حەمەسوار عەزیز :کارێکی دڵخۆشکەربوو لەم ماوەیی دوایی دوو نمایشی شانۆییم ببینم کە بایەخی بنەڕەتی بە پێگەی ئەکتەر بدەن لەسەر شانۆ، یەکێکیان نمایشی “ھەرەسی بەفر” لە دەرھێنانی دێرین حامید بوو، ئەویتریش نمایشی “براکوژی” لە ئامادەکردن و دەرھێنانی مەھدی حەسەن بوو کە ئەوەیان بابەتی ئەم نووسینەی منە.
دوای ئەوەی لەسەدەی ڕابردوو چەند تیۆرییەکی ئامادەکرنی ئەکتەر لە دەرەوەی تێڕوانینی ستانسلافسکی بۆ ماھیەتی ئەکتەر ھاتەکایەوە، بەتایبەتیش پاش ئەوەی جەستەی ئەکتەر وەک فاکتەری گەیاندن توانی ڕکابەری زمان بکات و دەنگیش وەک فەزایەکی سەربەخۆ توانی پێگەی خۆی لەنێو نمایشی شانۆیی بدۆزێتەوە، کارێکی پۆزەتیفە دەرھێنەرانی لای خۆمان پاش ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بایەخی بنەڕەتیان بە تێکست و دواتریش بەکرداری دەرھێنان دەدا، ئێستا لە بەھای ئەکتەر تێبگەن و سەرکەوتنی کارەکانیان لە داھێنانی ئەکتەردا بدۆزنەوە.
لەم نمایشەدا مەھدی حەسەن لۆکەیشن و فەزایەکی جوان بەکارەکەی دەبەخشێت، فەزایەکی سپی وەک پاکیی و جوانی بوونەوەر لە بەرانبەردا پیاوەکانی نێو ئەم لۆکەیشنە ھەمووی بەڕەنگی ڕەش داپۆشراون، ڕەش وەک ئەو تاوانانەی کەمرۆڤەکان لەسەرەتاکانی بوونەوە ئەنجامی دەدەن، ھەر لە قابیلی کوڕەکەی ئادەم تا دەگاتە دوایین کەس کە لەسەر ئەم ڕێڕەوە بەردەوام دەبێت، تەنھا ژنەکان نەبێت کە مەھدی بەھەردوو ڕووی سپی و ڕەش پێناسەیان دەکات، بەتایبەتیش یەکێک لە ژنەکان کە لەزۆینەی لۆکەیشنەکان بە جلی بوکێنییەوە دەردەکەوێت و دواتریش جلەکە بەدوای خۆییدا ڕادەکێشێت، جلی سپی بوکێنیش ھەمیشە ئومێدی ژیانی تازەو سەرەتایەکی تازەو لەدایکبوونی تازەی لێدەکرێت، بەڵام مەھدی پەیامێکی تری ھەیە ئەویش ئەوەیە کە شەڕی براکان یا مرۆڤەکان دەستیپێکرد ئیدی ھیچ ئومێدو ھیواییەک لە ئارادا نییە.
لایەنی تری ئیجابی ئەم نمایشە مامەڵەکردنی دەرھێنەر بوو لەگەڵ جەستەی ئەکتەرو ھەمیشە وێنەکان پێش دیالۆگ مەبەستەکەیان دەگەیاندو میکانیزمی جولەی ئەکتەر و بەکارھێنانی جەستەی زۆر لە خزمەت وێناکردنی ئەو سینۆگرافیایە بوو کە جگە لە جەستەی ئەکتەر ھیچی تری تیا نەدەبینرا، ھەرچەندە مەھدی لەڕێگەی فەزایەکی سپی و پەردەیەکی پێشەوەی شانۆ ھەوڵیدەدا کە ئاوێتەیەک لەنێو سینۆگرافیاو ئەکتەر دروستبکات، بەڵام بەڵای منەوە جوانترین لۆکەیشنەکان ئەو ساتانەبوون کە جەستەی ئەکتەر تەختەی شانۆ داگیردەکات و ھەموو ئەوانی تر دەچنە خانەی نەبوونەوە.
مەھدی لەڕێگەی ئەکتەرو بەتەنھا ئەکتەر لەڕێگەی کۆمەڵێک پێکھاتەو تەشکیلاتی جۆراوجۆرەوە بەدوای شڕۆڤەو لێکدانەوەی تازە دەگەڕێت ولەوە تێدەگات کە ھەموو تەکنەلۆژییە تازەکان ناتوانن بەرانبەر کاریگەری ئامادەبوونی ئەکتەر (جەستەو دەنگ) لەسەر شانۆ پێوانە بکرێت و تەکنەلۆژیا ناتوانێت پێگەی ئەکتەر لەسەر تەختە لاواز بکات، ئەگەر بە ویستی خۆیشی دەرھێنەر ئەو کارە بکات ، ئەوە ھەمیشە ئەو نمایشانەی کە پێگەی ئەکتەر تیایاندا لاوازە بە نمایشی لاواز ئەژمار دەکرێن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دەرھێنەر لەم نمایشە پانتایی تەختەی شانۆ لەژێر پێیی ئەکتەرەکانی بچووک ناکاتەوە بۆ ئەوەی ئەکتەرەکانی باڵا بکات، بە پێچەوانەوە وا لە ئەکتەرەکانی دەکات کە شەڕ لەسەر ھەموو بستێکی پانتاییەکان بکەن و بتوانن داگیری بکەن و تێکی بشکێنن.
پەنابردن بۆ توندوتیژی لەم نمایشە فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی بینەر تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکات، بینەر بۆ ئەوەی لە مەترسی ئەو کارەساتە بگات دەبێ تیاییدا بژیت، بەڵام لە دەرەوەی ڕەھەندی سۆز و ڕق لێبوونەوە، بەڵکو لە دەروازەی ترس و تۆقاندن و ھەستکردن بەوەی کە ئەمەی ڕوودەدات حاڵەتێکی ترسناکەو بینەریش دەرفەتی ئەوەی نییە بە ئاسانی لێیدەربچێت، وەک ئارتۆش دەڵێت “دەبێ بینەر لەنێو ھۆڵی نمایشدا ھەست بەوە بکات کە لە ھۆڵی نەشتەرگەرییە و بەبێ زیان دەربازی نابێت”.
لەڕووی ئامادەکردنی تێکستەوە لاوازییەک بەدیدەکراو تێکستەکە تەژی کرابوو لە کۆمەڵێک ڕستەی بریقەدار کە کەمتر بەلای درامادا دەشکایەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دووبارەبوونەوەی زۆرینەی دیالۆگەکان کاریگەری نەخوازراوی ھەبوو لەسەر ڕیتمی نمایشەکەو وەک بینەر ھەستمان بەوە دەکرد کە دەرھێنەر لە خاڵێکی دیاریکراو چەقیوەو ناتوانێت درێژە بە کردارە درامییەکان بدات.
ئەمە جگە لەوەی لە وێناکردنی جوولەی ئەکتەرەکان موبالەغەو زیادەڕۆیی دەبینرا، دەرھێنەر ئەگەر توانی لە جوولەکەیا پەیامێک بگەیەنێت پێویست ناکات ئەم جوولەیە بەسەر ئەکتەرەکانی تریش تاقیبکاتەوە.
لەڕووی نواندنەوە دەکرێت ئەدای ئەکتەرەکان بە پەسەند ئەژمار بکرێت بەتایبەتیش ئەکتەری لاو (دڵشاد شەھاب)، بەڵام بەداخەوە ئەدای ئەکتەرە کچەکان لە ئاستی پێویست نەبوو، خاتوو “ڕێژنە” پەلەکردنێکی زۆر بە ئەداکردنییەوە دەبینراو لەبەر خراپی فۆنەتیکەکەی زۆرێک لە دیالۆگەکانی نەدەگەیشت، خاتوو “مەھاباد ئەمین”یش لەڕووی جەستەو دەنگەوە بۆ ئەو کارەکتەرە شیاو نەبوو.