نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
دەوڵەتی عوسمانی ئەو ئیمبراتۆریەتە ئیسلامی یەبوو کە عوسمانی کوڕی ئەرتغرەل دایمەزراند کە نزیکەی ٦٠٠ ساڵ فەرمانڕەوایی کردوە بە دیاری کراوی لە ٢٩ /یولیوی ١٢٩٩. ز تاوەکو ٢٩/ ئوکتۆبەری ١٩٢٣. ز
دەوڵەتی عوسمانی لە ھەردوو سەدەی شانزەھەم و حەڤدەھەمدا گەیشتە ئەوپەڕی تواناو ھێزی خۆی و بە شێوەیەک کەفراوان بوونی قەڵەمڕەویەکەی بەشێکی فراوانی ھەرسێ کیشوەرە کۆنەکەی جیھان ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریقیا کە بە دیاری کراوی کە ئاسییای بچوک و بەشێکی گەورەی باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاو رۆژئاوای ئاسیاو باکوری ئەفریقیا گرتەوە .
دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان سەلیم ی یەکەم (قانونی) (١٥٢٠_١٥٦٦)بووبە ھێزێکی گەورەو بەتوانا لە ھەردووبواری سەربازی و سیاسیەوە کە پایتەختەکە قوستەنتینیە بوو کە بوو بە ئەڵقەیەکی بە یەکگەیشتن لە نێوان ئەوروپای مەسیحی و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا کەبەسەردەمی زێڕینی خەلافەتی عوسمانی دەناسرێت ,بەڵام لەم بەروارە بە دواوە ئیمبراتۆریەتەکە تووشی داتەپین و پووکانەوەھات وکە زۆریک لە ماڵو دەسەڵاتەکانی لە دەستدا .
لە بەرامبەریشدا سەفەوی ئەو دەوڵەتە بوو کەلە سەدەی شانزەھەمی زاینیدا لە سەر دەستی شاە ئیسماعیلی سەفەوی ڕاگەیەنرا و تەبریز وەکو پایتەختی دەوڵەتەکە دیاریکرا و خۆیشی وەکو یەکەم پاشای دەوڵەتەکەی ناساند و ئاینزای شیعەی کرد بە ئاینی فەرمی دەوڵەتەکەی ھەرچەندە ھەندێ سەرچاوە دەڵێن سێ یەکی ئێران ئەوکات لەسەر ئایینزای سونە بوون , ھەروەھا دەیشی گووت کە بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر ئیمامی علی کوڕی ئەبوتالیب چوارەم خەلیفەی ئیسلام و لە ئالوبەیتی پێغەمبەری ئیسلامە ( د.خ), ھەروەھا ئەمەو ڕاگەیاندنی ئاینزای شیعە وەکو ئایینی فەرمی ووڵات ھانی زۆر خەڵک وتاقمی دا ببنە شیعە ھەرچەندە سونیش بوون لەوانە ئیمام موحەمەد کوڕی ئیسماعیل دامەزرینەری تاقمی نیعمەتوڵاھی بڕیاریاندا ببنە شیعە لەگەڵ سەرکەوتنی سەفەویەکان بۆ دەسەڵات.
ئەوەی سەرەوە پێناساندنێکی زۆر کورتی ھەردوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بوون کە ناکۆکی دیارو گەورەی نێوانیان مەسەلەی ئاینزایی شیعەو سونەیە و کە دەوڵەتی عوسمانی زۆر لە پێش دەوڵەتی سەفەویەوە دامەزرێنراوەو کەپەیڕەو لە ئاینزای سونە دەکات و نزیکەی چوارسەدە زیاترە دروستبوونی دەوڵەتێک کە پەیڕەو لە ئاینزایەکی تر کە شیعەی دوانزە ئیمامیە بکات بە مەترسی بۆ سەر ھەژمون و دەستەڵاتی خۆی دەزانێت بە تایبەتی لە ناوچەی ئەنازۆڵ , بۆیە سوڵتان بایەزیدی دووەم لە ساڵی ١٥٠٢ .ز ھەستا بە دوورخستنەوە ھەندێک شیعە بۆ دەرەوەی ئەنازۆڵ و ھەروەھا لە ساڵی ١٥١٤ .ز سوڵتان سەلیم سەرکردایەتی شەڕی چاڵدێرانی بە ناوبانگی کرد لە نێوان ھەردوو ئیمبراتۆریەتدا کە فارسەکان بۆیەکەمجار تۆپخانەیان بەکارھێنا بەرامبە ر زۆری ژمارەی سوپای عوسمانی بەڵام لە ئاکامدا شا ئیسماعیلی سەفەوی شکاو پایتەختەکەی داگیرکرا تاوەکو ساڵی ١٦٠٢ لە ژێر دەستەڵاتی عوسمانیدا مایەوە , ئەم شکستەی چاڵدێران بۆ ئیسماعیل سەرلێشێواویەکی گەورەو لەدەستدانی ئەو متمانە بوو کە بە ھێزەکانی قزڵباشی ھەبوو ,
ئەمانەو بێجگە لەوشەڕانەی تر کە لەگەڵ ئۆزبەک وزۆر شوێنی تر کراون من نامەوێت بچمە ناو درێژەی بابەتەکانیەوە چونکە مەبەستی نووسینەکەی من نین و من دەمەوێت بە کورتی ئەو شەڕوناکۆکیانەی ئەوان لەسەر خاکی عێراق و کوردستان ر ِوویانداوە بخەمە ڕوو .
عوسمانیەکان و سەفەویەکان بۆ زیاتر لە ١٥٠ ساڵ لە سەر خاکی عێراق شەڕیان کردووە و شا ئیسماعیلی سەفەوی لە ساڵی ١٥٠٩ ز بەغدادی داگیرکرد ولەساڵی ١٥٣٤ز دا سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی بەغدادی لە سەفەویەکان سەندەوە, دواتر لە چەند ھەڵمەتێکی تردا لە ساڵی ١٦٢٣ ز جارێکی تر سەفەویەکان دەستیان بەسەر بەغدادا گرتەوە , جارێکی تر سوڵتان مورادی چوارەم بەغدادی لە ژێر دەستیان دەرھێناوە لەساڵی ١٦٣٨ ز , تا دواتر پەیماننامەی قەسری شیرین واژۆ کرا بۆ دیاریکردن سنور لە نێوان ھەردوو ووڵاتدا لە ساڵی ١٦٣٩ز ئەو سنورەی کە کوردستانیان دوولەت کرد تا ئێستە ش ھەرماوە لەباکوری رۆژئاوای ئێران و باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا.
ئەمێستا وا نزیک دەبینەوە لە سەدەیەک لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و ٢٨٨ ساڵ لە ڕووخانی دەوڵەتی سەفەوی دەبینین ئەو دەوڵەتانە ئێستا واتە ئێران وتورکیا جارێکی تر بەڵام لە سەردەمێکی تردا زۆر جیاواز لەوەی جاران سەر لەنوێ خۆیان بە ھەمان بیرو بۆچوون و باکگراوندی مێژوویی خۆیانەوە سازداوەتەوە بۆ زیندوو کردنەوەی سەروەری یەکانی ڕابردوویان .
ئێران ئێستا کارەکتەرێکی گرنگی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە کلیلی زۆریک لە کێشەکانی ناوچەکەی لایە بەبێ پرس وڕای ئەوان لە عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن وبەحرێن و تەنانەت ئەفغانستان و شوێنانی تریش ھیچ گۆرانکاری و کابینەکانی حکومەتیش پێک نایەن !!!و لە ھەوڵی بە دەستھێنانی وزەی ئەتۆمیشدان و گەورەترین کەنارەکانی کەنداویش لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندایە .خاوەنی سەدان ڕۆکێتی دوور ھاوێژەو ھەمان ئایدیۆلۆجی جارانی شیعە پەیڕەو دەکات .
تورکیاش کە ئەمێستا جێنیشینی شەرعی دەوڵەتی عوسمانیە لە دوای ساڵی ٢٠٠١ ەوە پارتی داد وگەشەپێدان کە باکگراوندێکی ئیسلامی ھەیە و بە نیو عوسمانی واتە عوسمانیە تازەکان بەناوبانگە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانەو بە تەنیا کابینەی وەزاری پێک دەھێنێت کە ئەمە شتێکە ساڵانێکی دوورو درێژە لە تورکیادا ھیچ حزبێک بە تەنیا کابینەی حکومی پێ پێکنەھێنراوە , ئەمانیش بە ئاشکرا باس لە قووڵایی ستراتیجی ئیسلامی خۆیان دەکەن و نایشارنەوە کە بە تەمای زیندووکردنەوەی سەروەریەکانی ڕابردوویانن و لە ھەوڵی بە ھێزکردنی پێگەی خۆیانن لە ووڵاتانی ناوچەکەدا .
ئێرانیش لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە زاری یەکێک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمارەوە باس لە ئیمبراتۆریەتی ئێرانی وپایتەختەکەی بەغداد بێت دەکات و رۆژنامەیەکی تریان باسی یەکگرتنی عێراق و ئێران دەکات .
بۆیە دوای ھەموو ئەو ڕووداو گۆڕانکاریانە سەرکردەکانی عێراق چی بە خەڵکی عێراق دەڵێن ؟ دوای نزیکەی سەدەیەک لە سەربەخۆیی عێراق جارێکی تر عێراق دەکەنەوە بە گۆرەپانی یەکلایی کردنەوەی کێشەو ناکۆکیە مێژووییەکانی ناوچەکە و لە کاتێکدا عێراق ووڵاتێکی دەوڵەمەندو پڕلە کانزاو سەرچاوەی سرووشتی و خاکێکی بە پیت بۆ کشتوکال َو سروشتێکی دڵڕفێن بۆ گەشتو گوزارو بوونی مەزارو شوێنە پیرۆزەکانی تر بۆ گەشتو گوزاری ئایینی …..تد .
ئایا دەکرێت عێراق بەو ھەمووتوانا مرۆیی و سرووشتیانەوە ببیتە پاشکۆی ووڵاتانێک کە لە خۆی بێتواناترو کێشەدارترن ؟؟!!!
ئەی ڕۆڵی کورد چی دەبێت لە ئاوا بارودۆخێکدا ؟؟ ئەگەر ئەمڕۆ بەسەر ھەردوولای کێشەکەدا بەشبووین ھەریەکەی بەلای لایەکدا ڕای بکێشێت ناکرێت ئەمرۆ سووود لە پەیوەندیەکان وەربگیرێت بۆ تێگەیاندنی دۆستەکانیان بۆ ئەوەی کورد مەترسی نیە بۆ سەر کەس و فاکتەری سەقامگیر ی و ئاشتیە لە ناوچەکەدا و لە سەد ساڵی ڕابردوودا قوربانی پلە یەکی کێشەو ململانێکانی ناوچەکەیە .