خانمە ئەکتەری لاوی بواری شانۆ و دراما (بەیان عوسمان)، وەک کچە هونەرمەندێکی بواری نواندت لەم چەند ساڵەی دوایی دا توانی لەرێگەی بەرجەستە کردنی رۆڵی کەسایەتی (وەنەوشە) لە بەشی دووەمی زنجیرە درامای گەردەلول سەرنجی بینەرانی درامای کوردیی بەلای خۆیی دا رابکێشێت، لەمیانەی سەردانێکی دا بۆ شاری هەولێر، لە دەرفەتێکدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هاتە ئاخاوتن و لە میانەی ئەو لێدوانەدا تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە کارە هونەرییەکانی خۆی و هەروەها بەشداریی کردنی لە بەشیی سێیەمی زنجیرە درامای گەردەلول، کە وابڕیاڕە لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری وێنەگرتنی دەست پێ بکات، هەروەها بەردەوام بوونی لە کاری درامی بە تایبەتی لە دوای ئەوەی چووە نێو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (هەڤاڵ) ئایا بەردەوامی دەدات بە کارە هونەرییەکانی، لەمیانەی ئەو لێدوانەدا ئەو بابەتانەی بۆ خوێنەران روون کردەوە :…
سەرەتا لێمان پرسی ئێستاکە بەچی خەریکی و کەم دەردەکەوی..؟ لەوەڵامدا گوتی : “ئێستاکە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی مامۆستام، ئەوەشیان لە ئەنجامی ئەوە هاتە بوون، لەماوەی پێنج ساڵ خوێندنم لە پەیمانگادا، توانیم پلەی یەکەم بە دەست بهێنم، لە پەیمانگا بە مامۆستایەتی رۆژانە خەریکم و ئەو ئەرکەم بەجێی دەگەینم “.
هەروەها بەیان عوسمان گوتیشی : “بەو پێیەی من دەرچووی بەشی شانۆیی پەیمانگام و شانۆم زۆر خۆشدەوێ و لە رێگەی شانۆوە فێری وانەی نواندن بووم لە درامادا، لە دوای گەردەلول من بەشداری کارێکی شانۆییم کردووە، ئەویش شانۆی (دوا زووانی ئۆتێلۆ و دەزدەمونە) کە لەدەقێکی نووسەری بەناو بانگ (شکسپیر) وەرگیردرا بوو، توانیم لەو کارە شانۆیەدا یەکێک لە رۆڵە سەرەکیەکان ببینم، کە ئەویش رۆڵی (دەزدەمونە) بوو، من نامەوێ لەشانۆ داببڕێم، بەڵام من هەر کارێک شانۆیی یاخوود درامی کە بەشداریی تێدا دەکەم، پێم باشە کارێک بێًت ئاستی لە کارەکانی پێشووترم نزم تر نەبێت، چونکە پێم وایە هونەرمەند کار دوای کار بەرهەم دوای بەرهەم ئەگەر شتێکی باش پێش کەش نەکات، پێویست ناکات خۆی لە قەرەی هەموو کارێک بدات”.
دەربارەی بەشداریی کردنەوەی جارێکی تر لە زنجیرە درامای گەردەلول، کە لە بەشی دووەمی ئەو درامایەدا لە رێگەی بەرجەستە کردنی رۆڵی کەسایەتی (وەنەوشە) زیاتر ناسرا، لەوەڵامدا گوتی : “لەم رۆژانە ستافی زنجیرە درامای گەردەلول کۆبوونەوەیەکمان ساز کرد، بەڵام ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە تەنها لەسەر چەند بابەتێک و کاری داهاتووی چۆنیەتی بەرهەم هێنانی بەشی سێیەمی دراماکە بوو، ئەگەر هاتوو ناوەرۆکی سیناریۆی زنجیرە درامای گەردەلول، منی تێدا بم واتە (وەنەوشە) بوونی هەبێت، بەڵی حەز دەکەم و بەشداریش دەکەم، بەڵام ئەگەر پێویستی پێنەبێت کەواتە منی بۆچیە..؟ زۆر ئاساییە بەلامەوە بەشداری ناکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو درامایە دەخوازم”.
کچە ئەکتەر (وەنەوشە) هەروەها گوتی : “ئەوەی من بیستوومە هونەرمەندی دەرهێنەر بەڕێز (جەلیل زەنگەنە) لە ناوەرۆکی سیناریۆی بەشی سێیەمدا چەند ئەکتەرێکی تازەی هێناوەتە ناو کارەکەی و هەندێکیشی لاداراوە، بەڵام تائێستا بە من نەگوتراوە کە بەشدارم لە بەشی سێیەم یاخوود نا، ئەوەیان تەنها ناوەرۆکی سیناریۆکە و دەرهێنەر دەیزانێت و منیش وەک ئەو ئەکتەرانە چاوەڕێی ئەو رۆژەم کە دەست بکرێت بەکاری وێنەگرتن و ئایا (وەنەوشە) ماوە لە دراماکەدا یاخوود نا”.
(بەیان عوسمان) دەربارەی بەشداریی کردنی لە درامی دیکە گوتی : “لە دوای بەرجەستە کردنی رۆڵی کەسایەتی (وەنەوشە)، زۆر دەرهێنەر داوایان لێکردوم بەشداری لە دراماکانیان یاخوود فیلمێکدا بکەم، بەڵام بەشدارییم نەکردووە، نەک لەبەر ئەوەی بڵێم من کەسێکی لەخۆ بایم و خۆم بەگەورە بزانم نا بە پێچەوانەوە، بەڵکو مەبستم بووە لە دوای گەردەلول بەشداریی لەکارێک بکەم، کەلەکاری پێشووترم باشتر بێت و هەروەک لەسەرەتاش ئاماژەم بۆ کرد دەمەوێ کار لەدوای کار هەنگاوی جوانتر بهاوێژم، جگە لەوانەش من ویستوومە بە (وەنەوشەیی) بمێنمەوە لەلای خەڵک نەک هەندێک رۆڵ بەرجەستە بکەم، کە لە ئاستی پێویست نەبێت و لە کەسایەتی (ونەوشە)ـی گەردەلول کەم بکاتەوە لەلای جەماوەر و بینەران”.
دەربارەی ناولێنانی ئوتومبیڵێکی گرانبەهای نیسان بەناوی ئەو، گوایە ئوتومبیلێکی لەو جۆرە کە پێی دەڵێن (وەنەوشە) بە دیاری وەری گرتووە..؟ لەوەڵامدا گوتی : “نەخێر منیش وەکو خەڵک تەنها لەسەر شەقامەکان دەیبینم، ئەگەرچی شوفێرێکی زۆرباشم و ماوەی (5) ساڵە مۆڵەتی لێخورینی ئوتومبیلم هەیە، وا خەریکە تازەی دەکەمەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی سوودێکی زۆری لەناوی (وەنەوشە) وەرگت تائێستا هیچم بەدیاری لێیان وەرنەگرتووە و شتی وا رووی نەداوە ئوتومبیل بدەن بە من”.
دەربارەی چوونە نێو ژیانی هاوسەری و بەردەوام بوونی لەکارە هونەرییەکانی ..؟ لە وەڵامدا گوتی : “هاوسەرەکەم (هەڤاڵ) گەورەترین پاڵپشت و هاوکاری منە، ئەو هەردەم یارمەتی ئەوەی داوم کە بەردەوام بم و هەرگیز پێ ی نەگوتوم واز لە کاری هونەری نواندن بێنە، جگە لەوانە من زۆر ئارەزوو دەکەم لەگەڵ هاوسەرەکەم بەیەکەوە بەشداریی بکەین لەدرامایەکدا و بەیەکەوە رۆڵێک بەرجەستە بکەین، بۆ ئەوەی منیش ئەو کات باشتر بتوانم نواندن ئەنجام بدەم و هەستی خۆم بەتەواوی بتوێنمەوە لە نێو دەقی سیناریۆی دراماکەدا، بۆ نموونە زۆر ئارەزوو دەکەم لە بەشی سێیەمی گەردەلولدا بەشداری بکات، ئەوەشیان دەگەڕێتەوە بۆ رای خۆی و کاک جەلیل زەنگەنە، من زۆر شانازی بە هاوسەرەکەم دەکەم، (هەڤاڵ) مرۆڤێکی گەورەیە ئەو هەردەم پاڵپشت و هاوکارم بووە لە کارە هونەرییەکانم من سوپاسی دەکەم”.
دەربارەی ئەوەی ئایا پێت وایە ئەکتەرێکی سەرکەوتوبووی لەبەر جەستە کردنی رۆڵەکەت لەگەردەلولدا، بۆیە خەڵک پێشوازی لێکردی و ناسرایی..؟ لەوەڵامدا گوتی : “من ئەگەر رۆڵی کەسایەتی (وەنەوشە) نەبوایە، خەڵک بەو شێوەیە نەیدەناسیم وەک ئەو (بەیان)ـەی کە هەم ئێستاکە، هەرچەندە من یەکەم ئەزموونم بوو بەڵام ئەو درامایە منی بە خەڵک ناساند و سوپاسی رێز و وەفای ئەو جەماوەرە دەکەم، کە هانیان دام وەک ئەکتەرێک هەمیشە لە خزمەتیان دابم و ئەرکی منیان قورستر کرد، کە لەمەو دوا کاری جوانتر و باشتریان پێش کەشیان بکەم”.
لە کۆتایی دا (بەیان) گوتی : “سوپاسی ماڵی باوکم دەکەم، بەتایبەتی دایکی ئازیز و خۆشەویستم، چونکە هەردەم پەرۆش بووە، بۆ چۆنیەتی پەروەردە کردنی ئێمە، بەتایبەتی لە چۆنیەتی بەرەو پێش چوونمان بۆ پەیمانگا و تێکەڵ بوونمان بە کاری هونەریی، ئێستاکەش هاوسەری ئازیزم (هەڤاڵ) تەواو کەری ئەو پاڵپشتیەی منە و ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەستەم بوو بتوانم بەو شێوەیە لەو تەمەنەدا بێمە ناو کاری هونەریی”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا