توانا تەھا: مرۆڤێکی سادە، کاسبکارێک، رۆژنامەنووسێک، پسپۆڕێکی شارەزاش لەبواری کشتوکاڵ باش دەزانن، ئاسایشی خۆراکمان ئێستا لەبەردەم ھەڕەشەدایە، ئەوەتا سەر بە ھەردوکانێکدا بگریت، سەرجەمی کاڵاو خواردەمەنیەکانی ھاوردەن، دەچیتە لای سەوزە فرۆشێک پێت دەڵێت تەنیا پیازو شوتی ھی خۆمانە، ئەوانەی دیکە ھاوردەن و لە وڵاتانی دەرو دراوسێ یان لە وڵاتانی دیکە بەرێگەی قاچاغ دێنە کوردستان.
ئێستا لە بازاڕو مۆڵەکان زیاتر لە ٨ جۆری مریشک و زیاتر لە چواردە جۆری شیر ھەیە ھەمووی ھاوردەن، ھەیانە لە کوێت و سعودیە بەرازیل ھاوردەی بازاڕەکانی کوردستانکراوە. چوار ساڵە لە سوریا شەڕە ئێستاشی لەگەڵ بێت تەماتەو ھەنار لەو وڵاتە دێتە کوردستان، بەوەش دەڵێن ئاسایشی خۆراک، دەبێت ئێمە جۆرێک لەو ئاسایشی خۆراکەمان ھەبێت کە ئێستا نییە، کەچی ئێمە لەکاتی ئاسایشدا بەشی خۆمان نییەو دەبێت ئەو خەڵکەی کاتی خۆی بە کشتوکاڵیش سەرقاڵ بووە ئێستا لە بازاڕەکان کەل و پەلی ھاوردە بکڕێت.
لە ڕووی زانستیەوە ئاسایشی خۆراک ئاوو زەوی و کشتوکاڵییە لەگەڵ خەڵکی لادێکان. شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ھێما بۆ ئەوەدەکەن ئێستا لە کوردستان ئاسایشی خۆراکمان لەبەردەم ھەڕەشەیەکی گەورەدایە، کە سەیری بازاڕەکانیش دەکەین ھەموو بەرھەمەکان لە دەرەوەی کوردستان ھاوردە دەکرێن. زۆرجار دەگوترێت ئێمە دەتوانین پێداویستیەکانی خۆمان دابین بکەین، بەڵام ئەوە دروست نییەو ھیچ وڵاتێک ناتوانێت بەتەنیا ھەموو شتێک بۆخۆی دابین بکات، ھەرێمی کوردستان زۆرجار چاو لە وڵاتانی کەنداو دەکەن، ئەوانیش وەکو ئێمە وان و ھەموو شتێک لەدەرەوە ھاوردە دەکەن، بەڵام ئەوان خاکی کشتوکاڵیان نییە بەڵکو بەرگری کشتوکاڵیان بەھێزە، ئەوان لەدەرەوەی سنوری جوگرافی خۆیان زەوی دەکڕن و کشتوکاڵی لێدەکەن، بەرھەمەکەش دەبەنەوە وڵاتی خۆیان، کەچی لە کوردستان پێچەوانەیەو ھەرچی زەوی کشتوکاڵی ھەیە بەناوی ماستەر پلان و پڕۆژە کوژاندیانەوەو یان کراوەتە شوێنی گەشتیاری یان مۆل و یانی بەرپرسێک داگیری کردوو. بۆیە چارەسەر بۆ ئەمە دەبێت لیژنەی باڵای چارەسەری زەوی کشتوکاڵی پێکبھێندرێت و سەر بەوەزارەتی کشتوکاڵ بێت نەک شارەوانی و پارێزگاو قائیمقام و حیزبەکان، چونکە ئەوانە بەشێکن لە گرفتەکەو بە بەرچاوی ئەوانەوە وا ئیفلیج بووە.!
یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکیەکان بەداخەوە دوای ئازادی عێراق دێھاتەکانی کوردستان لەیەکەیەکی بەرھەمھێن بوونەتە یەکەیەکی مشەخۆر وەکو دانیشتوانی شارە، لایەکی دیکەی ئەوە نەبوونی شارەزای خەڵکەکەی لە کشتوکاڵکردن، نەوەی نوێ شارەزاییەکی ئەوتۆی نییەو ئەوەی ھەشە لە باب و باپیران بۆیان ماوەتەوەو ئەوانیش ئێستا شوفێری تەکسین، یان لەلە شارەکان دادەنیشن، یاخود پێشمەرگەو پۆلیسن، ئەوانیش ھیچ پەیوەندییەکیان بە گوندەکانەوە نییەو کۆچیان کردووە بۆ شارەکان، بەپێی راپۆرتێکی ساڵی (١٩٨٦)، (٧٧%)ی خەڵکی کوردستان گوندنیشن بوونە، ئێستا (١٦%)ی خەڵکی کوردستان گوندنشینن.
رۆژانە بەرچاومان دەکەوێت بەرپرسانی کورد دەڵێن کوردستان دەکەینە دوبەی، خەڵکەکەش فێربووەو چاو لەوان دەکات، ئاخر تا ئێمە بەم شێویە بیر بکەینەوەو چاو لە کەنداو بکەین، حاڵمان لەوەی ئێستا ھەیە باشتر نابێت،”کوردستان لەڕووی وەبەرھێناوە سوودی لە یاساکانی دوبەی وەرگرتووە، دوبەی زەوی کشتوکاڵی نییەو زەوییەکەی ھەمووی سەحرایە، بۆیە کێشەی نییە، بەڵام ئێمە دوبەی نین، ئەگەر ئەو وەبەرھێنانە لانەدەین، ئەوا مەترسییەکی ئێجگار گەورە لەسەر زەوی کشتوکاڵی دروستدەکات، ئەوەتا خەڵک ھەیە زەوی کشتوکاڵی بەناوی وەرھێنان وەرگرتووە، بەڵام ئەوە شەش ساڵە دەسکە سڵقێکی نەچاندووە! ئەوان دەیانەوێت رۆژێک زەویەکە بکەن بە عەقارات، باشە حکومەت چۆن ئەو زەویەت پێداوە”.
ئێمە دەبینین چەند مانگێکە موچە دوادەکەوێت چۆن خەریکە بەرگە ناکرین، ئەی ئەگەر دوو بەیانی سنورەکان دابخرێن چیمان بەسەر دێت، بۆیە پێویستە یارمەتی جوتیار بدرێت و قەرزی کشتوکاڵی باشتر بکرێت و بازاڕ بۆ بەرھەمە ناوخۆییەکان مسۆگەر بکرێت و چاودێری خاڵە سنوورییە یاسایی و نایاساییەکان بکرێت و چاودێری بازاڕی ناوخۆش بکرێت. خاڵی سەرەکیش دێھاتەکان لەیەکەیەکی بەکاربەر بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکەیەکی بەرھەمھێن. ئەوکاتە ھەم حکومەت و ھەمیش جوتیارەکان بۆیان دەردەکەوێت کە کە کشتوکاڵ ئاڵتونەو پارەدەرئەکات، ئەوا بوژانەوەی کشتوکاڵ دەبینین و خەڵکیش بەم شێوەی ئێستا تەمبەڵنابێت و بێ کار بە کوچەو کۆڵانەکان ناسوڕێتەوە، بەڵکو ئەرک و پیشەی خۆی دیار دەبێت.