا زۆر فاکتەر ی تر ھەبوون کە وایانکرد ئەو شەڕە ماڵوێرانەکەرە بەرپا بێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ درێژە بکێشێت ئەوانیش ئەمانەن بەڕای زۆرێک لە چاودێران و مێژوونووسانی ئەودەم :-
١. ململانێ ی سەربازی لە نێوانی نەتەوەکانی ئەوروپا لەبواری خۆپڕچەککردن
٢. ھاوپەیمانێتی سیاسی لە نیوان بەریتانیای گەورەلەلایەک و ئەڵمانیا لە لایەکی ترەوە.
٣. سەرھەڵدانی ئیمپریالیزم .
٤. سەرھەڵدانی نەتەوە .
خاڵێکی تر کەزۆر گرنگە لە ئاکامی ئەو شەڕەو ھاتەئاراوە بەشداریکردنی سوپای ئەمریکا لە جەنگەکەو بەتایبەتی لە سەر خاکی ئەوروپا لە دەرەوەی سنووری خۆی .
ھەرچەند پێشتر بە کورتی ئاماژەم بە پەند وەرنەگرتن لە ماڵوێرانییەکانی جەنگی گەورەی جیھانی یەکەم کرد بەڵام پێمخۆشە جارێکی تر ئەوە بخەمەوە ڕوو کە ھەرچەند سەدەیەکە ئەو شەڕە کۆتایی ھاتووە بەڵام مەیل و خواست و حەز لە شەڕککردن ھەر ھەیە بە داخەوە شەڕی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ھاوپەیمانی ناتۆ بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و شەڕە ناوچەیی و ئیقلیمیەکانی نیمچە دووڕگەی کۆریاو و شەڕی ڤێتنام و ئەمریکا و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ڕووسیاو دواتر شۆڕش و بەرنگاربوونەوەی خەڵکی ئەفغانستان بەرامبەر داگیرکەرە سۆڤیتیەکان و شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران و داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە و شەڕی فۆکلاند لە نێوان بەریتانیا و ئەرجەنتین ,
سەرەڕای زۆر شەڕی ناوخۆیی و بزوتنەوەی ئازدیخوازی گەلان ھەرلە شەڕەکانی عەرەب و ئیسرائیلەوە بگرە تا شەڕی گەلی کوردو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بۆ وەدستھێنانی مافی چارەنووس یان مافی ژیان وەکو ھاوڵاتیەکی ئاسایی و شەڕی کوردەکانی ڕۆژھەڵات بۆ خودمختاری و شەڕی چل ساڵەی کورد لە باکوورلەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و لە زۆر شوێن و کونو کەلەبەری تری ئەم جیھانە زمانی شەڕ و کوشتن و بڕین ھەیە .
لە کۆتاییدا و لەم بۆنە سامناکەدا کە بۆنی خوێن و سووتماکی لێدێت دەبێت بپرسین ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە جەنگ تەحریم بکرێت و لە جیاتی ئەو سیستمێک بۆ جیھان دابمەزرێت کە بە ئاشتیانەو بە دیالۆگ ھەموو کێشەو قەیران وململانێکان یەکلایی بکرێنەوە ئەو پارەی بۆ خۆپڕچەککردن و کوشتار بەکاردێت ھەموو برسی و ھەژارو نەدارەکانی پێ تێر بکرێت ؟