دارا خونچە: ئەو یاسا و رێکارە یاسایی و کاروبارە دادوەرییانەی لە کوردستان هەن تا سەر ئێسقان پاشداما و نامرۆیی و پیاوسالاریین چونکە ئاوێتەیەکن لە ئایدیۆلۆژیای بەعس و شەریعەتی ئیسلام و کوردایەتییەکی خێڵەکیی و رەگەزپەرستانە،
ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە فرە فرە لە قازانجی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سیاسەتبازەی هەنووکەی کوردستانە و نایەوێ وە هیچ جۆر و شێوەیەک گۆڕانیان وەسەردا بێ.. فەرهەنگێکی پڕ لە توندوتیژیی و فرە هۆڤییانەی لە نێو خەڵکدا دروست و پایەدار کردییە وە جۆرەک تەنانەت ئەگەر یاسا و رێسایەکی چاک و ئەرێنییش لە بوارەک لە بوراەکان لە ژێر گوشاری بزاڤی یەکسانییخوازیی و ئازادییخوازانەی خەڵک لە نێو پانتایی دادوەریی جێی خۆی گرتبی.. ئەوە لەگەڵ روودانی هەر کێشیەکی دیار کەسانەکی نەزان و لەخشتەبردرای ژێر هەژموونی پەروەردەی حیزبەکان هاندەدرێن تا دژ بەو یاسا و رێسایە ناوبرایە – کە رەنگە چارەسەری هێندەک کێشە بکا – بێنە سەر شەقام و وە پێی خواستی دەسەڵات دروشم بدەن!
ئەو ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانانەی کە لە (پایتەختی گەشتیاریی!!!) و (پایتەختی رۆشنبیریی!!!) لەسەر روودانی دەستدرێژییکردنە سێکسییەکەی سەر کیژە رۆژاواییەکە – کە لە لایەن شەش کەسە نەخۆشەکە ئەنجام درا – دەگوزەرێ رێک رەنگدانەوەی ئەو رەوشە یاسایی و جڤاکییەیە کە دەسەڵاتداران لە پشتیەوەن!
هەرچەندە لە کوردستان لە جیاتی یاسا سیاسەتباز و گەندەڵکاران سەروەرن، لێ بەو بارە خراپ و نەرێنییەی کایەی دادەوەرییش کە لە چارچیوەیدا هێندەک یاسای چاکی – لە هێندەک رووی جڤاکیی – تێدایە.. فرە وە سوود دەبوو ئەگەر ئەو خۆپیشاندانانە لە پێناو سەروەربوونی ئەو کەمە یاسایە چاکانە ئەنجام بدرابان.. کەچی زۆر وە داخەوە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵە مشەخۆرەکانی کۆمەلگەی مەدەنیی دژ وە یاسا و رێکاری یاسایی بوون و دەیانویست بێ هیچ دادگاییەک تۆمەتبارەکان (شەش کەسەکە) لەسەر هەمان شێوەی سەردەمی هەڵەبجەی ژێر دەسەڵاتی دڕندانەی بزووتنەوەی ئیسلامیی – کە سەرچاوە و هێزی لە دایکبوونی زۆربەی ئیسلامییەکانی ئێستان – لە نێو شەقام و وە بەرچاوی خەڵک سووکایەتییان پێ بکرێ، جەلدەیان لێ بدرێ، بەرداباران بکرێن، تا مردن ئەشکەنجە بدرێن، قوڕقوشم لە قوڕگیان بکرێ، لەسێدارە بدرێن، و… هتد!!! تەنانەت هیچ کەسەکیان بای ئەوەندە هۆشیارییان نەبوو یان دڕندایەتییان لە خۆیاندا نەتەکاندبوو کە بتوانن ببێژن؛ تۆمەتباران تا داگایی نەکرێن تاوانبار نین و پێویستە لە دادگایەکان – هەرچەندە یاسا و دادگای چاک و مرۆڤپەروەرانەمان زۆر کەمە لەو بارەوە – بڕیاریان لەسەر بدرێ و وە پێی بڕیارەکانیش سزا بدرێن.
توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسیی بەرانبەر هەر کەسەک (مێ یان نێر) کە وە تۆبزییە فرە فرە دڕندانە و نامرۆییانەیە و پێویستە تۆمەتباران – دەسەڵاتدارترین و بێ دەسەڵاتترین کەس بێ جوایەزیی – وە پێی یاسایە چاک و مرۆڤپەروەرییەکانی وڵاتان – ئەوانەی کە دەستکەوتی تێکڕای مرۆڤەکانی جیهانن و وە ئەزموون چاکیی و مرۆڤپەروەریی خۆیان سەلماندییە کە وە لایەنی کەم سزای لەسێدارەدان رەت دەکەنەوە و لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپاییەکان جێبەجێ دەکرێن – لە ژێر سایەی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگایەکان دادگایی بکرێن و وە سزای خۆیان بگەیەندرێن.
لێ ئەوەی راستیی بی – راستییەکی تفت و تاڵ – لە کوردستان سەرەڕای ئەوەی یاسایەکان وە چاک و خراپیانەوە سەروەر نین و دادگایەکان سەربەخۆ نین و یاساکاران و دادوەران وە شێوەیەکی گشتیی کتومت وەک ئەسپی شەترەنجی بەر دەستی سیاسەتبازان و گەندەڵکارانن.. یاسایەکان تەنێ لەسەر خەڵکە هەژار و بێ دەسەڵاتەکان و ئازادییخوازان و بێ لایەنەکان جێبەجێ دەکرێن.. کەس نییە نەزانێ کە بەرپرسە حیزبیی و حکومییەکان وە دەیان و وە سەدان تاوانی گەورەتریان لەو تاوانەی (شەش کەسەکە) ئەنجام دایە و نەک هەر دادگایەکان و دادوەرانی گشتیی بێ دەنگییان لێ کردییە بەڵکە تاوانلێکرایان و کەسوکارەکانیشیان بەوە ترساندینە کە ئەگەر بێ دەنگیی لێ نەکەن ئەوە خراپتریان وەسەردێ!!!
جا وە کورتییەکەی وە رای من؛ ئەو کێشەیە پێش ئەوەی کێشەی ئەو شەش کەسە بی – کە وە هۆی نەخۆشیی دەروونی ئەو تاوانەیان ئەنجام دایە – کێشەی خراپیی سیستەمی دەسەڵات وە شێوەیەکی گشتیی و دەسەڵاتی دادوەرییە و هەر پیاوانی دەسەڵاتیشن ئەو فەرهەنگە پڕ لە توندوتیژیی و ئەو ژیان و گوزەرانە پڕ لە چەرمەسەریی و کارەساتبارەیان وە دیاریی وە میللەت بەخشییە.. لە هەمووشی جەرگبڕتر ئەوە بوو نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیایەکان لە پێشەوەشیاندا (رووداو، کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی، هاوڵاتی، هەولێر، لڤین، زاگرۆس، ئاوێنە، و… هتد) وە هەمان فەرهەنگی پاشدامایی و پڕ لە توندوتیژیی دەسەڵاتداران و خۆپیشاندەران هەواڵ و وەدواداچوونی زۆر دژەمرۆییان (تەنانەت باسی کچێنیی و ناکچێنییان کرد کە هیچ لە تاوانەکە ناگۆڕێ!) لەسەر تاوانەکە بڵاوکردەوە و ویستیان باری زۆر خواری سیستەمی دەسەڵات راست بکەنەوە! لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵاتداران – کە لە شەش کەسەکە تۆمەتبارترن – پێش ئەو شەش کەسە دادگایی بکرێن چونکە زۆرێک لەوان بێجگە لەوەی تاوانی لەو جۆرە و گەورەتریشیان ئەنجام دایە و گاڵتەیان وە دادگایەکان دێ.. هۆکاری هەرە سەرەکییشن لەوەی کە بارودۆخی یاسایەکان و دادوەریی لەو ئاستە نزمەدا بن و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەو جۆرە پڕ لە توندوتیژیی و پڕ لە هەڵسوکەوتی دڕەندەییانە بن و وە هەزاران کەسی لە بابەتی ئەو شەش کەسەش دروست ببن.
دارا خونچە
١١\١\٢٠١٤