-رەزا شـوان
مافی چـارەی خـۆنـووسین چـییە؟
زاراوەی ” مافی چـارەی خۆنـووسین ” کە لە بـواری سیاسەتی نێـودەوڵەتی و زانیاری سیاسیدا ھـاتـۆتە ئاراوە، بـووە بە زاراوەیەکی یاسایی و سیاسی جیھـانی. ئامـاژە بـەوە دەکات، کە ھـەر نەتەوە و گەلـێکی خـاوەن ناسنامـەی جیـاواز، مـافی ئـەوەی ھـەیە کە خواسـتە سیاسییەکانی خـۆی دیـاری بکات و شێوازێکی سیاسی دروستـیش بگـرێتەبەر بۆ ھـێنانەدی ماف و داوا رەواکانی و بەڕێوەبـردنی ژیانی گەلەکەی، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستـووریـدا. بەبـێ دەسـت تێـوەردانی دەرەکی، یا سـەرکـوتـکـردنی بـە ھـێز لەلایەن دەوڵەتـانی بـێگانـەوە.
تا ئەمڕۆ کۆمەڵێک بڕیارنامە و راگەیاندن، لەلایەن کۆمـەڵەی نەتەوە یەکگـرتـووەکان و چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، دەربارەی یاسایی و رەوایی مافی چارەی خۆنووسین راگەیانـدراون. ھەمـوویان پشتگـیری لەم مافـە دەکەن و جەخـت لەسەر جـێبەجێکـردنی دەکـەنەوە. بە کورتی مـافی بـڕیـاری چارەی خۆنـووسین، مافـێکی رەوای ھـەر گەلـێکی مـاف زەوتکـراو و نیـشـتـمان دەگـیرکـراوە. وەک گـەلی کوردمـان.
ھـەر لەم بارەیـەوە، لە بـڕیـارەکـانی نەتـەوە یەکگـرتـووەکانـدا، جەخـت لەسەر ئـەوەش کراوە، کە نەگونجانی ئاستی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، نابێـت ببێت بە ھـۆکارێک، بۆ پەڵـپگـرتـن و بیـانوو پـێگـرتـن، بـۆ دواخـستـنی سەربـەخـۆیی گەلانی ھـەرێمەکـان، کە دەسـەڵاتی خـۆبـەڕێـوەبـردنیـان نیـیە.
لە کۆنگـرەی ئاسایـش و ھـاوکاری وڵاتانی ئەوروپـادا، کە لە (١ـ ٨ ـ ١٩٧٥) لە شاری (ھەلسەنگی ) لە فـنلەنـدا بەسترا، (٣٣) وڵاتی ئەوروپی و ئەمـریکاش بەشـداریان تێیدا کرد، تێکـڕا جەخـتیان لە مافی چارەی خۆنـووسیـنی گەلان کـردەوە. کە ھـەر گەلـێک بە یەکسانی وبەبێ جیاوازی، مافی ئـەوەی ھـەیە، کە بـڕیار لە چارەنـووسی خـۆی بـدات و سـیاسەتی نـاوخـۆ و دەرەوەی بکـێـشـێـت، بەبـێ دەسـت تێـوەردان و فـشاری دەرەکی.
لە کـۆنگـرەی جیھـانیش بـۆ مافـەکـانی مـرۆڤ، کە لە (١٤ـ ٥ـ ١٩٩٣) لە ( ڤـێـنا) ی پایتەخـتی نەمسا، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا، لە راگەیاندنی کۆتایی بەشداربـووانی ئەم کۆنگرەیەدا، تێکـڕا دووبـارە جەخـتیان لەسەر یاسایی مافی چـارەی خۆنـووسینی گـەلان کـردەوە. پـشتگـیریشیان بـۆ دەقـی ئـەو بڕیـارە راگەیـانـدراوانە دەربـڕی کە پـێـشتر دەربـارەی مافی چـارەی خـۆنـووسین دەرکـراون.
کۆمەڵـەی گـشتی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان، لە ساڵی (١٩٧٣) دا، لە بڕیـاری ژمارە (٣٩٧٠) دا، داوای لە ھەموو وڵاتانی ئەنـدام کرد. دان بە مافی چارەی خۆنـووسین و سەربەخۆیی گەلانـدا بنێن و ھـاوکاری مـادی و لـۆجستی و ھەموو جۆرە یارمەتییەکی پێـویـستی تـری ئـەو گـەلانە بـکەن، کە لە پـێـناوی ئـەم ئامـانجـانەدا خەبـات دەکـەن.
چـۆن نەتەوەکان بە مافی چـارەی خۆنووسین دەگـەن:
ئەم مافەش بەخشین نییە، بەڵکو مافێکی رەوا و یاساییە. رووبەڕووی ھـیچ کێشەیەکی یاساییـش نابێـتە. چونکە ھەمـوو بـڕیـارەکانی نەتـەوە یەکگـرتـووەکان و رێکەوتـننامە نێـودەوڵەتیـیەکـان، دانیـان بـەم مافـەدا نـاوە و کـۆکـن لەسەری و جەخـتی لـێدەکـەنەوە.
ئەزموونە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گـەلان و جـێبەجێکـردنی. ھـۆکـارێکی گرنگە بۆ بەھـێزکردنی پەیـوەنـدیی دۆسـتایەتی و ھـاوکاری و رێـز و خۆشەویستی لەنێوان وڵاتان و گەلانی جیھاندا. ھـۆکار و پاڵپشتێکی بەھـێزیـشە بـۆ بەرقـەراربـوونی ئاشـتی و خـۆشـەویستی و سەقـامگـیری لە جیھـانـدا.
شارەزای بێـلایەنی نەتەوە یەکگـرتـووەکان (ئەلـفـرێـد دی زایاس) دەڵێت:” ئاشتییەکی ھەمیشەیی، بریتییە لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ ھەموو گەلان، بەبێ جیاوازی. ” ئاماژەی بەوەش کردووە کە:” حاشاکردن لە جـێبەجێ کردنی مافی چارەی خۆنـووسـینە، کە بەربـەرەکانی دروسـت دەکـات).
ھەر ئاسایش و سەقامگـیرییەک، بە ھـێز و تونـدوتیژی و سەرکوتکـردن و دەمگرتن و ستەملێکـردن و کوشتن و بڕین و زۆرەملێ بسەپێنرێت و نکووڵی و حاشا لە ناسنامە و لە مافە رەوا نەتەوەیی نەتەوەکانی تر بکرێن و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بە ناپاکی و بە تاوان و بە جوداخوازی بزانن، ئەوە ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو ئەمـانە تاوانـن بەرانبـەر بە گـەلانی ئـازادیخـواز و رزگـاریخـواز، کە دەیـانەوێـت مـافی چـارەی خۆنووسینی خۆیـان دیـاری بکەن. داگـیرکـەرانی کوردسـتان، زۆر زیـاتـر لـەم سیاسەتە سەقـەت و رەفـتارە نامـرۆییانە، دەرھـەق بە گەلی کوردمان پەیڕەوی دەکەن.
لە دوای کۆتایی جەنگی جیھـانی دووەمەوە، مافی چـارەی خۆنووسین و جیابوونەوە و سەربەەخـۆیی، بوون بە چەمکێکی جـێگـیر و چەسپا و جـێبەجێ کراو. چەنـدین گەل و وڵات مافی چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان راگەیانـد. کە لە ئەمڕۆدا ئەندامن لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵاکانیان لەسەر بارەگاکەیدا دەشـەکـێـنەوە. ئـەم مـافـە تەنھـا پەیـوەنـدی بـە وڵاتـانەوە نـیـیە، بەڵکـو لـە بنـەڕەتـدا پەیـوەندی بە گـەلانەوە ھـەیە، گەلـێکی گەورەبـن یا بچـووک بـن.
شێواز و رێگای مافی چارەی خۆنووسـین:
١ـ بە رێگای ریفـرانـدۆم (راپرسیی گـشتی): ئەم شێوازەش باشتریـن رێیە، بۆ ئەەوەی گەلانی ئازادیخـواز بە ئازادی دەنگ بـدەن و بڕیـار لە مافی چارەنـووس و سەربەخۆیی و ئایندەی خۆیان بدەن. ئەم راپرسییەش یاساییە، دژ بە ھیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە. پێـویـستە راپـرسـییەکـەش، بە سـەرپەرشـتی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان ئەنجـام بـدرێـت. نمـووونەی ئـەم شـێوازەش: جیـابـوونـەوە و سـەربەخـۆیی (تەیـمـوری رۆژھـەڵات) لە ئەندەنۆسیا لە رۆژی (٢٠ / مای/ ٢٠٠٢) دا. ھەروەھا جیـابـوونەوەی ( ئەریتـریا ) لە (ئەسیوپیـا) لە رۆژی (٢٣/ مای/١٩٩٣) دا. سەربەخـۆیی (کۆماری باشووری سودان) لە سودان لە رۆژی (٩/ یولیۆ/ ٢٠١١) دا. جیابوونەوەی ( کـۆسۆڤـۆ) لە (سـربـیا ) لە رۆژی ( ١٧/ فـبرایەر/ ٢٠٠٨) دا.
٢ـ بە رێگای خەباتی چەکدارییەوە: گەر داگیرکەر و دەسەڵاتی خۆسەپێن رازی نەبوون کە بە شێوازێ گـڤـتوگـۆ و ئاشـتی و بە ریفـرانـدۆم، گەلی ژێـردەستەکـراو و نیشـتمانی داگیرکرراویان، نەتوانن مافی چارەنووس و سەربەخۆیی دەستەبـەر بکەن. ئەو نەتەوە و نیـشـتمانە داگـیرکـراوە، مـافـێکی رەوای خۆیـانە، کە لە پێـناوی مـانـەوەی خـۆیـان و بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان و رزگاربوونیان لە داگیرکەران، ناچاربن پەنا بۆ شۆڕش و راپەڕین و خەباتی چەکـداری بەرن. ئەم رێبـازەش تا ئەمـڕۆش باوتـرین و بڵاوتـریـن خەباتە، بۆ ملکەچکـردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی مافـە رەواکانیان و ھـێـنانەدیی مافی چارەی خۆنووسین و بڕیـاردان لە جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەەخۆیی خۆیان. نەتەوە یەکگـرتـووەکانیش، بەرگـری و پەنابـردن بۆ راپەڕیـن و شـۆڕشی چەکـداری بە مافـێکی رەوای گەلانی ستەمـلێکـراو دەزانێـت. بۆ نمـوونە (کۆمـاری جەزائـیر) لە ڕێی شۆڕشێکی چەکـدارییەوە، تـوانی لە فەرەنسا رزگاری بێت و لە (٥/ یـۆلیـو/ ١٩٦٢) دا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. نموونەی تـر زۆرن، کە کە لە رێی بەرگری و خەبـاتی چەکـدارییەوە، نیـشـتمانەکەیان لە داگـیرکەر رزگارکـرد.
کورد و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی کوردستان:
بە پێی چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە لەلایەن مـێژووناسان و رۆژھـەڵاتناسان و گەڕیدەکانەوە ئەنجام دراون، وەکو گەواھی مێژوویش، بە سەدان بەڵگەی مـێژوویی و کەرەستەی بەردین و قوڕین و کانزایی کە لە ئەشکەوت و شوێنەوارەکانی کوردستاندا دۆزراونەتـەوە. بەشێکـیان لە مـۆزەخـانەکـانی عـێراق و ئێـران و تورکـیا و سوریـا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان پێ رازاندوونەتەوە. شوێنەوارێکی زۆری کوردستانیش تا ئەمرۆش کوێـرەوە نەبوون و مـۆرک و رەسەنایەتی گەلی کوردیان پـێوە دیارە، لەو باوەڕەشدام، چەندین شوێنەواری و دێرینگای ترمان ھەیە، تا ئەمڕۆ نەدۆزراونەتەوە. مەبـستم لـەو پێـشەکـییە، رەسەنـایەتی گـەلی کوردمـانە لە رۆژھـەڵاتی ناوڕاسـت و لە جیھاندا، وەڵامێکیشە بۆ نەیارانی کورد، کە نکووڵی لە رەسەنایەتی و لە شارستانیی کـورد و لـە مـێـژووی دوور و درێـژی پـڕ لـە سـەروەەری و شکـۆداریـمـان دەکـەن. بێگومان کوردستان لانکەی یەکەمین و رەسـەنتریـن شارستانییە لە ھەمـوو جئھاندا.
ئەگەر بە پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی ئەمڕۆ، گەل پێناسە بکرێت و بەگەل بناسرێت. بێگـومان ھـەمـوو مەرج و بنەمـاکـانی گـەل، لە گەلی کوردمانـدا ھـەن کە ئەمـانـەن:
١ـ ئێمەی کورد خاوەنی جوگرافیایەکی ھاوبەشین کە کوردستان نیشتمانی ھەموومانە. گەرچی بە زۆرداری و ناڕەوایی دابەش کراوە. بـەڵام ئـێـمەی کورد ھەرگـیز دان بـەو دابەشکردنەدا نانێین و ھیچ سنوورێک لە بەردەم ھەستی نەتەوایەتیماندا بوونی نییە.
٢ـ زمانێکی یەکگرتووی ھاوبەشمان ھـەیە کە زمانی کوردییە، رەسەن و دەوڵەمەندە.
٣ـ مێـژوویەکی دێـرین و درێـژی پـڕ لە سەروەری و شکـۆداریی ھـاوبەشـمان ھـەیە.
٤ـ بەرژەوەنـدیـیەکی ئابـووری ھـاوبەشـمان ھـەیە.
٥ ـ خاوەنی تایبەتمەنـدی نەتەوەیی خۆمانین و کولتوور و داب و نەریتی خۆمان ھەیە.
٦ـ ھاوبەستەبوونمان بۆ کورد و کوردستان ھەیە و شانازی بە نەتەوەکەمانەوە دەکەین.
٧ ـ خاوەنی ھـیوا و ئامانجـێکی ھـاوبەشـین و، چـارەنـووسمان پـێکەوە گـرێ دراوە.
٨ـ لە رووی سـیاسی و کـۆمـەڵایەتی و رۆشنبـیریـشەوە، لە ئاستێکی پێـویـست دایـن.
٩ـ چەنـدیـن پارتی سیاسی کوردیـمان ھـەیە.. ھـێزی بەرگـریـمان ھـەیە، کە ھـێزی پـێـشـمەرگـەی کوردسـتانە.
١٠ـ ئـاڵای تایبـەتی خۆمـان ھـەیە.. کە ئـاڵای چـوار رەنگی کوردسـتانە.
واتە ئێمەی کورد، ھەموو خەسڵەت و مەرج و تایبەتمەندی و بنەماکانی گەلمان تێـدایە. ئەمانەش پێویستن بۆ ھـەر کۆمەڵێک کە بە گەل بزانرێت و مافی چـارەی خۆنـووسین و دەوڵەتی سەربەخـۆی ھـەبێـت. ئەو تەنگەژانەی کە لە بەردەم دامەزرانـدنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دان، تەنگەژەی یاسایی نین، بەڵکو تەنگەژەی سیاسین. لەلایەن تورکیا و ئێران و عـێراق و سوریاوە دروست کـراون، کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کردوون، بەردەوامیش گەلەکـۆمە لە گەلی کوردمان دەکەن و، پیلان لە دژی ھـێنانەدیی خواسەکانی گەلەکەمان دەگـێڕن. ئەوان دان بە ناسـنامەی کوردا نانـێن و، بێ شەرمـانە دەڵێن ئێمە ناھـێڵین دەوڵەتێکی سەبەخـۆی کوردی دابمەزرێـت. ئەوان خـاکی کوردستان بە مـوڵکی خۆیان دەزانن. بە دڵنییاوە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کورد دەبێت و ملکەچیش بۆ ئەوان دەبێـت. ئێـمەی کورد خـاوەنی خـاک و زمـان و کولـتوور و شـونـاسێ نەتـەوەیی جیـاوازیـن و تایبەتمەنـدیی خۆمـان ھـەیە. ھـیچمان لە تـورک و لە عـەرەب و لە فـارس کەمتر نییە. ئێمەی کورد دژی ھـیچ گەلکێک نین. زیادەڕۆیی و دەمارگیری نییە، بەڵکو راستییە و دەبێـت بیـزانـن، کە دەڵـێم: تا کورد سەربەخۆیی بەدەست نەھـێنت و دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێـت. نە تـورک و نە فـارس و نە عـەرەب، ناتوانن بە ئاسوودەیی و بە ئاشـتی بـژیـن و پـاڵی لـێـبدەنەوە. تا رۆژێـک زووتـر کوردسـتان ببێـت بە دەوڵـەت، لە بەرژەوەنـدیی ھەمـوو گـەلانی ناوچـەکە دایـەوە. زۆوتـریش ئاشـتی و سەقـامگـیری بـاڵ بەسەر ناوچـەکەدا دەکـێـشن.
لە ئەنجامی کۆتایی شەڕی جیھانی یەکەم لە ساڵی (١٩١٨) دا، چەند ئیمپـراتـۆریەت و دەوڵەتی گەورە ھەڵوەشێنرانەوە، لەوانەش دەوڵەتی عـوسمانی و روسیای قـیسەری و ئەڵمانیـا بـوون. بـزووتنەوەی رزگاریخـوازی گـەلانی چەوسـاوەش دەستی پـێکـرد. کە داوای ئـازادی و مافی چـارەی خـۆنـووسین و سەربـەخـۆیی نیـشـتـمانەکـانیان دەکـرد، دوور لە خۆسەپانـدن ئیمـپریالـیزم.
نھـێنییەکانی رێکەوتننامەی (سایکس بیکو :١٦/ مای/ ١٩١٦) ش بۆ گـەلان ئاشکـرا بـوون، کە لە نێـوان بەریتـانیا و فەرەنـسا و بەسترا و رووسیای قەیسەری و ئیتالیاش پاڵپشتیان لێکـرد. واژۆیان لەسەر بەندەکانی کرد. بەپـێی ئەم رێکەوتـننامەیە، میـراتی دەوڵـەتی عـوسمانیـان بەسەر خۆیانـدا دابەش کرد. ئەمەش دژی بەرژەوەنـدیی گەلان بـوو، بە تایبەتیش دژی بەرژەوەنـدی و ھـیوا و خواستەکانی گەلی کوردمان بـوو. کە بەپـێی ئـەم رێکەوتـنـنامە ناڕەوایـە، کوردستان بەسـەر تـورکیا و ئێـران و عـێراق و سـووریادا داـبەش کـرا. ئـێـمەی کورد بـویـنە قـوربـانی ئـەم تـاوان و سـتەمە. کە تا ئەمـڕۆش باجی ئـەو رێکەوتـنـنامەیە و ئەو سـتەمە مێـژووییـە دەدەیـنەوە.
تا رادەیەک ھـیوامـان بە پەیـماننامەی (سـیـڤـەر :١٠/ ئاب/١٩٢٠) بـوو، لە پاریـس واژۆیـان لەسـەر کـرد، لە بەنـدەکـانی (٦٢، ٦٣، ٦٤) ی بـڕگـەی سـێـیەمـدا، بنـەمـا یاساییەکانی مافی چارەی خـۆنووسینی گەلی کوردیان دیاری کردووە، جەخـتیشیان لە مافی سەروەریی کورد لەسەر خاکی کوردستانـدا کردووە. ھەر بەپێی بەنـدی (٦٢)ی ئەم رێکەوتننامەیە، رێ بە ولایەتی ( موسـڵ) یش دەدرێت کە بچـێـتە پاڵ کوردستان. بەڵام بە داخەوە کە لە پەیماننامەی (لۆزان:٢٤/ تەموز/ ١٩٢٣) لە کە لەسەر داوای تورکیای کەمالی واژۆکرا، ھەموو ئەو بەڵـێنانەی کە لە (سیڤەر) بە کوردیان دابـوون، لێیان پاشگەزبوونەوە و بە جارێ ئێمەی کوردیان بێ ھـیوا کرد و پەراوێزیان کردین. پەیمـانی لـۆزان بە تایبەتی لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمـان بەسترا. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی قێـزەوەن و شەرمـەزارییە. بە نێوچـەوانی دەوڵـەتە ھـاوپەیمانەکان، چونکە ئەوانن بەرپرسی سەرەکین لە ھەموو ئەو تاوانانەی کە دەرھەق بە گەلی کورد کران و دەکـرێن. بە تایبەتیش بەریتـانیا. کە تا ئەمـڕۆش لە ئەنجـامی ئەو ستەم و ناھـەقـییانە، خوێن لە جەستەی گەلەمان دەچـۆڕێتەوە و بە ھەزاران قـوربانیمان داوە. تا ئەمـڕۆش ئێمەی کورد کە (٧٥) ملێـۆن کوردیـن، گەورەتـرین گەلـین لە جیھانـدا، کە دەوڵەتـێکی سەربەخـۆمـان نییە. کەچـی لە ئاسیا و ئەورۆپـادا، دەوڵـەتی وا ھـەن کە ژمـارەیـان لە ملێونێکـیش کەمترن. خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن و دانیان پێیان ناون. ئەمەیە ناڕەوایی و نایەکـسانی و نادادپەروەری و دووفـاقی نێـودەوڵـەتی.
بەڵام کـورد مـلکەچی داگـیرکەرانی کوردسـتان نەبـووە و نابێـت. زیـاتـر سەدەیـەکە لە خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام داین و بەردەوام دەبین، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشمان ھەڵگـیرسان. کـۆڵنادەیـن و ناسرەویـن.. تا سەردەکەویـن.
لە ئەمـڕۆدا، گـەلی کوردمان، سەنـگ و پێگەیەکی نێـودەوڵەتی ھـەیە. خەریکە پـرسی کورد ببێـت بە پـرسێکی جیھـانی. دەوڵەتـانیش گەیـشتوونەتە ئەو بـڕوایە، کە بەراورد لەگەڵ گەمەکـارانی دیکەی سیاسی لە ناوچەکـەدا، کـورد دەتـوانێـت رۆڵـێکی سەرەکی ھـەبێـت لە بە سیکـولارکـردنی رۆژھـەڵاتی ناوەڕاسـت.
شایەنی باسیشە، کە کوردستان پێگەیەکی جیوسیاسی و ستراتیجـیی و ئابـووری گرنگی لە ناوچەکە و لە جیھانـدا ھەیە. زۆریش دەوڵەمەندە لە کانزا و سامانی سروشتی و وزە و لە ئـاوی شـیرین و لە نـەوت و لە گـاز. دەرھـێنانی نەوت و بـوونی یەدەکـێکی زۆری نـەوت لە خاکەکەمـانـدا، ھـێنـدەی تـر گـرنگی شـوێـن و پـێگەی کوردستانـیان شـیرینـتر کـردوون. ئەمانەش فاکتەرێکی بەھـێزی تـرن، بۆ راگەیانـدنی سەربەخـۆیی کوردسـتان. گەشـبـینم و بـڕوام وایە کە لە داھـاتـوویەکی نـزیکـدا، گۆڕانکاری لە نەخـشەی سیاسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین، سەیریش نییە کە لەسەر ئەو نەخشەیەدا (کوردستان)ی سەربەخـۆ ببیـنین.
(چارلز تانـۆک) ئەنـدامی پەرلەمانی ئەوروپا، دەڵـێت:”مـێژوو پێمان دەڵێت، کاتی ئەوە ھـاتووە بەریتانیا، لە ریـفـراندۆمی داھاتوودا، پشتیوانی سەربەخۆئ کوردستان بکات”.
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئەستەم و خەون و خەیاڵ و وڕینە نییە. ھەر خەون و خەیاڵە، لە سایەی بـڕوا و خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری و کۆڵنەدانـدا، دەبـنە راستی و دێنـەدی. زۆر گـەشـبیـنم و لـەو بـاوەڕەدام، کە خـۆری دەوڵـەتی کوردسـتان گـزنـگی داوە و رۆژ بە ڕۆژ بەرزتـر دەبـێـتەوە. لە ھـەڵھـاتنـەوە نـزیک دەبـێـتـەوە.
بەڵام پێویـستـیمان بە یەکـێتی و یەکھەڵـوێـستی و یەک وتاری نەتەوەیی کوردی ھـەیە. پێویستیمان بە ئاشـتەوایی و بە رێکخستنی ناوماڵی کورد و بە کۆتاییھـێنان بە ململانێ و بە ناکـۆکی و بە مشتومـڕ و لەیەکـتری دابـڕان ھـەیە. پێـویستیمان بە ئەوەیە ھـەیە، کە بەرژەوەنـدییەکـانی گەلـەکەمان، لە سەرووی ھـەمـوو بەرژەوەنـدییەکـمانەوە بێـت.
پێویـستـیـمان بە بەستنی کـۆنگـرەی نیـشـتـمانی نەتـەوەیی کـوردی ھـەیە، کە ھـەمـوو بەشـەکانی کوردستان بەشـداربـن تێـیدا. بە کـۆدەنگی و بەبـێ تـرس و چەکەرە، بـڕیار لە پرسە چارەنووسسازەکانی، ئەمـڕۆ و داھاتووی کورد و کوردستان بـدەن. بێگومان چارەنـووسی ھـەمـوو کـورد، یـەک چـارەنـووسـە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٥








































































Discussion about this post