هیوا سەرهەنگ/ هۆڵەندا: هێزە بەکارهێنراوەکانی جەنگ گەر هێزی مرۆیی و جۆرەکانی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازیەکان و ئابوورییەکی پێویست بێت،
ئاستەکانی راگەیاندن و کەناڵەکانیشی بەشێکی گرنگ لە هەر هاوکێشەیەکی سەربازیی پێکدەهێنن بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن و بردنەوەی دەرئەنجامەکانی جەنگ لە هەرکات و جێیەکدا بێت . لە زەمینەی ئەمرۆی بەرپەرچەردانەوەی هێڕشە تیرۆرستیەکاندا بۆ سەر چەند شارۆچکە و گوندێکی کوردستان لە لایەن هێزێکی تیرۆریستی دەمامکداری گوماناوی دژ بە هەموو بنەما مرۆییەکانەوە کە ناسراون بە داعش، پێشمەرگە و تەواوی هێزە سیاسی و سەربازیەکان لە کوردستاندا لە ئامادەکاری و هێرش بردندان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێڕشەکانی داعش و راونانیان بەرەو مۆڵگاکانیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، خۆشبەختانەش پێشمەرگەی پارچەکانیتری کوردستانیش وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی بەشداریان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی هێڕشەکانی داعشدا، وەلێ یەکگرتوویی میدیای حزبەکان و میدیا ئەهلییەکان و بوونی یەک ستراتیژی راگەیاندن تێهەڵکێش بە هەموو بنەماکانی میدیای گونجاو کە لە خزمەتی زەمینەی ئەمڕۆدا بێت، دەبێتە هێزێکی پاڵپشت و کاریگەر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرەکانی شەڕ، خۆ گەرچی کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و میدیا ئەهلییەکاندا سازدرا تا هاریکارییەک و میدیایەکی ئاراستەکراو بۆ خزمەتی ئەم بار و دۆخە بسازێندرێت، کەچی بایەخ بەوە نەدراوە ئەم پەیامە رۆبچێت بە نێو هەموو چین و توێژەکاندا لە رێی کەناڵە حزبی و رێکخراوە جەماوەریەکانەوە تا هەموو ئەندام و دۆستان و لایەنگرانی حزب و رێکخراوەکان و کۆمەڵانی تری خەڵکی کوردستان پابەند بن پێوەی وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی.
هەر بۆیە بە هۆی جیهانی پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا و ئەو کەناڵە لاوەکییانەی هەنە و شۆڕبوونەتەوە بۆ نێو هەموو ماڵێک و بە هەموو کەسێک دەگەن لەرێی فەیسبوک و تویتەر و جۆرهها پرۆگرامی تری گروپ پێکهێنانەوە و تەنانەت ئەو ئاسانکاریانەی کراوە لە مۆبایلەکاندا و میدیایەکی کەسی سەربەخۆی دامەزراندووە ،وای کردوە جۆرەها تانە و توانج و ململانیی لابەلا لە نێوان هێزەکاندا سازبدرێن، جۆرەها لێکدانەوە پەخش بکرێت کە شیمانەی دەبێت دوژمن سوودی لێ ببینێت، یاخود لە رێی ئەو وێنانەی بە مۆبایل دەگیرێن کە ناکرێت لەبەر هۆکاری ئاسایش و پاراستنی ( نهێنی کاتی ) پەخش بکرێن. ئەمە لەکاتێکدا پێشمەرگە بە هەموو رەنگەکانەوە دوور لەو تانە و تەشەرانە، دوور لەو ململانێ بێ کەڵکانە، لە سەنگەری شەرەف و بەرگریدا شان بەشانی یەکدی شەڕ دەکەن و گیان بەخت دەکەن و پارێزگاری لە نیشتمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەن، خاوەن فەیسبوک و کەناڵە کەسیە ئازادەکانی تر کە لەماڵەوە لەبەر سپلیت دانیشتوون و توانای پێشمەرگە کەرت دەکەن و لە میشەوە لاوازی لە بەرگریکردندا دەسازێنن.
هەڵەی مێژوویی دەکەن گەر لە ئاستی بەرپرسیارییەوە لە خزمەتی ئەم بار و دۆخەدا نەبن، ئەوانەی بێ دەربەستن لە ئەنجامەکان و هەموو شت دەڵێن و رۆلێ نەرێنی دەگێڕن لە کۆمەڵدا، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن یان رێکخرابن بۆ مەبەستێکی تایبەت دەبنە میدیایەکی چەواشەکار و زەرەرمەند بەرەوشی ئەمڕۆ و دۆزی نەتەوایەتیمان .. ئەمانە دەبنە سەرچاوەی بزواندنی ناکۆکییە نێوخۆییەکان، هەڵدانەوەی برینە کۆنە پڕ ناسۆرەکان، لەمەیشەوە بێ بروایی لای جەماوەر بەرامبەر بە تواناکانی بەرەنگاربوونەوە و کەمبوونەوەی متمانە بە یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندا دەسازێ و دەبێتە ئەو خاڵە لاوازەی دەکرێت دوژمن لێیەوە بێتە ژوورەوە و مەبەستەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دڵەڕاوکێ و پشێوی و ئاڵۆزی لای کۆمەڵانی خەڵک دروست بێت.