كارۆخ مەلائەسعەد: گەنجێكی شاری سلێمانی كە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانە، بۆ یەكەم جار گۆرانیی دەچرێت و لە وڵاتی توركیایش گۆرانییەكەی كلیپ دەكات.
لە مبارەیەوە (ئارێۆس حەمەسەعید) كە ئاواز و دابەشكردنی گۆرانییەكەی كردووە بۆ “هەولێر” گوتی: “لە ئێستادا كاری ئاواز و دابەشكردنم بۆ گەنجێكی تازە پێگەییشتوو كردووە بە ناوی (هۆز)، ناونیشانی گۆرانییەكەیش (دوو دڵ)ـە كە تێكستەكەی لە لایەن (حەمەسەعید ئیبراهیم)ـی باوكمەوە بۆی ئامادە كراوە و دەنگیش لە شاری هەولێر لە ستۆدێۆی میلۆدی تۆمار كراوە.”
)ئارێۆس) گوتیشی: “لە ئێستادا تەواوی كارەكانی ئەو گۆرانییە بەئەنجام گەیاندراوە و تەنیا ماتەوە سەركلیپ كردن.
هەروەها وایش بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا لە وڵاتی توركیا كلیپی گۆرانییەكە بكرێت.
ئەو گەنجە توانایەكی باشی لە گۆرانیگوتندا هەیە و ئەو توانایەیش بووە وای كردووە كە من كاری بۆ بكەم، هیوادارم لە داهاتوو خزمەتێكی باشی هونەری كوردی بكات و ئەم گۆرانییەیشی ببێتە دەروازەیەك بۆ بەرهەمهێنانی چەندین گۆرانیی دیكە.”