هونەرمەندی بەناوبانگی کورد (حەسەن زیرەک) (38) ساڵ بەر لە ئێستا، لە رێکەوتی 26/6/1972 لە بۆکانی روژهەڵاتی کوردستان، بە نەخۆشیەکی کوشندە کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی یەکجارەکی لەدونیا و کۆری گۆرانی کوردی کرد.
(حەسەن زیرەک)ی هونەرمەند ناوی تەواوی (حەسەن عەبدوڵڵا)یە لە ساڵی (1921) لە شاری بۆکانی روژهەڵات، لە نێو خێزانێکی هەژارو کەم دەرامەتدا لەدایکبووە، لە نێو ئازار و مەینەتییەکانی ئەو کاتی ژیان و روژگاردا، توانیویەتی داهێنانێکی نوێ بخاتە ناو هونەری گورانی کوردی، سەڕەرای هەبوونی کومەلێک گرفت لە بەردەمی کارکردنی هونەری ئەو هونەرمەندە، هەروەها نەبوونی ئامێری موزیکی چاک و ستۆدیۆیەکی پێشکەوتووی تومارکردنی دەنگ، کەچی ئەو هونەرمەندە بلیمەتە توانی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند لەدوای خۆی خەرمان بکات، بیکات بە قوتابخانەیەکی گۆرانی بو نەوەکانی داهاتوو، کە لەدوای ئەودا کۆمەڵێک دەنگ بێژ و خاوەن بەهرەی گۆرانی گوتن، لەسەر دەستی گۆرانییەکانی (زیرەک) هاتنە نێو کۆری گۆرانی گوتن.
شارەزایان و پسپۆرانی بواری هونەری گۆرانی کوردی چەندین لەگەڵ هەبوونی رای جیا جیا لەسەر هونەری ئەو هونەرمەندە، بەڵام لە بارەی هونەرمەند بوونی (زیرەک) و هەبوونی توانایەکی باش لەکاتی گۆرانی گوتندا، لەگەڵ ئەوانەشدا لەسەر رایەک کۆکن کە (حەسەن زیرەک) خوێندەواری نەبووە و شتێکی خۆرسک و بەهرەیەکی خودایی بووە دەنگ خۆشییەکەی.
لە ساڵیادی (38) ساڵەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە، لە میانەی راپۆرتێکدا بۆچوونی چەند هونەرمەندێک و شاعیر و کەسانی شارەزا لە بواری گۆرانی موزیک وەرگرت، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بەم شێوەی خوارەوە هاتنە ئاخاوتن و رای خویان دەربڕی..
سەرەتا هونەرمەندی بە ئەزموون و شارەزای گورانی موزیکی کوردی مامۆستا (باکووری) گوتی : (حەسەن زیرەک)م لە ساڵی (1953) لە ئێزەگەی کوردی لە بەغدا ناسی، ئەو کات من لەوێ کارمەند بووم، ئەو کەسێکی شارەزاو ولیێ هاتوو بوو بو گۆرانی گوتن، و چۆنیەتی هەڵبژاردنی بابەت و شێوازەکانی گۆرانی، هەروەها (حەسەن زیرەک) شارەزاییەکی زۆری هەبوو لەسەر مەقامات و دانانی ئاواز وجۆرەکانی گۆرانی گوتن، لە رادێۆی کوردی لە بەغدا هەفتانە ماوەی (30) خولەک گۆرانی بە شێوەی راستەوخو دەگوت بو گوێگران، لەگەڵ گروپی موزیک زور بە سەرکەوتویی، بەبێ ئەوەی پرۆڤەیەکی زۆر بکات و جاری وا هەبوو هیچ پرۆڤەشی نەبوو کەچی گۆرانییەکانی زۆر بە جوانی دەگوت و دەتوانم بلێم ئەو نیو کاتژمێرە بەشێکی زۆری گوێگر هەستی حۆی بۆ ئەو رادیۆیە رادەگرت، لە ئێزگەی کوردی بەغدا ئەو ماوەیە ئەرشیفێکی زورجار چاکی کۆکردەوە ئەو چەند ساڵەی کە لە بەغدا بوو..
(حەسەن زیرەک) هەژاری و نەداریی و بێ کەسی نەیهێشت زور لە ئاواتەکانی بە چاوی خۆی ببینێ و بیهێنێتە دی، من لە نزیکەوە زور لەگەڵی دا ژیاوم (زیرەک) کەسێکی سادە و نیشتمان پەروەر بوو. هەردەم حەزی بەخۆشی خەڵک دەکرد، هەردەم بەسادەیی دەژیا و بەسادەیش دەیڕوانیە ژیان، من لەو یادەدا کومەڵێک یادگاری ئەو هونەرمەندە بەرزەم دێتەوە یاد، کە زور جار فرمێسک لەچاوانم بوی دێتە خوارەوە، دڵنیام ئەگەر چەند ساڵێکی تر (حەسەن زیرەک) بژیابوایە دەیان گۆرانی جوانتری دەخستە نێو ئەرشیفی گۆرانی کوردی.
شاعیر سەرکەوت رەسوڵ لەبارەی (حەسەن زیرەک) و جۆری هەڵبژاردنی تێکستە شیعرەکانی دەڵێت (حەسەن زیرەک) وەک هونەرمەندێکی رەسەن هەڵقوڵاوی ناو کومەڵگای کوردی بوو، بەو هەموو سادەو ساکاری خۆیەوە هونەرەکەی جوان کردبوو، ئەگەرچی بەسادەیش زۆربەی کارەکانی هێناوەتە بوون، بەڵام یەکەم کەس بووە زمانی خەڵکی خستۆتە ناو شیعری گورانی کوردی، کە ئەوەیان گۆرانکاریەکی زۆر تازە بووە ئەو هونەرمەندە کردوویەتی، هەروەها تایبەت مەندیانەی دیکەی (حەسەن زیرک) ئەوە بووە، زیاتر مامەڵەی لەگەڵ ئاوازدا کردووە لە ناو ووشە شیعریەکاندا تواندویەتەوە، بەناسکی خۆی ئەزموونێکی خۆشی خستۆتە ناو گورانییەکانی و تازەگەری جوانی هێناوەتە ناو گۆرانی فۆرمی کارکردنی، هەرچەندە من ناتوانم بڵێم (حەسەن زیرەک) شاعیر بووە، بەڵام خوێندنەوەیەکی چاکی هەبووە بۆ شیعر و توانیویەتی تێکەڵیەکی چاک لە نێوان ئاواز و ئەو شیعرانەدا بکات و کاری زۆر جوانی لێ بهێنێتە بوون.
(سەرکەوت رەسوڵ)ـی شاعیر هەروەها گوتیشی : “هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بتوانێ لە یادی ئەو هونەرمەندە بەرزەدا، فیستیڤاڵێکی هونەری ساز بکات لە کوردستان، بو ئەوەی نەوەکانی ئەمڕۆش بتوانن لە هونەرو ئەزموونی ئەو پیاوە نەمرە شارەزابن و هەروەها کەسانی بە ئەزموون و شارەزا لە هونەر و مۆسیقا بابەتی شیکاری لەسەر توانا و بەرهەمی گۆرانییەکانی (زیرەک)دا بوروژێنن”.
هونەرمەندی بە ئەزموونی موزیکژەن مامۆستا (وریا ئەحمەد) لەمیانەی ئەو یادەدابەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی بەرای من (حەسەن زیرەک) یەکێکە لە کوڵگە پتەوەکانی دونیای هونەری گورانی کوردی ئەو لە رێزی هونەرمەند گەورەکانی کورد وەک (سەید ئەسغەری کوردستانی، سێوە، مەحەمەد عارف جەزیری، مریەم خان) دەژمێردرێت، (زیرەک) کەسێکی نەخوێنەدەوار بووە، بەڵام توانایەکی تەواوی هەبووە لە دەربڕین و رێکخستنی تێکستەکان بو گۆرانییەکانی، ئەو لەو سەردەمەی هاتە نێو کۆری هونەری گۆرانی، توانی گوێگرێکی چاک بۆ گۆرانی کوردی کۆبکاتەوەو سەرنجیان رابکێشێت بۆ گۆرانییەکانی خۆی، هەروەها توانی بە هۆی ئەوەی لە ناو خەڵک زور دەژیا و زور دەگرا لە شارو شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستان، توانی بووی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک بکاتە هەوێنێک و بە هونەرەکەی دەری ببڕێت لە ناو گۆرانییەکانی دا ، (حەسەن زیرەک) توانی کومەڵێک ئاوازی جوان بەرهەم بهێنێت، بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئەو کات مەودای کارکردنی گۆرانی گوتن بەم شێوەی ئێستا نەبووە، زۆربەی ئەو ئاوازانەی ئەو گوتیەتی لەلایەن (فارس و عەرەبەکان و تورکەکان) بردراوە، کە ئێستاکەش من بە بەڵگە لە نێو گورانییەکانیان دەتوانم دەریبهێنم و شی بکەمەوە
هونەرمەند (وریا ئەحمەد) هەروەها گوتی : تائێستا (100) گۆرانی هونەرمەند (حەسەن زیرەک)م نووسیوەتەوە بە ووشەو نۆتەی کوردی و لاتینی عەرەبی نووسیومەتەوە هیوادارم روژێک لە رۆژان بەچاپی بگەینم بو ئەوەی لە داهاتوودا لە پەیمانگایەکی هونەری کوردی وانەی لەسەر بخوێندرێت.
لەکۆتایی دا ئەوەی جێگای پرسیار و هەڵوەستە لەسەر کردنە دوای تێپەر بوونی (38) ساڵ بەسەر تێپەر بوونی کۆچی ئەو هونەرمەندە، کەچی هێشتا بەرهەمی ئەو هونەرمەندە لە نێو هزر و دڵی جەماوەری هونەریی دا هەر ماوە و زیندووە، بە شایەتی زۆرینەی خاوەن نووسینگەی فرۆشتی سیدی و تۆمارگاکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئێستاکەش رێژەی بەرهەمەکانی (حەسەن زیرەک) لەبەرهەمی زۆربەی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئێستا زیاتر دەفرۆشێت و داواکاری هەیە لەلایەن جەماوەری هونەردۆستەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە هونەرەکەی (زیرەک) ناسنامەی نەمری و کەللتور و رەسنایەتی وڵاتەکەی پێیە بۆیە دوای (38) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوایی دا هێشتا هەر لە نێو گۆرەپانی هونەری گۆرانی دا بوونی هەیەو گوێگری گۆرانییە خۆشەکانی هەرماوە!!.
راپۆرتی – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا