هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
بۆ هەر سنوور و بارودۆخێک لە نێو هەر چین و دەستەیەکی کۆمەڵەی مرۆڤایەتیدا بابەتێک یا تەنانەت باسێکی رێکەوتیش بێت ئیتر لە دوو کەسەوە بیگرە بۆ سیان و گروپێک و تا سنوورێکی فراوانتریش وا دەکات کە کۆمەڵێک لە بنچینەکانی پەیوەندی بهێنێتە گۆڕێ و لێک نزیکبوونەوە و را گۆڕینەوە و هاوڕایی تا سنووری یەکگرتن و پێکهاتەیەکی نوێ بسازێنێت.
سەرەتای ساڵەکانی 1970 و پێشتریش بایەخدان بە خوێندنەوە و خود رووناکبیری خۆگۆشکردن بەتایبەت لە نێو نەوەکانی ئەو سەردەمانە لە کچ و کوڕی گەنج و لاو ببوە نەریتێک و لەمیشەوە کۆمەڵانێکی تر لە لاو و گەنج پڕتر بایەخیان بە خۆگۆشکردن دەدا تا ئەو رادەیەی گەر کتێبێک گران بوایە بە چەندین هاوڕێ کۆمەکیان دەکرد و دەیانکڕی و بە نۆرە دەیانخوێندەوە و هەڤپەیڤینیشیان لەسەر دەکرد، ئەم سیمایە، سیمای خوێندکاران و خوێندەوارانی ئەو کات بوو، پێم وابێت و هزرم یارمەتی دابم ساڵی ١٩٧١ بوو، ئەو کات ئەندام لق و لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و رووناکبیری لقی هەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووم، ئەمە بۆخۆی وایکردبوو هەموو ئەو خوێندکارانەی بایەخیان بە خۆگۆشکردنی رووناکبیری دەدا یان توانا و بەهرەیەکی نووسینیان هەبوو، لە هەموو بوارەکانی شیعر و چیرۆک و بابەتی تری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و پیشەییدا، رۆژانە یان لە رۆژانی هەینی و پشووەکانی خوێندندا سەردانی بەشی رووناکبیری لق بکەن، بەشی رووناکبیری لق ببووە پردی نزیک بوونەوەی نێوان خوێندکاران و بەشی رووناکبیری لقی قوتابیان و تا ئەو ئاستەی لە نێوان خودی خۆم و خوێندکارە بەهرەدارەکانی تردا هاوڕیەتی نزیکبوونەوە و دۆستایەتی کەسیی سازابوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندین لەو دۆست و هاوڕێ نزیکانەمان یان لە شاخ و لە پێشمەرگایەتیدا یاخود لە زیندانەکانی رژێمی بەعسی فاشی بەغدادا بۆ هەمێشە وەک لاشە بەجێیان هێشتووین و شەهید بوون و بەڵام بە گیان و بیرەوەرییە شکۆدارەکانیان بە زیندوویی لە ناوماندا ماونەتەوە، ئەوانەش لە ژیاندا ماون کەم تا زۆر پەیوەندییەکانمان هەرماوە و خەڵکانی بە تواناو بەهرەمەندن . بیرمە شەهید کاردۆ گەڵاڵی گەنجێکی باریکەلەی باڵابەرز، هاتووچۆی لقی قوتابیانی دەکرد و بەهرەیەکی ناسکی لە شیعر نووسین و بواری ئەدەبیدا هەبوو، یەکتر بینیی رۆژانە و بابەتە ئەدەبیەکانی بوونە سەرەتای یەکتر ناسینمان و پاشان پتەوی هاوڕێیەتیمان و پێکەوە کارکردنی خەباتی خوێندکارانە. شەهید کاردۆ خوێندکارێک بوو لەو خوێندکارانەی بایەخی زۆری بە خوێندنەوە و خۆگۆشکردن دەدا، نەک هەر ئەمەش بەڵکو هەمیشە سەرقاڵی کتێب کڕین بوو، سوودی لەو کتێبانەش وەردەگرت کە لە سنووری بەشی رووناکبیری لق دا دەست دەکەوتن، لێرەشدا جێی خۆشیەتی ئاماژە بدەم بە مامۆستا ( ئیسماعیل سەرهەنگ ) ی باوکی رەحمەتیم کە بایەخێکی زۆری بە خوێندنەوە و سەرچاوەکانی رووناکبیری هەمە چەشنە دەدا هەر بۆیە لە ماڵەوە خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووین و هەمیشەش دەرگای ئاوەڵا کردبوو نەک بۆ هاوڕێ و ناسیاوەکانی خودی خۆی بەڵکو بۆ هاوڕێ و ناسیاوەکانی کوڕ و کچەکانیشی، شەهید ( کاردۆ )ش یەکێک بوو لەوانەی تامەزرۆی کتێب بوو، بۆیە هەمیشە لەو کتێب و سەرچاوانە بێ بەشم نەدەکرد و کتێبم بۆ دەبردە لقی قوتابیان و دەمدایە، سەرباری تواناو بەهرەمەندیشی،کەسێکی چالاک بوو لە نێو خوێندکاراندا، خولیای کاری رێکخراوەیی هەبوو،کاتێک کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەسترا، لەگەڵ ئەوەشدا بەندە بۆخۆشم خۆم پاڵاوت هانی شەهید ( کاردۆ ) شم زۆر دا تا خۆی بپاڵێوێت، ئاکامیش ئەویش هەڵبژێردرا و ئەو دەم هەردووکمان پێکەوە لە لقی یەک رێکخراوی پیشەیی قوتابیاندا دەستبەکار بووین، بەندە وەک لێپرسراوی لقی قوتابیانی هەولێر ( بۆ ماوهیهک ) و شەهید کاردۆش وەک ئەندامی لق هەڵبژێردراین. ماوەی کارکردنمان پێکەوە لەگەڵ شەهید کاردۆ و هاوڕێ و هاوڕیبازەکانماندا لە رۆژە خۆش و دانسقەکانی ئەو تەمەنەمان دەژمێردرێت، هاوڕێەتیم لەگەڵ ئەم پیاوەدا خۆش و نزیک بوو ئەویش بۆخۆی کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و پڕ رێز بوو، خاوەنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بوو، هەردووک یەکمانگرتبۆوە لە هاندان و خۆشکردنی بواری رووناکبیری و خۆگۆشکردنی خوێندکاراندا، ئەو راستییەشمان دەزانی تاکە رێگەی کۆمەڵی کوردەواری بۆ گەیشتن بە ئایندە گەش و پرشنگدارەکان و ئاسانترین رێگەچارەی رزگاری و ئازادی لەو هەنگاوانەوە دەستپێدەکات کە بنچینەیەکی فراوانی رووناکبیری و هزرێکی فەلسەفی شۆڕشگێری هەبن، هەموو پێشکەوتن و گەشەکردنەکانیشمان دەبەستەوە بە پاشخانێکی رووناکبیری و تێگەیشتنێکی قووڵی هەمەلایەنە لە کێشە و بابەت و چالاکییە جۆراوجۆرەکان. بەو جۆرە لەگەڵ شەهید کاردۆ یەکترمان ناسی و کار و خەباتمان کردنمان بەردەوام بوو.