نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
سەد ساڵ پێش ئێستا ڕێکەوتننامەی سایکس _ بیکۆ لە نێوان ھەردوو دەوڵەتی شانشینی یەکگرتوو ( بەریتانیا) و فەرەنساو بە پشتیوانی ڕووسیای قەیسەری ھاتە واژۆکردن لە نێوان ھەردوو دیبلۆماتکار فرانسۆ جۆرج بیکۆ ی فەرەنسی و مارک سایکسی بەریتانی کەھەرلە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩١٥ ەوە تاوەکو مایسی ١٩١٦ ی خایاند کە پێویستە بووترێت کە ھەموو ئەو وتوێژو لێک تێگەیشتنانە بە شێوەیەکی زۆر نھێنی دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەڕێوە دەچوو بە پشتگیری ڕووسیای قەیسەری بۆ دابەشکردنی ئەو خاکانەی کە لە خۆرئاوای ئاسیا لە ژێر حوکمڕانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون واتە ئەو ناوچەیە ی ناسراوە بە ھیلالی خەسیب .
ئیتر لەناکاو کە شۆڕشی ئوکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا سەرکەوت و بوولشەویکەکان بە سەرۆکایەتی فلادیمیر لینین دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان گرتە دەست ھەموو بەڵگەنامەکان ئاشکرا بوون و بووە مایەی ناڕەزایی و بێزاری گەلانی ناوچەکە کە بە دەر لە خواست و ئارەزووی خۆیان چارەنووسیان دیاری بکرێت .
بەڵێ ھەموو ئەو ڕێکەوتن و پێشنیارو نەخشە کێشانانە لە کاتێکدا دەکرا کە ھێشتا دەوڵەتی عوسمانی حوکمڕان بوو قەڵەمڕەوەکەی ناوچەیەکی ھێجگار پان و بەرین بوو کە گاڵتەی پێنەدەکرا بەڵام ئەمان واتە ئنگلیزو فەرەنسیەکان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە دەوڵەتی عوسمانی کە ئەوکات پێیان دەگووت پیاوە نەخۆشەکە تەواو بووەو لە گیانەڵادایە پێویستە میراتەکەی دابەشبکرێت .
بەڵێ ڕێکەوتنامەو لێک تێگەیشتنەکانیان بۆ ئەوە بوو کە دەستکەوتەکانی ئەو جەنگە جەنگی جیھانی یەکەم لە نێوان خۆیاندا بەش بکەن و ناوچەکە دووربخەنەوە لەئەگەری ھەر شەڕو پێکادانێکی خوێناوی تر بەڕای ئەوان .
ئەگەرچی ئەم ڕێکەوتننامە وەکو ھەنگاوێکی سەرەتایی بوو بۆ دابەش کردنی ناوچەکە بەڵام دواتر ناکۆکی و ململانێ ی زیاتر سەری ھەڵدا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و نەخشەکان گۆڕانکاریان بەسەرھات و شێوەی تری وەرگرت .
ھەرلە و سەروەختەدا کە ڕەنگ ڕێژی تازە بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین دەکرا پەیمانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای مەزن (ئارسۆر جیمس بیلفۆر) کە دواتر بە بەڵێنی بیلفۆر ناسرا لە نۆڤەمبەری ١٩١٧ ڕاگەیەنرا کە بەڵێنی بە ڕەوەندی جوولەکە دا لە وڵاتەکەیدا کە نیشتمانێکی نەتەوەیی یان لەسەر خاکی فەلەستین بۆ دروست بکات ھەروەھا نامە گۆرینەوەکانی نێوان شەریف علی کوڕی حسین لە حیجاز و ھنری میکماھون ی کۆمیسیاری سامی بەریتانیا لە میسر کە باسی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ عەرەب دەکرد ھەموو ئەمانە لە پشت دەرگا کانەوە باسی لێوەدەکرا وەکو جۆرە بەڵێن و ڕێخۆشکردنێک بوو بۆ مەرام وبەرژەوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە .
ھەروەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا ئەم ڕێکەوتنامە بە نھێنیەکی زۆرەوە نەخشەی بۆ دەکێشرا تا دواتر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ساڵی ١٩١٧ لیۆن ترۆتسکی کۆمیسیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پەردەی لەسەر ھەڵماڵی ئەمە چ نەخشەو پلانێکی ئیمپریالیستانەیە و خزمەت بە گەلانی ناوچەکە ناکات ھێندەی پارێزگاری لە بەرژەوەندییە کانی ئەو وڵاتە زلھێزانە دەکات و پیلانێکی گەورە و سامناکە بۆ گەلانی ناوچەکە بە گشتی و کورد بە تایبەتی کە زەرەمەندی یەکەم و کۆتایی ڕێکەوتننامەکە بوو کەتائێستەشی پێوە بێت باجی ئەو ڕێکەوتننامە شوومە دەدات.
بەڵی کورد زەرەرمەندی گەورەو یەکەمی و کۆتایی ڕێکەوتننامەی سایکس _ بیکۆ بوو ئەگەرچی گۆڕین و دەستکاریکردنی سنووری وڵاتان ھێندە کارێکی ساناو خۆشدەست نیە وا بە کۆبوونەوە و بڕیارێک بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر چی ھەشت مانگ کۆبوونەوەو پلان و ڕا گۆڕینەوە لە نێوان ئەو دوو دیبلۆماتکارەی ئەو دوو وڵاتەدا ئنجا گەیشتنە ڕێکەوتنەکەو دواتر ڕێکەوتنامەی سیڤەرلە ساڵی ١٩٢٠ واژۆ کرا کە دان بەوەدا دەنێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد دابمەزرێت لە ڕۆژھەڵاتی ئەنازۆڵ کە زۆرینە دانیشتوانەکەی کوردن بەڵام مەخابن ئەمیش جێبەجێ نەکرا بە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورک بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک .
ڕێکەوتننامەی لۆزان جێگەی گرتەوە لە ساڵی ١٩٢٣ کە دان بە دەوڵەتی تازەی تورکیادا دەنێت لە ڕووی یاساییەوە دەوڵەتی عوسمانی ئیتر ناوی نامێنێت و ھیچ باسێک لە کوردو مافەکانیان ناکات و لێرەوە ئیتر کورد وەکو گەلێکی گەورەی دابەشکراوو پشتگوێ خراو ھەست بەو زوڵمە مێژووییە مەزنە دەکات کە لێیکراوەولەوساوە تا ئێستە کورد لە ھەر چوار وڵاتی عێراق و تورکیاو سوریا و ئێران ھەرچەندە کوردستانی ڕۆژھەڵات لە شەڕی چاڵدێرانەوەساڵی ١٥١٧ بەر دەوڵەتی سەفەوی کەوت لە شۆڕش و بەرخۆداندایە بۆ پارێزگاری لە بوون و مانەوەو بە دیھێنانی مافە ڕەواکانی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا مێژووی ناوچەکە گەواھی جینۆسایدو مەرگەساتەکانی کورد دەدەن کە ئێستا ناکرێت لە وتارێکی ئاوادا ھەمووی باسبکەم.
لە کۆتاییدا دەڵێم پێش سەد ساڵ دیبلۆماتکارە ڕۆژئاواییە کان زۆر بێ ویژدانانەو کەللەڕەقانە بە بێ ویستی گەلانی ناوچەکە ئەو نەخشەیان داڕشت و لەسەر خاکی واقیع جێبەجێ یان کرد ئایا ئێستا لە پاش سەد ساڵ کە بارودۆخی ناوچەکەو جیھان زۆر گۆرانکاری گەورەو جەوھەری بە سەردا ھاتووە ئایا ھەوڵنادەن ئەو زوڵمە ڕاست بکەنەوە ؟
ئەگەر جاران کە بەریتانیاو فەرەنسا ھێزی زل و دەستڕۆیشتووبوون لە ئاستی جیھاندا ئەوا ئێستا ئەمریکاو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی زۆر ناوەندی بڕیار و ھێزی تازە پێگەیشتووی تر ھەن ھەر لە چین و یابانان و ئەڵمانیاو ڕووسیاو ھێزی ئیقلیمی تر کە پارسەنگی ھێزو ھاوسەنگی بەرژەوەندییەکان دەپارێزن .
بەڵێ لەو کاتەوەی کە تیرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش خاڵی چاودێریە سنووریەکانی نێوان عێراق و سوریایان تەقاندەوەو پێش دووساڵ و ڕایانگەیاند کە ڕێکەوتننامەی سایکس _ بیکۆ ھەڵوەشایەوە ھەرچەندە ئەو سنوورانە دواتر و لە کۆتایی بیستەکاندا بە ڕێکەوتنەکانی ئینتدابی فەرەنسی وبەریتانی دیاریکرابوون .
ئێستا ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ھیچ ماناو مەدلوولێکی دەوڵەتێکی یەکگرتووی نەماوەو شیعە لە باشوورو کورد لە باکوورو سونەش لە ناوچەکانی خۆیان کە ھەندێکی لە ژێر دەستی داعشدایە لە ژیانێکی کوولەمەرگی پڕ قەیران و ئاڵۆزی دان .
سوریاش لە ساڵی ٢٠١١ ەوە لە شەڕو پێکدانێکی خوێناویدایە کەنیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئاوارەی وڵاتانن .
تورکیاش لە باکووری کوردستان شەڕو پێکادانی خوێناوی لە ئارادایە لە دوای شکست ھێنانی پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پێشبینی ئاڵۆزی زیاتری لێدەکرێت.
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ناوچەکە بە گشتی و ئەو ناوچانەی بەو ڕێکەوتننامە دابەش کراون خوێنی لێ دەچۆڕێت ئایا کۆمەڵگای نێو دەڵەتی تا ئێستاشی پێوەبێت کە پێداگیری لەسەر مانەوەی ھەمان سنوور دەکەنەوە کەی بە بڕیارەکانیاندا دەچنەوەو و دوای سەد ساڵ ماڵوێرانی و شەڕو بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی ناوچەکە ؟؟؟؟!!!!!
ئەو خاڵەی زۆر گرنگە بەلامەوە کۆتایی وتارەکەمی پێبھێنم سەرنجێکە کە چۆن سەرەتای دامەزراندن و ڕەنگڕێژی ئەم سنوورانە کاتێکی زۆری ویست ھەر لە ساڵی ١٩١٦ ەوە و دواتر تا ڕێکەوتننامەی لۆزان لە ١٩٢٣ درێژەی کێشا و ئاواش ھەڵوەشانەوەی ئەم سنوورانە کاتی زیاتر و بگرە ئاڵۆزی زیاترو قەیرانی گەورەتردەخوڵقێنن کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە دەستی پێکردووە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ لە باشووری کوردستان دواتر ڕاگەیاندنی فیدراڵی لە ساڵی ١٩٩٢ و والە ئێستا شدا ڕاگەیاندنی فیدراڵی لە خۆرئاوای کوردستان وڕاگەیاندنی بەڕێوەبەری خۆسەری لە باکوور سەرەتای کۆتایی داوەشان وداڕزان و ھەڵوەشانەوەی ئەو سنوورانەن .