بەمەبەستی یادکردنەوەی هونەرمەندی کۆچکردووی گەورەی کوردی مامۆستا (تاهیر تۆفیق) لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر بە ئامادەبوونی زۆرێک لە هونەرمەندان و بەرپرسانی ئەو شارە هەریەکە لە ئەنستیوتی کەلەپوری کوردی و گروپی میوزیکی (نالی) ڤیستڤاڵێکی ڕێزلێنانیان سازکرد، کە تیایدا چەندین هونەرمەند بە گۆرانی و میوزیک بەشداریان تێدا کرد بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو بۆ ئامادەبووان” ئامادە نەبوونی هونەرمەند (سادق هەریری ) بوو لەو یادە، کە تاکە کەسە لەلایەن تاهیر تۆفیقی جوانە مەرگەوە ڕێگەی پێدراوە گۆرانیەکانی بڵێتەوە بەهۆی ئەوەی کە زۆر دەنگی لەو نزیکە بەڵام بەهۆی ئەوەی هونەرمەند سادق هەریری لە سنورەکانی کوردستان بە پەیداکردنی بژێوی ژیانیەوە سەرقاڵ بوو کاری شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەکات نەیتوانی بەشداری لەو یادە بکات هەر بۆیە ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی و فرمێسک باراندنی هونەرمەندانی ئامادەبوو لە هۆڵی میدیا، هەربۆیە ئامادەبوان پێیان وابوو لە ئێستادا هونەرمەندانی ڕەسەنی کوردستان بەهۆی خراپی باروگوزەرانیان دورکەوتوونەتەوە لە هونەرەکەیان و بە کاسبیەوە خەریکن و هەریەکە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاوێژکاری هونەریان بە تاوانبار زانی لەمەڕ پشت گوێ خستنی هونەرمەندان لەکوردستان، بەوەی کە پاش مردنیان بیریان دەکەوێتەوە و دوای تەرمەکانیان دەکەون و هیواشیان خواست کەوا چیتر هونەرمەند بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت ، شایەنی باسە لە مەڕاسیمەکەدا دەزگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە ئەلبومێکی گۆرانی هونەرمەندی تاهیر تۆفیق بەسیدی ئۆرجناڵ کە خۆی لە شەش سیدی دەگرێت لەم یادەدا بڵاو کردەوە.
تایبەت بە چرا / دیلان ڕەشاد