سەردار جاف . ئەڵمانیا
کە جێم دێڵی
تاریکی دەبێتە پرچەقەترانییەکانت و بە دەم شنەی شانەی پەنجەکانمەوە
دەئاڵۆسکێ
وێنە ڕەنگینەکانت نمایش دەکا
تریفەی مانگ ڕەنگی کوڵم و
ئەستێرەیش بە چاوەکانت
ھەر لە گزنگی تارمایی
باڵات دەکاتە وەنەوشەو
گەردنی لامل کریستاڵ
خەون دەنگت دەھەژێنێ و
ڕابوونی تەم لەنجەکانت
کە جێم دێڵی
بۆ خۆیشم نازانم لە چ مەملەکەتێ دەخولێمەوە…..
بای باوەشێنی ھەناسەت
مناڵێکی ئەوک پڕی گریانمە
ونبوونێکی بێ سۆراغمە
دەرگای ماڵی نامۆبوونم
شێوە ڕووخسار لە خەیاڵم ساتی چێژ بەخشی ژانمە
دەبنە کەنار … قوڵایی ناخی پڕ حەسرەت
ڕاموسانەکەی گاردرمۆین ھێشتا شێتێکی سەراسیما ونبوونمە
تەپڵی شەڕی ئیشقم دەکوتێ
جارێ زووە ئەو برین و ژانە کێمی نەکردووە و قەتماغێکە و
لە قەراغمە
کە جێم دێڵی
جامی شەرابی ژیانم ھەرگیز وەک ئێستا نەشکاوە
بە بارتەقای ونبوونی تۆ
شێت بوون بە باڵام ئاڵاوە
تۆ دەزانی
شەرم پێشتر وەک ئەمێستا دای نەگرتم
خەمیش نەبووە خانەخوێی ماڵی شێواوم
چرکەی تەمەن نەبووە تاڵاوی ژەھر نۆشینم
نەنرا بە شەوی بەراتم
کە جێم دێڵی
چرکەی وێنەی دیمەنەکان
جێ پەنجەی تۆیان گرتووە
نیگاکانم لە خەیاڵدانێ ھەڵدەفڕن
لە نیگای چاوم بۆ سینەت
کەشتی حەزم مت مت بووە و
ڕایگرتووە
کە جێم دێڵی
یادەکانت دەبنە سەرەتاتکێی خەمم
دەبنە مۆرانەی نێو جەستە و
بیری جەنجاڵی نێو سەرم
ئای کە ژانێکی پڕ لە سوێی
دوا فەرھەنگی ئیشقمی و دوا ترپەی تەمەنی ڕێمی
جگە لە تۆ
ھۆگری شەوی ھیچ ژنێکی تر نابم
دەپێم بڵێ
بەرەو کام لا بۆ دەروازەی پڕ لە ھەتوان
پەنا بەرم
کە جێم دێڵی
وا نەزانی
دەم شڕێکی سەر شەقام و نێو کۆڵانم
پەنھانییەکانی نێوانمان
دەبنە سەربوردەی من و گڵ
ئەزیزەکەم
ئیتر مەحاڵە لە دوای تۆ
ڕێگای ئیشقێکی تر بگرێ
چاو و ھەناسە و بیر و دڵ
٢٧ / ٦ / ٢٠١٩