شنه پێنجوێنی : درامای دۆنگی ململانێیه‌کی بێ کۆتایی مرۆڤه‌کانه بۆ به‌ده‌ست هێنانی پله‌و پایهودهسهڵات.
درامای دۆنگی ناخی مرۆڤه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ،
دۆنگی و تراژیدیا
دۆنگی و ده‌نگی راستی و جوانی و خۆشه‌ویستی و ….. هتد
……………………………………………………………………………………………………..
په‌ڕه‌کانی مێژووی ئه‌م میلۆ دراما رۆمانسییه بۆ 21 هه‌مین پاشای جۆسۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه له له‌ساڵانی 1674-1720.زنجیره درامای (دۆنگی) له 60 به‌ش پێك هاتووه به‌رهه‌می ساڵی 2010 یه، بیرۆکه‌ی ئه‌م درامایه چیرۆکێکی راستینه‌ی ئافره‌تێكی کۆریه لهجۆسۆن رووی داوه.
ده‌رهێنانی هه‌ردوو ده‌رهێنه‌ر ؛ Lee Byung Hoon, Kim Sang Hyub
بێۆنگ هوون لی، خاوه‌نی چه‌ندین شانۆگه‌ریی مێژووی کۆریه، وه‌کوو: سانبی، دای جانگ جیوم، گه‌وهه‌رێک له کۆشكدا ….. هتد.
کیم یی یۆنگ، نووسه‌ری سینارێۆکهیه.
DONG YI 동이 به‌رهه‌می دۆبلاژکراوی خاوێ فیلمه له که‌ناڵی کوردسات په‌خش ده‌کریت له 80 زنجیره پێك هاتووه.
چیرۆکی ئه‌م درامایه باس له ئافره‌تێک ده‌کات پێش ئه‌وه‌ی ببێته دۆست و خانمی پاشا، به (شووی دۆنگ یی) ناسرابوو، له‌ده‌سته‌یه‌کی زۆر نزمی کۆمه‌ڵگا بوو، کاره‌کته‌ری دۆنگی زۆر زیره‌ك و لێهاتوو و راستگۆبووه، باوکی دۆنگی توێکاری ته‌رم بوو، براکه‌شی موزیكژه‌نی شاهانه بوو ژه‌نیاری ئامێره وه‌ته‌ری (ژێدار)ه کلاسیکییه‌کانی کۆریا بوو، باوک و براکه‌ی سه‌ربه رێکخراوێک بوون به ناوی (برایه‌تیی شمشێر)ه‌وه كه کۆمه‌ڵه‌ی (Geumgae) یان پێ ده‌ووتن، له پیلانێکی به‌ره‌ی باشووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ‌تاوان ده‌کوژرێن و تۆمه‌تی کوشتنی خانه‌دانه‌کانیان ده‌خرێنه پاڵ و ناوی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی یاخيیان لێده‌نرێن و وه‌کو تاوانبار ناویان له مێژوودا تۆمار ده‌کرێت. هه‌رچه‌نده رێکخراوی برایه‌تيی شمشێر بۆ پاراستنی مرۆڤه لاوازه‌کان دروست بووبوون تا له ده‌ست زوڵم و زۆر بهرگریيان لێبکه‌ن و بیان پارێزن.
سه‌ره‌تا کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کيی ئه‌م درامایه خۆی له رووی چۆنیه‌تيی بابه‌ته‌وه ده‌رخستوه، ناوه‌ڕۆكی ناساندی مێژوویه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م میلله‌ته‌یه و ده‌یسه‌لمێنێت که میلله‌تێكی زیندوون، پابه‌ندبوونییان به کۆمه‌ڵێک فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی پڕ بایه‌خه‌وه ، ئه‌م درامایه باس له سه‌رده‌مانی سه‌ده‌ی 17-18 ده‌کات, به‌ڵام خاڵی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م درامایه له وهدا خۆی ده‌بینێته‌وه که کوڕی رۆژی خۆیه‌تی و ناوهڕۆك و رووداوه‌کان، له‌سه‌ده‌ی 21 یشدا به‌هه‌مان شێوه رووده‌ده‌نه‌وه، ده‌بینین مرۆڤه‌کان له به‌د سیاسه‌ت کردن و گرتنی ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها چۆن ده‌بنه مرۆڤێكی شه‌ڕه‌نگێز و هه‌موو کارێكی نه‌شیاو ده‌که‌ن له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیيه تایبهتیيهکانی خۆیاندا، تا بتوانن درێژه به‌ده‌سه‌ڵات و پله و پایه‌ی خۆیان بده‌ن، ئه‌مه خاڵێکی زۆر روون و ئاشکرایه، به‌تایبه‌تی بۆ بارودۆخی ئێمه‌ی کورد که خۆمان ئێسته ده‌ناڵێنین به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی هه‌ڵه و گۆڕینی مرۆڤه ساده‌کان بۆ که‌سانێک که بێ هیوات ده‌که‌ن.
درامای دۆنگی زۆر زیندوه و باس له‌ڕاستیی ناخی مرۆڤه‌کان ده‌کات و کۆمه‌ڵێ پرسیارت لا ده‌ووروژێنێت که ئایا مرۆڤ زیاتر سروشتێکی وێرانکەرانەی هەیە یان بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی یەکێکە لە پێداویستیەکانی و پەیوەستە بە سروشتی مرۆڤەوە؟ ئەم پرسیارانه بە شێوەیەکی قووڵتر و گشتگیرتر، یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی هزری فەلسەفی و ئایینی، که ئایا جەوهەری مرۆڤ شەرەنگێز و گەندەڵە، یان چاك و پاکە؟، ئه‌م ململانێیه که به درێژایی مێژوو له دروست بوونی مرۆڤایه‌تییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و له نووسینی زۆربه‌ی به‌رهه‌می فه‌یله‌سوف و ناوداره‌کانی مێژوودا باسی لێده‌کرێت و خۆشمان به‌به‌رده‌وامی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کان ده‌که‌ین و ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه بڵێین مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی زۆر ئاڵۆزه و ده‌کرێ له هه‌موو رووداو و سات و کاتێكدا جۆره ره‌فتارێك بکات که جێێ رامان و پرسیار و بێده‌نگی بێت، ده‌رئه‌نجام نائومێدت بکات، رسته‌یه‌کی به‌ناوبانگی تیرانسه هه‌یه كه ده‌ڵی: من مر‌ۆڤم، هیچ شێتێکی مرۆڤایه‌تیم پێ نامۆ نیه.
هه‌رچه‌نده له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیه تاڵه‌دا که‌سایه‌تی وه‌کو دۆنگی و پاشا و شاژنی گه‌وره و جوسوو و چه‌ندین کاره‌کته‌ری تر هه‌بوون که هیوای سه‌رکه‌وتن و شێوازی به‌کار هێنانی هێزی (گیانی یان ده‌روونی) (رۆحیان) به‌کارده‌هێنا، هه‌روه‌ك گاندی که چۆن داهێنه‌ری نه‌رم و نیانترین شێواز بوو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆژمنهکهی، هێزێك که سونبولی لێبورده‌یی و به‌خشنده‌ییه، ناوه‌ڕۆکی ئه‌م درامایه به هاتنه ناوه‌وه‌ی دۆنگی و جوسوو بوو بۆ ناو کۆشك، بۆ ئه‌وه‌ی بێتاوانی برایه‌تیی شمشێر بسه‌لمێنن، هه‌وڵه‌کانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و ده‌رخستنی راستی بوو، له کۆتاییدا به‌ره‌ی خێر سه‌رده‌که‌وێت . هه‌روه‌ك چۆن داوا هه‌یه له‌سه‌ر فیلمی هۆڵێود که ده‌بێ کۆتایی کاره سینه‌ماییه‌کان به سه‌رکه‌وتنی به‌ره‌ی خێر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته هۆی بێ هیوایی بۆ مرۆڤه‌کان و بینه‌ران.
چه‌مکێکی تری ئه‌م درامایه جیاوازیی پله و پایه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه ( هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند) که تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه و له شێواز و فۆرمی جیاوازدا خۆی ده‌نوێنێت، به‌ڵام له مه‌به‌سته‌كه‌دا هه‌ر یه‌که، خه‌ڵکی هه‌ژار قوربانیی ده‌ستی بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانن.
توانراوه له‌م درامایه‌دا گرنگی بده‌ن به موزیکی ره‌سه‌نی کۆری و به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوازانه به خۆشه‌ویستیه‌وه ژه‌نینی ئاوازێکی ئه‌فسوناوی که چۆن پاشای له‌سه‌ر (ته‌خت) عه‌رش دابه‌زاند و فێری ئه‌وه‌ی کرد خولیای ئه‌و ئاوازه بێت و به‌دویدا بگه‌ڕێ تا بتوانێ له‌رێێ ئه‌و ئاوازه‌وه به خۆشه‌ویستیی راستینه بگات و هه‌ست بکات که پاشاش پێویسته وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی چێژه‌کان بکات و بیر بکاته‌وه. ئاوازێك که ده‌توانێ گۆڕڕان دروست بکات، وه‌ك چۆن له فیلمی نیوه‌ی مانگی به‌همه‌نی قوبادیدا، ئاوازێکی ئه‌فسوناوی مردووی بۆ ساتێک راچڵه‌کاند و زیندووی کردوه. هه‌روه‌ها چۆن له شاری مۆسیقاره سپییه‌کانی به‌ختیار عه‌لیدا باس له ژه‌نینی فلوتێكی ئه‌فسوناوی ده‌کات که هه‌موو سنووره‌کان ده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ ناخدا ژووانێکی پڕ له جوانی دروست ده‌کات. ئه‌م پێوه‌ندییه له نێوان موزێک و خۆشه‌ویستیدا، تابلۆیه‌کی خه‌یاڵاوی و ئارامی ده‌نه‌خشاند بۆمان.
جوانیی ئه‌م درامایه له پهیامهکانیدایه، په‌یامێكی تری، ده‌رخستنی روواڵه‌ت بوو ، بۆ نمونه کاره‌کته‌ری جووسوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و که‌م دویی و سه‌ختگیرییه‌ی که له رووخساری ده‌ره‌وه‌یدا هه‌یبوو، ناخێكی هێنده به‌رز و به‌وه‌فای هه‌بوو، به پێجه‌وانه‌ی رواڵه‌تی شاژن خاتوو هوی ، مه‌به‌ست دایکی شازاده‌یه که روویه‌کی یه‌كجار ساده و ئارام و جوان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری هه‌بوو. ته‌نانه‌ت خاوه‌ن شكۆی هاوسه‌ریشی نه‌یتوانی د‌رك به‌و که‌سایه‌تییه شه‌ڕه‌نگێزه‌ی خانم بکات، ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه ده‌سه‌لمێنێت که له ڕووکه‌شدا ناتوانرێت رووه راستینه‌که‌ی مرۆڤ ده‌ربکه‌وێت و هه‌ڵبسه‌نگێندرێ.
داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ره‌نگێکی زۆر جوانی دابوه ئه‌م درامایه و رێزگرتن له‌یه‌کتری و ته‌نانه‌ت له کاتێکیشدا که تاوانبار بوون، رێز پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌م کلتووره بوو ، له‌گه‌ڵ ئارامی و ههڵنهچوونی زۆر، که ئه‌مه ده‌رخستنی تاکی کۆری و کاره‌کته‌ریان به شیوه‌یه‌کی گشتی ده‌رده‌خات .
تیشکێكی زۆر سه‌رنجڕاکێش خرابووه سه‌ر خانه‌ی ئافره‌ته سۆزانیه‌کان، که دیاره له‌ژێر هه‌ر بارودۆخێکدا بووه جه‌سته‌ی خۆیان فرۆشتووه بۆ بژێوی ژیان، به‌ڵام جوانیه‌كه له‌وه‌دایه سۆزانییه‌ك ئاماده‌یه جه‌سته‌ی خۆی بفرۆشێ به‌ڵام ئاماده نییه وڵاته‌كه‌ی خۆی بفرۆشێ، به پێجه‌وانه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که سوێندی یاساییان خواردوه و وه‌کو راوێژکاری به‌ره‌ی باشوور و ده‌سته‌که‌ی که چۆن ده‌ستیان تێکه‌ڵاو کردبوو به فرۆشتنی وڵاته‌كه‌یان به چینییه‌کان له پێناوی پله‌و پایه و ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا. ئه‌م جیاوازییه ووردانه جۆره دهوڵهمهدییهك ده‌دات به کاره درامییه‌که که جارێکی تر دیارده‌ی سۆزانی بخه‌ینه‌وه ژێر پرسیار و شیکردنه‌وه و بپرسین، که ئایا کێ سۆزانییه؟ به کێ ده‌وترێت سۆزانی؟
له‌رووی ته‌کنیکه‌وه، به‌راستی مرۆڤ کاتێ سه‌یری هه‌موو ئه‌و یه‌که و وورده‌کارییانه ده‌کات،ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێ ماندووبوونی زۆر به‌م کاره‌وه دیاره، ئه‌مه‌ش له‌و تابلۆیه ده‌چێت که توانره‌وه به پاکی ره‌نگی له‌سه‌ر به‌کاربهێنرێت و گونجاندنی ره‌نگه‌کان و هاوسه‌نگیی تابلۆکه له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵه‌یه‌ك له‌کاری کلاسیکی ، مرۆڤ له‌کاتی سه‌یرکردنیدا ده‌توانێت به گشتی چێژی لێ وه‌ربگرێت.
ره‌نگ و نیگار و تابلۆکان فه‌زایه‌کی زۆر گه‌وره و فراوانیان بۆ خۆیان داگیر کردبوو. ئه‌مه‌ش ده‌بووه دروست بوونی فه‌زایه‌کی تر بۆ بینه‌ر تا ئارام بێت و خولیا و ئالوده‌بوونی به دراماکه‌وه له‌لا دروست ببێ، چۆن ره‌نگ و نیگار و گوڵه‌کان به شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ کاریگه‌رییه‌کی ئێ‌كجار زۆری له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤه‌کان دروست ده‌کات، ئه‌مه‌ش به کۆی گشتی ده‌سه‌ڵاتی وێنه ده‌سه‌په‌ێنێت.
به شێوه‌یه‌کی پرۆفیشناڵ رووناکی به‌کار هاتبوو، هه‌موو ئاماژه‌کانی شه‌و و رۆژ به‌ته‌واوه‌تی ده‌بینران، هه‌روه‌ها روونی وێنه‌کان و جوڵه‌ی کامێرا و مکیاژ، جوانییه‌کی تری دابووه کاره درامیه‌که.
له‌رووی جل و به‌رگیشه‌وه، کارێکی زۆر پوخته کراوه و به‌رجه‌سته‌ی هه‌موو ئه‌و وورده‌کارییانه کراوه که فه‌رهه‌نگی کۆریی پێ ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌مه‌ش خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان و دڵسۆزیی میلله‌ته‌که‌ی پشان ده‌دات، که تا ئێسته‌ش پارێزگاری له کلتووری نه‌ته‌وه‌ییان ده‌که‌ن.
ستایلی قژ و ته‌وقه‌ی سه‌ری ئافره‌تان و جل و به‌رگیان جیاوازیی پله و پایه‌کانی ده‌رده‌خست و جۆره نه‌رمی و جوانییه‌کی مێینه‌ی به‌خشیبوو پێیان.
لۆکه‌یشن واته ئه‌و جێگایانه‌ی به‌کار هێنرابوون، هه‌ر له دیزانی خانووبه‌ره و کوچه و شه‌قامه‌کان و جۆری بازاڕه جیاجیاکان و مرۆڤه‌کانی ئاشنا ده‌کرد به دیزاین و بینینی جیاواز له دروست کردنی بینا سازیدا، زۆر بهووردهکاری و جوانکاری کاری تێدا کرابوو، ئه‌مه‌ش ووریایی ده‌رهێنه‌ر ده‌سه‌لمێنێت.
فلاش باگ له‌م درامایه‌دا زۆر ده‌بینرێت و کاری له‌سه‌ر کراوه، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌که زیاتر لای بینه‌ران روونتر بێ و تهکنیکیشه، له‌هه‌ندێ گرته‌شدا ته‌نها مهنهلۆگت له فلاش باگدا گوێ لێ ده‌بوو، ئه‌وه‌ش جۆرێکه له گۆڕانکاری. هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جار وه‌کو دووباره‌بوونه‌وه‌ی لێده‌هات، به‌ڵام مرۆڤه‌کانیش کاتێ ده‌یانه‌وێت گوزارشت له یادێك بکه‌ن، بێگومان به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی په‌نا بۆ فلاش باگ ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش جۆرێکه له زمانی وێنه.
هه‌ڵبژاردنی کاره‌کته‌ره‌کان، هه‌ر له هه‌ڵکه‌وته‌ی جه‌سته‌ی گونجاویان، لێهاتنێکی باشی دابوه جۆری ئه‌و جل‌و به‌رگه زۆره‌ی ئافره‌تان ده‌یانپۆشی و پارسهنگیهك درابووه که‌سه‌کان و پۆشاکهكانیان، که هه‌ستت به نارێكی نه‌ده‌کرد، زۆربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان کێشیان له 45 کیلۆ بۆ 50 کیلۆ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ره‌چاوی خاڵی هه‌ڵبژاردنه‌کانه بۆ هه‌ڵسوکه‌وت کردن و گه‌یاندنی رۆڵه‌که‌یان بێ ئه‌وه‌ی هیلاک ببن، بگره بینه‌ر هه‌ستی به ئاسووده‌یی ده‌کرد.
نواندنی هه‌موو یه‌کێک لهکارهکتهرهکان، جارێکی تر وانه راستینه‌که‌ی ستانسلافسکیمان دێنێته‌وه یاد که فێری خوێندكارێكی ده‌کات و ده‌ڵی ده‌توانیت توڕه‌یی خۆت به‌سه‌ر هه‌وردا ده‌رببڕیت، خوێندكارهکهش هاوار ده‌کات و خۆی زۆر تێک ده‌دات تا پیشانی بدات که تووڕه‌یه، دوایی پێێ ده‌ڵی مامۆستا چۆن بوو، له وه‌ڵامدا ده‌ڵی تۆ ده‌توانی به هێمنیش تووڕه‌یی خۆتم پیشان بده‌یت و بتوانیت توڕه‌یی بنوێنیت، هه‌ر بۆیه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نواندن له‌م درامایه‌دا زۆر کاریگه‌ر و گه‌یه‌نه‌رو ئارامه ، هه‌رچه‌نده یه‌که‌ی ده‌موچاویان زۆر جیاوازه له یه‌که‌ی ده‌موچاوی که‌سێكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، واته زۆر روو سافن و بێ چرچ و لۆچ و روونن،
به‌ڵام کاتێك فرمێسک ده‌ڕێژن زۆر به جوانی و بێ ئه‌وه‌ی ئارامی ده‌موچاویان تێك بده‌ن تۆش وه‌ك بینه‌ر ده‌گریه‌نن و کاتێکیش توڕه ده‌بن به هه‌مان شێوه‌ن، هه‌ر بۆیه کاری نواندن زۆر سه‌رکه‌وتوه و بگره چاوی کامێرا له گه‌ڵیاندا وه‌کو باڵنده‌یه‌کی زۆر ماڵی له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کان، بێ‌ترس ره‌فتار و نواندن پێکه‌وه ده‌که‌ن.
جێگای دڵخۆشکه‌ره به‌ره‌ی خێر له‌م درامایه‌دا سه‌ر ده‌که‌وێت و رێگه له شه‌ڕه‌نگێزی و رك و کینه ده‌بڕێت و خۆشه‌ویستی و پاکی و دڵسۆزی و گه‌وره‌یی و لێبوورده‌یی جێی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام منیش پرسیارێک ده‌که‌م، ئایا ئه‌مه ته‌نها له دراما و فیلم و چیرۆک و رۆمانه‌کاندا به‌وشێوه‌یه کۆتایی دێت ،
یان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌روونێکی سایکۆلۆژی قوڵ له مرۆڤدا هه‌یه و نایه‌وێت کۆتایی به درۆ و جه‌نگ و شه‌ڕ و کوشتار بهێنێت، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌ینشتاین له‌نامه‌که‌یدا بۆ فرۆیدی ده‌نێرێت، باس له‌و میکانیزم و پاڵنه‌رانه ده‌کات.
وه‌ڵامه ناڕهستهوخۆکانی ئه‌ینشتاین تێکه‌ڵه‌یه‌که له گومان و ئومێد، له‌سه‌رێکه‌وه گومانی له مرۆڤ هه‌یه بتوانێت واز له خراپه‌کاری و جه‌نگ بهێنێت، له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه هیوایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه مرۆڤایه‌تی بتوانێت ئه‌م کاره جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین به تێپه‌ڕبوونی زیاد له‌سه‌ده‌یه‌ك دوای ئه‌م هیوایه‌ی ئه‌ینشتاین، هێشتا جیهان و مرۆڤ له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک جه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی گه‌وره و درۆدا وه‌ستاوه. پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا ده‌کرێت مرۆڤایه‌تی له ئاشتی و ئارامیدا بژی؟
نامه‌که‌ی چاپلن که بۆ (ژیرالدین) ی کچی نوسیویبووی کتومت له په‌یامی درامای دۆنگی ده‌چێت که زه‌نگێکی گه‌وره‌یه بۆ سه‌رۆك و پله‌دار و ده‌وڵه‌منده‌کان، کاتێک ئێوه مرۆڤن، جوانن، گه‌وره‌ن که بگه‌رێنه‌وه نێو خه‌ڵکی هه‌ژار و هه‌ستیان پێ بکه‌ن، هۆ مرۆڤه‌کان واز له درۆ و شه‌ڕه‌نگێزی بهێنن و په‌یامی راستینه‌ی مرۆڤایه‌تی بگۆڕنه‌وه که هیوا و خۆشه‌ویستیه.
………………………………………………………..
وێرای ده‌ست خۆشی له کۆمپانیای خاوێ فیلم و هه‌موو ستافی دۆبلاژکاری دۆنگی یی، گه‌ر به‌راورد بکرێ به دراماکانی پێشوو، توانیویانه تا ئاستێك هه‌نگاوی باشتر بنێن له ته‌کنیکی دۆبلاژکردندا، هه‌رله گونجاندنی هه‌ندێ ئه‌کته‌ری به‌توانا له‌گه‌ڵ لیپسنی کاره‌کته‌ره کۆریه‌کان و گوزارشت له نواندنی رۆڵه‌که، هه‌ڵبژاردنی کاره‌کته‌ره‌کان و گونجاندنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌که‌دا، بۆ نموونه ده‌نگی دۆنگی ناسکییه‌کی دابووه کاره‌کته‌ره راستینهکه، ده‌نگی دۆبلاژی شاژن زۆر باش گونجاو بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و کارهکتهرادا و پاشا و ئه‌فسه‌ره‌کان و موزیك لێده‌ره‌کان و هه‌روه‌ها هه‌ندێکی تریش…..
خاوێ له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دراما هه‌ستیاره‌دا، بۆ ئه‌مرۆی کورد زۆر سه‌رکه‌وتوو بووه. ، جێگه‌ی ده‌ست خۆشییه.
بێگومان هیچ کارێكیش له‌سه‌روو ره‌خنه‌وه نییه، گونجاندنی هه‌ندێ ده‌نگی ناسکی ئه‌کته‌ره‌کان، له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره کۆریهکهدا دێته‌وه، به‌ڵام لێره‌دا تاکی کورد گرفتێكی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش وه‌خت هه‌ندێ له‌م کاره‌کته‌رانه له‌کاری منداڵانه‌دا کاریان کردوه و وه‌ک دۆبلاژکردنی فیلمه کارتۆنه‌کان، هه‌ر بۆیه ئێمه گوێمان له‌هه‌مان ده‌نگ ده‌بێته‌وه به‌هه‌مان ده‌نگ و ئاوازاوه، وا ده‌زانی به شێوه‌ی فیلمی کارتۆنی دۆبلاژکراوه. مه‌به‌ستم هه‌ندێکیانه، هه‌ر بۆیه هونه‌رمه‌ندی سه‌رکه‌وت و ده‌بێ بزانێ و بتوانێ گۆڕین له دهنگکهکانیدا بکات، وه‌ك چۆن له مۆنۆ درامایه‌کدا ئه‌کته‌رێك ئه‌رکی کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌ری پێ ده‌سپێردرێ و ده‌بێت جیاوازییان نیشان بدات. به‌هه‌مان شێوه لهدراماشدا ده‌بێت بگه‌ڕێیت به‌شوێن تاکتیک و هونه‌ری گۆڕینی چینه‌کانی ده‌نگدا، به‌مه‌رجێک زیان له گونجاندنه‌که نه‌دات. له‌هه‌ندێ جاردا زیاده‌ڕه‌وی ده‌بینرا له لاسایی کردنه‌وه و دۆبلاژکردنی کاره‌کته‌ره‌کاندا، هه‌رچه‌نده مه‌به‌ست لێی زیاتر روویه‌کی کۆمیدی بوو به رۆڵه‌که به‌ڵام زیاده‌رۆییش وه‌ك که‌م وکوڕیی وایه و ده‌کرێ له جوانی کاره‌که كه‌م بكاته‌وه.
به‌و هیوایه‌ی هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌م دۆبلاژکردنانهوه هه‌نگاوی ته‌واوه‌تی بنرێ، به یارمه‌تیی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و سه‌ندیکا هونه‌رییه‌کان که گرنگی بدرێ به دامه‌زراندنی که‌رتی تایبه‌ت بۆ به‌رهه‌م هێنانی درامای خۆماڵی و به‌رجه‌سته کردنی هه‌موو ئه‌و پێداویستییه هونه‌رییانه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، تا ئێمه‌ش بتوانینن له رێی هونه‌ره‌وه خۆمان به میلله‌تانی زیندووی سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌وییه بناسێنین و بتوانین له رێی کاره هونه‌رییه‌کانه‌وه گوزارشت له فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بکه‌ین و پرسیاری فره ره‌هه‌ندی هزریش بورووژێنین
به سوپاسه‌وه سودم له‌م به‌رهه‌مانه بینیوه:
1- شارستانێتی ئه‌وان و سه‌رفرازبوونی ئێمه؛ مه‌هاتما گاندی.
2- پاڵنه‌ره‌کانی جه‌نگ؛ ئانشتاین و فرۆید.
3- دوانزه وانه‌که‌ی ستانسلافسکی.
4- بیره‌وه‌ریه‌کانی چارلی چاپلن
5- هه‌ندێ سه‌رچاوه له گۆگل و ویکه‌پیدیا.