کچان و کوڕانی زانکۆی سۆران لەسەر ئاستی ھەرێم پلەی سێھەم بەدەست دێنن
ماڵپەڕی زانکۆ: بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و لەشاری سلێمانی پاڵەوانێتی پێشبرکێ کانی گۆڕەپان و مەیدانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو لە رۆژانی ١١ تا ١٢-١٢ لەیاریگای سلێمانی، بەردەوام بوو”. کەلەم پاڵەوانیەتیەدا تیپی زانکۆی سۆران توانی ئەنجامێکی باش بەدەست بێنێت.
ئەم پاڵەوانێتییە کەتیپەکانی کچان و کوڕانی زانکۆکانی (سلێمانی، سەڵاحەدین، سۆران، دھۆک، کەرکوک) بەشدار بوون و پێشبرکێ کانی (راکردنی١٠٠م، ٢٠٠م، ٤٠٠م، ٨٠٠م، ١٥٠٠م، ٣٠٠٠م، ٤٠٠مەتر بەر بەست، ٤×١٠٠ پۆستە، یەکباز، سێباز، بازی بەرز، رم، دیسک، قورسایی) تیادا ئەنجامدرا.
لای خۆشیەوە مامۆستا موحسین عەزیز بەڕێوەبەری چالاکی وەرزشی زانکۆی سۆران و سەرۆکی شاندەکە لەبارەی بەشداریکردنیان و پاڵەوانیەتیەکە ئەوەی راگەیاندو گوتی “بە ئەنجامی تیپەکانی کوڕان و کچانی زانکۆی سۆران، زۆر خۆشحاڵم و بە باشترین ئەنجامی دەزانم لەم کات و ساتەدا بەتایبەتی کەوا تەمەنی دامەزراندنی زانکۆی سۆران تەنھا ٢ ساڵەو توانیمان ململانێ لەگەڵ زانکۆ گەورەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ بەدەست ھێنانی باشترین ئەنجام”. بەڕێوەبەرەی چالاکی وەرزشی زانکۆی سۆران و سەرۆکی شاندەکە ئەوەشی گوت “قوتابیانی زانکۆی سۆران توانیان لەسەر ئاستی تاک، ریکۆردی نوێ بشکێنن، ئەویش یاریزان (ھاوژین سامان) توانی لە دوویاریدا پلەی یەکەم بەدەست بێنێت و ژمارەی پێوانەی بەناوی خۆی تۆماربکات لەسەر زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەیاری دیسک و قورسایی ببێتە پاڵەوانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان.
موحسین عەزیز لەبەر دەوامی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە “یاریزان (دلناز نعمەت) توانی سێ ملوانکە بۆ خۆی بۆ زانکۆی سۆران بەدەست بێنێت لەیارییەکانی ٢٠٠م،٤٠٠م بەرید”. گوتیشی “ھەر یەک لە قوتابیان (عیسا محەمەد، موراد مزەفەر، ھۆژین پیرۆ، کۆچەر عەولا، مریم محەمەد) پلەی دووەمی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستانیان بەدەست ھێنا. کە ئەمەش ئەنجامێکی باشە، ھەروەھا قوتابیانی دیکەی بەشداربوو توانیان ١٣ ملوانکەو کاسی پلەی سێھەم بەدەست بھێنن. کۆی گشتی ملوانکەکانمان گەیشتە ٢٤ ملوانکەو کاسی یەکەم و دووەم و سێ یەمی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان.
مامۆستا موحسین عەزیز بەڕێوەبەری چالاکی وەرزشی لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و سەرۆکی شاندەکە لەبارەی بەدەست ھێنانی ئەنجامەکانیش دەڵێت “لەسەر ئاستی کۆی گشتی خالەکان پلەی سێھەممان بەدەست ھێنا لەدوای زانکۆی دھۆک و زانکۆی سلێمانی، بووین ھەرچەندە سەرۆکی شاندەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە دەتواندرا ئەنجامی باشتر بەدەست بھێنن، بەڵام وەک خۆی گوتی “بەھۆی کەمی راھێنەر کەم و کوڕیمان بۆدروست ببوو “ئێمە تەنھا یەک راھێنەرمان ھەبوو ئەویش مامۆستا ئازاو لەگەڵ یاریدەدەرێک بەناوی مامۆستا بارزان، تەنھا دوو مامۆستا بۆ ئەم ھەموو قوتابیانە بەس نییە بۆیە پێویستیمان بە دووتا سێ راھێنەری دیکە ھەبوو بۆ ئەم ھەموو چالاکیانە. زۆر وەفدەکان ٤ تا ٥ راھێنەریان لەگەڵ دابوو. بەڵام زۆربەی زانکۆکان بەئەنجامەکانی ئێمە زۆر سەرسام بوون کە ئێمە زانکۆیەکی تەمەن ٢ ساڵە چۆن ململانێ لەگەڵ زانکۆیە گەورەکان دەکەین.
ھەروەھا لای خۆشیەوە سوپاس مامۆستا ئازای کردو گوتی “لە بەڕێوەچوونی یارییەکان و بەدەست ھێنانی ئەنجامێکی لەو شێوەیە رۆڵێکی گەورەی ھەبوو لەسەر قوتابیەکان بۆ ئەوەی زیاتر ھەوڵبدەن بۆ بەدەست ھێنانی ئەنجامێکی باش بۆ زانکۆی سۆران.
مامۆستا موحسین عەزیز بەڕێوەبەری چالاکی وەرزشی لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران، گازندەی ئەوەشی کرد کە “دەبووایە رێکلام و بانگەشەی گونجاویان بۆ پاڵەوانێتیەکە بکردایە بۆ ئەوەی زۆرترین جەماوەر و سەیرکەر ئامادەبێت، ھەروەھا لەھەندێ بواری تەکنیکیش کەموو کوڕیان ھەبوو بۆ نموونە داوایان لە ھەموو وەفدەکان کرد کەرۆیشتنێک (رێورسمێک) بکرێت پێش دەست پێ کردنی پاڵەوانێتیەکە، بەڵام ھیچ مۆسیقایەک ئامادە نەکرابوو بۆ رۆشتنەکە”. گوتیشی “لێرەوە سوپاسێکی بێ پایانم بۆ بەرێز دکتۆر (موسلیح مستەفا) سەرۆکی زانکۆی سۆران و یاریدەدەرە بەرێزەکانی زانکۆی سۆران بەرێزان دکتۆر ھاورێ و دکتۆر روژدی بۆ ئەو پاڵپشتیە بەھێزەیان بۆ وەرزش لەزانکۆکەمان پیرۆزبایی یەکی گەرم لە لەسەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ دەکەم بۆ ئەم ئەنجامە باشە کە دەستکەوتێکی باشی وەرزشیە بۆ زانکۆی سۆران و دەڤەرەکە بۆ ئەوەی لەئایندەدا رەوتی وەرزش بەرەو پێشتر بچێت”. ھەروەھا سوپاسی ھەموو ئەندامانی شاندەکە دەکەم بۆ یارمەتی دان و پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ قوتابیان بەتایبەتی مامۆستا عومەرو مامۆستا سەباح و مامۆستا ھەورین مامۆستا بارزان.
ئەنجامەکانی کۆی گشتی پاڵەوانێتیییەکە بەمشێوە پەردەی لەسەر دادرایەوە.
-١ زانکۆی دھۆک (٨٦) خاڵ.
-٢ زانکۆی سلێمانی (٧٩) خاڵ.
-٣ زانکۆی سۆران (٦٧) خاڵ.