شیعر زۆر گوناهە، هەمووکەس پێی دەوێرێت، بەڵام بەدەستی هەموکەس ناگات، ئەوانەی دەیگرن، لە جیاتی ئازاردانی.. وشەکان ڕادەسپێرن کڕنوشی بۆ ببەن. تێکستێک ئەوکاتە دەبێت بە شیعر کە داهێنانێکی نوێی تێدابێت. کە ڕێساکانی شیعربوون لەخۆ بگرێت، کە خاوەنەکەی چرایەکی پێبێت و لە جەنگەڵە تاریکەکانی ژیاندا پێشڕەوی مرۆڤایەتی بکات، کە پەیامێکی سەنگین هەڵبگرێت.
هەموو هەستێکی جوان و ناسک نابێت بە شیعر، دەکرێت وەسفێکی یارەکەت یان شەڕێک لەگەڵ خۆشەویستەکەت ، یان دڵشکاویت، یان خیانەتلێکراویت پڕت بکەن لە هەستی جوان بەڵام ناتکەن بە شاعیر.
شاعیر نهێنیەکانی دڵی ژیان دەبینێت، شاعیر توانای بڕینی ئەو سنورە جاویدانیانەی هەیە کە ئێمە ناتوانین بیانبڕین، شاعیران خۆیان و ئێمەش دەنوسنەوە، ڕستەکانی ژیانی خۆی و ئێمە دەهۆننەوە و ئەدەبییانە دێنە گۆ. کاتێک تۆ پەی بەمە نابەیت بەخۆت مەڵێ شاعیر.
شیعر دەریاچەیەکی بێگەردە لە دڵی شاعیراندا، هەر شیعرێکی نوێ مشتێکە لەو زەمزەمە، ئێمە دەروونمانی پێ ئاودەدەین و دەموچاومانی پێ فێنک دەکەینەوە. زەمزەمی ئەو زێیە کەم ناکات و تەواو نابێت، کە دەزانیت ئەو دەریاچەیە لە هەناوی تۆدا نیە، مەهێڵە پێت بڵێن شاعیر. چوونکە دیارنەمان و دابڕان لەو کاروانە، لە سەر تەختی شانۆیەک ڕووتو قوت خۆت دەبینیتەوە، هەموو سەیرت دەکەن و تۆش هیچت پێنییە بدوێی.
هەیە دەیەوێت خۆی بناسێنێت.. دەنگی خۆش نیە، سەما نازانێت، وێنەیەکی نەکێشاوە، نمایشێکی نەکردووە، جوان نییە، زیرەک نیە، ئازا نییە…. دێت و چەند دێڕێک ڕیز دەکات و بەزۆر هەڵیدەواسێت بە شاخی شیعردا.
هەیە کەسێکی خراپە.. چاکەی لەدەست نایەت، ناتوانێت داوای لێبوردن بکات، ناتوانێت دان بە خراپەکانیدا بنێت، ناتوانێت چاک بێتەوە… دێت و دەیەوێت بە نوسینێکی بێمانا خۆی بسەپێنێت.
هەیە بێکارە.. پلەیستەیشن نازانێت، نازانێت خۆی بە خوێندنەوەوە خەریک بکات، تەمەڵە و وەرزش ناکات، هیچ لە ئینتەرنێت و کۆمپیوتەرەکەی نازانێت، هیچ فێر نابێت… دێت و بە شیعرەوە دەیگرێت، بەزۆر تۆپەڵێ وشەی لێک ئاڵۆسکاوی نالەبار دەخاتە خاکی شیعرەوە.
ڕاگەیاندنەکان تاوانبارن، سانسۆری گرتە سێکسییەکان دەکەن، سانسۆری دژە باوەڕەکان دەکەن، شەڕ لەسەر هونەرشێوێنەکان دەکەن… کەچی یەک سەکۆ نەبوو داکۆکی لەو ناهەقییە بکات بەرامبەر بە شیعر دەکرێت. یەک پێگە نەبوو سانسۆری ئەو نوسینانە بکات کە بە شیعر خۆیان دەناسێنن.
شیعر زۆر گوناهە، هەمووکەس پێی دەوێرێت، بەڵام بەدەستی هەموکەس ناگات، ئەوانەی دەیگرن، لە جیاتی ئازاردانی.. وشەکان ڕادەسپێرن کڕنوشی بۆ ببەن.
ئێسپرێسۆۆۆۆ.