سازدانی: نەجیبە مەحمود
بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.
نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟
دارا ئەحمەد: هەر لە دەمی هەرزەرکاریمەوە کە کۆمۆنیزم وەک هزر و فەلسەفەیەکی یەکسانییخواز لە نێرسالاریی و دین و دابونەریتی پاشدامای دابڕاندم و خۆم پەیدۆز کرد تا ئێستا بەردەوام چالاکییم لە پێناو یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان نواندییە، جا ئەو چالاکییە هەر لە ئاخافتن و کۆڕ و کۆمبوون و ناڕەزایی دەربڕینەوە پێدا بڕۆ تا دەگاتە هۆنراوە و کاری نووسین و رۆژنامەگەریی و فەرهەنگیی و رامیاریی و تا دەگاتە هەڵسوکەوت و هەڵوێستی کردەیی و شەڕی دەستەویەخە چ بەرانبەر توندوتیژییەکانی پیاوسالارانی دەوربەرم چ لە بەرانبەر فەرهەنگ و سیستەمی دژەژنان.. هەڵبەتە ئەوەش قوربانییدانی فرەی گەرەک بووە تا رادەی رروبەڕووبوونەوەی مەرگ.
نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک – جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی – کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟
دارا ئەحمەد: ئەمن خۆم یەکەکم لەو کەسە سەرەتاییانەی خەڵکی کوردستان کە بەردەوام بە گفتار و بە رەفتار کۆششی ئەوەمان کردییە کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی زارۆکان بکەویتە سەرشانی پیاوانیش و بە هاوبەشیی لەگەڵ ژنان ئەنجامیان بدەین و لە نێو کۆمەڵ جێکەوتە ببی، وەلی ئەمن هەردەم کێشەی ئەو جۆر و شێوازە باوەی کاری بەخێوکردنی زارۆکان و خزمەتگوزاریی نێوماڵم لەگەڵ هەموو ئەو ژن و پیاوانە هەبووە و هەیە کە ئەو کارانە بەو شێوە باو و نەرێنییە تەواوی کاتەکانی ژیانیانی داگیر کردییە و خۆپەرستانە و نەزانانە و کاتکوژانە هەر خەریکی زارۆکەکانیان دەبن و ماڵەکانیان گەورە و پڕ لە شتومەک و پڕ ئیش دەکەن و هەر خەریکی دروستکردنی خواردنی زۆر و جۆراوجۆری ناتەندروستیین و کاتی خۆیان و هاوکاران و هاوڕێیانیان پێ دەکوژن، دیارە ئەو کارانەش بەو جۆرە لە ئەنجامی فەرهەنگی باو و نێرسالاریی و ئەو سیستەمە پاشدامایەی ژیان سەرچاوەی گرتییە کە زۆربەی ژنانی لە کونجی ناندن پەستایە و کارەکانی بە جۆرەک قورس و کاتکوژ و بێزاەکەر رێکخستتیە کە هیچ دەرفەتەکی خۆپەروەردەکردن و کۆششکردن نەمینێتەوە تا ژیانەکی جوانتر و ئاسوودەتر فەراهەم بکرێ.
دەکرێ زارۆک بە پێی تەواوی ماف و پیداویستییەکانی خۆی بەخێو بکرێ نەک وەک شازادەیەکی مشەخۆر پێیەوە خەریک بی و هەموو کات و وزە و ژیانی خۆتی لە پێناودا بەخت بکەی و رەچاوی ئەوەی لێ بکەی لە پاشەڕۆڕ جێیەکەت بگریتەوە یان بەخێوت بکا، هەروا پێویستە کۆشش بکرێ ئەو کاری بەخێوکردنە بخرێتە سەر شانی دامودەزگەکانی حکومەت.. واتە هەر لە ساواییەوەڕا تا تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ لە دایەنگە و باخچەی ساوایان و پێ بە پێی تەمەنیان لە جێی تایبەت و شایەن بە خۆیان بەخێو بکرێن و پەروەردە بکرێن.. کە لە لایەک زارۆکان لەو پەروەردەکردن و بەخێوکردنە سەقەت و پاشدامایە جۆراوجۆرەی تاک بە تاکی نێو خێزانەکان رزگار دەبن و لە لایەکی دیکەش هاوسەرەکان لە کۆڵ ئەو ئەرکە قورس و وەڕسکەرەی بەخێوکردن دەبنەوە. دەربارەی ئاسانکردنی کاری نێوماڵیش پێویستە شێوازەکی ئەوتۆی ژیان بەسەر سیستەمی حوکمدا بسەپێندرێ کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان هێندە پەرەیان پێ بدرێ و هێندە زۆر بکرێن بە جۆرەک کە ماڵ وەک مێوانخانەیەک تەنێ لۆ پشییدان و نوستن و کات رابواردنی خۆش و ئاسوودەی نێوان هاوسەرەکان یان ئەو ژن و پیاوانە بێ کە لە تەک یەک دەژین. لە راستییدا کۆششکردن لۆ ملکەچپێکردنی دەسەڵات و جێگیرکردنی ئەو جۆرە بەخێوکردنەی زارۆکان و ئەو کاری خزمەتگوزارییەی نێوماڵ کە ئاماژەم پێیدا فرە فرە ئاسانتر و کردەییترە لەوەی بتوانین بە ئاسانیی ئەو هەموو پیاوە پاشداما و کەللەپووچ و نێرسالارانە و ئەو هەموو ژنە کە بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزان فەرهەنگی دین و پیاوسالاریی داغانی کردینە و ملکەچ کراینە بگۆڕین و ژیانەکی بێ چەوسانەوە و ئاسوودە لەو ماڵانە وەدەستبهینین کە لە زیندانی جودا جودا و تایبەت دەچن لۆ زارۆکان و خودی هاوسەرەکانیش.
نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟
دارا ئەحمەد: ئەز سێکسم وەها دێتە بەرچاوان کە کوو کەسەک باویشک یان پژمینی دێ و پێویستە رێیان لێ نەگری.. ئەویش هەروا جا ئەو کەسە ژن بی یان پیاو، لەبەر هەندێ ئەمن خۆم بە بەرپرسی ئازادیی سێکسیی هاوسەر و دایک و خوشک و هیچ ژنەک و تەنانەت هیچ پیاوەکیش نازانم و زۆر زۆر لەمێژە ئەو پرسیارەم (تەرک) کردییە، هەرچەندە ئەمن بە پێی هەبوونی ژنی ئازاد توانیتم یەکەک لە چاوکراوەترین و ئازادترینی ژنەکەنەکان وەک هاوسەر پەیدۆز بکەم و لە ژیانی هاوسەرییشدا لەگەڵیدا ئاسوودە بم.. وەلی خۆزی بە خۆزی بمتوانیبا لەگەڵ ژنەکی لەو بابەتە بژیم کە لە پێگەیشتیی خۆی و لە روانگەی یەکسانییخوازییەوە بە گفتار و بە رەفتار باوەڕی تەواو و رەهای بە ئازادیی سێکسیی هەبا و ئازایانە و بە بێ گێدان بە پیاو و سیستەمی نێرسالاریی بیتوانیبا ئازادانە هەڵسوکەوتی سێکسیی خۆی بکا و لە هەموو حەزە سێکسییەکانی خۆی بەهرەمەند بی – دیارە مەبەستم لەو جۆرە ژنانە نییە کە نەزانانە یان بەوە لەخشتەبردرانە ئازادیی خۆیان لەوە ببیننەوە لە پێناو مادە و هەندەک بەرژەوەندیی پووچ و خۆپەرستانە لەشی خۆیان بفرۆشن کە ئەوەش دیسان لە لایەکی دیکەوە لە بەرژەوەندیی بازاڕی چلێسی مێبازانەی پیاوانی چەوسێنەرە – وەلی ئەفسووس ژنی لەو بابەتەی ئەمن ئاماژەم پێیدا تا ئێستا بوونی نییە و ئەگەر هەشبی ئەوە زۆر بە دزیی و زۆر لەرزۆکە، دیارە ئەو بارەی کوشتنی سێکسی ژنانیش هەر پەیوەستە بەو سیستەمی سێکسفرۆشییەی نێرسالاریی ئێستا کە ئەویش لە چەوساندنەوەی چینایەتییەوە بنچینەی گرتییە، بە بێ گومان ئەرکی سەر شانی هەموو ئەو یەکسانییخوازانەیە – چ ژن چ پیاو – کە بڕوایان بەوە هەیە ئایندەی سێکس هەر وەک ئەو باویشکدان و پژمینەی لێدی کە ئاماژەمان پێیکرد.. بە چڕوپڕیی و لێزانانە خەبات لە پێناو ئازادیی رەهای سێکسیی بکەن تا زووبەزوو لەو بارە نەخواسترایەی ئێستای تێبپەڕێندرێ و چیدی مرۆڤەکان بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی لەو چەوساندنەوە و ئازار و ئەشکەنجەدانە سێکسییەدا نەژین کە تەواوی ئازادییەکانی دیکەشی وەخۆ خەریک کردییە و ژنانی لە پیاوان کاولتر و پیاوانی ئازادییخواز و یەکسانییخوازیشی لە ژنان کاولتر کردییە.
نەجیبە مەحمود: لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
دارا ئەحمەد: بە پێی گفتار و رەفتاری دینەکان پیاوان کارساز و زاڵن وەسەر ژنان! چونکە ژنان لۆ جوانکاریی و ئاسوودەیی پیاوان و لە پەراسووی پیاوان ئافەریدە کرانە! بە پێی سیستەمی جوداکاریی دیموکراسیی سەرمایەداریی دەبی پیاوان فەیلەسوف و هزرمەند و سیاسەتمەدار و بڕیاردەر بن و ژنانیش کووچکووچە و پاشکۆیان! چونکە پیاوان هێزدار و پارەدار و کیردارن و هەر پیاوانیشن دەتوانن سیستەمەکەیان بە تۆبزیی و بە زەبرەزەنگ بپارێزن! بە پێی فەرهەنگی نێرسالاریی و ملکەچیی ژنانیش هەر دەبی پیاوان (کەڵەباب) بن و لەسەر ژنان (حیساب) بن!! چونکە ژنان لاواز و بێ هێز و (زەعیفە) و گرینۆک و دەستوپێ سپین! وەلی پیاوان دەتوانن بکوژن و ببڕن بدزن و بسوتێنن و بتەقێنن و بڕووخێنن. جا کەنگێ ئەو سێیە – دین و سەرمایەداریی و نێرسالاریی – لەبەریەک هەڵوەشاندرانەوە ئەو کاتە شەرەفی رەپی بێ شەرەفیی پیاوان سست دەبیتەوە و نێولنگی ژنانیش لەکن پیاوانی ئاسایی لە کردەوەدا لە هەموو جێیەکی دیکەی لەشولاریان خاوێنتر و بەڕێزتر و خۆشەویستتر دەبی!!!