(ھۆمەر دەزەیی) بۆ “ھەولێر :” لەسەر ئەو ستایلەی خۆم بەردەوام دەبم و ھەر ئاواش گۆرانی دەڵێم و نایگۆڕم!”.
ھونەرمەند (ھۆمەر دەزەیی) ھونەرمەندێکی بە ئەزموونی بواری گۆرانی و حەیران و مەقامەتە، ئەو ھونەرمەندە دەنگخۆشە لەسەرەتی تەمەنی تێکەڵی کاری ھونەریی بووەو ھەرزوو رێچکەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دیاری کردووە، لەسەر ئەو رێچکەیە بناغەیەکی چاکی بۆ ھونەرەکەی بنایات ناوە، (دزەیی) لە گوندی دوورکانی شاری ھەولێر لە ساڵی (١٩٣٧) لە دایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە ھەولێر بووە، ھەر وەک خۆی باسی دەکات، لەتەمنێکی ھەرزەکاریی دا لە ساڵی (١٩٥٤) لە ئیزگەی کوردیی بەغدا کاسێتێک، کە بریتی دەبێت لە (٨) گۆرانی تۆماری دەکات، لەو مێژووەوە تا ئێستا (ھۆمەر دەزەیی) بە درێژایی (٥٨) ساڵ خەریکی کاری ھونەریی و دانەبڕاوە، لە دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” بەم شێوەیە ھاتە ئاخاوتن.
لەتەمەنێکی زۆر لاوی دا دەست کردووە بە کاری گۆرانی گوتن، تا ئێرە چۆن لە ھونەر گەیشتی؟
ھونەر بەر لەھەموو شتێک حەزێکە لەناخی ئەو مرۆڤانە چەکرە دەکات، کە بەھرەی دەنگ خۆشی یا توانای گۆرانی گوتنیان ھەیە، دیارە منیش ئەو بەھرەیەو حەزەم ھەر ھەبووە، پێم وایە ھونەر دونیایەکی زۆر جوانە پێویستە ئەوانەی کار لەو بوارە دەکەن رێز لەو جوانییە بگرن، ئەوەی کە دەزانێ یاخوود لە توانای دا نیە ئەو جوانییە جوانتر بکات، با وازی لێ بنێت و بۆ کەسانێک بەجێ بھێلێت کە دەتوانن جوانی بکەن!”.
ھەر لەو تەمەنە لاوییەدا رووت لە دەروەی وڵات کرد و کوردستانت بەجێھێشت ؟
بەڵی لە ساڵی (١٩٥٥) دوای خوێندنی ناوەندی چووم بۆ وڵاتی تورکیا بۆ خوێندن لە بواری پزیشکی کە زۆرم پێناخۆشبوو، بە زۆر ناردیانم دوای یەک ساڵ تەواوم نەکردو بەجێم ھێشت بەرەو ڤیەنا رۆیشتم”.
وێستگەی گەشتەکانت زۆرن، بەڵام زۆرتر لە ئەمریکا ژیانت بەسەر بردووە، لەساڵی چەند چوویتە ئەمریکا ژیان لەوێ خۆشتر بوو بۆیە ئەوە ماوە دوورو درێژە لەوێ مایەوە؟
لەساڵی (١٩٨٨)ـەوە رووم کردە وڵاتی ئەمریکا، ھەستم کرد ئەو وڵاتە لەگەڵ بارودۆخی ژیانی من و سرووشتی وڵاتەکەشم بەدڵ بوو بۆیە زۆرتر لەوێ مامەوە، تا ئێستاکە (٢٤) ساڵە ھەر لەوێ دەژیم”.
یەکەم ڤیدیۆ کلیپی گۆرانیت لەساڵی چەند بەرھەم ھێنا ؟
لە یادمە لەساڵی (١٩٦٩) بەسەردانێک گەڕامەوە بۆ کوردستان، دوو گۆرانییم ڤیدیۆ کلیپی بۆ کرا، ئەوانیش گۆرانی (باخچەی پاشا و قژکاڵی لێو ئاڵی) بوو، بۆ ئەو کات ھەنگاوی زۆر باش و تازە بوون ئەو دوو گۆرانییە بە ناوەرۆک و کلیپەکانیشەوە”.
بەم دواییە لەچەند بەرھەمێکت، کچێک لەگەڵ تۆ گۆرانی دەڵێت ئەو کچە وەک زانراوە کچی جەنابتە ؟ ئایا بۆچی دەرناکەوێ بەتایبەتی لە ڤیدیۆ کلیپەکان لەگەڵ تۆ ؟
بەڵی ئەو کچمە (لارا) لە رادیۆی دەنگی ئەمریکاش ماوەیەک لەگەڵ من کار کردووە لەوێ، ئەو چەند بەرھەمەی کە لەگەڵ من دەنگی بیستراوە، پێش چەند سالێک لەدەنگی ئەمریکا تۆمارمان کرد، بەڵام ئەو خۆی نایەوێ یاخوود حەز ناکات دەرکەوێ، ھەروەھا پێشی راگەیاندم و گوتی حەز ناکەم کاری ھونەری ئەنجام بدەم و ببم بە گۆرانیبێژ!”.
باسی رادیۆی دەنگی ئەمریکات کرد بۆچی لەو رادیۆیە دوور کەوتیەوەو وازت ھێنا ؟
من ساڵانێکی زۆر رادیۆیە کارم کرد، بەرنامەیەکی باشم ھەبوو، گوێگرێکی زۆریش ئاگای لەبەرنامەکەم بوو، بەڕێز (مام جەلال) سەرۆک کۆماری عێراق، لەسەردانێکی بۆ ئەمریکا داوای لێکردم بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی ببم بە بالێوزی عێراق لە یەکێک وڵاتەکان، ئەوە بوو من داوای خانەنیشنم کرد لە رادیۆی دەنگی ئەمریکاو ئەوێم بەجێھێشت، بەڵام من کاتێک گەڕامەوە پۆستەکەم رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا، وا دیار بوو یاسایەک ھەبوو، کە بالیۆز نابێ تەمەنی لە (٦٣) زیاتر بێت، من تەمەنم (٦٧) ساڵ بوو نەگونجا، بۆیە ئەوەم بە نەسیب نەبوو ببم بە بالیۆزی عێراق، پاشان (مام جەلال) گوتی دەبێ ببی بە راوێژکاری سیاسی لەگەڵ من ئەو کارە بکەی، منیش قەبوڵم کرد و ئێستاکە راوێژکاری سیاسی ئەوم!”.
جگە لە کچەکەت چ کەسێک دیکە ھەیە لە ڕەگەزی بەرامبەر کاری ئەوا بە شێوەی “دووێت” تۆماری بکەیت ؟
تا ئێستاکە پرۆژەیەکی لەو جۆرە نەھاتۆتە پێش، بەڵام بەنیازین لە پایزی داھاتوو لەگەڵ خانمە ھونەرمەند (ھانی) کۆنسێرتێک بە یەکەوە ساز بکەین، لەو کۆنسێرتەدا ڕەنگە چەند گۆرانییەک بەیەکەوە بڵێن”.
ئەو کۆنسێرتانەی باسی لێوە دەکەی لە کوردستان سازی دەکەی یا لە دەرەوە ؟
ئەو کۆنسێرتە پلانم بۆ داناوە، (٢) کۆنسێرت دەبێت لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی سازی دەکەم، بە ھاوکاری کۆمەلێک لە موزیکژەنانی کورد، کە بەو ھیوایەم کارێکی باش پێش کەشی جەماوەر بکەین”.
دوای (٤٧) ساڵ دووری لە کوردستان کاتی ئەوە نەھاتووە بەیەکجاری بگەڕێتەوە بۆ کوردستان ؟
وەک خۆت باست کرد ئەو ژمارەیە (٤٧) ساڵ تەمەنێکە من لەدەرەوەم، من ژیانم ئێستاکە لە ئەمریکایە، جگە لە خۆم ماڵ و مناڵم لەوێ گەورە بوون، کۆمەلێک پاپەند بوون ھەیە لە رووی ژیان و دەوامی رۆژانە ئەوە ھەمووی تارادەیەک ناگونجێ ئەو بڕیارە بدەین، بەڵام من زوو زوو سەردانی کوردستان دەکەم و ماڵێکم لە ھەولێر داناوە ماوەیەکی باش دەمێنمەوە، ئێستاکەش ھاتوو چۆ بە فرۆکەیە ھەر کاتێک بتەوێ ئەتوانێ بێیتەوە سەردان بکەیت”.
زۆرجار گەنجەکان بە تایبەتی ئەوانەی تازە دێنە نێو کاری ھونەرییەوە گۆرانییەکان تۆ دەڵێنەوە، بەو کارە دڵگران نابیت؟
نەخیر دڵگران نابم و پێم خۆشە، ئەگەرچی لەچەند شوێنێک ئەوە باسکراوە، گوایە من پێم ناخۆشە گەنجێک گۆرانییەکی من دەڵێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە پێم خۆشە چونکە ئەوە دەبێتە ھاندەرێک بۆ ئەوەی رێچکەیەک بدۆزێتەوە، منیش پێشتر گۆرانی خەڵکی دیکەم گوتۆتەوە!”.
زۆرجار گلەیی ئەوەت ئاڕاستە دەکرێت، ئەو شێوازە رۆمانسیەی گۆرانی لەسەر دروست دەکەی پێویستە بیگۆریت و بەو شێوازە گۆرانی نەڵێت ئایا تا چەند ئەو بۆچوونەت قەبوڵە؟
من رێز لە ھەموو بۆچوونێک دەگرم، بەڵام من ھەر بەو ستایلە ناسراوم و ناتوانم بە جۆرێکی دیکە کاربکەم، پێم وایە ئەو ستایلە لە کورد دەستپێشخەریەکی باشم کرد ھەر لەسەرەتای کار کردنەمەوە ھەوڵمدا شتێکی تازە بکەم، بۆیە من لەسەر ئەو ستایلە گۆرانی دەڵێم و بەردەوامیش دەبم!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا