سەدیق سەعید ڕواندزی
شەڕی کۆمەڵە کەسێک لە شاری سلێمانی و لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، شیعرە جوان و بەناوبانگەکەی ئیسماعیل بەرزنجی شاعیری بیر ھێنامەوە، بە ناوی (دەبوایا من قەرەج بام). بەرزنجی لەو شیعرە سادەو قووڵ و فەلسەفییەدا دەڵێت:_
دەبوایا من قەرەج بام
لە ھەر کوێیەک ھەوەسم لێبا سازەکەم بژەندبا
گۆسکەیەک شەڕابم فڕکردبا
دەبوایا من قەرەج بام
ھەرچی سنور ھەیە بمبەزاندبا
ئەوەی مۆر و قامچی بە دەستەوەیە بە نەعلەتم کردبا
دەبوایا من قەرەج بام
نەمزانیبا جنسییە و نفوس چییە
ناوم لە ھیچ دۆسییەکەی دەوڵەت نەبا
بێگومان ئەم شیعرە قەسیدەیەکی درێژە و لە ڕێزی شیعری شاعیرە بە ناو بانگەکانی جیھانی دایە. ئێمە لە بارەی ئەو شیعرەوە ھیچ ناڵێین و نووسینێکی درێژدا بە قووڵیی دێینەوە سەری. تەنێ دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین کە ئایا قەرەجەکان مرۆڤ نین؟ شیاوی ژیان وەک ھەر کەسێکی ئاسایی نین؟ شیاوی شوناسی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی نین؟ بۆ چی دەبێ قەرەجبوون ھێما بێت بۆ پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی نزم و میدیاکانی ئێمە کە گوایا ئیتیکییانە و پرۆفیشناڵانە ڕووماڵی ھەواڵ دەکەن، مرۆڤ لەسەر بنەمای شوناسی کۆمەڵایەتییانە پۆلێن بکەن و لە یەکترییان ھەڵاوێرد بکەن. بە داخەوە میدیاکانی ئێمە بە ھەموو کەناڵەکانییەوە، لە ڕووماڵکردنی ئەم ھەواڵەدا، بەبێ ئەوەی بیریان بێت دەستەواژەی (قەرەج) یان بۆ ئەو کۆمەڵە ھاووڵاتییە، کە ڕووشانێکی کۆمەڵایەتی و بریندارکردنێکی کەسی تێدایە بەکار ھێنا. ڕاگەیاندنەکان بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕووداوە کرد، وەک ئەوەی قەرەجەکان مرۆڤ نەبن و شیاوی ژیان و ناسنامەی کۆمەڵایەتی نەبن و ھەرچەندێک لە یەکتری بکوژن ئاسایی بێت. بێگومان ئەوانیش کۆمەڵە کەسێکن وەک ھەر مرۆڤێکی دیکەی ئاسایی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بوونییان ھەیە و خاوەنی کولتوور و نەریت و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی خۆیانن. ئەوان زۆرتر کەسانێکی کۆچەرین و ھەموو دنیا بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. فۆلکلۆر و ئەدەب و شیعری تایبەت بە خۆیان ھەیە. ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن و ھەرگیز نابێت ناسنامەی کۆمەڵایەتی ئەو تێگەیشتنە لای کەسێک دروست بکات، کە بە چاوێکی نزمتر بڕوانێتە ئەویتری مرۆڤ. ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، ئەگەرچی لافی دیدگای مرۆیی و نیشتمانی لێ دەدەن و گوایا پێوەرەکانی مرۆڤ و شکۆی کەسی و کۆمەڵایەتی، لە میانەی ڕوومالکردنی ھەواڵ و ڕووداوەکاندا دەکەنە پێوەر ، ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی کە دیارترین بەھای ڕێزگرتنە لە ناو و کەسیەتی و شوناسی مرۆڤ ڕەچاو دەکەن، کەچی ھێندە نەزانانە سووک و ئاسان دەستەواژەی قەرەج بەکاردێنن. بەمەش ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو ئەقڵەی میدیا ئاراستە دەکات و ئەو ئەقڵە خێڵەکی و میللییە نییە، کە ئێستاش بڕوای وایە قەرەجەکان جیان لە مرۆڤی ئاسایی. ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ و میدیای ئیتیک و بە سەنگ، ھەرگیز نابێتە مینبەرێک بۆ پۆلێنکردنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و پێگەی جەماوەریی و کەسی. لای ئەو، وەزیرێک و ژینگە دۆستێک بە جیاوازیی پیشەیانەوە وەک یەکن، چونکە دواجار ھەردووکیان ھەر مرۆڤن. ڕووماڵکردنی ھەواڵ، ڕێساو ئیتیکی خۆی ھەیە و ئەوە نییە ڕووداوێک بە بێ لە بەرچاوگرتنی ھیچ لایەنێکی بابەتی و ھەواڵی و زمانەوانی، بکرێتە ھەواڵ. بەڵکو دەبێ دابڕێژرێتەوە و ڕەچاوی ھەموو بوارێکی تێدا بکرێت. بە تایبەتیش لە پەیوەندی بەناو و شوناسی مرۆڤەکان و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریان. ھەواڵ نابێت بەجۆرێک بێت، ڕووشان و لێدانی کۆمەڵایەتی تێدا بێت و ئەوانەی پەیوەستن بەڕووداوەکانی نێو ھەواڵەکەوە، ھەست بەکێماسی و شکان و کەمکردنەوە بکەن. دەکرا میدیاکانی ئێمە، لە بری دەستەواژەی (قەرەج) گوزارشتی خەڵک و ھاووڵاتی و کەس بە کاربێنن ودوورکەونەوە لەم وشە بریندارکەرە، ئەگەر گریمان ئەوان خۆشیان بەو ناوە بناسرێنەوە. ئەگەر ئەمە شێوازی ھەواڵ و مامەڵەی میدیا بێت لەگەڵ مرۆڤەکان، دەبێ خەڵکی ڕەشۆکی و ئاسایی چۆن بیر بکاتەوە و ڕووداوەکان ببینێت؟ دواجار پڕ بەدڵ لەگەڵ بەرزنجی شاعیر دەڵێم دەبوایە منیش قەرەج بام، ھەرچی قامچی بەدەستە بە نەفرەتم کردبا، کە کوردستان پڕە لە مانە.
• ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) ژمارە ( ١٣٤٥) لە ٢٠/٦/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post