بورهان شێخ ڕەئوف
لە چەند رۆژی پێشوودا كاتێك پێشكەشكاری بەرنامەی یەكێك لە كەناڵە عیراقییە عەرەبییەكان ئەو پرسیارەی بەرەوڕوو كردمەوە، باشە بۆچی جاران نێوماڵی كوردی بێ كێشەترین ماڵ بوو و هەموو جار لە دوای هەڵبژاردنەكان كاندیدی هاوبەشیان ئامادەبوو، بەڵام دوای 2018 ئەو تەبایی و هەماهەنگییە نابینین؟ من خێرا بیرم بۆ ئەوەچوو هەرچەندە پێشتریش ئاماژەمان پێداوە لە كات و شوێنی جیاوازدا، كە ئەوە كاریگەری غیابی سیمبول و كاریزمایەكی عیراق و كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە كە (مام جەلالە)، كە كۆكەرەوەی هەموو لایەنە ناكۆك و دژ و ناتەباكان بوو ، ئەو بە عەقڵ و حیكمەت و ژیری خۆی، دركی بە گرنگی تەبایی و كۆدەنگی و سازان كردبوو، لەو پێناوەشدا بە بێ سڵەمینەوە چی پێویست بووایە بۆ سەرخستنی ئەو خواستە دەیكرد، تەنانەت بە زیانی بەرژەوەندییەكانی حزبەكەی خۆیشی بووایە. ئێستاش كە عیراق لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردایە بە یەكێك لە سەختترین و هەستیارترین وێستگەكانی پرۆسەی سیاسی و پێكەوەژیانی سیاسی دەڕوات، نێوماڵی كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار پێك نایەن و پارتی بە دوور لە هەموو رێكەوتننامەكانی پێشوو نێوانیان لەگەڵ یەكێتیی كاندید بە دوای كاندید پێشكەش دەكەن بۆ وەرگرتنی شایستە و پشكەكەی یەكێتی كە پۆستی سەرۆك كۆمارە و ئەو پەندە كوردییەمان وەبیر دەخەنەوە كە دەڵێت: (بەشی خۆم بۆخۆم بەشی تۆش دەخۆم) ! نێوماڵی شیعەش دەردێكی خراپتری تووشبووە، بۆ یەكەم جار لە عیراقی نوێدا رەوتی سەدر بانگەشەی بیرۆكەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكات بەدەر لە ماڵی شیعە و چۆتە نێو هاوپەیمانی سێ قۆڵی (سەدر ،حەلبووسی، پارتی)، هەرچەندە بە دیدی من ئەمە گۆڕانكارییە لە ناوناندا زیاتر تاوەكو زۆرینە، چونكە ئەم زۆرینەیەش هەمان كاراكتەرەكانی پێشووی پرۆسەی سیاسین و بەشداری تەواوی هەموو نوشست و دەستكەوتەكانیش بوون، لە كابینەكانی پێشوودا، هەرچەندە شكست و پاشەكشەكانی زیاترە بۆ هاوڵاتیانی عیراقە، ئەوە من نیم ئەوە دەڵێم، خۆپیشاندانەكانی عیراق لە ساڵی 2019 و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، گەندەڵی و لاپەڕەكانی سۆشیال میدیا، شتێكی نهێنیان نەهێشتۆتەوە، ژێر بەڕەیان خستووەتە سەر بەڕە، ئەدی خێرە ئێستا ئەم هاوپەیمانێتییە تازە ریفۆرمخوازن و گۆڕانكارییان دەوێ و ئەوانی دی بەرپرسی هەموو شكستەكانن ؟ راستە هاوكێشەی ژیانی دیموكراسی لە دوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێك دێت، بەڵام خوێندنەوەی واقیعی و لۆجیكی بۆ دۆخی عیراق و سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی ساز و ئامادە نییە بۆ كاری ئۆپۆزسیۆن، لە نەبوونی دام و دەزگای نیشتمانی و هێزی چەكداری ئەمنی و سوپا و دادگا كە زامن و مسۆگەر بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو بنیاتنەر كە چاودێری وردی كاروبارەكانی حكومەت بكات . رووداوەكانی هەفتە و مانگەكانی پێشوو ئەوەیان پیشان داین كە هێشتا عیراق پێویستی بە سازانی نیشتمانییە بە میكانیزمی نوێەوە. https://knwe.org/KU/ArticleDetails/212