بورھان شێخ ڕەئوف
سێر(جۆن چیڵکۆت) ناوێکە تا چەند ڕۆژی پێشوو من ناوەکەیم نە بیستبوو بەڵام دوای بڵابوونەوەی ڕاپۆرتە گرنگەکەی کە حەوت ساڵی خایاند و لە ٢,٦ملیۆن و شەش سەد ھەزار وشە پێکھاتووە ونزیکەی ١٣.٥ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ی ئەوسا(٢٠٠٩) دیڤید براون ئەو کۆمیتە پێکھێنرا لە پێنج ئەندام و بەسەرۆکایەتی جۆن چیڵکۆت کە کارمەندێکی حکومەتی بەریتانیا بوو زۆر پۆست و بەرپرسیارێتی گرنگی پێسپێرابوو تا ڕاوێژکاری شاژنە ئەلیزابیتی دووەمی ئەو وڵاتە.
ئەرکی ئەم کۆمیتە چی بوو ؟
ئەرکی ئەم کۆمیتەیە لێکۆڵینەوەبوو لە ھەموو لایەنەکانی شەڕی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاو بەریتانیەوە و ھەر لە چۆنیەتی بەشداریکردنی بەریتانیای عوزما لەم شەڕەدا و چۆنێتی بڕیاردانی بەشداریکردن لە سەرەتاوەو دواتر ئیستراتیجیەتی دوای داگیرکردنی عێراق و چۆنیەتی کشانەوە ی ھێزەکانی بەریتانیا لە عێراق .
ھەرچەندە سەرەتا وا بڕیار بوو کاری کۆمیتەکە بە نھێنی بڕوا بەڵام دواترلە ژێر فشار ی ئۆپۆزەسیۆن و بەرپرسە پێشووەکانی حکومەت ئەوە جێھێڵرا بۆ چیڵکۆت کە خۆی بڕیاری لە سەربدات و گلەیی و گازندەی زۆر لە سەر کاری کۆمیتەکە ھەبوو کە لە ژێر سوێند خواردندا کارەکانیان ئەنجام نادەن بەڵام دواتر چیڵکۆت ی سەرۆکی کۆمیتەکە ھەموو ئەو نیگەرانیانەی ڕەواندەوەو بەڵێنی ئەوەی دا کە لە ژێر ھیچ بارودۆخێکدا ڕاستیەکان ناشارێتەوەو ڕاستیەکان دەخاتە ڕوو ھەروەھا ھەوڵدەدات زۆربەی لێکۆڵینەوەکان بە ئاشکرا بێت ئەوانەی نەبێت کەوا ئاسایشی وڵات دەخەنە مەترسیەوەو ناھێڵێت لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی ڕاستی خۆی دەربچێت لە چۆنیەتی پشکداری وڵاتەکەی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ .
ئەگەر چی یەکەم دانیشتنەکانی کۆمیتەکە لە ٢٤ تشرینی دووەمی ٢٠١٠ دەستی پێکرد زۆرێک لە سەرکردە سەربازی و سیاسیەکانی وڵات بانگھێشت کران بە ھەردوو سەرۆک وەزیران تۆنی بلێرو دیڤید براون زۆرێک لە وەزیرەکان و دیبلۆماتکارەکان لە ساڵی ٢٠١٥ دا کۆمیتەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەو گلەیی و گازندەی زۆر بووەوە لە بەرئەوەی کارەکانی زۆردواکەوتن و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ڕانەگەینران بۆ ڕای گشتی بۆیە بەڵێنی ئەوەیان دا کە لە ناوەڕاستی ٢٠١٦ ئاکامەکەی ئاشکرا بکرێت ئەوە بوو لە ٦ / تەمووزی ٢٠١٦ ئاکامەکەی ئاشکرا کرا .
بەڵێ دوای حەوت ساڵ لە لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ چیڵکۆتی سەرۆکی کۆمیتەکە کورتەیەکی ڕاپۆرتەکەی لە بەردەم ئەنجوومەنی گشتی بەریتانیا خوێندەوە کە تێیدا ھاتووە:-
١. بەریتانیا شکستی ھێناوە لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی لەو شەڕەدا
٢. سەدام حوسین ھیچ ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی نەبوو ە بۆ سەر بەرژەوەندی بەریتانیا .
٣. بژاردە ئاشتیەکانی بۆ چارەسەری کێشەکە کەڵکی لێوەرنەگیرا.
٤. ئەمریکاو بەریتانیا دەستەڵاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتیان بەکارھێنا
ھەرچەندە بڕیارەکانی کۆمیتەکە ھەروەکو لە سەرەتاوە ڕاگەینراوە ھیچ لێپیچینەوەیەکی یاسایی بە دوای خۆیدا ناھێنێت بۆ ھیچ کەس و بەرپرسێک بەڵکو تەنھا ڕۆڵی ڕەخنەگرتن و قامک خستنە سەر ھەڵەو کەمو کووڕیەکان سوود وەرگرتن لە ھەموو پەندو وانەکانی ئەم شەڕە بۆ ئاییندەی وڵات و بەشداریکردن لە ھەر جەنگێکی چاوەڕوان کراودا , بەڵکو ڕاپۆرتەکە وەکو دادگاییکردنێکی مەعنەوی و میدیایی چاوی لێدەکرێت و ھیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی بۆ ھیچ کەس و دەزگایەک فەراھەم ناکات .
ھەرچەندە ئێستا دوای ١٣ ساڵ لە و شەڕە و کوژرانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەخەڵکی عێراق و برینداربوونی سەدان ھەزاری تر تۆنی بلێر ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای بەریتانیا داوای لێبووردن دەکات بەڵام ناکرێت و نابێت کاریگەری ئەو جەنگە لە سەر ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بەرچاو نەگیرێت ھەر لە شەڕی تائیفی و سەرھەڵدانی داعش و ھەموو گروھە تیرۆریستیەکانی تر .چونکە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دواکەوتنی کوێرانەی تۆنی بلێر بۆ سیاسەتەکانی جۆرج بۆش کوڕ دەکات و باس لەوە دەکات کە بەڵێنی ئەوەی بە بۆش داوە کە پشتگیری بکات بەھەر شێوەیەک بێت وھەرچیش ڕووبدات .
خاڵێکی تر ی ڕاپۆرتەکە کە زۆر گرنگی پێدراوە نەبوونی ئیستراتیجیەتیەکی ڕوون و دیاریکراوە بۆ پاش داگیرکردنی عێراق و میکانیزمی بەڕێوەبردنیەتی کەھیچ گرنگیەکی پێنەدراوەو پلان وخۆئامادەکردنی گونجاوی بۆ نەکراوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی زۆر بایەخدار بۆ ئەو مەسەلە کە دوای سەدام چۆن عێراق بەڕێوەببرێت کە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی زۆر مەزنە چۆنیەتی بەدەستەوەدانی بەغدا بۆ تاران وەکو تیکەیەکی زۆر چەورو ئاسان کە ئێرانیەکان خۆیشیان باوەڕیان نەدەکرد وا بەئاسانی قووت بدرێت !
ھەرچەندە ڕاپۆرتەکە ١٢ مجەلەدی گەورەیە و ٢.٦ ملیون وشەیە بڕیار وایە ھەفتەی داھاتوو دوو ڕۆژی لەسەریەک ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا گفتوگۆی لەسەربکەن وائاسان نیە بە وتارێکی کورت شیکاری تیرۆتەسەلی بۆ بکرێت .
بەڵام ئەوەی کە سوودمەند بووبێت لە و جەنگە دا وادیارە ئەو کۆمیتە ئاماژەی بۆ نەکردووە گەلی کوردە لە باشووری کوردستان وپێکھاتەی شیعە مەزھەبی عەرەبی عێراق کە ڕزگاریان بوو لە دکتاتۆریەتی سەدام ولە ھەمان کاتدا دەوڵەتی ئیسرائیلیش لە حکومەتێک ڕزگاری بوو کە خاوەنی ڕۆکێتی دوورھاوێژو چەکی کیمیاوی سوپایەکی بە ھێز بوو .