لە ناو زۆر نەتەوەو میللەتان بە دەگمەن ھونەرمەند، یا ھونەر سازێک دەتوانێ کاریگەری دروست بکات بۆ دروست کردنی کایەو کەرستەکانی ھونەر، بەتایبەتی لە رووی (دەنگ) یاخوود (ئاواز و تێکست) یان (میوزیک) چونکە ئەو کەرستانە، پێویستی گرنگ و بەرچاون بۆ گوێگر.
دیارە من ئەو نووسینەم وەک خوێندکارێکی زانکۆ دەخەمە روو، واتە وەک گوێگرێک و چاودێرێکی بەردەوامی ھونەری گۆرانی ئەم چەند دێرە دەر ئەبڕم و ئومێدم وایە کەس دڵی نەڕەنجێت!، بێگومان ھەرواش ئەبێت، چونکە باسی ھونەرمەندێک ئەکەم، کە ھەموو تاکێکی کورد بە دەنگ و سەداو کارەکانی ئاشنا بووە!.
بەڵام فارس گوتنی جێگەی (موتەئەسیفانە) ئەو ھونەروەرە مەزنە، ئێستاکە ونەو بێدەنگە، ئەگەرچی لە رێگەی ھەندێک دیمانەو بیستنی ھەواڵی لەسەر زاری چەند ھونەرمەندێکی ھاوڕێی ئەو ھونەرمەندە ھەندێک ھەواڵ ئەبیستین، بەڵام ئەوەیان تینوێتی ئێمەی گوێگر و جەماوەر ناشکێنێت!.
ئاخر ئەگەر سەردەمی ھاتنە نێو گۆرانی گوتنی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) بێنینەوە بەرباس، دیارە ئەوەمان بۆ دەر ئەکەوێت، کە ئەو ھونەرمەندە ھەر لەسەرە تاوە جیاواز خۆی لەقەڕەی کارەکەی داوە، چۆن و بەچی ؟؟
لەساڵانی کۆتایی ھەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان ھەندێک میلۆدی بۆ گۆرانییەکانی دەست خستووە، کە زۆر بە جورئەتەوە ئەو کارەی کردووەو دەتوانین بڵێن بۆ ئەو سەردەمە شورشێکی میوزیکی و ئاوازی تازە بووە، چونکە ستایل و ئەتەکێتی دەنگی (زیاد ئەسعەد) رۆحیەتێکی فارسی لەخۆی گرتووە، ھەر ئەوەش وایکردووە دەنگی فرە جوانتر و شیرنتر بێت، تەنانەت گوتنی ھەندێک گۆرانی فۆلکۆر و ھونەرمەندانی بەر لەخۆی ئەو راستیەمان بۆ دەر دەخات و ئەو گۆرانیانە زیاتر رۆنشتۆتە نێو ھزری گوێگر!.
ئەگەر بێت و سەیری ئەو سەردەمەش بکەین، کە (زیاد) رووی لە ھەندەران کرد، دەکرێ بڵێین ئەگەر (زیاد ئەسعەد) لە تاراوگە نەبوایە کێ ھەبوو ئەم ھەموو ئاواز و تێکستە نایابە بھۆنێتەوە؟!، ئەگەر ئەو ھونەرمەندە ئەو کارەی نەکردبایە ئەو گۆرانیانەی زۆرترین جەماوەریان بۆ لای خۆیان پەلکێش کرد دروست ئەبوون ئایا بیرتان نەماوە لە دوای ساڵی (٢٠٠٠) تایتلی سەدان گۆرانی لە تاراوگە بوونە ھەڵگری ناوی (زیاد ئەسعەد) کە ئەوەشیان بەخشندەیەک بوو، لە ھیچ ھونەرمەندێکی کورد بەو رادەیە نەبووە، تەنانەت ئەو ھونەرمەندانەی میوزکژەنیش بوون بە قەدەر (زیاد) ئەوەندە ئاوازەیان دروست نەکردووەو ئەوەندەش نەیان بەخشیوەتە گۆرانیبێژی کورد.
ئایا ئەگەر گۆرانییەکانی ھونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) لە مێژووی کاری ھونەری ھەریەک لەم ھونەرمەندانە (ئەیاد حوسێن، رۆژ کەریم، زەکەریا عەبدوڵڵا، ئەژدەر وەھبی، چۆپی، پەیوەند جاف، بڵند عەبدوڵڵا، لەیلا فەریقی، موحسین عەبدوڵڵا) بھێنینە دەرەوە ئایا باقی گۆرانییەکانی دیکەیان دەبنە مایە ناساندنیان؟!
بە شێوەکی گشتی ئەو بێدەنگیەی ئەو ھونەرمەندە گەورەیە پێم وایە بووە بە قەیرانێک ھەم بۆ گوێگر، ھەمیش بۆ ھونەرمەندان، چونکە دەرکەوت بێدەنگ بوونی (زیاد ئەسعەد) بێدەنگ بوونی کۆمەڵێک ھونەرمەندی کوردە!.
بۆیە من ھیوادارم ئەم نوسینەم بگاتە بەر چاوی ئەو ھونەرمەندە گەورەیەو بیخوێنتەوە، ئیتر بەسەو کاتی ئەوە ھاتووە دەنگ و سەدای ھەبێ، چونکە زیاد ھەم بەھرەو دەنگێکی یەکجار جیاوازە، ھەروەھا کەسێکی کاریگەرە بۆ کاروانی ھونەری گۆرانی، بەڵی ئێمە کۆمەڵێک ھونەرمەندی دەنگخۆشمان ھەیە، بەڵام ھونەرمەندی بەخشندەو بەرھەمدارمان نیە لەگەڵ رێزم!، چونکە ھیچ ھونەرمەندێک نانی بەردەمی خۆی نابەخشێتە بەردەست ھونەرمەندێکی ھاوکاری خۆی، ئەوەیان تەنھا لە (زیاد ئەسعەد)دا بوونی ھەیەو، بۆیە ئەزموونی زیاد و زیادبوونی کاروانەی زیادییەکان ھەمیشە پێویستە بۆ ھونەری گۆرانی کوردی، بۆیە ئەوە تەنھا (زیادە یەکەمی بێ رکابەری ئەو کاروانەیە!)
من وەک چاودێرێکی ھونەری ئەم وشانەم لە ناخی دڵمەوە دەر ئەبڕم و چەند ھاوڕێیەکی ئازیزم لە زانکۆی سلێمانی شاید حاڵی ئەو نوسینەمن چونکە ئەوە تەنھا من نیم ئەوە دەڵێم بەڵکو جاری وا ھەبووە لە زانکۆ لە کافتریا و کۆبوونەوەو دانشتنەکانمان ئەوەمان باسکردووە، بۆ مێژوو ھەریەک لە ھاوڕێانم لە زانکۆ (رێژنە، ئاسودە، سۆما، شەویار، ئاسۆس، ھەردی، ئومێد، سەرکار) چەند ھاورێیەکی دیکەشمان بەدەیان جار وەک کۆربەندێک قسەو شیکارییمان لەسەر بوونی ھونەرمەندێکی گەورەی وەک (زیاد ئەسعەد) بۆ ھونەری گۆرانی پێویستەو زەرورە!.
چونکە بەڕاستی لە ئێستادا داڵدە دراوین بە شەپۆلێک لە گۆرانی نەشاز و گۆرانی زۆر دووبارە و گۆرانی پڕ پڕ لەوشەی کلاسیک و شیعر و شیعر کە تەنھا ئەو وشانە بۆ شیعرن نەک بۆ گۆرانی، بەڵام بەداخەوە ھەندێک ھونەرمەندی کورد پێیان وایە ئەگەر بەرۆکی شیعری کلاسیک بەر بدەن ئیتر دەستیان لە بنی ھەمبانەکە دێتە دەرەوە، بۆیە پێویستە شیعری گۆرانی (لیرکی) بێت سادەو روون و بێ گڕێ بێت، نەک ھەمیشە پەراوێز بەکار بھێنین بۆ ھەندێک وشە کە بۆ گۆرانی ناگونجێت!.
ئومێدەوارم ھونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) ئەو بێدەنگیەی بگاتە وێستگەیەک و ئیتر خاڵێک دابنێت لەسەر ئەو دێرانەی کە ھەمیشە لای ئێمە جێگەی پرسیارە کە بۆ دیار نیە ھونەرکاری ئازیز (زیاد ئەسعەد) لەگەڵ سڵاو رێزم بۆی.
ھێژا ئەنوەر – زانکۆی سلێمانی