سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ئێستادا، جۆرە خوێنەرێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردی دروست بووە، کە دەشێ بە خوێنەری ڕاگوزەر و سادە و بیرنەکەرەوە ناوزەدی بکەین. ئەم جۆرە خوێنەرە، کە بەرھەمی شاشەی مۆبایل و تابڵێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووکە، ھێندەی پەیوەندی لەگەڵ بەریەککەوتن لە ئاستی بینیندا ھەیە، ھێندە خوێنەرێکی بە ڕامان و بیرکەرەوە و تێھزر نییە. چونکە سرووشتی ئەو جۆرە تۆڕانە وایە، کە بە خێرایی تێ دەپەڕن و بابەتی ئێستا، بۆ چەند خولەکێک دواتر، کۆن دەبێت و دەچێتە پەراوێزەوە. ئیدی بە لایەوە گرنگ نییە بچێتە قووڵایی نووسین و مانا، بەڵکو تەنھا ڕاگوزەرانە سەرنج دەدات. ئەم جۆرە بینینە، ھەر تەنھا لای خوێنەری ئاسایی نییە، بەڵکو سەیر لەوە دایە، بژاردەی نووسەران و ڕۆشنبیرانیش، ھەمان تێڕوانین و بیرکردنەوەیان ھەیە و ئەوەندەی بابەتێکی فەیسبووک دەخوێننەوە و سەرنجیان ڕادەکێشێت، بە داخەوە ئەوەندە کارەکتەری نێو دنیای کتێب و خوێندنەوەی جددی نینە. گەلێک جارو بگرە دەیان جاریش وا ڕێکەوتووە، پرسیارم لە بارەی وتارێکی گرنگ کە لە ڕۆژنامەیەک بڵاوبۆتەوە، لە نووسەر و وەرگێڕێک کردووە کە ئاخۆ خوێندوویەتییەوە؟ لە وەڵامدا گوتویەتی: کە نەمبینیوە و ئاگادار نیم. بۆیە گۆڕینەوەی کتێب بە شاشە و فەیسبووک، خوێنەری بیرکەرەوە بە ڕاگوزەر و سادە، گرفتێکی گەورەی دنیای ڕۆشنبیری ئێمەیە کە ھەرە دیارترین دەرھاوێشتەی، پاشەکشەی خوێنەری ڕاستەقینە و پەراوێزخستنی دەیان کتێبی مەعریفی گرنگە و ھاوکات بە پاڵەوانکردنی دەیان شاعیر و ڕۆماننووس و دەقنووسە، لە پەراوێزی ھەبوونی ئەو جۆرە خوێنەرەوە. چونکە ئەو تایپە لە خوێنەر، ھەڵگڕی گەلێک سیماو ئەدگاریی تایبەتییە، کە دەشێ بە ھۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ کتێب و دنیای خوێنەوە بە گشتی بخوێنینەوە. یەکێک لەو سیمایانە، کورتبڕی و بازادانە بە سەر نووسین. ئەم جۆرە خوێنەرە، ھەرگیز سەودا و سەلیقەی بابەتێکی درێژی نییە و ھەمیشە ئارەزووی ئەوە دەکات، ئەو بابەتانەی دەیانخوێنێتەوە،کورت بن. واتا بەخێرایی بە سەریاندا تێ دەپەڕێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە شێوازی ئەو پەیوەندییەی خوێنەر لەگەڵ دەق لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ھەیەتی، کە وەک وتمان بابەتی کورت، تێپەڕ و ڕاگوزەر، بەمەش دەرفەتی وەستان و ڕامان، تێھزرین و بیرکردنەوە لای خوێنەر نامێنێت. ئەم شێوازە لە خوێنەوە، تایپێک لە خوێنەری دروست کردووە، کە بابەتی درێژ و قووڵ، زۆر جێگەی سەرنج و پرسیار نەبێت. من سەیرم پێ دێت کاتێ گوێبیستی ئەوە دەبم، کە بەشێک لە نووسەرانیشمان، دەڵێن بابەتی درێژ ناخوێنینەوە، چونکە سەردەمەکە، سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا و بابەتی کورتە، گەر سەرنج بدەین، دەبینین ئێستا بەشێکی زۆر لە نووسەران و شاعیرانی ئێمە بە تایبەتی ئەوەندەی فەیسبووکە شیعر دەنووسن، بۆ ساڵانێک دەبێت تێکستێکی شیعریی داھێنەرانەیان نەنووسیوە، کە ببێتە جێی پرسیار و مانای خوێنەر. بەڵکو پێوەر و پێوانەی خوێنەری شیعریی لایان، ئەو کۆمێنچی و لایکانەیە کە بۆیان دێت. بە دەربڕینێکی تر، ھیچ کاتێک وەک ئێستا، بە نموونە شاعیر کورد، لە بەر دڵخوازی خوێنەر شیعری نەنووسیوەو ھێندە چێژ و بینینی خوێنەری بەلاوە گرنگ نەبووە. لای بەشێکی زۆری شاعیرانی ئێستا، شیعری جوان و داھێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین کۆمێنتی لە فەیسبووکەوە بۆ دەنووسرێت، کە ھەر ھەموویان پەسن و پیا ھەڵدانن وسێ بەشی ئەو خوێنەرانە، نازانن چێژ وجوانی، دەقی شیعری داھێنەرانە چییە. بێگومان لە ھەبوونی شێوازێکی نووسین و بڵاوکردنەوەی لەو شێوەیە، ج خۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت؟ ھەڵبەتە خوێنەرێکی دروشمباز، ھوتافیی وخرۆشاو، کە تەنێ وەک بەشدارێکی ڕێپوانێکی جەماوەرییانە، دروشم و ھوتافی لا گرنگە، بەبێ ئەوەی پرسیار لە ستراتیژییەت و ھەبوونی خۆی لەو جۆرە چاڵاکییەدا بکات، کە دەرەنجام بێ ئامانج کۆتایی دێت. کاروان کاکە سوور لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دوکانی شووشەوات) ئەم جۆرە خوێنەرە، بە خوێنەری پاسەوانی تێکست ناودەبات . نووسەری کتێبەکە، ئەگەرچی لە بارەی خەسڵەتەکانی خوێنەری گرووپی ( ڕەھەند) دەدوێت، بەڵام بڕوام وایە ئەم تیۆرە دەکرێ گشتاندن بکرێت بۆ سێ بەشی خوێنەری کورد، چونکە جگە لە بژاردەیەکی کەمی خوێنەران، ئەوانیتر ھەموویان لە بری ئەوەی ببنە پرسیارکەر و ڕاڤەکەری تێکست، بە پێچەوانەوە دەبنە پاسەوان و پارێزگاری شتێک کە ناوی تێکستە. لێرەوەش وەک پاسەوان وەزیفەیەکی دیاریکراوی ھەیە و لەو ئەرکەدا دەبێ وەک بکەرێکی بێ دەنگ و پرسیار نەکەر و تێ نەھزر دەربکەوێت، چونکە لە پێشدا ئەرک و ڕۆڵەکەی دیاریکراوە. بەو شێوەیەش پاسەوانی تێکست تەنھا ئەرکی بە تەوتەمکردنی ئەو تێکست و نووسەرەیە، ھاوکات بە گژ ھاتنەوەی ھەموو ئەوانەیە، کە دەیانەوێت ئەو دیوارەی پاسەوان ببڕن و تێگەیشتنێکی دیکەی جیاوازییان لە تێگەیشتنی پاسەوان بۆ تێکست ھەبێت. لەو ڕوانگەیەشەوە ھەر ھەوڵێک بۆ کردنەوەی کۆدەکانی ئەو دەقە و بینینێکی جیاواز، دواجار بە ڕەت کردنەوە و بێ بەھاکردنی ئەو بینینە جیاوازە، تا ئاستی سڕینەوە و و بێ بەھاکردنی و بگرە زمانی زبر وبریندارکەریش دەڕوات. لێرەوەش ھەردوو ئەرکە جیاوازەکانی پاسەوانی ئاسایی و پاسەوانی تێکست، یەکدەگرنەوە کە تەنھا یەک ئەرک و بەرپرسیاریەتییان ھەیە، ئەویش شەڕکردنە وەک جەنگاوەرێک لە دژی ھەموو ئەوانەی سنووری بارەگا و تێکست دەبڕن و مەبەستییانە پرسیار بکەن و لە پێکھاتە و کۆدەکانی نێو ئەو سنوورە بڕوانن و پرسیار بکەن. لای خوێنەری پاسەوان، وەک کاکە سوور ناوی دەبات، ھەمیشە جۆرێک لە کلێشەسازیی ئامادەیە، وەک چۆن گەلێک ئامراز و ئامێر ھەن و بێ کەتەلۆک ناتوانی بیانخەیتە گەڕ، بەم شێوەیەش لای ئەو خوێنەرە، دەبێ ئەو کەتەلۆکە ھەبێت و لە سەری بڕوات. ئەو چونکە وەک باسمان کرد، ھەر لە سەرەتاوە ئەرکەکەی دیاریکراوە کە قفڵدانە لەو دەرگاییەی ڕێگری لەوانیتر دەکات لێیەوە بێنەوە ژوورەوە، بەڵام ئەرکەکەی ھەر تەنھا لەو شێوازە بەرگرییە کۆتایی نایەت، بەڵکو لەھەندێ کاتدا، وەک داکۆکیکەرێکی سەرگەرم، بێ بیرکردنەوە و ھەڵوەستە و پرسیار لەوانیتر دەکەوێتە ھێرش و پەلامارو بڕی جار، چی ناو و ناتۆرە ھەیە دەیداتە پاڵ بەرامبەرەکەی. ئەو جۆرە خوێنەرە، چونکە خۆی وەک دەروێشێکی ئەو تێکستە دەبینێت، ئیدی ئەو پیرۆزییە ئەو ھەستەی لادروست دەکات، کە ھەر کاتێک درکی بەوەکرد ئەو پیرۆزییەی دروستی کردووە، دەکەوێتە بەردەم گومان و پرسیارکردنێک، ئەویش دەکەوێتە کاردانەوەی دەروونی و لەو ساتانەشدا، ئەقڵ و لۆژیک لە نەبوون دانە وھەر کاتێکیش مرۆڤ لە غیابی ئەقڵدا بیری کردەوە و زمانی خستە گەڕ، بێگومان دەبێ چاوەروانی ھەموو شتێک بین. لەو ڕوانگەیەوە، لای ئەو جۆرە خوێنەرانە، چییەتی گوتن نییە و تەنھا چۆنیەتی گوتن ھەیە، دروست وەک ئەوەی پاسەوان پەنا دەباتە بەر ھەموو جۆرە کەرستەیەک تەنھا بۆ ھێڕش و بەرگریی، ئەو خوێنەرانەش، کاتێ دەزانن نووسەرەکەیان دەکەوێتە بەر ڕەخنە، ئیدی ھەر چۆنێک بێت دەبێ بکەونە بەرگریی ئەو تەوتەمییە بپارێزن کە لای نووسەر و ئەوانیش ھەیە. گەلێک جار، نووسەر خۆی ئەو بە پیرۆزرکردنە دروست دەکات و جەختیش لە بە زیندوو ھێشتنەوەی دەکات لە ڕێگەی ئەو زمانەی دەیخاتە گەڕ. ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە بەر لەوەی خوێنەرەکانی (بەختیار عەلی) بە نموونە، خەڵک بە جاھیل، نەخوێندەوار و گەمژە وێنا بکەن، ئەوا پێشتر ھەمان ئەو دەستەواژانە لە نێو نووسینەکانی بەختیاردا بەرکاربوونە. لێرەوەش ئەرکی خوێنەری پاسەوان و نووسەری بە بتکراو، یەکدەگرێتەوە و ئەرکەکان ھەمان ئەرکن و ڕۆڵەکان جیاوازن. ئەم پاسەوانی تێکستە، سەروکاری تەنھا لەگەڵ تێکستی سادە و ساکار ھەیە و دەق تەنھا لە سەر بنەمای چێژ و جوانی دەبینێت، نەک زمان و دنیابینی و گوتار و مەعریفە، چونکە ئەم جۆرە خوێنەرە، سەلیقەی ئەوەی نییە قووڵبێتەوە لە تێکست، بەڵکو ڕاگوزەرانە سەیری دەکات و چێژی لێوەردەگرێت و لەوە گرنگتریش ئەوەیە، کە بە زمانی خەاڵک و عەوام نووسرابێت. واتا زمانی نووسینەکە چەند جەماوەریی بێت، چەند سادە و ساکار بێت، ئەوەندە بەلای ئەوە جێی چێژ و بە پیرۆزکردنە. سەرنج بدەن، لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، شیعرە سادەو ڕۆژانەییەکانی (تەلعەت تاھیر)و نووسینەکانی (فەرھاد پیربال) و (نەبەز گۆران) و چەندانی تر، لە ھەرە پڕ خوێنراوترین تێکستن، لە بەرانبەر ئەمەدا، چیڕۆکەکانی (کاروان کاکە سوور)و (عەتا محەمەد) و شیعرەکانی ( سەباح ڕەنجدەر ) بە نموونە،ڕەنگە خوێنەری کەمتریان لە تێکستی ئەو سادەنووسانە ھەبێت. بێگومان ئەمە بۆ قووڵی ئەو تێکستانەی باسمان کردن ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ یەکانگیریی زمانی تێکستەکە و زمانی سادەو جەماوەر دەگەڕێتەوە. بە دەگمەن یان ھەر نییە، خوێنەرێک شیعرێکی تەلعەت تاھیر، چیڕۆکێکی فەرھاد پیرباڵ، نووسینێکی نەبەز گۆران بخوێنێتەوە تێی نەگات، بە پێچەوانەوە ھەمووان چێژە لەو جۆرە شیعر و دەقانە دەبینن، بەڵام کام خوێنەر؟ ھەڵبەتە ئەو خوێنەرە سادە و ڕاگوزەرە کە سادەیی نووسینی بەلاوە داھێنان و مەرعریفەیە، ئەو خوێنەرەی کاکەسوور گوتەنی پاسەوانی تێکستە, بیرمان نەچێت ئەو جۆرە خوێنەرە، بە داخەوە دەرھاوێشتەی گوتاری ئەو جۆرە نووسینانەیە کە بە زمانێکی ساکار و ڕووکەش بێ قووڵایی ھزریی و زمانی دەنووسرێن. لێرەوەش جۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت، کە دەق تەنھا لە ڕوانگەی وشە و زمانی سادە دەبینێت و قووڵایی فیکری دەق و مەدلولە شاراوەکانی ئەو دەقەی کە پێویستیان بە دۆزینەوە ھەیە نابینێت. بەمەش چێژ دەبێتە سەنتەری دەق و نووسین و نووسین بە ئەندازەیەک شۆڕ دەبێتەوە نێوەندە میللی و جەماوەرییەکە، کە کام شاعیر سادە بنووسێت، لە چەندین شاعیری بە ئەزموون و جیاوازنوووس خوێنەری زیاترە. ھەر کاتێکیش نووسین بەگشتی ھێندە سادە بوووەە کە جیاوازییەک لە نێوان زمانی شاعیر و زمانی خەڵک نەمایەوە، ئەوا دەبێ نائومێد و ڕەشبین بین لە شیعر و دنیای نووسینی کوردی، چونکە ئەمە مانای وایە، چیتر فیکرو مەعریفە لە نووسیندا بۆ خوێنەر گرنگ نییە.
*ئەم بابەتە لە ژمارە (١٤٢) ھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی ٢٨/٩/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post