كارۆخ مەلائەسعەد (هەژان خالید) پێشكەشكاری بەرنامەی (ئێن ئاڕتی پڵاس) ـە لە كەناڵی (ئێن ئاڕتی)، كە ئەو بەرنامەیە بەرنامەیەكی هەمەڕەنگە و چەندین بابەتی هونەری و زانستی و تەندروستی لەخۆ دەگرێت. لەم دیمانەیەی رۆژنامەی “هەولێر”دا ئاماژ دەدات، كە هەرگیز حەز ناكات بەرنامەی سیاسی پێشكەش بكات و پێشی وایە دەبێت پێشكەشكار باكگراوندێكی ڕۆشنبیرانەی هەبێت.
ئەو بۆ هەولێر دەڵێت: “ئەگەر بۆم بگونجێت، ڕەنگە لە بوارێكی دیكەیشدا بەرنامە پێشكەش بكەم، بۆ نموونە هەر كاتێك بەرنامەیەكی تایبەتمەندی هونەری یان بەرنامەیەكی(شۆ)ـم بۆ بێتە پێشەوە قبووڵی دەكەم، بەو مەرجەی بیرۆكەی بەرنامەكەم بە دڵ بێت و بەرنامەكەیش شتێكی تەقلیدی نەبێت.”
(هەژان خالید) سەبارەت بە كارەكانی ئێستا و داهاتووی گوتی:”جگە لەكاری پێشكەشكاری، سەرقاڵی خوێندنی زمانی ئینگلیزیشم و بەرنامەیشم هەیە ساڵی ئاییندە بۆ خوێندنی ماستەر لە بواری ڕاگەیاندندا ڕوو لە دەرەوەی كوردستان بكەم.”
لە بارەی ئەوەی ئەگەر هاتوو كەناڵێكی دیكە مووچەیەكی باشی بۆ خەرج بكات، ئامادەیە لە(ئێن ئاڕتی) داببڕێت؟ بۆ ئەمەیان گوتی: “زیادكرنی مووچە بۆ من شتێك نییە كە لە (ئێن ئارتی) بمپچڕێنێت و بمگوازێتەوە بۆ كەناڵێكی دیكە، ئەگەرچی مووچەیش گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام خۆشەویستیم بۆ كارەكەم لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێی وایە ئەو كەسەی كاری پێشكەشكاری دەكات، جا لە هەر بەرنامەیەكدا بێت، دەبێت باكگراوندێكی ڕۆشنبیرانەی هەبێت، چونكە ئەوە بەشێكە لە تایبەتمەندییەكانی پێشكەشكارێكی سەركەوتوو.
لێمان پرسی بەر لەوەی بێیتە (ئێن ئاڕتی) پێشتر چ كارە بووی؟ گوتی: “ئەزموونی دوو ساڵ كاركردنم هەیە لە كاری ڕۆژنامەوانیدا، بەتایبەت لە ڕۆژنامەی (ڕووداو)، هەروەها دواتر لە گۆڤاری (وارڤین)ـیش كارم كردووە. بۆیە ئەزموونی ڕاگەیاندنم هەبووە.”
ئەو خانمە ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوبەشی پێك هێناوە. هاوكات هاوسەركەیشی ڕاگەیاندنكارە و پاڵپشت و هاوكاری بووە لە پێناو سەرخستن و پەرەپێدانی كارەكانیدا.
ئەو حەزیش بەوە ناكات كە هیچ كاتێك بەرنامەی سیاسیی هەبێت، چونكە هەرگیز خواستی نەبووە خۆی تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان بكات.
باس لەوەیش دەكات كە زۆر سەرسامە بە خانەكانی جل و بەرگی فەڕەنسا و ئیتاڵیا. هەروەها حەزی لە خواردنی یاپراخی دایكییەتی.