(سەعدوون یونس) : “دوای بیست ساڵ ھەموو دەرکەکانی شار گۆڕاون و نوێکراونەتەوە بەڵام دەرکەی عەقڵەکان ھەر کۆنن!”.
(عەلی ئەحمەد) : “لە درامای کەونە دەرکە رۆحیەتی (سەمیرە عەبدۆک) ھەر دیارەو ھەستی پێدەکرێت!
ھونەرمەندی دەرھێنەر (سەعدوون یونس) یەکێکە لە دەرھێنەرە دیارەکانی شاری ھەولێر، ئەو ھونەرمەند لە ئێستادا خەریکی بەرھەم ھێنانی زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنییە لە ژێر ناوی (کەونە دەرکە) ئەو درامایە لە ئێستادا ٤٠% وێنەگیراوەو لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری وێنەگرتنی تەواو دەبێت و نیشانی بینەران دەدرێت، رۆژنامەی “ھەولێر” لە بەسەرکردنەوەیەکدا بەشێک لە ستافی ئەو زنجیرە درامایەی ھێنایە ئاخاوتن و بەم شێوەیە باسیان لەو زنجیرەیە کرد.
دوای بیست ساڵ (کەونە دەرکە)
دەرھێنەری زنجیرە درامای “کەونە دەرکە” (سەعدوون یونس) لەبارەی بەرھەم ھێنانی ئەو زنجیرە درامایە دوای بیست ساڵ گوتی : “من دوای ئەوەی ھاتمەوە بۆ کوردستان ھەستم کرد، جموجۆڵی دراما زۆر بەرەو کزی رۆیشتووە، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، بیرم کردەوە دەبێ کارێک بکەم بۆ ئەوەی رەوشی درامای کوردیی بەرەو باشی ببەین، بۆیە ھەڵسام بەشی دووەمی درامای (کەونە دەرکە)ـم ئامادە کرد، بەھاوکاری ھونەرمەند (فەیسەڵ محەمەد) کاری نووسینی بۆ ئەو درامایە ئەنجامدا، منیش بەھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی ناوداری شاری ھەولێر، دەستم کرد بەکاری دەرھێنان بۆی، ھەروەھا ئامانج لەبەرھەم ھێنانی ئەو درامایە دوای (٢٠) ساڵ ئەوەبوو، بینم وڵات پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینووە لەھەموو روێکەوە ناکرێ دراما حاڵی ئاوابێ، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، کە پێویست بوو کاری زۆری دیکەی بۆ بکرابوایە”.
عەقلەکان تا ئێستاکە دەرکەکانیان نەکراوەتەوەو کەونن!
لەبەشێکی دیکەی باسکردنی ئەو زنجیرە درامایە، دەرھێنەر (سەعدوون یونس) ئەوەشی باسکرد : “ئێمە زیاتر لە (٢٠) ساڵە وڵاتمان ئازاد بووەو ھەنگاوی باشمان ھاویشتووە لە رووی پێشکەوتنی باڵەخانەکان و شەقامەکان و دەرکەکانی ماڵەکانیش و ژوورەکانمان ھەمووی تازەن و ھیچی کۆن نین، بەڵام بەداخەوە تائێستا عەقلمان ھەر داخراوەو نەکراوەتەوە، من کە باسی (کەونە دەرکە) دەکەم، مەبەستم ئەوە نیە دەرکەی ماڵەکانمان بگۆرین و دیسان ئەوە باس بکەینەوە، نەخێر بەڵکو دەبێ (دەرکە کەونەکانی عەقلمان) بگۆرین، چونکە ھیشتا زۆربەی عەقڵەکان دەرکەی کەونیان پێوەیەو پێویستە ئەو دەرکانە بگۆڕێن!”.
تەنیا لە تەلەفزیۆنێک نمایش ناکرێت
دەرھێنەری (کەونە دەرکە) لەبارەی ناوەررۆک و ژمارەی ئەڵقەکانی ئەو درامایە، ھەروەھا نیشاندانی لە رێگەی کامە تەلەفزیۆنەوە دەبێت گوتی : “دراماکە لە (١٥) ئەڵقە پێکدێت، بەتەنیا نابێتە موڵکی یەک تەلەفزیۆن، بەڵکو لە رێگەی چەند تەلەفزیۆنێکەوە نیشانی بینەران دەدرێت، چونکە ئەو درامایە بودجەی بەرھەم ھێنانی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێم دابینکراوە، بۆیە من پێم باشە بدرێتە چەند تەلەفزیۆنێک بۆ ئەوەی بینەران و تەلەفزیۆنەکانیش سوودی لێ ببینن، ئەو ھەنگاوەش من پێم باشە وەزارەتی رۆشنبیری پشتکگیری ھونەرمەندانی دەرھێنەر بکات و دراما بەرھەم بھێنن بۆ ئەوەی تەلەفزیۆنەکانیش و بینەر بێبەش نەبێت لەبەرھەمی تازەی درامای کوردیی”.
دوای “کەونە دەرکە” بەشی دووەمی “گەڕەکەکەمان” بەرھەم دەھێنین
دوای ئەوەی بەشی دووەمی درامای (کەونە دەرکە) کە بەر لە بیست ساڵ بەرھەم ھاتبوو، لە ئێستادا خەریکی بەرھەم ھێنانی ئەو درامایە بە شێوەی زنجیرە، (سەعدوون یونس) کە بەر بیست ساڵ زیاتر درامایەکی دیکەی لەژێر ناوی (گەڕەکەمان) بەرھەم ھێنا، دەڵێت : “دوای تەواو بوونی کاری وێنەگرتنی “کەونە دەرکە” دەست دەکەین، بە بەرھەم ھێنانی بەشی دووەمی درامای “گەرەکەمان” چونکە ئەو درامایە چەندیین بابەتی جوانی تێدایەو باس لە چەندیین کێشەی ناو گەرەک و بازاڕ و جوانی شاری ھەولێر دەکات، بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەو درامایە بێتە بەرھەم لە داھاتوو پەنا بەخوا کاری بۆ دەکەم”.
“کەونە دەرکە” ناوەرۆکی جیاوازی لە خۆی گرتووە!
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری (عەلی ئەحمەد) کە دراماکە بەر لە (٢٠) بەشداریی کردبوو، ئەم جارەشیان بەشدارەو لەبارەی رۆڵەکی دەڵێت : “رۆڵی من وەک خۆیەتی نەگۆڕاوە، بەڵام ئەوەی کە گۆڕاوە لەماڵەکەی من ھاوسەرەکەم، کە لەدراماکەدا ئەو کاتە خانمە ھونەرمەندی گەورەی کۆچکردوو (سەمیرە عەبدۆک) دایکی مناڵەکانم بوو، لە ئێستادا کە لەژیان نەماوە، لە دراماکەشدا ئەوە دەرھێنەر ئەو ئەوانەی بە واقیعی خستۆتە روو، واتە رۆحیەتی (سەمیرە عەبدۆک) لەدرامای “کەونە دەرکە” ھەرماوەو دیارە، لەوێدا من ھاوسەرێکی دیکەم پێکھێناوەتەوە، کە ئەوشیان بووە بە بەشتێکی جوان و ھلێکی باشی درامی دروست کردووە، پێم وایە ئەو جارە “کەونە دەرکە” بە شێوازێکی جوانتر دێتەو بەرچوی بینەر، چونکە فراوانیەکی لە رادەبەدەری لەخۆی گرتووە، ئەگەرچی تامو چێژی ئەو کات، کە ئەو درامایەی تێیادا بەرھەم ھاتووە بیرناچێتەوە، ئیتر من پێم وایە ھەر بەرھەمێکی کۆن ڕەسانەیەتیەکی خۆی لە ئامێز گرتووە، بەڵام لە ئێستادا کە سەردەمێکی ترە، پێم وایە ئەوەش جوانی خۆی دەبێت، من شانازی بە ھونەرمەند (سەعدوون یونس) دەکەم، دەمێکە من کاری لەگەڵ دەکەم دەزانم ھەوڵی جوانی ھەیە، بۆیە ئەو جارەش لەگەڵی بەشدارم”.
رۆڵی ئافرەتێک دەبینم کە زۆر بەسەر پیاوەکەیەوە زاڵە!
خانمە ھونەرمەند (سوھام حەسەن) کە ئەویش یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی بەشداری لەو زنجیرەیە کردووە، لەمبارەیەوە گوتی : “من بۆ یەکەم جارە لە گەڵ ھونەرمەند (سەعدوون یونس) کار دەکەم، ئەو رۆڵەی کە من دەیبینم، کار ئەکتەرێکە لە دوای مردنی خێزانی (فەتاح) کە خانمە ھونەرمەندی کۆچکردوو (سەمیرە عەبدۆک)ـە، من وەک خێزانی دووەمی ئەو کەسایەتیە بەشدارم دیارە، ئەو رۆڵەی من رۆڵی ئافرەتێکە بە ھۆی ئەوەی لە تەمەنێکی بچووک دراوە بە پیاوێک، کە زۆر لە خۆی گەورەترە، لە بەرامبەردا ئافرەتەکە بەسەری دا زۆر زاڵە، بە شێوەیەکی گشتی درامای (کەونە دەرکە) ھیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو کارانەی کە پێشتر کردوومە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ یەکەمین جارە لەگەڵ دەرھێنەر کاک (سەعدوون) کار دەکەم، کە ھیوادارم ئەو دەرھێنەرە ئەو جیاوازییە بۆ من و سەرجەم ئەکتەرانی بەشدار بوو دروست بکات!”.