توانا تەھا: من نازانم، کێ ئێن ئارتی سووتاند، کێ نارنجۆکی خستە سەربانی ئێن ئارتی، ئەز ئەوەش نازانم کێ بوو دوێنی تەقەی لەتۆ کردو ویستی بەدەستی گڵاوی خۆی بتکوژێ، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەوانە ھیچیان تۆ نا ناسن،
ئەگەر تۆیان ناسیبا، دەستیان تێنەدەچوو، یا ئەوەتا ئەوەی ئەم کارە دەکا ئینسان نییە، ئاخر تۆ ھی ئەوە نیت، بەم شێوەیە پاداشت بکرێیت، نەوەک مرۆڤ دڵی بێت ئازاریشت بدات.! چ جا ھەوڵی کوشتنت بدات، من نازانم کێ بووە تەقەی لەتۆ کردووەو ویستیویەتی بتکوژێت، لێ بێگومانم تاوانبارەکان، سەر بە ھەر نەتەوەو چین و گرووپ و لایەن و بیرێک بووبێت، بەر لەھەموو شتێک بەعسی بووە.
“شاسوار” تۆ لێرە ناکوژرێت، یا ھیچ نەبێت بەو ئاسانییەی ئەوان پێیان وایە روودەدات ناکوژرێیت، تۆ دوێنی لەبەر دەستی راوچیەکی دڵڕەقەوە رزگارت بوو، ئەم جیھانە جەنگەلە خەڵکی نێچیر گەلێکن، دەسەڵاتدارانیش پۆلێک نێچیرەوان، جیاوازی نێوانیان تەنیا لە جۆری تفەنگەکەی شانیان دایە، بەڵام جیاوازی تۆ لەزۆرشت دایە. تۆ پڕۆژەی گەشتیاری و مەزن و میدیا و کۆمپانیای جیاجیات ھەیە، رەگت لەزەوی و ژینگەو مێژوو سروشت و ھزری مرۆڤەکان گیر کردووە. کەس ناتوانێت باڵات وەشێرێت، ھیچ کەس بۆی ناکرێت رەگەکانت ھەڵبکێشێت و بیاندەن بە کۆڵیان و رابکەن.. ئەوەی بەرامبەرت کراوە، ھیچ پێناسەیەکی نییە لە ناشیرینی، تۆ خزمەتێکی باشی کوردستانت کردووە، لەرووی میدیاییەوە، وێرای ئەوەی خزمەتێکی باشی شاری سلێمانیت کردووە. تۆ لەنێو جەرگەی شارێکی گەورە تەقەت لێدەکرێت، ئەز ئەوە دەڵێم خۆزگە ھەڵەبم، بەڵام خۆ ئەو شوێنەی تۆی تیابریندار کرا دارستان نەبوو، شوێنێکی چۆلیش نەبوو، ئەمەش دەبێت کەسانێک لەپشت ئەم کارەبن، کە دەسەڵاتیان لەسەرووی دادگاو ھێزەکانی ئەمنی بێت، ئەگینا ھیچ کەس ناتوانێت بەرۆژی رووناک کاری لەم شێوەیە ئەنجام بدات، جگە لە تیرۆرستەکان کە شەو رۆژ و قەرەباڵغی نازانن چیە؟! یا کەسانێک کە دەستڕیشتوو بن و لەھیچ سڵنەکەنەوەو لەھیچ شتێک نەفکرن.
ھیوای ھەمیشە سەلامەتی و لەش ساغیت بۆ دەخوازم، بەو ئومێدەم ھیچ ناخۆشیەکی دیکە نێتەوە سەر رێگەت.