لە دوا لاپەڕەی کوردستانی نوێی ژمارە ٥٦٥٤ ڕاپۆرتێکی برایان کاک یونس حەمەد و کۆسار عوسمان م بەناوی گهرمكردنهوهی گۆرانییه كۆنهكان مۆدیله یان دیارده؟ بینی……..
منیش ئەڵێم :
دەستتان خۆش سەردێڕی بابەتەکەتم بەدڵە و بەوشەی (گەرمکردنەوی گۆرانیەکۆنەکان) ، جانازانم بەڕێزتان بەهەمان بۆچونی من نوسیوتانە یان نا ؟…
دەرئەکەوێ کە هونەر، بەتایبەتی هونەری سازو ئاواز خۆراکە بەڵام خۆراکی گیانەولەڕێ سۆز و ئەندێشەو هەستەوە ئاشنا بەناخی مرۆڤ ئەبێت و بە تواناو بەهرەی هونەرمەدەکە ئاشنا ئەبێت.
ئەوساتەی هونەری ساز و ئاواز خۆێ ئەگەیەنێتە باوەشی جەماوەرەکەی (گەلەکەی) بەتایبەتی لەلای میللەتی کورد (جەماوەری کوردی- گەلی کورد) بە هونەری گورانی ناسراوەو وشەی گۆرانیش یەکێک بووە لە هەرە دیاردە جوانەکانی هۆزی (گۆران) (گۆرانیەکان: هۆزو ڕەچەڵەکێکی میللەتی کوردن و جوانترین دیاردە لەناویاندا چڕینی میلۆدیەکوردیەکان بووە لەساتی کارو پیشەی ڕۆژانەیاندا،تەنانەت یەزدانپەرستنیشدا، بۆیە ووشەی گۆرانی لە و کەلتورەی ئەوانەوە ماوەتەوە و سەپێنراوە بەسەر زمانی سازو ئاواز بەچڕینی دەنگ)، ئەوساتە بەو دیاردەیە ئەوترێ هونەری جەماوەری، بەواتای ئەوجۆرە هونەرە بۆتە بەشێکی گەورەی ڕەسەنایەتی نەتەوەکەی، بەتایبەتی جەماوەرەکەی خۆی، کە لای گەلان پێی ئەوترێ هونەری فۆلکلۆر، لەبەر ئەوەیە وشەی فۆڵک بەمانای گەل یان جەماوەر دێت، ووشەی فۆلکلۆر لە ووشەی (Volkskunde) ی ئەڵمانیەوە وەرگیراوە کەبەمانای زانستی گەلان دێت و لە زمانی عەرەبیدا بەرامبەرەکەی ووشەی (تراث) دێت کە بەمانای ئەو کارە هونەری و چیرۆک و سەرگوزشتەو ئەسطۆرە کۆنەکانی گەلێکن (میلەتێک- جەماوەرێک) کە دەماودەم لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
جا ئەم دیاردەیە: دیاردەی نوێبونەوەی (تراث) فۆلکلۆر لەهەموسەردەمێکدا ڕووئەدات لەناو میلەتی ڕەسەندا، بە دوپاتکردنەوەی کارە ڕەسەنەکان و هەندێکاری تری ئەوسەردەمەش کەلەئاستی ڕەسەنی کارە هونەریە فۆلکلۆریە رەسەنەکانی ئەومیلەتەدا خۆیان ئەبیننەوە،بەڵام مەرج نییە هەمو کارێکی هونەری ئەوشانازیەی پێببەخشرێ،بەواتای ببنە ویردی سەردەمی جەماوەرەکەی خۆی، ئەوەی شایانی باسە، ئەوجۆرەهونەرەڕەسەنانە پێویستیان بە هیچ دەستگایەکی ڕاگەیاندنیش نییە، تەنانەت تۆمارکردنیش،لەبەر ئەوەی ئەوکارە هونەریانە خۆیان ئەخزێننە ناو هەستوناخی جەماوەرەکەی خۆیان، بەڵام گەر هاتو دەستگاکانی ڕاگەیاندن پاڵپشتیانبن، ئەوا سەدجار پتەوتر و جوانتر کاری خۆیان ئەکەن، بۆیە ئەبێ لەبیرمان نەچێت، کەکاری هونەر پیشاندانی ڕواڵەتی جوانی نەتەوەیە. ئەوکارەش زۆرگرانەو لەتوانای هەموو هونەرێک و هونەرمەندێکدا نییە، ئەوساتانەی هونەر خۆی ئەخزێنێتە ناوهەستی جەماوەرەکەی، ئەوساتە ئەوجۆرەهونەرە ئەبێتە دیاردەیەکی جوانی نەتەوە، ئەوەی من لەیادم بێتو بتوانم لە سەری بدوێم ئەوەیە هەر لەدێر زەمانەوە ئێمەخاوەنی هونەری بەتایبەتی هونەری ساز و ئاواز (گۆرانی) خۆمانیین و،چەندین گۆرانیمان هەیە کە ئاوازدانەرەکانیان نەناسراون، بەڵام ئەم دیاردەیە ئەوەناگەیەنێ کە کەسێک نەبوبێ ئەم ئاوازەی دروستکردبێت، بەڵام لەوانەیە بەوجۆرە نەبێت کە ئێستا دێتە گویمان، ئەوەش بۆدەماودەم گێرانەوەی ئەوکارە هونەریانە ئەگەڕێتەوە. هەندێ گۆرانیشمان هەیە بێژەرەکەیان (گۆرانی بێژەکە) ناسراوە. بەڵام ئاوازەکە بۆتە ویردی سەردەمی جەماوەر (ناو زۆرن لەو هونەرمەندانە کە لەسەردێڕی باسەکەماندا ئەشێ باسیان بکرێت بەڵام ئەوە باسێکی ترە)، لەم سەردەمانەشدا چەندجارێک ئەودیاردانە دوپات بونەتەوە کە ئاوازێ چەند گۆرانی بێژێک ئەیچڕنەوە،یان دوبارە ئەکرێنەوە،لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ؛
ئایا هونەرمەندی گۆرانی بێژ بۆ گۆرانی ئەڵێ؟
وەڵامی ئەوپرسیارە ئەشێ بەم پرسیارانە بگەینە ئاکامی وەڵام دانەوەی:
ئایا ئەوهونەرمەندە گۆرانی بێژە؛ ئەیەوێ بەخەڵکی یان بەجەماوەرەکەی بڵێ من خاوەنی بەهرەیەکی هونەریم؟
یان ئەیەوێ جوانکارێیەک لەڕێ تواناو بەهرەی خۆیەوە بخاتە سەرخەرمانی هونەری نەتەوەکەی ؟
ئەمانەو چەند پرسیارێکی تریش کە من لام پەسەند نێن :
ئایا هونەر بەتایبەتی هونەری ساز و ئاواز بۆ ئەوە ئەوترێ کە جارێک ببێژرێ و یان تۆمار بکرێت و پاشان بخرێتە سەر ڕەفەی لە بیرچونەوە ؟
ئایا ئاوازێک یان گۆرانیەک گەر لەلایەن کەسانی ترەوە دوبارە بکرێنەوە، نەنگیە بۆ خاوەنەکەیان، یان مانای ئەوەیە کەکارەهونەریەکەیان لە سنوری تاکەکەسی تێپەڕاندووەو خۆی خزانۆتە ناو ئەندێشەی کۆمەلگاکەوە؟
بەڕای من وەڵامەکان لێرەوە دەست پێ ئەکەن؛
ساتێ هونەر ئەبێتە هونەری جەماوەری یان میللی کە سنوری تاکەکەس یان گروپی بچوک ببەزێنێت و بچێتە ئەندێشەی کۆمەلگاوە، ئەوهونەرانەی کە تۆمار ئەکرێن و لە سەر ڕەفەی قەتیس مان ئەمێننەوە، ئەوە مانای ئەوەیە ئەو هونەرە هونەرێکی جەماوەری و ڕەسەن نییە،پێویستە ئەو هونەرمەندە لەهۆکاری ئەوقەتیس مانە بکۆڵێتەوەو لێی تێبگات بۆ هونەرەکەی سنوری تاکەکەسی نەبەزاندووە و لەسەر ڕەفەی بیرچونەوە قەتییس ماوە.
ئەوەساتەی هونەر سنورەکەی خۆێ ئەبەزێنی جا سنوری تاکەکەسی بێت یان هەندێ جار سنوری نەتەوەش ئەبەزێنێت و ئەبێتە هونەرێکی جیهانی، ئەوە ڕاگرتنی ئەو سنورەو بەزاندنە لەتوانای کەسدا نییەوە ڕێگرتن لێی مایەی پەشیمان بونەوەیە.
بویە من ئەڵێم ئەوساتەی هونەر ئەبێتە هونەری نەتەوە کە سنوری تاکە کەسی یان سنوری گروپیش ئەبەزێنێ و ئەبێتە هونەرێکی میللی یان نەتەوەیی یان جەماوەری،هەرچەندە لای ئێمەی کورد واباوە کە هونەری فۆلکلۆر ئەشێ خاوەنەکەی ئاشکرانەبێت، جاگەر وابێت کەواتە هەموومیلەتانی سەرزەمین دەمێکە دورن لە هونەری فۆلکلۆرەوە، بەڕای من ئەمە هەڵەیە ئەو هونەرەی بەئاسانی ئەبێتە هەلگری ئایدنتی نەتەوە و میللەت پێوەری هونەری خۆێ هەیە، هەندێک خاوەنی مەرجە هونەرە سادەییەکانن و زۆر بە ئاسانی ئەچنە ئەندێشەی مرۆڤەکان جا لەڕێ سادەیی ووشەکان یان ڕستە مۆسیقایەکان یان سانایی بونیادی کڵێشە مۆسیقاییەکەی، هەرچەندە لەڕوی باری زانستی هونەریشەوە ئەوەندە باڵا نەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی سادە و ئاسان چێژی هونەری خۆی ئەدا بەدەستەوە،ئەم دیاردەیە لەزۆر لە گۆرانیە جەماوەریەکانی (فۆلکلۆریەکانی) خۆماندا ئەبینرێن. بەڵام لەلایەکی تریشەوە هەندێ لەو ئاوازانە بەهۆی جوانی و پڕمانایی ووشەکان و پتەوی و پڕزانستی بونیادە ئاوازیەکەیەوە سنوری تاکەکەسی ئەبەزێنێ و خۆ ئەخاتە باوەشی کۆمەڵگاوە جا گەر کۆمەڵگاکە ئەوەندە لەبار و پڕزانست و دەرگا واڵابوو، بۆگەیاندنی هونەرەکەی بەدەرەوی سنوری خۆی ئەوا بەئاسانی ئەوهونەرە زوتر و خێراتر نەشونما ئەکات. نموونە بۆ ئەو سنوربەزاندنە زۆرە یەکێ لەهەمووسادەتریین فراوانبونی ئاستی هونەری بەتەواوی گەیشتنی بەهەموو کۆمەڵگا کە من ڕەچاوم کردبێت، ئەویە کەمن لە زۆربەی ئەووڵاتانەی کەمن بینیومن ، لەساتی چڕینی گۆرانی یەک، زۆربەی زۆری بیسەران بەشداری چڕینی ئاوازەکانیان ئەکرد. تەنها من نەبێت کە بەوکەلتورە ئاشنا نەبوم. دوبارە گەر سەیری کەڵەهونەرمەندانی مۆسیقای جیهانی وەکو مۆتزارت و بیتهۆڤن و زۆری تریش بکەیین ئەبینین، کە تا ئەم ساتانەش هونەرەکەیان لەسەر ویردی پلوپەنجەی کەڵە مۆسیقا ژەنیارەکانی جیهانە ، ئایا لەساتی ژەنینی ئەم ئاوازە مۆسیقایانە ئەبێ پرس بەوکەڵە مۆسیقارانە بکرێت.
بابەتەکە لێرەوە ئەوروژێت، کەسانێکی زۆر هەیە باسی یاسای پاراستنی مافی هونەر و هونەرمەندان ئەکەن،من تا ئێستا تێناگەم یاسای پاراستنی مافی هونەرمەندان بە نەهێشتنی کۆپی کردنی بەرهەمە هونەریەکان کۆتایی دێت؟ لە نوسینێکدا بینیم کە ئەڵێن دەستکاری کردنی کاری هونەری و فۆلکلۆری هێڵی سورە،بە پێچەوانەوە کاری هونەری بەتایبەتی لای گەلانی پێشکەوتو و خاوەن دەسەڵات ئەکرێتە هەوێنی کارە هونەریە نوێکان، بۆ ئەوەی هونەرێکی ڕەسەنی نوێ بەدەست بێنێ. هونەری ڕەسەن بابەسادەیی تۆمار کرابێ یان لەڕێی وتنەوەشەوە بێت ئەوا ئەشێ بەرە بەرە پەرە بسەنێ، بەرە بەرە لەگەڵ زانستیەکانی سەردم گەشەی پێ بدرێت. نەک دەستکاری کردنیان هێڵی سور بێت. کۆپی کردنی سێ دێ ی بەرهەمە هونەریەکان ناگەڕێتەوە بۆ سەپاندنی یاسایەکی توندو تیژ کە کەس نەتوانێ ئەوکارە بکات، بەهیندی ئەوەی ڕادەی تێگەیشتن و هۆشمەندی جەماوەر و دوبارە بەرزی ئاستی بەرهەمە هونەریەکە و خۆشەویستی هونەرمەندەکەش لەلایەن جەماوەرەوە، باشترین ڕێگەچارەیە بۆکۆپی نەکردنی ئەوکارە هونەریانە، ساتێ هونەرمەند ئەبێتە هونەرمەندێکی جەماوەری و خۆشەویست ئەبێت لای جەماوەر بەتایبەتی لە ڕوی هەڵوێستی نەتەوەیی و هونەریشی، ئەوا کەم لە کۆمەڵگا هەوڵ ئەدەن ئەو کارە کۆپی بکەن بەڵکو لەڕێی کڕینی ئەو بەرهەمانەوە جەماوەر پێی خۆش ئەبێت هاوکاری ئەو هونەرمەندانە بکات، ئەم دیاردەیە لە ئەوروپاش هەیە، من زۆر جار بینیومە کەسێک داوای بەرهەمێکی کردووە، کە وەریگرتووە یەکسەر نرخەکەی بۆ گەڕاندونەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوە بەمافی خۆی نازانێ ئەو کارەی بە خۆڕایی دەست کەوێت. بەڵام هونەرێکی لاواز و هەڵقوڵاوی ناخی گۆرانی بێژێکی لاواز ، ئەوا کۆپی کردنی یان کۆپی نەکردنی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ، لەهەمو سەردەمانێکدا ئەوکەسانەی کە توانای هونەرییان وابەستەیە لەهەوڵی سەپاندنی ئەوجۆرە یاسایانە دان. بەڕای من کاری دەسەڵات و سەندیکای هونەرمەندان ئەوەیە پاڵپشتی کاری هونەری جوان بکەن، بەتایبەتی ئەوکارانەی کە هەڵقوڵاوی ناخی هونەری ڕەسەنی نەتوەیە و سیماجوانەکەی هونەری میلەتەکەیان کردۆتە بناغەیەک و پێگەیەک بۆ بنیاد نانی ئەوکارە هونەریە. من ئەزانم کە ناتوانن بەرگری لە ئەنجامدانی هونەری لاواز بکەن، بەڵام هاریکاری کردنیان لەگەڵ هونەری ڕەسەن ئەوە خۆی لەخۆیدا بەزەویدادانی کاری لاوازە، لەبەر ئەوەی کاری لاواز کاری ساتی یەوە بگرە سەردەمیش نییە، بۆیە فەوتاندن و لەناوچونیان ماوەیەکی زۆر کەمی ئەوێت.
بەڕای من دوبارەکردنەوەی کاری هونەرمەندان بەگشتی و هونەرمەندانی گۆرانی بێژ بەتایبەتی بریتیە لە خۆشەویستی و سۆزو وەفا بۆ ئەو گۆرانیبێژانە بۆیە ئەبێ نەک ڕێگریان لێنەکرێ بەڵکو هانبدرێن تا بەشیوازێکی گونجاو ئەو کارە دوپات بکەنەوە.
بەڕای من ئەوبەرهەمانەی بە بەرهەمی سەردەمێک دا ئەنرێن ئەوە ناخرێنە ناو چوار چێوەی هونەری ڕەسەنی نەتەوەوە، گەر هونەرێک لەو شێوە سنوردارەدا مایەوە ئەوا بە هونەرێکی جێماو و ساتی ناو ئەبرێ . ئەوهونەرەی لە سەردەمانێکدا پایەیەکی بۆخۆی لەناو جەماوەردا کردۆتەوە ، بەکەس ئەوپلەو پایەیەی دانابەزێنرێ، لەوانەیە دوپاتکردنەوەیان لەلایەن کەسانی شیاوەوە، خۆشەویستی بۆ بنیاد نەری یەکەمی کارەهونەریەکە زیاد بکات.
من وای ئەبینم کاری هەرەگرنگی سەندیکای هونەرمەندان ئەوەیە کە ڕێگر بێت لە بەعەربکردن و بە تورک کردن و بە فارس کردنی هونەرەکەمان بەواتای بەبێگانەکردنی هونەرەکەمان. لەڕێی شێواندنی مۆرک و ڕەسەنایەتی ئاوازی کوردی، چونکە زۆر بەداخم ئێستا لای هەندێ لەمۆسیقا ژەن ئەوە بۆتە دیاردە کە چەند مۆسیقایەکی تورکی باش بژەنێ ئەوا ڕادەو ئاستی بەرزی هونەری خۆی پیشان ئەدات،خراپترین نەخۆشیش کە توشی هەندێ لە مۆسیقا ژەنەکان یان گۆرانی بێژەکان بووە،ساتێ کە هەستی کرد لەئاستێکی هونەریدایە ئیتر خۆی لێ ئەبێتە مۆتزارت و بیتهۆڤن و باگانینی و سەید عەلی ئەسغەرو ، ماملێ و زیرەک و مەردان…..هتد. بۆ ئەوەی خۆی لای لایەنێک یان کەسانیک بەریتە پێشەوە ئەوا لای ئاساییە ملی دەیانی تر بشکێنێ، نازانن وەکو فیکتۆر هۆگۆ ئەڵێت مرۆڤی لەخۆبایی وەکو مەل وایە چەند بەرەو بەرزی بفڕی ئەوەندە بچوک ئەبینرێ.
سەڵاح ڕەوف
ئەپڵدۆرن / هۆڵەندا
٠٠٣١٦٤١٣٧٤٧٧٩
٠٠٩٦٤٧٧٠١٤٦٨٥٥٥
٠٠٩٦٤٧٥٠١١٨٨٧٧٢
www.salahraouf.com