“”پێشکه‌شه به کاڤانی پایزێک ،
به ڕێکپۆشیی ژنێک و به بوێریی هاواره‌کانی””
ژنێک وه‌ک خه‌ونی نۆته‌یه‌کی مۆسیقا …
که‌مانچه‌یه‌کی ڕووته ، ئاوازه‌کانی زه‌مه‌ن قاوه‌یی کردووه
پێکه‌نینه‌کانی وه‌ک ڕاکردنی مناڵێکن به‌سه‌ر پردێک له نوور
ده‌نگی پێڵاوه به‌رزه‌کانی عیفه‌تی زه‌وی بهسهمفۆنی ده‌کا
ئاوڕدانه‌وه شه‌هێنه‌کانی ، ڕێگا له حهسرهتیی ڕاده‌ماڵێ
خانمێک دوو له‌ت …:
له‌تێک له‌فڕینی ئه‌رخه‌وان و
له‌تێک له شه‌هوه‌تی (با)
پرچێکی گه‌رم ,تاڵه‌کانی گورزه تهزویهکن
بۆ په‌نجه سارد و داخراوه‌کانی په‌ستیی
ژنێک به قه‌ت هه‌ناسه‌ی ماچ ئاهـ هه‌ڵده‌کێشێ
جریوهیهکه له گه‌روی ئومێدی
به‌ده‌م ئاره‌زووه‌کانی کات ناحهپهسێ
و له پشت ئارایشتی ئاوێنه‌کان ده‌گوزه‌رێ !!
ژنێکی چاوه‌ڕوان له دورگه نادیاره‌کانی هه‌ست
ئه‌زانێ به باڵی شیعر بفڕێ
ئه‌زانێ چۆن له‌باتی ڕه‌شه‌با ببێته جوڵه‌یه‌کی سه‌ما
خانمێک هه‌موو عومری له به‌هار ئه‌چێ
و سینگی بێستانێکه له ته‌بایی
ده‌ستی کزه(با) به‌رنادا
دژایه‌تی پشتی خۆر ناکا
له‌گه‌ڵ ماوه‌ی نێوان ئاسمان و زه‌وی ده‌دوێ
خانمێک له تارمایی ناترسێ
له‌گه‌ڵ بوێریی هه‌تاو هه‌ڵدێ و
هه‌رگیز نهێنییه‌کانی ئالوده‌یی باوه‌شکردن ئاشکرا ناکا
خانمێک تازه ده‌ربازبووه له یارییه لێهاتوییه‌کانی قه‌ده‌ر
پشتی ڕووخۆشی : قه‌ڵای ئاڵتونیی سپێدهکانه و
شوشه‌یی جه‌سته‌ی : مه‌له‌کوتی باخچه بێ کۆتاییه‌کانه
دڵی به ئاسانی له ده‌ریا فڕێ نادا
خورپه‌کانی له یه‌قینه و له ڕووخساری هیوا مسۆگه‌ره‌کان ئه‌ڕوانێ
له ته‌م و هه‌ناسه‌کانی ، وێنه‌ی ڕووتبوونی خۆی ده‌کێشێ
متمانه به سهراب و تۆز و خۆڵ ناکا
خانمێک به قژێکی بریقه‌داری بۆن خۆشه‌وه
به هه‌ڵاوی ئه‌سرینی چاویه‌وه ، ئاوریشمێک له پاکیی دروست ده‌کا
به فیکرێکی ڕێک پۆشه‌وه ،
شیعر ده‌نووسێ ….
له ده‌ستنووسه‌کانی (کامۆ) و (نیرۆدا) و (مارکیز) وه
پێداچونه‌وه‌یه‌کی نوێتر به‌سه‌ر بوون و …،
جاڕنامه‌یه‌کی به خورپه تر بۆ خۆشه‌ویستی و زه‌ریا و ته‌نیایی ڕاده‌گه‌ێنێ
خانمێکه هه‌موو کتێبه‌کانی یاسای سه‌یرکردنی مانگ ـ ی خوێندۆته‌وه
هه‌موو ده‌ستوره‌کانی ئێستا و عه‌ده‌می پێییه
په‌پوله‌یه‌ک به‌سه‌ر سنگییه‌وه ئاڵاوه ،
داوای مافی مانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی لێ ده‌کا
ژنێکه ناڕوانێته نه‌فامیی ژه‌نگ
عیشق ڕێکه‌وتی هه‌نگاوه مێینهکانێتی
یه‌که‌م سروهیهتی بۆ خۆشویستنی بۆنی پیاوێک
ئه‌و ته‌نها نایه‌وێ بانگی پیاوێکی سه‌رلێشێواو بکا
ئه‌یه‌وێ په‌نجه‌ره سه‌یری بکا
و شوشه نه‌یشکێنێ و
قه‌ده‌ریش نا هه‌مواری نه‌کا
ژنێکی مناڵ
به‌رائه‌تی له عه‌تر و ڕه‌نگی له شه‌راب
چرپه‌کانی له کریستال و گۆناکانی له میهر
فرمێسکه‌کانیشی له ئاونگی شه‌رمی سیحر
ڕه‌فته ڕنگ قهیفهکانی موحیبه‌ت هه‌موو وه‌رزێ گه‌ردنی ده‌پارێزێ
خانمێک هه‌موو دیواره‌کانی ناحه‌زیی
به په‌نجه‌ی مناڵیی ، وێنه‌یان له‌سه‌ر ده‌کێشی
سکپڕترین هه‌وری شیعره ،
کاتێک ده‌بارێ گوڵی سور له سه‌ربانه‌کانی ئیلهام به‌جێدێڵێ
خانمێکه دوودڵیی له شیعر ده‌سڕێته‌وه
گریانی وشه‌کانی به هه‌وا نه بێ ژیر نابنه‌وه
ترس له هه‌بوونی زوڵمه‌تی فانۆسه‌کانی مێژوو ده‌رده‌هێنێ
مرواری له‌ززه‌ت له ژێر ڕه‌گ و له‌ناو زمانی سنهوبهرکان ده‌چێنێت
ڕێگه به ماسییه شینه‌کانی ئه‌وین ده‌دا
له‌گه‌ڵ هه‌وره په‌مه‌ییه پهشمهکییهکان بکه‌ونه جووت بوون
خانمێکه سپی سپی وه‌ک دیواره به‌فرینه‌کانی کڵێسه‌یه‌ک
له خوێنی سوتاوی بخوور ….،
له سه‌ر عه‌رشی دوکه‌ڵی جه‌سته‌یه‌کی گه‌ڕۆک
دڵی پیاوێک له مۆمه‌وه بۆ ئاو درووست ده‌کا
هه‌موو پێخه‌فی زه‌وی جێگای خهوێتی
هه‌موو سه‌وزایی پشوی چاوه‌کانێتی
له شیرینیی سورمه هه‌ڵوه‌ریوه‌کانی سه‌ر کوڵمی ،
چوارده‌وری خۆی مینڕێژی خۆشه‌ویستی ده‌کا
خانمێک هه‌موو به‌یانییه‌ک نامه‌یه‌ک بۆ خوا ده‌نووسێ
داوای چاره‌نووس و گه‌ڕانه‌وه‌ی شاعیره به‌فر پۆشه‌که‌ی ده‌کا ….
هه‌موو ئێواره‌یه‌ک ده‌نکه هه‌ناری سور
له ڕۆمانسیه‌تی داره‌کان هه‌ڵده‌وه‌رێنێ …..،
بۆ نێو ده‌می ئایه‌ته تامه‌زرۆییه‌کانی خۆی .
ئالان په‌ری
سلێیلسه ــ دانیمارک
سه‌ره‌تای زستانی 2009