بژاردەی دەسەڵات یان (دەسەڵاتدار) بریتیە لە پێکهاتوویەکی تێکەڵ لە کەسایەتی جیاواز (inhomogeneous) لە توانای ماددی و عەقلی (سیاسەتمەدار، دەوڵەتمەدار، بازرگان، زانا، نووسەر، هونەرمەند). ئەم جۆرە بژاردەیە خۆشبەختە و لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکان بوونی هەیە و شاد و دڵخۆشن بەو ئیمتیزاتانەی هەیانە. بێگومان جیاوازی زۆر هەیە لە پێکهاتەی بژاردەی دەسەڵات لە دونیادا بە پێی جۆر و شێوازی دەسەڵات. ئەم بابەتە تایبەتە بە سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەداران.
تەواوی تێز و تیۆریەکان دەربارەی دەسەڵات، عەقڵانی (Rational) بێت یان تەجریبی(Empirical) ، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر پێکهاتەی (Structure) کۆمەڵگا مرۆییەکان دارێژراون. فەیلەسوف و بیرمەندەکان وەڵامی زۆربەی ئەو پرسیارانەیان داوەتەوە سەبارەت بە میکانیزم و شێوازی دروستبوون و ناوەڕۆکی دەسەڵاتە جیاوازەکان. زۆربەیان کۆکن لەسەر ڕەفتار و ئاکاری دەسەڵاتدارێتی. مرۆڤ لە هەر پلە و پۆستێکدا دەسەڵاتی هەبێت، جۆرێک لە پراکتیزەکردنی دەسەڵات (Aauthority) پەیڕەوئەکات. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگای گەندەڵ و بێسەروبەردا دیارتر هەستی پێدەکرێت.
لە ڕووی تەجریبیەوە دەسەڵات مانای خاوەندارێتی نیە بەڵکو هەستەکانی خاوەندارێتی دروست ئەکات و هەمیشە چێژی بەخشیوە بە دەسەڵاتدار، لەبەرئەوە هیچ دەسەڵاتدارێک ١٠٠% ئامادە نیە ئارەزوومەندانە واز لەدەسەڵات بێنێ. بگرە گەورەترین دژمنی دەسەڵاتدار هەبوونی میکانیزمی جۆراوجۆرە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات. لە ڕووی عەقڵانیەوە، دەسەڵات بەگشتی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناجێگیرە، هەمیشە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوامدایە، بەدەربڕینی سادەی کوردەواری دەڵێن دونیا دەوران دەورانە.
خودی دەسەڵات دەرئەنجامی دینامیکی هەمئاهەنگی نێوان دوو لایەن یا زیاتری ناهاوسەنگە لە ڕووی سەرچاوەی مادی (ئابوری، مرۆیی،….) یان هزری و مەعنەوی (توانای زانستی، کاریزما،…..). جێگای سەرنجە سروشتی ئەم ناهاوسەنگیە هەردەم لە ئاڵوگۆڕی بەردەوامدایە بە هۆکاری جیاجیا (زۆرجار بە هۆکاری دروستکراو). بۆ نمونە، بەرز و نزمی ئاستی هوشیاری و گوزەران، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر دەسەڵاتداری. تەمەنی دەسەڵات لە کۆمەڵگای مەدەنی خۆش گوزەران یان پێشکەوتوو بەگشتی کورت ترە لە تەمەنی دەسەڵات لە کۆمەڵگای تەقلیدی هەژار یان دواکەوتوو. ئەمەی دووهەمیان خێری لەوەدایە ئەو دۆخە ناهاوسەنگە درێژە پێ بدا. سەرسەخترین دەسەڵاتداریش ئەوانەن کە لە ڕۆژگاری دوای دەسەلات ئەترسن.
دەسەڵاتدار هەردەم ڕێژەیەکی زۆر لە کات و تواناکانی ئەخاتە خزمەتی دەسەڵاتەکەی، بەردەوام سەرقاڵی داڕشتن و ئاڵوگۆڕی ستراتیجی جیاوازە بۆ گەشتن بە مەرام و ئامانجەکانی. زۆربەیان هەمان تاکتیک یان هاوشێوەکەی بەکاردێنن بۆ پەیڕەو کردنی ستراتیجەکانی. لە هەمانکاتدا زۆرن ئەوانەی ئاواتیانە بگەنە قووچی دەسەڵات یا نزیکببنەوە لە بژاردە .(Elite) لەبەر ئەوە دەسەڵات کێشەی نابێت لە دۆزینەوە و بەکارهێنانی ئەو جۆرە کەسایەتیانە، لە نێو عەوامدا.
پەروەردە و سروشتی مرۆڤ وایە کە هەمیشە بە ئاواتی باشترکردنی دۆخی گوزەرانی خۆی لە هەوڵی سەرکەوتندایە بە ڕێسا و دینامیکی پێچەکانی ژیاندا (Spiral Dynamic). لەڕاستیدا هەندێکیان بە توانا و پسپۆڕی خویان ئەتوانن جێگایەک بۆ خۆیان مسۆگەربکەن لە هەڵقەکانی پێشەوەی بژاردەی دەسەڵات. بەڵام زۆربەیان مشەخۆرن و بە مەرایی و سیخوڕی جێگای خۆیان ئەکەنەوە بە تایبەتی لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵدا. گرنگترین ئاماژە لەم نووسینەدا پێویستە ئەوە بێت، ئایا چۆن و بە چی مەبەست و میکانیزمێک بژاردەی دەسەڵات ئەم تایپی کەسایەتیانە ئەدۆزێتەوە و بەکاری دێنێ؟
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٥/١/١٨